مه‌نسور حیكمه‌ت …
وه‌رگێڕانی له فارسیه‌وه: جه‌مال موحسین
هاوڕێی زۆر ئازیزم …
نامه‌که‌ت که بۆ منت نووسیبوو له‌گه‌ڵ ڕه‌شنووسی نامه‌ی وازهێنانه‌که‌تم له‌ڕێی هاوڕێ… ه‌وه به ده‌ست گه‌یشت و زۆر زۆرم پێ‌ناخۆش بوو. ڕه‌خنه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ ئه‌نووسم و کاتێک خوێندته‌وه ته‌له‌فونت بۆ ئه‌که‌م بۆ ئه‌و ژماره‌یه‌ی که داوته تا پێکه‌وه قسه‌بکه‌ین.
یه‌که‌م مه‌سه‌له گشتییه‌کان:
١. با یه‌که‌مجار ئه‌وه بڵێم که له ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌ی ههڵسوڕانمدا، تا ئێستا بۆ جارێکیش داوام له هیچ که‌سێک نه‌کردووه که ڕێکخراوه‌که‌مان یان حزبه‌که‌مان جێ نه‌هێڵێت، واز نه‌هێنێت، بمێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ من بێت و شتی تری له‌و بابه‌ته. به سه‌ی برایمم نه‌ووت په‌یوه‌ست بێت به‌ئێمه‌وه، له خه‌سره‌وی داوهرم نه‌پرسی بۆچی نه‌هات، له ناسری جاویدم نه‌پرسی، له ئیره‌جی ئازه‌رینم نه‌پرسی بۆ کوێ چوو، ده‌یان ناوی تر هه‌ن که خه‌ڵک باوه‌ڕ ناکات که من ته‌نانه‌ت پرسیارم له هۆی کار نه‌کردن و ڕۆیشتنیشیان نه‌کردووه[١]. له وازهێنانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا [٢] داوای ڕوونکردنه‌وه‌م له هیچ که‌سێک نه‌کردووه‌و داوام نه‌کردووه بمێنێته‌وه. بۆچی؟ یه‌که‌م، ئینسانه‌کان به عاقڵ و پێگه‌یشتوو و سه‌ربه‌خۆ و مه‌سئول له کرده‌وه‌کانی خۆیان ئه‌زانم و ڕێز بۆ بڕیاریان دائه‌نێم. دووه‌م، قسه‌کردنی من له‌گه‌ڵ که‌سه‌کان و هه‌وڵی من بۆ هاندانیان بۆ مانه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌خسی من نییه و وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌خسی من نامێنێته‌وه. ئه‌مه له‌سه‌ر حزب ئه‌نووسن و منیش ڕێز و ئیعتباری حزب له دنیای سیاسه‌تدا له هه‌موو شتێک گرنگتره له‌لام و هه‌رگیز ڕێگه ناده‌م هه‌ست و سۆزی من، تێبینی من و ڕه‌وشت و ئاکاری شه‌خسی من سایه بکێشێ به‌سه‌ر ئه‌م سیفه‌ته ئۆبجێکتیڤه سیاسی و به‌بڕوای من موقه‌ده‌سه‌ی حزبی کۆمۆنیستی سه‌رده‌می ئێمه‌دا و حزب لاواز و نیگه‌ران و شپرز نیشان بدات. چه‌ندین جار ووتوومه حزب له هه‌ر ساتێکدا حزبی که‌سانێکه که تیایدان و له‌ڕیزه‌کانیدا خه‌بات ئه‌که‌ن. من په‌یماننامه(کۆنتراکت)ی شه‌خسیم له‌گه‌ڵ هیچ که‌سێکدا نه‌به‌ستووه. مه‌سه‌له‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیم هه‌یه. ئه‌م حزبه ئامڕازی ئه‌م مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه. ئه‌و هاوڕێ سیاسییانه‌ی له‌م بیست ساڵه‌دا لێم نزیک بوون و ئێستا به‌هه‌رحاڵ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نین ژماره‌یان زۆر زۆره. به‌ڵام هاوڕێیانی سیاسی من ئه‌و که‌سانه‌ن که ئه‌مڕۆ له‌م ئه‌رکه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌کداین و پێکه‌وه بۆ سه‌رکه‌وتنی مه‌سه‌له‌که‌مان تێئه‌کۆشین. هه‌ربۆیه حه‌ز ئه‌که‌م بزانی که ئه‌گه‌ر گوێی شه‌یتان که‌ڕ بێ تۆ هه‌ر ڕۆیشتیت و وازتهێنا و من نه‌هاتم ده‌ست دامێنیت بکه‌م تا نه‌ڕۆیت ئه‌وا نیشانه‌ی لاموبالاتی و ڕێز دانه‌نان بۆ به‌ها و جێگا و ڕێگای به‌رزی هاوڕێیه‌کی وه‌ک تۆ نییه. نیشانه‌ی ئیهمالی من نییه. به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ڕووی خۆشه‌ویستی قووڵی من بۆ تۆ و هاوڕێیانێکی وه‌ک تۆیه که له‌م حزبه‌دان. پێداگری و تکای من به پێداگری و تکای حزبه‌که‌ی ئه‌وان دائه‌نرێت و منیش بۆم نییه و ڕێگه‌ش به‌خۆم ناده‌م که حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران له به‌رامبه‌ر هیچ که‌سێکدا به‌وجۆره نیشان بده‌م. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران حزبێکی سیاسییه. بنه‌مای کاره‌که‌ی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆ و خواستی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئه‌ندامانیه‌تی. به‌رنامه‌ی خۆی ڕاگه‌یاندووه. ئاڵای خۆی به‌رز کردۆته‌وه. داوای له هه‌مووان کردووه پێوه‌ی په‌یوه‌ست بن. ئیختیار به ده‌ست فه‌رده‌که خۆیه‌تی. سه‌رئه‌نجام ده‌ستی من له وه‌سفکردنی جێگا وڕێگا و به‌های تۆ بۆ حزب، نیشاندانی هه‌ڵه‌بوونی بڕیاره‌که‌ی تۆ، له هه‌وڵدان بۆ هێشتنه‌وه‌ت له حزبدا زۆر له‌وه بهستراوتره که خۆم ئه‌مه‌وێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش هه‌مان مه‌یلی منه. ئه‌گه‌ر من سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی نه‌بوومایه، یان قسه‌کانمیان له‌سه‌ر حزب حساب نه‌کردایه، ئه‌وا دڵنیابه یه‌خه‌م بهرنهئهدایت و وه‌ڵامی دانه دانه‌ی هۆیهکانتم ئه‌دایه‌وه. به‌ڵام حورمه‌تی حزب و حورمه‌تی هه‌ڵسوڕاوانی حزب وام لێئه‌کات ئه‌م لایه‌نه‌ی باسه‌که بهمهحدودی بهێڵمه‌وه. سێیه‌م، من شانازی ئه‌که‌م به بوونی ئه‌م حزبه و ئه‌ندامێتی خۆم تیایدا. دڵم وا ئه‌خوازێ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ش که له‌ناو ئه‌م حزبه‌دان ئه‌م ئیحساسه‌یان هه‌بێت. حزبێک که له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ئه‌خلاقی نزمتر له هه‌ستی سه‌ربڵندی ئه‌ندامه‌کانی دروست بکرێت، چ جای ئه‌وه‌ی که بگات به به‌کارهێنانی فێڵ و ته‌ڵه‌که بۆ ڕاگرتنی ئه‌ندامه‌کانی، به‌بڕوای من حزبێکی کۆمۆنیستی نییه. زۆر که‌س ئه‌وه‌نده ڕادێن له‌گه‌ڵ ڕادیکاڵیزمی ئێمه‌دا که له بیریان ئه‌چێته‌وه ئه‌م ئامانجانه چه‌ندێک پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی ئاسایی و چه‌نده پیرۆزن و ئه‌م حزبه چ ئاڵایه‌کی بێخه‌وشی به‌رز کردۆته‌وه. یه‌کسانی و ئازادی ئینسانه‌کان سه‌ربه‌خۆ له ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد و نه‌ته‌وه‌و میلله‌ت. خۆشبه‌ختی و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵک. له‌ناوچوونی توندوتیژی. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه، نه‌هێشتنی هه‌ژاری. کۆتایی هێنان به ترس. وه‌دیهێنانی شادی. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاڵایه بیست و ئه‌وه‌نده ساڵ لهمهوپێش له‌هه‌ر جێگایه‌کی جیهاندا به‌رز بکرایه‌ته‌وه، من ئێستا سه‌ربه‌رزانه ده‌بوومه ئه‌ندامی ئه‌و ڕێکخراوه. ئێستا که خۆمان ئه‌وه‌مان درووست کردووه، سه‌د به‌رابه‌ر سهربهرزترم. ئه‌گه‌ر که‌سێک نه‌یه‌وێت له‌م سه‌ربه‌رزییه‌دا به‌شدار بێ، من ناتوانم کارێک بکه‌م. به‌بێ ئه‌م سه‌ربه‌رزییه، ناتوانین بچینه جه‌نگی ئه‌و دێوه‌ی به‌رامبه‌رمان وه‌ستاوه.
٢. وازهێنانه‌کانی چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند خاڵێکی بۆ من ڕۆشن کرده‌وه. یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه که وازهێنان له حزب به‌هه‌رحاڵ ڕێگاچاره‌یه‌کی فه‌ردییه و به‌جۆرێکیش به‌ناچاری بڕیارێکی سه‌روو سیاسییه. پرسیاری من له تۆ ئه‌وه‌یه: ئه‌و پاساوانه‌ی تۆ بۆ ده‌ست له کارکێشانهوهکهت باست کردووه ئایا ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌خۆته‌وه هه‌یه یان له‌ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌توانرێت بگشتێنرێت؟ بۆچی نابێ من به‌و ده‌لیلانه قه‌ناعه‌ت بکه‌م و حزب جێبهێڵم؟ ئایا ئامۆژگاری تۆ ئه‌وه‌یه که منیش حزب جێبهێڵم؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، ڕێنوێنیت بۆ هه‌نگاوه‌کانی دواتر، نه‌ک ته‌نها بۆ خۆت، به‌ڵکو بۆ ئێمه‌یه‌ک که به ده‌لیله‌کانی تۆ له حزب چووینه‌ته ده‌ره‌وه چییه؟ ئه‌گه‌ر نابێ له‌م حزبه‌دا بمێنی، بۆچی من که که‌سێکم وه‌ک خۆت ئه‌ڵێی نرخم بۆ دائه‌نێیت، ئه‌بێ بمێنمه‌وه‌و کارێک که به‌ڕای تۆ بێهوده‌یه درێژهپێ بده‌م؟ بۆچی بهمن ناڵێی که واز بهێنم؟ ئایا من له‌م بیست ساڵه‌دا کاتێ که به ئاکامێکی سیاسی گه‌یشتووم، ڕووم نه‌کردۆته تۆ، له ئاسۆ و بڕیار و پێشنیاره‌کانی دواترمدا شه‌ریکم نه‌کردوون؟ ئایا ڕێگایه‌کم بۆ هه‌موومان پێشنیار نه‌کردووه؟ بۆچی… جێ‌مان ئه‌هێڵێت و ڕێگای خۆی ئه‌گرێت؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشنیارت ئه‌وه نییه که منیش بڕۆم و باوه‌ڕت وایه که بمێنمه‌وه، ئه‌وکات بۆچی به‌ته‌نها جێم ئه‌هێڵیت؟ بۆچی من و ئێمه‌و مانان که ماوینه‌ته‌وه بێبه‌ش ئه‌که‌یت له تیژبینی و هه‌وڵه‌کانی خۆت؟ له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که ئه‌ڵێم وازهێنان ڕێگاچاره‌یه‌کی فه‌ردییه. من به‌ته‌واوه‌تی ڕێز دائه‌نێم بۆ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه فه‌ردییه‌کانی تاکه‌کان بۆ وازهێنان له‌حیزبه سیاسیه‌کان. من ئه‌گه‌ر ڕۆژێک به‌شێوه‌یه‌کی فه‌ردیی ئه‌م حزبه جێبهێڵم، به‌و مه‌به‌سته ئه‌بێت که باقی ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی شه‌خسیم به‌جۆرێکی تر به‌سه‌ر به‌رم. ئه‌مه‌ش به‌مافێکی خۆم ئه‌زانم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌تی سیاسیم نه‌چێته پێشه‌وه، ئه‌گه‌ر ئهولهویهتهکانم له‌م حزبه‌دا نه‌کرێ به کرده‌وه، ئه‌گه‌ر ڕابه‌ریی حزبم قبوڵ نه‌بێت، ئه‌وکات ئیتر وازناهێنم، ئاڵا به‌رز ئه‌که‌مه‌وه. ئه‌مه سیاسییه. پرسیارێکی تر که ئه‌م وازهێنانانه لای من دروستیان کرد ئه‌مه‌یه، ناڕازی بوونی به‌شێک له کادره‌کان و هه‌ڵسوڕاوانی حزبێک له سیاسه‌ته‌کان و ڕابهرییهکهی نه‌ک هه‌ر شتێکی عه‌جیب نییه به‌ڵکو شێوازێکی ناسراوی کاری حزبییه. ته‌واوی دنیا به‌مجۆره‌یه، له ئه‌حزابی کۆمۆنیست و به‌ڵشه‌فیک و چه‌په‌وه بگره تا ئه‌حزابی بۆرژوازی. له هه‌موو حزبه سیاسیه جددیهکاندا کێشمه‌کێشی فراوان هه‌یه، فراکسیۆن(کتله) هه‌یه، ڕابهرییهکهشیان له‌نێو جه‌ده‌لێکی جددی نێوان گرایشهکاندا هه‌ڵئه‌بژێردرێن. ڕۆژنامه فراکسیۆنیهکان به‌ڕه‌سمی به کۆمه‌ڵگا ئه‌ڵێن که ڕابه‌ریی حزبه‌که‌یان قبوڵ نییه. ئه‌مه ئه‌سڵه‌ن عه‌جیب نییه. بۆچی له حزبێکی وه‌ک ئێمه‌دا ده‌لیله‌کانی تۆ، ده‌لایلی له چه‌شنی مخالف بوون به‌م سیاسه‌ت یان به‌و سیاسه‌ت، قبوڵ نه‌کردنی توانایی و لێهاتوویی به‌رپرس و ڕابه‌رانی ئێستا و شتی تری له‌م بابه‌ته ئه‌توانن ببنه پاساوێکی کافی بۆ وازهێنان؟ بۆچی ئه‌بێ به‌هۆی ئه‌م دهلیلانهوه واز له حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بهێنرێت، به‌ڵام له حزبی کرێکاری به‌ریتانیا [له‌یبه‌ر پارتی_ و] یان حزبی توده‌دا ناکرێ؟ بۆچی تودهییهک، یان ئه‌ندامێکی حزبی دیموکراتی کوردستان، به‌سه‌د ئه‌وه‌نده مخاله‌فه‌ت و بێمتمانه‌ییه‌وه، که‌چی توده‌یی بوون و دیموکرات بوونی خۆی ناباته ژێر پرسیاره‌وه؟ به‌ڵام … وا بیر ئه‌کاته‌وه که ئاوا به‌ئاسانی ئه‌توانێ په‌یوه‌ندی خۆی به حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییه‌وه بپچڕێت؟ جیاوازی ئێمه یا جیاوازی جێگه‌وڕێگه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئهحزابانهدا چییه؟ ئه‌م پرسیاره زۆر مێشکی من مه‌شغوڵ ئه‌کات و به‌بڕوای من وه‌ڵامه‌که‌ی به‌شێک له باسی حزب و کۆمه‌ڵگایه[٣]. ئه‌وه جێگه‌ی سه‌رنجه که کاتی وازهێنانه‌کانی ئه‌م دواییانه، خه‌ڵک نیگه‌ران بووبوون، خه‌ڵکی ئاسایی، شاعیران، نووسه‌ران، که ئایا بۆچی ئه‌وانه‌ی وازئه‌هێنن “حزب” لاواز ئه‌که‌ن. حزبێک که ئه‌و خه‌ڵکه سه‌رباری هه‌رجۆره خیلافێک که له‌گه‌ڵیدا هه‌یانه وورده‌وورده نرخه سیاسییه‌که‌ی به‌عینوانی ئاڵای ئه‌سڵی ئۆپۆزسیۆنی چه‌پ و ئازادیخواز و کۆمۆنیست ده‌رک ئه‌که‌ن. ئه‌مه سه‌ره‌تای کاری ئێمه‌یه و من له‌و باوه‌ڕه‌دام ڕۆژێک دێت ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێک بیه‌وێ حزب جێبهێڵێت، ڕووبه‌ڕووی پرسیاری مناڵه‌کانی و دراوسێکانی و هاوکارانی ئه‌بێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌ستی پێکردووه. به بڕوای من تۆ ئه‌وه‌ت فه‌رامۆش کردووه که تۆ ته‌نها ئه‌ندام و هه‌ڵسوڕاوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی نیت به‌ڵکو هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیزمی کرێکارییت که ئه‌م حزبه به‌هه‌موو نوقسانییهکانیهوه حزبی سیاسی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یه. به‌هه‌مان جۆر که حزبی دیموکراتی کوردستان حزبی ئه‌سڵی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تییه و ئه‌گه‌ر که‌سێک مخاله‌فه‌تی به قاسملۆ و شه‌ره‌فکه‌ندی و حیاکی هه‌بێ (که شتی واش ڕوویدا) تا کاتێک که ده‌ستبه‌رداری ئاڵای کوردایه‌تی نه‌بێ ئه‌و حزبه جێناهێڵێ. ئه‌مڕۆش ڕه‌نگه که‌سێک له حزبی ئێمه بڕوات. به‌ڵام که‌سێک گه‌ر بیه‌وێت له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا بمێنێته‌وه به کرده‌وه دووباره خۆی له‌ناو حزبدا ده‌بینێته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که ئه‌وانه‌ی له‌م دواییانه‌دا وازیانهێنا به‌خێرایی خه‌ریکن نه‌ک له‌گه‌ڵ حزب، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و ئاسۆ و ئامانج و به‌رنامه‌و مێژووه‌که‌یدا حسابی خۆیان یه‌کلایی ده‌که‌نه‌وه. گومان و دوودڵی پێشینه‌شیان به خۆجیاکردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی تیۆریزه ئه‌که‌ن. ناچارن په‌یوه‌ست بن به بزووتنه‌وه‌یه‌کی تره‌وه.
سه‌باره‌ت به دهلایله تایبه‌ته‌کانی خۆت:
١. ڕابه‌ریی له‌م حزبه‌دا به هه‌ڵبژاردنه. ئه‌مه تاکه ڕێگای سیاسییه بۆ دیاریکردنی ڕابه‌ریی له حزبێکی واقعیدا. منیش وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدانه‌که‌ی خۆمم خستۆته سندوقه‌وه. هه‌ندێک ده‌نگیان نه‌هێنا. هه‌ندێکیش هه‌ڵبژێردراون که من ده‌نگم پێ نه‌دابوون. ئه‌مه حزبی ئه‌ندامه‌کانیه‌تی. من و تۆ ئه‌توانین ئۆتۆریته‌و ئیعتباری هه‌ر که‌سێک که ئه‌مانه‌وێت قبوڵ بکه‌ین. هه‌وڵ بده‌ین ئه‌م ڕابه‌رانه‌ی خۆمان ببنه ڕابه‌رانی حزبیش. من و تۆ ئه‌رکمانه که ئه‌گه‌ر خۆمان به شیاوتر ئه‌زانین خۆمان کاندید بکه‌ین و بچینه ڕیزی پێشه‌وه. به‌ڵام ئه‌بێ یاساکانی ئه‌م کایه‌یه له‌به‌رچاو بگرین. ئه‌وه هیچ کێشه‌یه‌کی تیا نییه که له ئێستاوه تا کۆنگره‌ی ئاینده بڵێین ئه‌م ڕابه‌رییه بێتوانایه و ئه‌بێ خه‌تی ئێمه بێته سه‌رکار به‌ڵام بچین به‌پێی ئه‌وه‌ی ئیتفاقمان له‌سه‌ر کردووه کار بکه‌ین. بێباوه‌ڕیی به لێهاتوویی ڕابه‌رییه‌کی هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌یه‌ک هۆیه‌کی کافی نییه بۆ جێهێشتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، حزبی موڵکدارێتی گشتی، حزبی ئازادی یه‌کسانی حکومه‌تی کرێکاریی، حزبی نه‌هێشتنی هه‌ژاری، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوکمی ئیعدام، حزبی پێچانه‌وه‌ی ئیسلام، حزبی داکۆکی له‌مافی کچی ته‌مه‌ن ٩ ساڵه. ئه‌م بێباوه‌ڕییه ئه‌بێ ببێته مایه‌ی هه‌ڵسوڕانێکی ناوخۆی حزبی بۆ باڵا ده‌ستکردنی ئه‌و سیاسه‌ت و که‌سانه‌ی که تۆ به لێهاتوویان ئه‌زانی. ئه‌مه‌و به‌س.
٢. سه‌باره‌ت به حزبی عێراق، ئێمه خه‌ریکین گیان و ته‌مه‌نمان له‌ڕێی دائه‌نێن. ئه‌بێ ئه‌وه قبوڵ بکه‌ین که ئامڕازه‌کانمان بۆ ده‌خاڵه‌ت کردن له چاره‌نووسی حزبی عێراقدا مه‌حدوده. ئه‌زانی چه‌ندمان نووسیوه؟ (هه‌موومان ئه‌ڵێم، من و تۆ و که‌سانی تریش). چه‌ندمان باس کردووه، چه‌ندمان پاره خه‌رج کردووه، چه‌ندمان سه‌فه‌ر کردووه، چه‌نده ڕیسک (موجازه‌فه)مان کردووه‌و ئێستاش وا ئه‌یکه‌ین؟ ڕه‌حمان [حسێنزانده] له کوێیه؟ ئه‌سه‌د [گوڵچینی] له کوێیه؟ محه‌مه‌دی فه‌زلی، مزه‌فه‌ری محه‌مه‌دی، محمه‌دی فه‌تاحی، ساڵح سه‌رداری، عه‌به‌ی دارابی، ئیسماعیل وه‌یسی، کوروش موده‌ریسی و.. و.. و چه‌نده ئینێرژیان سه‌رف کردووه‌و هه‌موو ڕۆژێک سه‌رفی ئه‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێکی تایبه‌تی هه‌یه که پێت وایه ئه‌بێ بیگرینه‌به‌ر ئه‌وا ئه‌بێ بنووسرێت و ڕای له‌سه‌ر بدرێت. منیش پێم وایه که هه‌نگاوه‌کانی ئێمه سه‌باره‌ت به حزبی عێراق کافی نه‌بووه و که‌م کاریگه‌ر بووه. لانی که‌م خۆت له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا شاهیدی هه‌وڵه‌کانمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگای کاریگه‌ری دانانی زیاتر بوویت. ئه‌م باسانه ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه. ڕێگای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌خاڵه‌ت کردنه. کاره‌که به ڕۆیشتنی تۆ ئاسانتر نابێت.
٣. پێشتر ده‌رباره‌ی شایسته‌یی ڕابه‌ریی حزب قسه‌م کرد. ئه‌بێ دوو لایه‌نی حقوقی و سیاسی جیا بکرێته‌وه. له‌ڕووی حقوقیه‌وه ئه‌م ڕابه‌رییه شه‌رعییه. له کۆنگره‌یه‌کی فراواندا و له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی نهێنی و ئازادانه‌وه هه‌ڵبژێردراوه. له‌ڕووی سیاسییه‌وه من که‌موکوڕی زۆر له کاری ڕابهرییدا به‌دی ئه‌که‌م. به‌ڵام هیچ دوودڵییه‌کم له شایسته‌ییه‌که‌ی نییه. هیچ هاوڕێیهک له ڕیزی کادره باڵاکانی ئه‌م حزبه‌دا نییه که ئه‌گه‌ر من وه‌کو ئینسانێکی عادی له‌سه‌ر جاده بیبینم کڵاوهکهمی بۆ دانه‌گرم بۆ نیشاندانی ڕێزێکی قووڵ بۆ پێشینه‌ی سیاسی و خه‌بات و تێکۆشانی. ئێمه له‌سه‌ر قاره‌مانێتی ڕاهاتووین. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بۆ ئێمه بۆته شتێکی ئاسایی که ئینسانه‌کان بیست ساڵ بێگوێدانه ئاکامه مادییه‌کانی کاری سیاسی‌یان له‌سه‌ر خۆیان و خێزانه‌کانیان له‌م سه‌نگه‌رانه‌دا بمێننه‌وه. ئه‌وه بۆ ئێمه ئاسایی بۆته‌وه له‌گه‌ڵ که‌سانێکدا بژین که ساڵه‌ها زیندانی کراون، ئه‌شکه‌نجه‌دراون، چوون بۆ جه‌نگ، ئازیزترین که‌سانیان له‌ده‌ستداوه، ١٦ سه‌عات له شه‌و و ڕۆژدا به‌دوای کاری سیاسیانهوهن. بۆ ئه‌وپه‌ڕی دنیا سه‌فه‌ر ئه‌که‌ن و هێشتا له زیندانی ده‌وڵه‌ته‌کانه‌وه سهردهرئههێنن، تیرۆر ئه‌کرێن یان له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆردا ژیان به‌سه‌ر ئه‌به‌ن. لای ئێمه ئه‌وه بووه‌ته شتێکی ئاسایی که که‌سانێک له ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵیدا قسه‌ی یه‌که‌میان حزب و کاری حزبی بێت و هێشتا به‌شۆڕ و شه‌وقه‌وه به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای تازه‌وه بن بۆ پێشڕه‌وی کردن و چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له کۆنه‌کان. بۆ ئێمه ئاسایی بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مانه له کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دا ڕه‌مزی ئازادیخوازی و خۆڕاگریی سیاسین. ئه‌و که‌سانه(مه‌به‌ستم ته‌نها کۆمیته‌ی ناوه‌ندی نییه، هه‌موو هاوڕێیانمان ئه‌ڵێم) باشترین که‌سانێکن که هه‌ن. ئه‌مه بزووتنه‌وه‌ی ئێمه‌یه. یان به هه‌مان ئه‌و ئینسانانهوه ئه‌یگه‌یه‌نینه ویستگه‌ی دواتر یان هیچمان له ده‌ست نایه‌ت. من له‌باری سیاسییه‌وه شانازی به حزبێکه‌وه ئه‌که‌م که… ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیه‌که‌ی بێت و ئه‌م به‌رنامه‌و ئامانجانه به‌هه‌ر هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و ئه‌زمون و هه‌ڵه‌یه‌که‌وه به‌رێته پێشه‌وه و له‌پاڵیدا ڕائه‌وه‌ستم و ده‌نگ به ئه‌و ئه‌ده‌م. هه‌ر کاتێکیش که‌سێکی باشتر سوکانه‌که‌ی گرته ده‌ست ئه‌وپه‌ڕی خۆشحاڵی خۆم نیشان ئه‌ده‌م. به بڕوای من قبوڵ نه‌کردنی لێهاتوویی زۆرینه‌ی ڕابه‌ریی حزب ده‌لیلێکی کافی نییه بۆ وازهێنانی که‌سانێکی وه‌ک تۆ. ڕابه‌ریی حزبی ئێمه که‌موکوڕی زۆری هه‌یه. سه‌د جار باسمان کردووه. به‌ڵام نه‌ک ته‌نها له ڕابه‌ری هه‌موو حزبه‌کانی ئۆپۆزسیۆن ده به‌رابه‌ر باشتره، هه‌تا ئه‌گه‌ر باشتریش نه‌بێت، به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که هه‌مانه. ئێمه ئه‌مه‌ین. بته‌وێت و نه‌ته‌وێت ئه‌مه بزووتنه‌وه‌که‌ی ئێمه‌یه به خاڵه به‌هێزه‌کانی و بێتواناییهکانیشیهوه. ئه‌کرێ بمێنینه‌وه‌و تێ‌بکۆشین بۆ نه‌هێشتنی خاڵه لاوازه‌کانی.
٤. “ده‌رنه‌که‌وتنی ڕابه‌ریی له گێڕانی ڕۆڵی سیاسی و ته‌شکیلاتی له باسه ده‌روونیه‌کانی چه‌ند مانگی ڕابردوودا” وه‌کو ده‌لیلێکی دیکه‌ی باوه‌ڕ نه‌بوونت به ڕابه‌ریی و وازهێنانت له حزب باسکردووه. من به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌م تهسهورهتدا نیم. به‌ڵام هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌مجۆره‌ش بێت، تێناگه‌م چۆن ده‌کرێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ڕه‌خنه‌یه له ڕابه‌ریی واز له حزب بهێنرێت. سه‌رئه‌نجام مامه‌ڵه‌ی لاواز له‌گه‌ڵ وازهێنانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا نامهقبوولتره یان خودی وازهێنان؟
…ی ئازیز! به ته‌له‌فون به‌درێژی قسه ئه‌که‌ین. کادری کۆمۆنیستی دڵسۆز بۆ حزب و داکۆکیکار له ئامانجه‌کانی حزب و خاوه‌ن ڕایه‌کی باش له‌سه‌ر مه‌نسور حیکمه‌ت به‌پێی مه‌نتق نابێ واز له‌حزب بهێنێت (ته‌نانه‌ت به‌مانا تهشکیلاتییهکهشی). به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌بێ بمێنێته‌وه و ئه‌م دڵسۆزییه زیاتر و زیاتر ته‌رجه‌مه بکات بۆ نهخشهعهمهل و ته‌رح گه‌لێک که له‌لایه‌ن ئه‌و ئینسانانه‌ی له‌م حزبه‌دا خۆیان ڕێکخستووه قابیلی جێبه‌جێکردن بێت. ئه‌بێ کۆمه‌ک به‌م “مه‌نسور حکمه‌ت” هبکات. ئه‌بێ ده‌ست بخاته سه‌ر که‌موکوڕییه‌کان، به‌دیل ته‌رح بکات و قۆڵی لێهه‌ڵماڵێت. وازهێنان وازهێنانه. وازهێنانی شۆڕشگێڕانه‌مان نییه. ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حزبه قه‌واره‌یه‌کی باشتری کرێکاریی کۆمۆنیستی بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی ئامانجه‌کانمان هه‌یه یان خه‌به‌رت هه‌یه که بڕیاره له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا پێک‌بێت پێمان بڵێ من و ئه‌سه‌دی نهودینیانیش دێین. ئه‌گه‌ر نییه، ئه‌بێ بمێنینه‌وه. وه کێشه‌کانی چاره‌سه‌ربکه‌ین. … ی ئازیز، به‌بڕوای من، بێموبالهغه، ئه‌م حزبه ده‌سکه‌وتێکی به‌نرخی ژیانی سیاسی ئێمه‌یه و ڕه‌وتێکی پڕ له سه‌رکه‌وتن و ڕوو له‌سه‌ر ده‌بڕێت. دنیایه‌ک کارمان هه‌یه. دنیایه‌ک ده‌رگا به ڕووماندا کراوه‌ته‌وه. کێشه و ئاستهنگیهکانمان له‌بنه‌ڕه‌تدا مالی_مادییه. ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێت زیاتر له شایسته‌یی ڕابه‌ریی حزب ووردبیته‌وه ئه‌بێ یه‌کجار بێیت و ببینیت به چ ئیمکانیه‌تێکی ماددی ئه‌م واقعیه‌ته سیاسییه بنیاتنراوه‌و گه‌شه‌ی پێئه‌درێت. خه‌تمان ڕۆشنه. باشترین ئینسانه‌کان له ڕیزه‌کانی ئێمه‌دایه. کۆمه‌ڵگا خه‌ریکه داوامان ئه‌کات و بانگه‌وازمان ئه‌کات بچینه ڕیزی پێشه‌وه. ڕه‌وتێکی گه‌شه‌ی جدی تێئهپهڕینن. به‌هه‌رحاڵ بڕیار به‌ده‌ست تۆیه. ئومێده‌وارم و گه‌شبینم که بڕیاری کۆتاییت له‌پێناو به‌هێزکردنی حزبدا ئه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م ڕێگایه درێژه‌ی هه‌یه‌و هه‌وڵدان بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر کۆسپهکانیدا ئه‌رکی هه‌موو ڕۆژه‌ی ئێمه‌یه.
سه‌رکوتوو بیت
نادر (م.ح)
١٦ ی ئۆگه‌ستی ١٩٩٩
دواتر ته‌له‌فونت بۆ ئه‌که‌م
[*] ڕوونکردنه‌وه:
ئه‌م نامه‌یه ڕوو به هاوڕێیه‌که که ڕه‌شنووسی وازهێنانی له حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بۆ مه‌نسور حکمه‌ت ناردبوو، به‌ڵام دواتر کێشایه‌وه. له ئه‌رشیفی کوروشی مده‌رسی، که به فارسی له هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌کاره‌کانی مه‌نسور حکمه‌ت، پاشکۆی ١، له بڵاوکراوه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی_حکمه‌تیست له مانگی جونی ٢٠٠٦ دا بڵاوکراوه‌ته‌وه(لا ٣٥٣_٣٥٧). ئه‌م ده‌قه کوردیه له فارسیه‌که‌وه وه‌رگێڕدراوه، له هه‌ندێ شوێندا به پێویست به‌راورد کراوه به ده‌قه عه‌ره‌بیه‌که‌ی که فارس مه‌حمود وه‌ریگێڕاوه. له‌به‌ر گرنگی ئه‌و ڕوونکردنه‌وانه‌ی که له ده‌قه عه‌ره‌بیه‌که‌دا هاتووه سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێ خاڵ، به‌پێویستم زانی لهعهرهبیهکهوه په‌راوێزه‌کان وه‌رگێڕم، به هه‌ندێ ئیزافه‌وه [به‌سوپاسه‌وه بۆ فارس مه‌حمود].
[١] ئه‌و که‌سانه‌ی ناویان هاتووه ئه‌و که‌سه دیار و به‌رچاوانه‌ن که پۆست و به‌رپرسیارێتی ڕابه‌رییان هه‌بووه له‌و حزب و ڕێکخراوانه‌دا که مه‌نسور حیکمه‌ت ڕابه‌ریی کردووه وه له‌ساتێکی ئه‌م خه‌باته‌دا له مه‌نسور حیکمه‌ت جیابوونه‌ته‌وه.
[٢] ئه‌م وازهێنانانهی که مه‌نسور حکمه‌ت له چه‌ند شوێنێکدا ئاماژه‌یان پێ ئه‌کات، ئه‌و کۆمه‌ڵه که‌سانه‌ن که له‌ساڵی ١٩٩٩ وازیان له حزب هێنا و ژماره‌یان گه‌یشته نزیکه‌ی ١٠٠ که‌س له کادره ڕابهریهکان و ئه‌ندامانی حزب. بۆچوونی گشتی ئه‌م وازهێنانانه هه‌رچه‌ند پاساوی جیاجیان ئه‌هێنایه‌وه به‌ڵام پاسیفیستی و ناحزبی بوو. ته‌وه‌ری گشتییان بۆچوونی چه‌پی ته‌قلیدی بوو که هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به ده‌سه‌ڵاتی کۆمۆنیستی و به‌ده‌ستهێنانی کۆمۆنیزمێکی به قودره‌ته‌وه که هه‌وڵ بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌دات نه‌بوو.
[٣] مه‌به‌ست له‌باسی “حزب و کۆمه‌ڵگا” یه که یه‌کێکه له باسه گرنگه‌کانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی که مه‌نسور حکمه‌ت له‌پلینیۆمی نۆیه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران‌دا پێشکه‌شی کرد له مانگی نۆڤێمبه‌ر (تشرینی دووه‌م) ساڵی ١٩٩٨ دا. ئه‌م باسه به زمانی کوردیش هه‌یه به‌ناونیشانی “حزب و کۆمه‌ڵگا، له گروپی فشاره‌وه بۆ حزبی سیاسی”.
وه‌رگێڕانی له فارسیه‌وه: جه‌مال موحسین (ئه‌پریلی ٢٠٠٨) پیاچوونه‌وه‌ی: سه‌عید ئه‌حمه‌د
Kurdish translation: Jamal Mohsin
hekmat.public-archive.net #3923ku.html