ئامادەکردنی: سالار حەمەسەعید
”ریچارد وۆڵف” ی پرۆفیسۆر و ئابووریناسی مارکسیستی، سەبارەت بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا دەڵێ: کاتێ سەرمایەداری ٤٠ ملیۆن کەس لەسەرکار دەردەکات لە ماوەی ٩ هەفتەدا، ئەوا ژیانیان بەتاڵان دەبات. سەرمایەداران خەڵک لە بەنرخترین شتێ کە هەیانە مەحرومیان دەکەن، لە ئاسایشیان، ئیشوکاریان، دەرامەتیان، تەندروستی جەستەیی و دەروونیان، پارەیەک کە هەیانبێ. هەموو ئەمانە دەبەن. ئێوەی سەرمایەدار هەموو ئەمانە دەبەن لە کاتێکدا ئێمە هەموومان لەژێر هەڕەشەی ڤایرۆسێکی ترسناک داین.
ئێوە باس لە تاڵانچێتی دەکەن باس لە موعانات و نەهامەتیەکانی ٤٠ ملیۆن کەس ناکەن کەلە ناکاو لە مەیدانی کار بەدەرنراون. با بیری ئەو کەسانە بخەینەوە سەبارەت بەو بێکاریە بێ ئەندازەیەی کە خوڵقاندویانە و بەشێوەیەکی سەیر و سەمەرە زیادیکردوە، نە لەئەلمانیا و نە لە فەرەنسا و نە لەهیچکام لە وڵاتانی ئەوروپا بەم شێوەیە نیە. ئەو باروڕەوشی بێکاریەی کە لە ئەمریکادا هەیە بێ هاوتایە. ئەو پارەیەی کە دەوڵەت داویەتی ودەیدات بە خاوەن کارەکان لە ئەوروپادا مەرجی پێوە لکێنراوەو خاوەن کارەکان ناتوانن کرێکاران لەسەرکار دەربکەن وە ناتوانن دەست بەرداری کریکارەکان بن، دەوڵەت لەو وڵاتانە ڕۆڵی خۆی دەبینێ و پێیان دەڵێ ئێمە یارمەتیتان دەدەین تا مووچەیان بدەنێ. بەڵام ناتوانن بێکاری بسەپێنن بەسەر ملیۆنەها کەسدا چونکە ئەوە بە تاڵان بردنی ژیان و گوزەرانیانە. لەبەراورد بەمە بردنی تەلەفیزۆنێک لە شووشەیەکی شکاوی پێشەوەی فرۆشگایەکەوە هیج نیە شتێکی زۆر کەم بەهایە.
ترەمپ بەهەڵە تێگەیشتوە لە پێش و پاشکردنی شتەکان کە گوایە تەقەکردنەکانی پۆلیس بەرئەنجامی تاڵانکاریەکانە بەڵام لەڕاستیدا ئەوە تەقەکردنەکانی پۆلیسە لە خەڵکی بێتاوان کە ئەو نائارامیەی دروستکردوە و ئەو تاڵانکردنەی بەدوادا هاتووە. لەڕاستیدا ترەمپ و حکومەتەکەی بەرپرسن لەو تاڵانکاریانەش و دەبێ خۆی بەرپرسیاریەتەکە بگرێتە ئەستۆی. ئەگەرچی نایگرێتە ئەستۆ و نەیکردوە و ناتوانێ بیکات چونکە پیشانی داوین کە وەها کارێک ناکات.
بەڵام تاڵانکاری گەورە بە بێکارکردنی ٤٠ ملیۆن کەس تەواو نابێت بەڵکو تاڵانکاری گەورە تاڵانکردنی ئەو ١٢٠ ملیۆن کەسەکەی ترە کە هێشتا لەسەرکارن و ژیانیان بە تاڵان براوە بەڵام کەمێک بە هێواشی (حرکة بطیئة) ئەم تاڵانکاریە ئەنجام دەدرێ. رێژەی بێکاری بۆ ماوەیەکی زۆر بەرز دەبێت لە ئەمریکا. ئەمەوێ بڵێم کاتێ بێکاری زۆر بوو سەرمایەداران هەلەکە دەقۆزنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان و سوود لەو رەوشە نالەبارە وەردەگرن. دەستدەکەن بە هێنانەوەی بیانوو و دەڵێن بەهۆی ئەم پەتایە و خراپی باروڕەوشەکە دەبێ بەڕێژەی لەسەدا ١٠ یا ٢٠ یا زیاتر لە مووچەکەتان ببڕین، سوود و مەزایاکانتان ببڕین، هەروەها نیو سەعات زوو دەبێ بێنە سەرکار و نیو سەعات درەنگتر کار بەجێبهێڵن، و کاتی نانخواردنی نیوەرۆتان لێدەبڕین .
بۆچی سەرمایەداران ئەم کارە دەکەن ؟ لەبەرئەوەی لەم پەتایەدا زیانی گەورەیان پێگەیشتووە. لە سەرمایەداریدا، سەرمایەدارەکان ئەو زیان و زەرەرەی پێیان گەیشتووە لەسەر شانی خۆیانی ناهێڵنەوە و دەیگوێزێنەوە بۆ کرێکارەکان. بەڵام ئەزانن خاوەن کارەکان بۆچی وادەکەن؟ چونکە دەزانن ئەگەر تۆی کرێکار وازبێنی خەڵكێکی زۆر لە چاوەڕوانیدایە کە بە هەقدەستێکی کەمتر و باروڕەوشێکی سەختتری کاریش رازی بێت. وە زۆر کەسی بێچارە هەیە کە ئەو کارە وەردەگرێ لەبەرئەوە کرێکاران ناچارن بەردەوام بن بەو مەرجە تاقەت پڕوکێنانە. لەبەرئەوە سەرمایەداران هەڵدەستن و پێشوەخت پلانی ئەوەیان داناوە و خەریکی ئەوەن کە هەندێک لەو زیانانەی کە پێ یانگەیشتووە لەو ٩ هەفتەیەی پێشوودا قەرەبووی بکەنەوە لەسەر شانی کرێکاران لەبەرئەوە ژیان و گوزەرانیان بە تاڵان دەبەن.