مووچەی بەردەوام وژیانێکی باشتر، بەهاودەنگی وهاوڕیزیی کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردستان، لەهەردووک زۆنی زەردوو سەوزەوە گرێی خواردووە! …

تاهیر عیسا…

نزیکەی سێیەکی قەڕنێکە، خەلکی کرێکارو زەحمەتکێشیی کوردستان، بەدەست دوو حیزبیی بۆرژوا قەومیی و حیزبە ڕەنگاوڕەنگە بوودجەخۆرەکانیی دەورو بەریانەوە گیرۆدەیەو هەرچیی ڕەوڕەوەی مێژووە قێزەونەکەشیان، زیاتروزیاتر بەناو تەمەنیی پڕ لە زوڵم وستەمیاندا ڕۆدەچێت، ئەوان قایمترو مەحکەمتردەبن و وەلەبەرامبەریشدا کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشیش پڕژوبڵاوو کەم هێزترو بێ ئیرادەتر دەبن!

سەرباریی هەبوونیی داهاتێکی زۆرو زەبەلاحیی نەوت وغازیی کوردستان و داهاتیی گومورگەکان و داهاتیی

باج وغەڕامەکان وبەشەبوودجەیەکیش کە لەحکوومەتی ناوەندەوە وەریدەگرن ، بەڵام تازە خەریکن مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆران دەدەن، ئەویش بەهۆی فشارێک کە بەشێک لەمامۆستاو موچەخۆرانی دەهۆک تیایدا هاتنە سەرشەقامەکان و داوای مووچەکانیان کرد، تەنانەت دەوترێت ئەو سەفتە پارانەی کە ئێستا دابەشیی دەکەن، مۆریی مانگیی دووی حکوومەتی ناوەندیی بەسەرەوەیە، کەدوای سێ مانگ لەناردنیی بەڵام تازە دەگاتە دەستی بەشێک لە مووچەخۆرانەوە!

ئەم دەستەو تاقمە مافیاییەی دەسەڵات و بەتایبەتیش پارتی،کە کۆنتڕۆڵی بەشێکی گەورەی حکوومەتی لەدەستدایە ، چەندە لەبەرامبەر خواست وداواکاریی و ژیان و بژێوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا بێدەربەست ولاموبالاتن، دەئەوەندەش بێمۆڕاڵ و بێ ئەخلاقن، کەتەنانەت تاڵانیی و دزیی و ڕاووڕووتی بێپەردەیان گەیشتۆتە ئاستێک، کە دەبوایا هەتا ئێستا وەک تاڵانکارتریین دەسەڵاتی مێژوویی ئەم دەورەیە، ناویان لەکتێبی “جینس”دا تۆمار بکرابایا، کەجگە لەوەی هەر بەقەولیی لێدوانەکانیی خۆیان لەدژی یەکترو شایەدیدانیان لەدژی یەکترو هەر ڕۆژە خستنە ڕووی بەڵگەو دۆکۆمێنتارییان لەدژیی یەکتر،  بوونیی ملیاران دۆڵاریی بێ ئەژماریان لەژێرزەمینەکانیان ولەبانقەکانیی ئەوروپادا دەسەلمێنێت، وەجگە لەو ملیاران دۆلارەش کە لەژێر ناویی سیناریۆی دۆڕاندندا، بەوکۆمپانیا نەوتییە جۆراوجۆرانەی کەلەکوردستاندا گرێ بەستیان لەگەڵداکردوون و لەبانقەکانی ئەوروپادا بۆیان سپی دەکرێتەوەو دووبارە لەژێر ناویی موستەعاریی جۆراوجۆردا، دەخرێتەوە ناو پڕۆسەی سەرمایەگوزارییان لە پڕۆژەو کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانیاندا، هەتا کارگەیشتۆتە ئەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان بەجۆرێک تەخشان وپەخشان دەکرێت، کە تەنانەت لەم ماوەیەی ڕابردوودا، لێپرسراوێکی پایە بڵندی لوبنانیی دەستبەسەرگرتنی ملیارێک دۆلاریی دەسەڵاتدارانی هەرێمی بەڤیدیۆو دەنگ وڕەنگی خۆی بڵاوکردەوە!

ئەم هەل ومەرجە، دۆخی خراپیی کرێکاران و زەحمەتکێشانی لەوپەڕیی خراپیی خۆیدا لەلایەک و بوونی دەسەڵاتێکی خێڵەکیی وبنەماڵەیی ئۆلیگارشیی هەڵاوساویی سەرووخەڵکیی لەملیاران دولاریی فەرهوودیدا، لەبەرامبەریەکتردا ڕاگرتووەو ئەوەی کە دۆخیی کۆمەڵگاشیی لەو هەل ومەرجە چەقبەستووەدا ڕاگرتووەو تۆزقاڵێک بەقازانجیی باشتربوونی دۆخەکەو ژیانێکی باشتریی خەڵکدا ناڕواتە پێش، ناڕێخراوەیی چینایەتیانەی کرێکاران وزەحمەتکێشانە، کە بەهۆکاریی نەبوونیی ئاستێک لەوشیاریی سیاسیی، کە هێشتا وەک چینێک، نەیتوانیوە جێگاو ڕێگای گرنگیی خۆیان لەپەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان ولەمێژووی ململانێ سیاسیی وچینایەتیەکاندا وەک پێویست بناسێت و لەژێر کاریگەرییە سیاسیی وفکریی وکلتووریی وفەرهەنگیەکانی بۆرژوازیی دەسەڵاتدار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانیی دیکەی بۆرژوازیدا، خۆشخەیاڵ ودەستەوئەژنۆو گیرۆدەکراون ویاریی بەهەست ونەست و هێزو دەنگ وڕەنگیانەوە دەکرێت وهێزو ئیرادەیان کەلەڕیزیی سەربەخۆی خۆیان و لەیەکیەتی وهاودەنگیی وهاوئامانجیاندایە، تێکشکێندراوە.

کە بەشێکی دیکەش لەبۆرژوازیی لەژێر ناویی ئۆپۆزیسیۆنیی درۆزنانەدا، هاوشانی بۆرژوازیی دەسەڵاتدار، پەڕلەمانیان لەژێر ناویی نوێنەرایەتی کردنیی درۆزنانەی خەڵکی کوردستان ولەژێر ناویی دیموکڕاسیی وپلۆڕالیزمی هێزە بۆرژوا سەروو خەڵکیەکاندا، کەتەنیاو تەنیا نوێنەرایەتیی بازاڕو بەرژەوەندیەکانی سەرمایەو سەرمایەداران دەکەن، کردۆتە ناوەندێک بۆ  سەرمایەگوزاریی و کەسابەتیی بۆرژوایانەی خۆیان و پچڕینی بەشەهەریسی خۆیان بەناویی مەئمووریەتیی وەک ئەندامێتیی لەپەڕلەمان و فرت وفێڵی دەرماڵەو پاسەوان وڤێللاو ئۆتۆمۆبیل و خانەنشینیی..کە  هەردەورەیەک لەهەڵبژاردنە پڕ لەساختەکاریەکانیانداو لەدوای هەر نائومێدیەکی خەڵکی بە هەڵبژاردنەکان و بەپەڕلەمانیش وەک دەزگایەک بۆ باشترکردنی ژیانیان،  هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی دیکە وەک فریادڕەس،  لەژێر ناویی بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکیدا خۆی دەناسێنێت و جارێکی دیکە دەکەونەوە بانگەشەو شەرعیەتدانەوە بەهەمان دامودەزگاو حکوومەتیی فاسیدیی پێشوو، بەپەنجە مۆریی خەڵک و ڕۆژ لەدوای ڕۆژوو دەوران لەدوای هەردەورانێکی هەڵبژاردنەکان وکابینەکانیان، ژیانی چین  وتوێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاش لەپاڵ دەرچوونی پۆلێک لەپەڕلەمانتارو وەزیرو گزیریی خانەنشینکراویی هەڵئاوساو بەپارەو پوولیی داهات وبوودجەی گشتی، وێران و وێرانتر دەبێت.

بۆدواجاریش تێکڕایان  بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لەهەوڵی پاراستنیی تەجروبەکەی هەرێمدادەبن کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن وپارێزگاریی کردن لەمڵکداریەتی تایبەتی و کاریی بەکرێ وبازاڕێکی ئازاد بۆ چەوساندنەوەو ڕووتاندنەوەو دزینی هێزیی کاریی خەڵکی زەحمەتکێش و بەدەستهێنانی زێدەبایی دامەزراوە.

بۆ کرێکاران وزەحمەتکێشانیش جگە لە ڕاست وچەوت “×” دا هێنان بەم مێژووە قێزەونەی تەواوی تەجرووبەی هێزەبۆرژوازیەکانی کوردستان، بە حکوومەتە فاسید وپەڕلەمانە تەزویرەکەیانەوە، هەتا پێکهێنانی ڕیزیی سەربەخۆی خۆیان لەژێر یەک تڕاکت و شیعارو خواست وداواکاریی چینایەتیانەی سەراسەریدا هەر لە دهۆک وزاخۆوە هەتا هەڵەبجەو  کەلاروسلێمانیی و…، هیچ ڕێگاو دەرفەتێکی دیکەیان بۆباشترکردنی بژێویی و مووچەی تەواوو بەردەوام و  ژیان ودنیایەکی باشتر، لەبەردەمدا نەماوە!

هێلسینکی

۲۰/٥/٢٠٢٠

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *