عەبدوڵا مەحمود
٢٢ ئایار، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارکی پیشکەش کرد. ناوەڕۆکی وتارەکەی سەرۆکی هەرێم دان نان بوو، بە شکست و مایەپوچوون بوونی دەسەڵات و حکومەت لە دەسەڵاتدراێتی و حکومرانی هەرێم. پرسی قەرزداربوونی ٢٧ ملیار دۆلار، نەبوونی هیچ یەدەگێکی بۆ کاتی نەخوازرا، پێداگرتنەوە لەسەر چاکسازی…سێ خاڵ و پۆینتی سەرەکی ناو وتارەکەی سەرۆک بوون.
بەجیا لە پرتەو بۆڵەی ئۆپۆزیسیۆنی ناو حکومەت و بەشدار لە دەسەڵاتی هەرێمدا، بەوەی کە حکومەت قەرزدار نیییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەکردەوە زۆر لە بڕی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزدارترە. ئەگەر حکومەت ٢٧ ملیار دۆلار قەرزدارە!!، کە دیار نییە قەرزەکان هێ کوێن و لەکوێ کراون و بۆچی سەرفکراون و کێ کردوونی و چ لایەنیکیش بەرپرسیارە، بەڵام دۆخی سیاسی کورستان، ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، خزمەتگوازییە تەندروستی و تەرفیهی و کۆمەڵایەتیەکان، دارمانی سلکی پەروەردە، ڕێگاو بان و سەرجەم بوارەکانی تری ژیان، گەواهی دەرەی ئەو راستیەن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم چەند بەرابەری ئەو ٢٧ ملیار دۆلارە، قەرزدارن، بەڵام نەک قەرزداری بانکی نێو دەوڵەتی و سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی دەست ئەفراندراوی خۆیان، بەڵکو قەرزداری جەماوەری کرێکار و کارمەند و موچەخۆرانی کوردستان و ئۆردی بێكارانن.
نەبوونی هیچ پارەیەکی یەدەگی حکومی بۆ حاڵەتی لەناکاو پیشهاتی لەپڕی سروشتی و تەندروستی بەڵای جیاواز… کە هەمیشە پیشبینی کراون، یانی هەمیشە خەڵکی کوردستان و جەماوەری بێبەشی پشت بەستو بە کارو رەنجی ماندوبوونی خۆیان، لە بەردەم وەیشومەی ئەو بەڵایانەدا پارێزبەندیەکیان نییە و نیچیری ئامادەی ئەو رووداو پێشهاتانەن. نابێ چاوەروانیەکی ناچیزیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
پرسی دووبارە پێداگرتنەوە لەسەر چاکسازی، کە پۆینتی سێهەم و بناغەیی ناو وتارەکەی سەرۆکی حکومەت و ئامانجی وتارەکەیە، مەسەلەیەکی سەرەکییە. دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، رادەی دزی و تاڵانی و هەرزانفرۆش کردنی سامانی سروشتی هەرێم، دزی لە بودجەی بەغداو داهاتە ناوخۆییەکان…تاد، بەوهۆیەوە لە ژیردەستی خۆیاندایە خۆیانیش ئەندازیاری بەتاڵان بردنین، دەزانن لە چ ئاستیکدایە. بۆیە هەرکابینەیەی حکومی کە پێک دێت و هەر وتارێکی کاراکتەرەکانی حکومەت، پێداگرییە لەسەر دژایەتی گەندەڵی و ناشەفافیەت و بەڵێندانە بەدەستبردن بۆچاکسازی… و هەر حزب و لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنیش پۆینتی ململانێی لەگەڵ دەسەڵات و حکومەتداریدا، دیسان پرسی چاکسازی و شەری گەندەڵییە. هۆکاری ئەوەش کە چ حکومەت و چ ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی پرسی چاکسازی بەدەستەوە دەگرن، نارەزایەتی جەماوەری ملیۆنی خەڵکی بێبەشی کوردستانە لەدژی تاڵانی و نابەرابەری و سەرچاوەو کەناڵە بێ هەژمارەکانی لوشدانی داهاتی گشتی.
لەهەموو جێگایەکی دنیادا، هاوڵاتیان قەرزداری حکومەت و بانق و کۆمپانیاکانن. بۆ کڕینی خانو یان سەیارە و پێداویستیەکانی تری ژیان و ئامێرەکانی ناوماڵیان…. کە مانگانە لە موچەکانیان برێکی دەدەنەوە، کەچی بە پێچەوانەی هەموو دنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان کیسەی خاڵی موچەخۆارن و سەرچاوەکانی بژێوی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و تەرفیهییەکان و خودی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کردۆتە سەرچاوەی دزی و تاڵانییەکی سیستماتیک. ئەم دزی و تاڵانیەی دەسەڵاتی بۆرژازی کورد دەمێکە بۆتە تایبەتمەندییەکی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و بوونەتە لازم و مەلزومی یەکتری… چاکسازی بنەرەتی حکومەت و دەسەڵات دەرمێنێت… بۆیە بوونی چاوەروانی لەوەی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە چاکسازی ریشەیی بکات وەهمە. پایەی دەسەڵاتدارێتی سیاسی هەرێم و حکومەتە کارتۆنی و دیوە بەناو یاسایەکەی حکومداری!، لەسەر دزی و تاڵانی سیستماتیک رۆنراوە.
بە جیا لەو ٢٧ ملیار دۆلار قەرزدارییەی حکومەت، کە هاوڵاتیان دەبێ شان بخەنە ژێری، لەگەڵ ئەو هەموو نەبوونییە، لە موچە و موچەی شایستە و بنەرەتی گونجاوەوە تا دەگاتە شان خاڵی کردنەوەی حکومەت لە دابین کردنی کەمترین خزمەتگوزاریی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و تەرفیهی… هێندەی پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسی و حزبیەوە هەیە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە نییە. حکومەت تا ئیستا کاریکاتۆرێکە بۆ رەواییدان بەدەسەڵاتی حزبۆکراتی و روپۆشکردنی دەسەڵاتی دوو زۆنی زەرد و سەوز. هاوڵاتیانی هەرکام لە زۆنی زەرد و سەوز، ژیانی ئیستاو ئایندەیان پەیوەندی بەدەسەڵاتی سیاسی زۆنەکەی خۆیانەوە هەیە. وە ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە قەرزداری موچەو دابینکردنی خزمەتگوزاریی و ماف و داخوازییەکانی هاوڵاتیانە، نەک حکومەت و پەرلەمانێکی کارتۆنی، کە ئەوانیش بەش و لایەنێکی سەرەکی لوشدانی داهاتی هاوڵاتی کوردستان و کەناڵی کەنالیزەکردنی دزییەکانی حزب و دەسەڵاتی میلیشییایین لە کوردستاندا.
هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەر دوو زۆنی زەرد و سەوز، هەرکامیان بەرپرسی دۆزی سیاسی و نائارامی و دزی و بێ موچەیی و نەبوونی خزمەتگوازرییەکان بێمافی و سەرکوتی هاوڵاتیانیانی خۆیانن. پارتی بەرپرسی زۆنی زەرد و یەكیتیش بەرپرسی زۆنی سەوزە… حکومەت و پەرلەمانیش خاڵی هاوبەشی هەردوو ئەم دوو دەسەڵاتە حزبیەن، بۆ پاراستی ئەو ئەزموونە شکستخواردویەی لەسەر دزی و تاڵانی و خۆشخزمەتی و تاڵانی داهاتی خەڵکی کوردستان لە بەشی بەغدا و هەرێمدا… پایەکانی داکوتاوە. ململانێێ سیاسی نیوانیشیان لەسەر رادەی قەڵەمڕەوی سیاسی و بەشی بریاری سیاسی و دزی و ئەو تاڵانییە سیستماتیکەی داهاتی سروشتی وەکو نەوت و غازو داهاتە ناوخۆیەکانی تری هەرێمە. ئاه و ناڵەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژاوزییش بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان، ناڕازیی بوونە لە کارو مامەڵەی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵیان لە پرسی داهات و تاڵانیدا، کە بێگومان بە فیلتەری بەشی سیاسیدا بۆیان مەیسەر دەبێت.
هەموو بەرەی بۆرژاوزی کورد، نیگەرانن لە نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو حزبانەی کە ناڕازین لە دەسەڵات و بەشی خۆیان، دریغی ناکەن لەوەی خۆیان بە نارەزایەتی خەڵکی کوردستانەوە هەڵبواسن و تورەیی خەڵکی کوردستان تا ئەوڕادەیەی دەسەڵاتی ئەوان ناکاتە نیشانە، بکەنە دەستمایەی سات و سەودای نێوان خۆیان. لە ئیستادا نەک هەر بزوتنەوەی گۆران، بەڵکو یەکێتی نیشتیمانی کە خاوەنی قەڵەمرەویی زۆنی سەوزە و لە ٢٩ ساڵی رابردوودا و تائێستا بەشیکی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی بەدەستەوەیە، لە بەرامبەر پیگەی پارتیدا دەیەوێت و لە ململانێی سیاسی خۆیدا لەگەڵی رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێڕێت. تا لەلایەکەوە خۆی لەتورەیی خەڵکی کوردستان بپارێزێت و لەلایەکی تریشەوە گوشار لە پارتی بکات تا لەئاستی دەسەڵاتدارێتی و بریاری سیاسییدا بەشی زۆرتری بۆ بەرەسمی بناسێت. لەبەرامبەردا پارتی دەیەوێت لە ڕێگای بزوتنەوەی گۆڕانەوە سەهۆڵبەندانی ڕێگای دەخالەتگەری خۆی لە زۆنی سەوزدا بکاتەوە و خۆی لەوە قورستر نیشان بدات کەوا بە ئاسانی لەگەڵ یەکێتی تازەی دوای کۆنگرەدا مامەڵە بکات، کە هیچ ئاراستەیەکی سیاسی رۆشنی نییە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەیەوێت لەیەک کاتدا هەم دەسەڵاتی زۆنی سەوز بەتەواوەتی پاوانی خۆی بکات و دەنگی ئۆپۆزیسیۆنی ژێر سایەی دەسەڵاتی خۆیدا بە مانۆری دیموکراسی و کرانەوەو یەکێتی تازە!! خەفەبکات و هەمیش رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرامبەر بە پارتی و هەولێردا بگێرێت. ئەمەش قومارێکی دۆڕاوە. پارتی ناڕازییە لەبەرامبەر بەرۆڵی خراپەکارانەی یەکێتی هاوپەیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان. بزوتنەوەی گۆڕان خۆی لە بەرپرسیاریەتی لەدۆخە قورسەکانی ئەزمەی هەرێمدا دەدزێتەوە. ئۆباڵی دۆخی هەرێم و شکستی حکومەتە کارتۆنیەکەیان و فەلەجی پەرلەمانە هەمیشە تۆپیوەکەیان دەخاتە ئەستۆی یەکێتی و پارتی و دەیەوێت خۆی لە ڕق و توڕەیی داهاتووی جەماوەری بپارێزێت. یەکێتی و گۆران دەیانەوێت تورەیی و نەفرەتی زۆنی سەوز ئاراستەی دەسەڵاتی پارتی و زۆنی زەرد بکەن و پارتیش بە پێچەوانەوە دەیەوێت تورەیی نەفرەتی جەماوەری زۆنی زەرد ئاراستەی یەکێتی و گۆران بکات و بە هۆکاری شکستی حكومەت و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمیان بناسێنێ.
ئەوەی کە لەو نێوەدا رۆشنە، ئەو مامەڵەیەی پارتی و یەکێتی و گۆران، بەرخوردێکی شکستخواردووە، مامەڵەیەکی مناڵانەیە، لێکدانەوەو ئاراستەیەکی بێ بناغەیە. هەمووتاکێکی هوشیاری کوردستان ئەو راستیە دەزانن کە پارتی بەرپرسی یەکەمی دەسەڵاتی زۆنی زەردە. یەکیتی و تارادەیەک گۆرانیش بەرپرسی زۆنی سەوزن، تورەیی و نەفرەتی جەماوەری زۆنی زەرد بەدژی دەسەڵاتی سیاسی پارتیدا دەتوانێ ئاکامی هەبێت. هەروەکو چۆن نەفرەت و نارەزایەتی جەماوەری زۆنی سەوزیش بەدژی دەسەڵاتی یەکیتی و گۆران دەتوانێت مانادار بێت. هەمووشیان بەیەکەوە بەرپرسی ئەم هەلومەرجە نابەرابەر، دزی و تاڵانی و سەرکوت و بێ مافییەی خەڵکی کوردستانن.
کاتێک سەرۆکی حکومەت دەڵیت ٢٧ ملیار دۆلار قەرزدارین، ڕووی لەخەڵکی بێبەشی کوردستانە، رووی لە کەم کردنەوە و بڕینی موچەی موچەخۆران و بێبەشانی کۆمەڵگەیە، رووی لە درێژکردنەوەی رۆژەکانی مانگە، رووی لەفراوانکردنەوەی بێکارسازی زۆرترە، رووی لەهەزران فرۆشکردنی کەرتە گشتی و حکومیە بە کەرتی تایبەت، رووی لە شانخاڵی کردنەوەی زۆرتری خزمەتگوزارییەکانە…
پیداگری سەرۆکیش لەسەر بەردەوامیدان بە چاکسازییە فریوکارییەکانیان، کە نموونەکانی پوچی خۆیان نیشانداوە، پیداگرییە لەسەر درێژەدان بەدەسەلاتیان بەهەر نرخێک بووە، وە تەحەداکردنی حزبەکانی تری ناو حکومەتە بەوەی کەخۆیان بە خاوەن و میراتگری پارێزەری حکومەت دەزانن.
دیارە ناوەڕۆکی وتارەکەی سەرۆکی هەرێم، هێندەی نیگەرانییە لە راسانی جەماوەری بەتایبەتیش لە زۆنی زەردا و هێندە پەیوەندی بە پرسەکانی تری ناو وتارەکەی برا گەورە!!وە، نییە. دیارە سەرۆکی حکومەت نیگەرانی راسانی جەماوەری لە زۆنی سەوزیشە، چونکە کاریگەری هەرکام لەو زۆنانەو پەرینەوەی نارەزایەتی و خۆپێشاندان لە زۆنێکەوە بۆ زۆنەکەی تر، راستیەکی حاشالێنەکراوە.
لەهەموو حاڵەتێکدا، حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی، رووبەڕووە لەگەڵ نەفرەت و نارەزایەتیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی… ئەم نارەزایەتییە فراوان و کۆمەڵایەتییەی بەڕیوەیە، پیویستی بە ڕابەری جی متمانەی جەماوەری هەیە، پیویستی بە ئاسۆی سیاسی رۆشنەوە هەیە، پیویستی بە رەخنەی تیژو رۆشن لەسەرجەم بزوتنەوەی کوردایەتی هەیە، پیویستی بە ناسینی هاوسەنگی هێزی ئیستاو هەنگاونانی بە نەخشەوە هەیە، پیویستی بە ڕیکخراوبوون و یەکگرتووبوونە، پیویستی بە جوڵەو رۆڵی رابەری میحوەری چینی کریکارە، کە لەمەیدانی سیاسی و یەکلاییکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی داهاتودا ئامادەبێت.
کۆتایی ئایاری ٢٠٢٠
ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٦ی بۆپێشەوە لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا بڵاوبۆتەوە