سەبارەت بە باگرژییەکانی زینی وەرتێ!…

دەشتی جەمال

 بارگرژییەکانی ئەم ڕۆژانەی ناوچەی زینی وەرتێ و جوڵەپێکردنی لیواکانی ٧٠ و٨٠ی یەکێتی و پارتی وهێزی تایبەتی پێشمەرگەی سەر بەحکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای دژە تیرۆر لەلایەك و داگرتنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ قەدپاڵی چیاکان ئەگەری شەڕی هێنایە پێشەوە و جارێکی دیکە ترس و دڵەڕاوەکێی خستە نێو دڵی خەڵکی کوردستان، ئەمە لەپاڵ مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و سیاسەتی کەرەنتینەکردن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی تەندروستی، خۆراکی، مووچە و بیمەی دەورانی بێکاری، سەلامەتی و خزمەتگوزارییەکان.

هەر خێرا دوای هاتنە پێشەوەی ئەم دۆخە نوێیە وەك هەمیشە بەیانی مەکتەب سیاسی و قەڵەم بەدەستەکان و دەزگاڕاگەیاندنەکانی هەردوو حزبی زۆنی سەوز و زەرد هەریەك بە شێوەیەك کەوتنە دووبارە ناو و ناتۆرە و گۆمانکردنەوە لەیەکتری وه هەڕەشەی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ، ئەو هەڕەشە مەترسیدارانە بوون کە فکر و زەینی خەڵکیان پێوە خەریك کرد. دیارە سەبارەت بە جوڵەی ئەو هێزانە هەر زوو کەوتنە پاساو هێنانەوە و شاردنەوەی ڕاستییەکان وەك هەمیشە. لەپێش چاوی ڕای گشتی گوایە بۆ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتییانە کە کەسانێك بە قاچاغ لەو دەڤەرەوە دەهێنرێت… هتد.

دۆران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان ناڕەزایەتی خۆی لە جێگیرکردنی هێزی پارتی لە وەرتێ  نیشاندا و ڕایگەیاند “پەکەکە ئەمە قبوڵ ناکات و لەدژی ئەو هەنگاوە شەڕ دەکەن“. سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش ڕایگەیاند “ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات یاخی بوونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرامبەر بە حکومەت“. مەکتەبی سیاسی یەکێتیش ڕایگەیاند “ڕێگە بە ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە نادەین و هەروەها داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات فەرمانی كشاندنەوەی گشت ئەو هێزانە بدات كە براونەتە ناوچەی زینی وەرتێ“.. ئەم ڕاگەیاندنە ئاگرینیانە لەتەنیشت فرسەتدان و دەست ئاوەڵاکردنی حکومەتی تورکیا بۆ بۆردومانی کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و کوشتنی ژمارەیەك پەنابەر و بریندارکردنی دەیانی تر، هەقیقەتی هەستیاری دۆخەکە دەخەنە پێشچاو.

بێگومان ئەم جەنگی ڕاگەیاندنە و ئەم بارگرژییەی زیاتر لەهەفتەیەکە ڕای گشتی پێوە خەریك کراوە، چەواشەکارییەکی ئاشکرا و شاردنەوەی ڕاستییەکانە. سەرباری ئەوەی کە زینی وەرتێ جێگا و ڕێگایەکی ستراتیجی بۆ هیچ یەك لەو هێزانە نیە، ناوچەیەکە لە قەڵمڕەوی یەکێتی و پەکەکەدایە و لەسەر داوای بەرپرسیارانی ئەمریکا داوای کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچەیە کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێم، وەك دەوترێت: “زینی وەرتێ لە ڕووی سەربازییەوە، زاڵە بە سەر سەربازگەی ھەریردا. لە ڕووی ھێرشی ھەواییەوە، زینی وەرتێ شوێنێکی گونجاوە بۆ لێدانی فڕۆکەخانەی سەربازیی ھەریر لەلایەن چەکە سوکەکانی ئێرانەوە. واتە با پاتریۆتیش ھەبێت، بەڵام پاتریۆت بۆ موشەکە زیرەکەکان بە کار دێت، بەڵام ئەگەر زینی وەرتێ لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا بێت، ئەو کاتە دەتوانێت تەنانەت بە چەکی سووکیش ھێرش بکاتە سەر ئەمەریکا“. یاخود دەوترێت “ئەم ئاڵۆزییە پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراقەوە بێت، پارتی دیموکراتی کوردستان یەكلایەنە هەنگاوی نابێت بۆ پشتیوانی خۆی بۆ مستەفا کازمی سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق، جێگا و ڕێگای یەکێتی  لەبەرچاو نەگرتبێت“.

ئەوەی چەندە ئەم لێدوان و بۆچوونانە ڕاست و دروستیی هەیە جێگای باس و لێکدانەوەکەی من نیە لەم وتارەدا، بەڵکو مەترسییەکانی ئەحزابی دەسەڵاتدارە لە کوردستان کە هەمیشە جەنگ و ماڵوێرانی و کارەساتی یەك لەدوای یەكی کردووە بە نسیبی خەڵکی کوردستان. ئەم سیاسەتەی ئێستایان درێژکراوەی سیاسەتێکی دیاریکراوە کە ئەجندەکانی پارتی و یەکێتی لە کێشمەکێشەکانیان بەرامبەر بەیەکتر و پێگە پەیداکردنی لە ناوچەکە و ڕکابەری دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەی نفوز و دەسەڵاتە  دەیبەنە پیشەوە.

ئەم حزبانە لە سەرەتاکانی شەڕی کەنداو و دواتریش شەڕی ئەمریکا و نەمانی ڕژێمی بەعس، تەواوی سیاسەتی خۆیان بە خۆشخزمەتی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە گرێدا و کوردستانیان لەنێوان دوو زۆنی سەوز و زەرد دابەشکرد و کەوتنە بازرگانی بە نەوت و سامانی کۆمەڵگاوە. بە خۆگرێدانەوەی پارتی بە بەرژەوەندی و ستراتیجی تورکیا و یەکێتی بە بەرژەوەندی و ستراتیجی ئێران، ئەم دوو حزبە ‌پایه‌کانی خۆیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی خۆبەستنەوە به‌ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ و هێزه‌ ئیمپریالیسته‌کانەوە ڕاوه‌ستاند. له‌سه‌ر درز و که‌لێنی سیاسی و سه‌ربازی و هاوکێشه‌ی هێزی نێوانیان خۆیان ڕاگرت‌، پارتی کە توانی زۆربەی حزبە بۆرژواییە ناسیۆنالیستی و ئیسلامییەکانی کوردستان ڕازی بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت، وەکو هێزێکی تاكڕەو خۆی سەپاند و فرسەتی ئەوەی بەدەستهێنا کە ببێتە خاوەن زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتی میلیشایی خۆی و پۆستە سیاسی و ئیدارییە هەرە باڵاکانی کوردستان لەدەستی خۆی قەتیسکرد، بەم شێوەیە پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەت هەژموونی سیاسەتەکانی بارزانی بەسەر دەسەڵاتدا هاوسەنگیی هێزی گۆڕی. ململانێی نێوان ئەو دوو حزبە چەکدارەی یەکێتی و پارتی، هەمیشە بە زیان و کاریگەریی خراپ لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەمدەرامەتەوە داناوە و دادەنێت. هەر چاوەڕوانییەك بۆ باشبوونی ژیان و خەباتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بۆ گەیشتن بە خواست و مافەکانیان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کەشوهەوای نائارامی و بارگرژییەکەوە کە بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لەلایەن ئەوحزبانەوە بۆیان پێکدەهێنرێت.

خەڵکی کوردستان پێویستە هۆشدار بن، ئامادەبن خۆیان لە کێشمەکێش و کارەساتەکانی ئەم حزبانە نەك هەر بپارێزن بەڵکو پێویستە ڕێگایان پێبگرن و بوار نەدەن کوردستان جارێکی تر بخەنە نێو جەنگ و کارەساتی ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە. کوردستانێکی ئارام و خۆشگوزەران لەگرەوی کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی میلیشایی و چەکداریی ئەحزابی بۆرژوازیی کورد و وەلانانیانە لەسەر ژیان و ئایندەی کۆمەڵگا، ئەزموونی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر تەواوی گەمە سیاسییەکانی ئەم دوو هێزە ملیشیاییەدا لەماوەی سێ دەیە لە حوکمڕانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا، ئەوە دەسەلمێنێت کە تەنها ڕێگا لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا، ئامادەکارییە بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بنەماڵە و کردنە دەرەوەی تەواوی هێزە میلیشیاکان. پێویستە ڕێگا نەدرێت بەهیچ شێوەیەك لە بارگرژی و ململانێی ئەم حزبانەدا لە زینی وەرتێ بێ یان هەر جێگایەکی تر خەڵك بکرێتە قوربانی کێشە و ململانێ قێزەونەکانی ئەم دوو حزبە، دەبێ هەموو کێشەیەکی سیاسی بە ڕێگای سیاسی و دانیشتن و دیالۆك چارەسەر بکرێت، دەبێت وەڵامدانەوە بە خواست و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان، موچەی کارمەندان و بیمەی بێکاری و تێپەڕاندنی کۆمەڵگا لە قەیرانی کۆرۆنا و سەلامەتی تەندروستی بچێتە ڕیزی پێشەوەی ئەولەویاتەکانی ئەم حکومەتە، فشار بهێنرێت بەبێ مەرج و دەستبەجێ هەموو ئەو ناوچەیەی دەوڵەتی تورکیا بەناوی ناوچەی ئارامەوە داگیری کردووە جێبهێڵێت و هاوکات حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی کە دەرگایان بۆ ڕمبازێنی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و هێزە ئیمریالیستییەکان ئاوەڵا کردووە  شەرمەزار و سەرکۆنە بکرێت.

١٩/٠٤/٢٠٢٠

Check Also

بانگەواز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەکۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەلەستین، ٢٩ی نۆڤێمبەر

بۆ چینی کرێکار و ڕێکخراو و دامەزراوە کرێکارییەکان بۆ خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی بەرگریکار لەخەڵکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *