کابینەی نوێ درێژەپێدەری کابینە شکستخواردوەکانی پێشووە..

عەبدوڵا مەحمود …

دوای زیاتر لە ٥ مانگ لە ناچارکردنی عادل عەبدولمەهدەی بەدەست لەکارکێشانەوە، سەرئەنجام و دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر، خانەوادەی بۆرژوازی عێراق ڕیکەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ پیکهینانی کابینەیەکی نوێی حکومەت لە عێراقدا. هۆکارێکی سەرەکی دواکەوتنی بۆرژوازی عێراقی بۆ پیکهینانی حکومەت و یەکلایی نەبوونەوەیان لەسەر کاندید و پشکی سیاسی نێوانیان، بوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بوو. بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری چەند مانگەی خەڵکی نەدارو بێبەشی عێراق تا بەر لەهاتنی کۆرۆنا ڤایرۆس بەکردەوە ببووە لایەنێکی کاریگەر لەقوڵکردنەوەی ئەزمەی بۆرژوازی و حکومی. نارەزایەتی جەماوەری ببووە ئەو هێزەی کە بۆرژوازی عێراقی نەیدەتوانی رۆڵ و نەخشی نادیدەبگرێت لە هەنگاونان و تەنانەت دیاریکرنی کاندیداکانیشیدا. هاتنی کۆڕۆنا ڤایرۆس بووە خێر و بەرەکەت بۆ بۆرژوازی عێراقی بۆ رزگاربوون لەدەست بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری گۆڕەپانی تەحریرەکان و خامۆش بوونەوەی. بە کورتی ئەوەی دەسەڵات و بۆرژوازی عێراقی لەرێگای سەرکوتی خوێناوی، پلانی هەمەرەنگ، فریوکاری و سازش، نەیتوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خامۆش بکاتەوەو ئیرادەی تێک بشکێنی، کۆڕۆنا ڤایرۆس و هەرەشەی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی بووە هۆکارێک بۆ چۆڵکردنی گۆرەپانی تەحریرەکان و پاشەکشە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقام.

بەڵێ… کۆڕۆنا فایرۆس کاری نارەزایەتی شەقامی بەکردەوە کۆتایی پێهێنا، لەبەرامبەردا بواری دا کە بۆرژوازی عێراقی ئەو هەلە بقۆزێتەوەو تا  ئەزمە حکومیەکەی تێپەرێنێت و کابینەیەکی نوێ ساز بدات. لە پێکهێنانی ئەم کابینەیەدا، نەک هەر نارەزایەتی جەماوەری و ویستەکانی خەڵکی ناڕازی عێراق لەبەرچاو نەگیرا کە چەندین مانگ بەرۆشنی داخوازییەکانی خۆیان راگەیاند، بەڵکو لەبنەرەتدا بەهۆی لەمەیداندا نەمانی ئەم بزوتنەوە نارەزایەتیە جەماوەرییە توانرا ئەم حکومەتە قەوارە بەخۆی بدات و ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتش بێت، نەفەس بدات بە بۆرژوازی عێراقی تا لەو ئەزمە قوڵە دەربچیت کە بینەقاقای توند گرتبوو.

ئەم کابینەیەش وەکو هەموو کابینەکانی پێش خۆی، لەسەر دابەشکاری دینی و مەزهەبی و قەومی و تایفی… و لەوەش زیاتر بەپێی بەشی حزبی و بەرە سیاسییەکان، لە پۆست و بەشی دەسەڵات، پێکهات. ئەوەی جێگایەکی لە پێکهێنانی ئەم حکومەتەدا نییە، مافی هاوڵاتی بوون و یەکسانی بوونی هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاسا!! بێ لەبەرچاوگرتنی دەستبەندی قەومی و دینی و مەزهەبییە. هاوکات ئەم حکومەتە حکومەتی ئەو بەش و رێژە کەمەیە کە بەپێی خودی راگەیاندنی بۆرژوازی کەمتر لە ٣٠% هاوڵاتیان، بەشداری دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو، وە ویست و داخوازی پێنج مانگەی ڕاپەڕیوانی عێراقی بەتەواوەتی ژێر پێخستووە کەخوازیاری حکومەتێکی عێراقی ناقەومی و نادینی، سەربەخۆ و خاوەن بڕیار، جێ ئومێد بە وەڵامدانەوە بەهەلی کار و نان و خزمەتگوازریی و ئازادییەکان… بوون. ئەمەش یانی دووبارە بوونەوەی هەمان حکومەت شکستخواردوەکانی پێشوو، دوبارەبوونەوەی حکومەتی ئەزمونکراوی دۆڕاو، دوبارەبوونەوەی حکومەتێک بۆ دزی و تاڵانی و شانخاڵی کردنەوە لەخزمەتگوزارییەکان و ویست و داخوازییە رەواکانی چینی کرێکار و ئۆردوی بێکاران و هەژارانی بێ شوماری عێراق.

ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی، وەکو هەمیشە بێ هیچ ئەمماو ئەگەرێک لەپەیوەند بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و بەسەدان ئەمما ئەگەرەوە بۆ بەشی حزبی و تاڵانچێتیان، چونکە پشتی مستەفا کازمی. ئەوەی لە دیدی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە جێگای باس نەبوو، پرسی سیاسی کورد و ئایندەکەی، ناسنامەی حقوقی و سیاسییەکەی بوو، ئەوەش کە جێگای ململانێی و بێنەوبەردەی ئاشکراو نهێنی بوو، پرسی پۆست، بودجە و داهات، کێشەی نەوت و غاز،… بوو، کە هیشتا ئەوانەش لەژێر سەدان ئەمماو ئەگەردا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە و وەڵامێکیان وەرنەگرتۆتەوە.

چوونە پشتی کازمی لەلایەن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی دەمێکە و بەکردەوە نیشانیان داوە، کە ئەوان خوازیاری چارەسەری سیاسی یەکجاری، چارەسەری یاسایی و حقوقی کیشەی خەڵکی کوردستان نین و خوازیاری بەشدار لەدەسەڵاتی ناوەندیدان بەقیمەتی دەستگیر بوون لە داهات و دەسەڵاتێك کە رەوایەتی قەڵەمڕەوی و حکومداری بەسەر خەڵکی کوردستانیان بۆ دەستبەر بکات.

لەدۆخی ئێستای عیراقیشدا، سپاردنی دەسەڵات بە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەکەمێک زیاد و کەمەوە لە پۆست و داهات، بژادەیەکی ئاقڵانەی بۆرژوازی عێراقییە، بۆرژوازی عیراقی سەرباری ناکۆکی ناوخۆی رێزەکانیان لەهەموو کابینەکانی دوای روخاندنی رژیمی بەعسەوە، پەیرەوی ئەو واقعیەتەیان کردووە. وە ئەو راستیە دەزانن کە بەڕێوەبردنی کوردستان بە ڕاستەوخۆ لەلایەن بزوتنەوە عەرەبییەکانی” ئیسلامی سیاسی بەسونەو شیعەوە، ناسیونالیزمی عەرەب، بە شیعەو سونەوە” کارێکی نەکردەو هاوکات لەلایەن خەڵکی کوردستان رەتکراوەیە، بۆیە رادەستکردنی بەرێوەبردنی ئیداری و کەمێکیش سیاسی بەحزبەکانی کوردستان، لە رێگای فەراهەم کردنی چەند پۆستیکیان لە بەغدا و رادەستکردنی بەشە داهات و بودجە، کردۆتە نۆرمێک. تا ئەو جێگایەش دەگەڕێتەوە بۆ کیشەی تری سیاسی نیوان هەرێم و بەغدا لەوانە” کیشەی کەرکوک، ناوچە کیشەلەسەرەکان، سنور، قەبارەی هیزی پیشمەرگە، یاسای نەوت و غاز، سەرژمێری،…” کە خۆیان ریشەیان لە چارەسەرنەبوونی پرسی سیاسی خەڵکی کوردستاندایە، پەیوەندی بە باڵانسی هێزو رەوەندێکەوە هەیە کە عێراق لە پرۆسیسی دامەزراندنەوەی عێراقدا وەکو دەوڵەتێکی داڕوخاو… گرتوویەتە بەر.

ئەوەی رۆشنە ئەوەیە، کە حکومەتی عێراق چۆن حکومەتی زۆرینەی خەڵکی بێبەش و نەدار نییە، ئاواش دورو نزیک حکومەتی خەڵکی کوردستان و هاوکات عێراقی ئەوانیش نییە. هاوکات حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەکردەوەو بەخواست و چاوەروانیەکانیان و بەپەیامێک کە هەڵیان گرتووە، نوینەری خەڵکی کوردستان لە بەغدا ناکەن و بەغداش بەوە ئاگایە کە ئەم حزبانە لەناکۆکی قوڵدان لەگەڵ خواستەکانی خەڵکی کوردستاندا. حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی تا ئەوکاتەی لەگەڵ ‌هێزە بۆرژوازییەکانی عێراق و حکومەتی بەغدادا، سازاون، بەغدا بۆیان وەکو سەرچاوەی داهات و دزییە لە بودجەی خەڵکی کوردستان، جێگای رەزامەندیانە، کاتیکیش هیزە بۆرژوازییەکانی عێراق و حکومەتی بەغدا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەکەونە کێشەوە، کە دیسان بودجە و داهات و پۆستە… ئەوا حزبەکانی دەسەڵاتی کوردی، هاواریان لێ هەڵدەستێت و بەناوی خڵکی کوردستانەوە دەستەو دامێنی پاڕانەوە دەبن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەغدا رێز لە دەستور و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان ناگرێت… خەڵکی کوردستان دەکەنە قوربانی ململانێی نێوان خۆیان و شانی خۆیان لە موچە و داخوازییەکانی تری خەڵکی کوردستان بەپاساوی پابەند نەبوونی بەغدا بە رێکەوتننامەی نێوانیان، تۆمەتبار دەکەن… کاتێکیش لەگەڵ بەغدا تەبان ئەوا داهات و بودجە بۆ بارەگای حزبەکنیان راپێچ دەکەن و بەشێکی زۆر کەمی بۆ موچەو پیداویستی خەڵکی تەرخان دەکەن.

حکومەتی کازمی وەکو هەموو حکومەتەکانی تری پیش خۆی، بەپێی ماهیەتەکەی و جۆری دروستبوون و پایەی دابەشکارییە قەومی و دینی و تایفیەکەی، و ململانێێ نێوانیان، ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، و وەڵام بە داخوازییە کریکاریی و جەماوەرییە فراوانەکان بداتەوە. لەوەش واوەتر توانای وەڵامدانەوە بە کێوێک لە ئەزمە ناوخۆییەکانی حکومەتی نابێت کە زوو دەردەکەون.

لەهەموو حاڵەتێکدا نە خەڵکی عێراق و نەخەڵکی کوردستان خۆشباوەرییەکیان بە حکومەت وکابینەی نوێ نییە. خەڵکی عێراقیش کە دەمێکە دەست وپەنجە لەگەڵ ئەم جۆرە حكومەتانە نەرم دەکەن، لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی دۆخی نائەمنی تەندروستیدا کە كۆرۆنا ڤایرۆس خوڵقینەریەتی، دێنەوە و مەیدان و شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری کە ڤایرۆس کۆڕۆنا بە شێوەی کاتی خەواندی، دەست پێدەکاتەوە. ئەگەر بلۆک و بەرەی چەپ و ئازادیخواز خاوەنی ئەڵتەناتیفی دروست بن، و رۆڵی کارای خۆیان بگێرن، ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت ئومێد بەخش بۆ تەواوی خەڵکی عێراق و ناوچەکەش بێت.

 ناوەراستی ئایاری ٢٠٢٠

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *