تاهیر عیسا
چاکسازی ڕاستەقینە، بەئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەسیستەمی سیاسی و ئابووری ئەم دەسەڵات و حکومەتە تاڵانچی و دزو مافیاچێتیەدا نەبێت، بەدیی نایەت!
ئەوان بە مەسرور و باوک و باپیرو ئەژداد و شەریک و هاوبەشەکانیانەوە (بنەماڵەی تاڵەبانی) کە لەمێژووی بازرگانیکردنیان بەخوێن و ئێسک و پرێسکی مردوو و زیندووی خەڵکی نەدارای کوردستانەوە، ناوە ناوە لەسەر پێش بڕکێی ئەم بازرگانییە هەندێ جار دوژمنی باوک کوشتەی یەکتر و هەندێک جاریش برای لەدایک و باوکییان بوون و دەست لەناو دەست دزیی تاڵان و بڕۆیان لەخەڵکی هەژار و برسیی و خێرلەخۆ نەدیوی کوردستان کردووە!
ئەم دەستە و تاقمە مافیاییە، ناتوانێت داریی ژێر پێی خۆیان ببڕنەوە، چونکە چاکسازیی لەم ئەزموونۆکەی کوردستاندا، لەهەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتن و قەید و بەندانەدا دەکرێت، کە ئەم دەسەڵاتە خێڵکەکیە خۆپەرستە بۆ مانەوەی خۆیان و دەوریی خێڵەکیانەی خۆیان، لەژێر ناوی سەربەخۆیی ئابووریدا، دەستیان بۆبردوو، کوردستانیان بەژێر زەمین و سەرزەمینەکەیەوە، ڕادەستی فاشیزمیی ئیسلامی ئیخوانی و ڕابەرە قێزەون و دزێوەکەی” ئەردۆغان “ی فاشیست کردوو، ئەمڕۆکەش هەموومان ئاکامە ترسناکەکەی کە خۆی لەداگیرکردنی کوردستان و بەدیهێنانی خەونە دێرینەکەی کە خۆی لە جێبەجێکردنی میساق و پەیمانە دزێوەکەی کەمالیستەکاندا دەبینێتەوە کە دوای داڕوخانی خەلافەتی عوسمانی و لەدەستدانی هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناو خەلافەتەکەیان بە کوردستانیشەوە، دەبینێتەوە!
ئەم بنەماڵە تاڵانچییە و هاوبەشەکانیان کە خۆی لەهەموو ئەو پارتۆکە و ڕێکخراوە قەومی و ئیسلامیانەی تریشدا دەبینێتەوە بە چەپ و کۆنەپەرستیانەوە کە لە سیناریۆ گاڵتەجاڕیەکانی سی ساڵەی ئەزمونی هەرێمدا، لە سەرجەم هەڵبژاردنە ناوە بەناوەکانیاندا بەمەبەستی لەوەڕان و بوودجەخۆریی لەپاڵ ئەم مافیایانەدا شەرعیەت و ڕەوایەتیان بەم ئەزموونە قێزەون و ناشیرینە داوە!
ڕووداوەکانی ئەمڕۆ، زۆر ڕۆشنتر لەڕابردوو ئەو ڕاستیەمان بۆ دەپات دەکاتەوە، کە ئەوان تەنانەت دەستبردن بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیش پلانێکی داڕێژراوی نێوان خۆیان وئەردۆغان بوو، هەتا لەلایەک خۆیان لەپاڵ پرسی ڕیفڕاندۆمدا وەک خەمخۆریی پرسی نەتەوەیی بەخەڵکی کوردستان بزانن و ڕیشسپێتی خۆیان بەسەر لایەنە سیاسیەکانی تردا بسەپێنن و لەلایەکی دیکەش وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی پیلانە ژێر بەژێرەکانیان لەگەڵ ئەردۆغان و ئاکەپەدا پێ بشارنەوە! ئاکامەکەیشی بەوجۆرە بێت کە بینیمان و ئەمڕۆکەش دەیبینین، چۆن وەک مێژووی ڕابردوویان پەلکێشیی داگیرکاری بۆ سەر خەڵکی کوردستان لەڕێگای داباراندنی بارووت و ئاگردا دەکەن و ڕۆژ نییە پۆلێک لەخەڵکی ناوچە سنوریەکان نەکەونە ژێر ڕەحمەتی تۆپ و کاتیۆشا و فڕۆکە جەنگیەکانی فاشیزمی تورکیا و تێدانەچن و ماڵ و حاڵ و ژیانیان وێران و خاپوور نەبێت!
ڕووداوەکانی ئەمڕۆ پیشانمان دەدەن، کە ئەوەی ئەم خودایانەی کوردستان بەسەر خەڵکی کوردستانیاندا هێناوە، لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆدا، سەرباری ئەو هەموو دزی و تاڵانیەی لەسەروەتی کۆمەڵایەتی کوردستان و داهات و قووتی خەڵکی نەداریان کردووە و سەرباریی ئەو هەموو قەرز و قۆڵەی لەڕێگای گرێ بەستەکانیانەوە لەگەڵ کۆمپانیا تاڵانچییە تورکی و جیهانیەکاندا بەمل خەڵکی کوردستانیاندا هێناوە کە بەملیاران دۆلاری مووچە خۆرانیشیان بەناوی پاشەکەوتەوە لە سفرەی مووچەخۆرەکانەوە تێدابرد، دەستبردنیان بۆ چاکسازیی و ئەو لایەنانەش کە دەهۆڵی ئەو چاکسازیەیان لەگەڵدا دەکوتن ” گۆڕان ” جگە لە فریودانێکی ڕاشکاوانە و بێچەندو و چوونی خەڵکی کوردستان چیتر نییە و هەرکەسێک کەمێک بیر لە باکگراوندی ئەم دزو تاڵانچیانەی کوردستان بکاتەوە نابێت بەدرۆ و دەلەسەکانیان فریو بخوات و دەبێت بۆ ڕزگار بوون لەم هەلومەرجە و بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە سەخت و ناسەقامگیرە، دەست بۆ ڕێگاچارەی تر بەرێت و من وەک خۆم لەناو سەرجەم ئەو بەدیل و ڕێگاچارانەی کە لەناو سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا خراوەتە ڕوو، پشتگیریی لە ڕێگاچارەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەکەم: ئەم سیستەم و حکومەتە دەبێ بڕۆن ئیتر نۆرەی دەسەڵاتدارێتی جەماورییە “https://www.hkkurdistan.org/ئەم-سیستەم-و-حکومەتە-دەبێ-بڕۆن-ئیتر-نۆ/…” بە ڕادیکاڵترین و شۆڕشگێڕانەترین ڕێگاچارەی دەربازبوون لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆی کوردستانی دەزانم، ئەگەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان بێتە پشتی و لەدەوریدا خۆیان سازمان و ڕێکخراو بکەن، دەتوانێت بەئیرادەی سەربەخۆیانەی خۆیان ئاسۆیەکی ڕۆشن بخاتە بەردەمی خۆی و تەواوی چین و توێژە مەحرومەکان کۆمەڵگا و کوردستان لەدەستی ئەم دەستەو تاقمە دز و تاڵانچیانەی بۆرژوازیی ڕزگار بکات و ئازادیی یەکسانیی لەکۆمەڵگادا دەستەبەر بکات!