پەتای کۆرۆناڤایرۆس و شکستی سەرمایەداری لە ئەمریکا …

لەگەڵ بەشێک لە وتەکانی ریچرد ۆڵف ئابووریناسی مارکسیستی و پرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی ” مەسەچیوست ئەمهێرست ” ی ئەمریکی.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی؛ سالار حەمەسەعید

ئێمە هەموو دەربارەی ڤایرۆسەکان دەزانین. دەزانین کە ڤایرۆس هەزاران ساڵە هەیە، دەربارەی ڤایرۆسە جیاجیاکان دەزانین وەک ڤایرۆسی ئیبۆلا و سارس و هتد. دەزانین کە ڤایرۆس سارییە و بڵاودەبێتەوە و دەبێ ڕێگری لێبکرێ لە بڵاوبوونەوەی ئەویش لەڕێگەی ڕێکاری وەک دوورکەوتنەوە لەیەکتر یاخود بەکارهێنانی دەستکێش و دەمامک ئامێری تایبەتی هەناسەپێدان ( ڤێنتلەیتەر).

ئێمە دەزانین پێویستمان  بە نەخۆشخانە و جێگە هەیە لە نەخۆشخانەدا. لە رابردوودا لە ساڵی ١٩١٨ یەکێک لە خراپترین پەتای ڤایرۆسمان هەبوو بەناوی پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی کە زیاتر لە ٦٠٠ تا ٧٠٠ هەزار کەسی کوشت لە ئەمریکا، وە لەم دواییانەدا ڤایرۆسی ئیبۆلا و مێرس و سارس مان هەبوو. ئێمە هەموو ئەمانە دەزانین. تەنها شتێک کە خزمەتگوزاری تەندروستی دەبێ بپرسێ ئەوەیە: ئایا ئێمە ئامادەین؟ ئایا هەنگاومان ناوە و لەمێژوو فێربووین و وانەمان لە مێژوو وەرگرتوە لە بەرهەمهێنان و ئەمبارکردنی ( خەزنکردنی ) ماسکی پێویست و دەستکێش و ئامێری هەناسە بەخشینی دەستکرد ( ڤێنتلەیتەر) ؟

هەروەها دەزگایەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو فاسیلە ( دووری) کۆمەڵایەتیە هەروەها بۆ جێبەجێکردنی تێستکردن (تاقیکردنەوە) ی بەکۆمەڵی خەڵک تا بزانرێ ڤایرۆسەکە لەکوێدایە؟ و لەچ باروڕەوشێکدایە و بڵاوبوونەوەکەی چۆنە و لە چ ئاستێکدایە، ئیتر هەر بەوپێیە ئایا ئامادەین یان نا؟ ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی تر ئامادەنەبوون، هەندێ وڵات خێراتر خۆیان سازدا .

تووشی داڕووخانێکی گەورەی ئابووری بووینەتەوە کە کاریگەری گەورەی لەسەرمان داناوە، کە هیچ زەروورەتێک نەبووە بۆ ڕوودانی هەموو ئەمانە. ئەگەر ئێمە ئامادەبووینایە سیستەمی ئابووری تووشی وەها تێکشان و داڕووخان نەدەبوو. ئەو ئامادەکاریانە هەبووایە وەک ئەم سیستەمە سەرمایەداریە کە تێیداین و پیایدا تێدەپەڕین ئەو موعانات و نەهامەتیانەمان نەدەبوو. ئەگەر ئاوا بەهۆی سەرمایەداریەوە پەککمان نەکەوتایە دەمانتوانی بەشێوەیەکی کاراترمامەڵە لەگەڵ ئەو تێکچوون و دابڕانە ئابووریەدا بکەین وە بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە بێکاری و لەدەستدانی دەرامەت و هەموو ئەو موعانات و ناخۆشیانەی کە روویاندا تەواوبێت.

بەکورتی کۆرۆنا ڤارۆس و شکستی ئابووری کە ئێستا تیادەژین بریتییە لە لیستی تاوانەکان و رەخنەی سیستەمێک کە نەیتوانی ئامادەبێت و فەشەلی هێنا لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا. ڕێگەمەدەن هیچ کەسێک سەرتان لێتێک بدات بەتۆمەتبارکردنی وڵاتێکی دیاریکراو هەروەک چۆن ترەمپ  چین تاوانبار دەکات بەوەی دەستی هەیە لە بڵاوکردنەوەی ئەم پەتا و ڤایرۆسە.  ئەمە هەم شکستی بەشی تایبەتی ئابووری سەرمایەداریە هەم شکستی حکومەتی سەرمایەداریە.

بۆچی من دەڵێم ئەمە شکستی سەرمایەداریە کە ئاوا خراپ ئامادەیە بۆ ڤایرۆسەکە وەڵامەکەی زۆر رۆشن و بێ پێچ و پەنایە. کۆمپانیا سەرمایەداریەکان قازانج پایەی ئەسڵی و هۆکاری بنەمایییانە. من ئەوە ئەزانم و ئێوەش ئەوە دەزانن و خۆشیان وادەڵێن. ئەوان خەریکی بازرگانی و بزنسن تاکو پارە کۆکەنەوە هەر بۆ ئەوەش خەڵات دەکرین وە ئەگەر شکست بخۆن هەموو بۆ ئەوە سزادەدرێن، ئەمە سەرمایەداریە و سەرمایەداری ئاوا کاردەکات.

مەسەلەیەکی تریش ئەوەیە کە قازانجبەخش نیە بۆ سەرمایەداران کە دەستکیش و ماسک و ڤێنتلەیتەر و ئامێری تێستکردن بەرهەمبهێنرێت و خەزن بکرێت (بخرێتە ئەمبارەوە) لە عەمارگەکاندا و جاوەڕێ بکرێت بۆ چەندەها ساڵ تا پێویست بکات بەکاربهێنرێن بۆ دابینکردن و گەرەنتی کردنی سەلامەتی خەڵک.

ئەوان لە بیری بازرگانی بەرهەمهێنانی شمەک و پێویستی تەندروستی خەڵکدا نین. ئەوان لە بیری بەرهەمهێنانی قازانجدان  نەک ئەوەی پێویستە بۆ تەندروستی خەڵك.  لێرەدا دابڕان و پچڕانێکی ڕۆشن هەیە لەنێوان ئەوەی کە قازانج بەخشە وە ئەوەی ئێمە کە زەروور و پێویستە بۆ تەندروستی خەڵک.

کاپیتاڵیزم سیستەمێکە کە قازانج دەخاتە پلەی یەکەمەوە و تەندروستی گشتی خەڵکیش دەخاتە پلەی ٢ یا ٣ یا ٤ بەڵام هەرچۆنێک بێت نایخاتە پلەی یەکەمەوە.  ئێستا بە نموونەیەکی ئاشکراو کۆنکرێتمان لەبەردەست دایە کە ئێجگار ترسناکە ئەویش ئەم قەیرانەی پەتای کۆرۆناڤایرۆسە کە سەرمایەداری تیایدا ناتوانێ پێداویستیە بنەماییەکانی خەڵک دابین بکات. سەرمایەدارەکان ئەوەیان کرد کە قازانج هێنەرە.

ئەوەی ئێمە دەیزانین لە مێژوودا سەبارەت بە پەتاکان و ئەوەی کە پێویست بوون بکرێن وە ئەوەی کە کراون ئەوەیە کە هیچ پاساوێک نیە و هیچ خۆقوتارکردنێک نیە لەڕاستیەکان. هەرچیەکتان پێ بڵێن سیاسەتمەدارە بەکرێگیراوەکانی سەرمایەداری لەبارەی شکستی ئەم سیستەمەوە ئێوە دەبێ بڵێن ئەمە شکستی رۆشنی سیستەمی سەرمایەداریە، بەڵام ئەمە شتێکی نوێ نیە تەنانەت شتێکی نا ئاسایییش نیە. زۆر شتی پێداویستی بنەمایی و ئەساسی تری مرۆڤ هەیە کە قازانج بەخش نیە بۆ سەرمایەداران کە بەرهەمی بهێنێ لەوانە  پێداویستی تەندروستی خەڵک کە بەهیچ شێوەیەک قازانج بەخش نیە بۆیان.

هەندێ کات حکومەت دەست تێوەردەدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەی کە ڕوویداوە لە سێکتەری خصوصی (تایبەت)دا بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، وە ئامادەکاری بۆ کۆرۆناڤایرۆسە. حکومەت دەیتوانی بێتە پێشەوە و فەرمانی دەرکردایە بۆ بەرهەمهێنانی ماسک / دەمامک و ڤەنتیلەیتەر (هەناسەپێدان) و دەستکێش وە دەیتوانی نەخۆشخانە و جێگە ئامادە بکات لەگەڵ یەکەی چاودێری چڕدا ( وحدات العنایة المرکزة).

حکومەت دەیتوانی هەموو ئەم شتانە خەزن و کەڵەکەیان بکات لە تەواوی وڵاتدا نزیک بە شوێنە قەرەباڵغەکان. حکومەت دەیتوانی قەرەبووی ئەو شکستەی سەرمایەداری خسووسی بکاتەوە لە ئامادەکاری بەشێوەیەکی گونجاو بۆ ئەم پەتایە. بەڵام ئەمە نەکرا لە ئەمریکا  ئەمەش تەنها هەڵەی دۆناڵد ترەمپ نیە یاخود حزبی جمهوری یا حزبی دیموکرات بەڵکو ئەمانە هەموویان بەرپرسن لەم شکستەی کە ڕوویداوە.

بەهۆی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیایەک کە زۆر بەشێوەیەکی سەیرو سەمەرەو نەگونجاو لایەنگری کاپیتاڵیزمە، حکومەت هەرگیز نەهاتووە هەڵوێست بنوێنێ بەرامبەر سەرمایەداری خسووسی لەبەرئەوەی وەها کارێک پێویستی بە حکومەتێکە هەڵویستێکی ڕەخنەگرانەی هەبێت لەبەرامبەر سەرمایەداریدا، حکومەتەکان نەیانتوانیوە ئەم کارە بکەن و نەیانکردوە و نایکەن. هۆکارەکە هەر لەبەر ئەوەبووە کە ئامادەکاری نەبووە و نەکراوە بۆ ئەم ڤایرۆسە وە ئەوشتانەی کە پێویست بوون خەزن نەکراون، بۆیە ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک دەمرن. زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس مردوون ئەمە لەکاتێکدا رێژەیەکی زۆر کەم لەخەڵک تێستیان ( فەحسیان ) بۆکراوە کە تاماوەیەک لەوەوبەر بە رێژەی لەسەدا ٢ ی داینشتوانی ئەمریکا بوو.

چەقی تێڕوانینی سەرمایەداری گۆڕانکاری بەسەرهات، بۆ ئەوەی قازانج بکەن دەبوا زەرەرو زیانەکانیان بگەیەننە کەمترین ڕادە، ئەمەش هەموو سەرمایەداران دەیزانن و ئاگادارن لێی. کاتێ دەزانن کە ئێمە ناتوانین کۆبینەوە لە ئۆفیس و فەرمانگە و کارگە و دوکان و بازاڕەکان، واتە سەرمایەدارەکان بۆیان ناکرێ نەک قازانج بکەن بەڵکو تەنانەت کاڵاکانیشیان ساغ بکەنەوە، لەئاکامدا پەنا دەبەنە بەر دەرکردنی کرێکاران.

هەر لەبەر ئەوەیە کە دەبینرێت ڕێژەی بێکاری بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرزدەبێتەوە هەروەک بێکاری سەردەمی قەیرانە گەورەکانی سەرمایەداری لە ساڵەکانی ٣٠ یەکانی سەدەی پێشوو. کەواتە ئێمە ڕووبەڕووی داڕمانێکی ئابووری دەبینەوە سەرباری پەتای کۆرۆناڤایرۆس لەبەرئەوەی ئێمە نە بۆ ئەم ڤایرۆسە ئامادەبووین و نە بۆ داڕمانە ئابووریەکە. هەروەها ئێمە باسی بێکاری دەکەین چونکە زیاتر لەهەر وڵاتێکی تر بێکاری کاریگەری داناوە بەسەر ئەم وڵاتەوە، چونکە ئامادەکاریەکی ئێجگار زۆر کەم هەبوو بۆ ئەم پەتایە هەر بۆیەش زیانەکانی کە پێمان دەگەن زیاتر و گەورەترن.

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *