سەبارەت بە ژیان لەدەستدانی هاوڕێ ( شێخ صدیق )
هاوڕێ ( صدیق حەسەن) ناسراو بە شێخ صدیق بۆ هەتا هەتایە جێی هێشتین!
بە داخوپەژارەیەکی زۆرەوە ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٢/٦/٢٠٢٠ هاوڕێی ئازیزمان ( صدیق حەسەن) ناسراو بە شێخ صدیق، ئەندامی کۆمیتەی سلێمانی حزب، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناو پاش چەند رۆژ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە نەگریسە، سەرەنجام دڵی پڕ لە هیواو ئومیدی بە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم لەلێدان کەوت و بۆ هەتاهەتایە جێی هێشتین.
هاوڕێ (صدیق حەسەن) تێکۆشەرێکی کرێکاری و یەکسانیخوازبوو کە هەموو ژیانی لەپێناو ئازادی و یەکسانی و خۆشبەختی مرۆڤەکاندا تەرخان کرد. هاوڕێ صدیق لەسەردەمی رژێمی دڕندەی بۆرژوازی بەعسدا بەهۆی چالاکی سیاسی دژی رژێمەوە رووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجەو هەڕەشەی مەرگ بووەوە. لەدوای ئازادبوونیشی خەباتی شۆڕشگێڕانەی لەناو بزوتنەوەی چەپی کوردستان و دواتریش لەڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا درێژەپێداو تێکۆشەرو کۆمۆنیستێکی ماندوونەناس و لەخۆبوردوو بوو.
هاوێی شێخ صدیق نموونەی کۆمۆنیستێکی خۆڕاگرو مرۆڤدۆست و خۆنەویست و میهرەبان بوو. مەرگی هاوڕێ صدیق بۆ ئێمە کادرو ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ناسۆرێكی کەم وێنەیەو بۆ سەرجەم بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری و چەپی کوردستان خەسارەتێکی گەورەیە.
ئێمە بەناوی سەرجەم کادرو ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە لەم خەمە سەختەدا لەپاڵ خێزان و کەسوکاریەکەیدا ڕادەوەستین و لەناخی دڵمانەوە لەگەڵیاندا بەشداری ناسۆرو ئازاری ماڵاوایی هاوڕێی ئازیزمان دەکەین.
ئومێدەوارین کە یادەوەریەکانی هاوڕێ (شێخ صدیق) بۆ ئێمەو ئەوان مایەی ئارامی بێت و بەدرێژەدان بە رێبازەکەیشی هەمیشە یادەوەریەکانی لە ویژدان و لە بیرەوەری و خەباتماندا بەزیندوویی دەهێڵینەوە.
هەیئەتی تەنفیزی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٢/٦/٢٠٢٠