دەشتی جەمال
ئەم ڕۆژانە مرۆڤایەتی دەورەیەکی دژوار و پڕمەترسی بەڕێدەکات. مەسەلەی مانەوەی فیزیکیی ئینسان بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆتە خهونێكی دووره دهست بۆ ملیۆنەها ئینسان لە سەراسەی دنیادا. ترس لە فراوان بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لە قاتوقڕی و بێخۆراکی، کۆێرەوەری، هەژاری و بێکاری، ترس لە سەرلەنوێ پەرەسەندنی دواکەوتوویی و ڕەگەزپەرستی و فاشیزم، لە هەرەسهێنانی سەرجەم ئەو ماف و ئازادییانەی بەرهەمی چەندە دەیە لە خەباتی مرۆڤایەتی بەدەستهاتوون، ترس لە بڵاوبوونەوەی تاوان و دزی و نائومێدکردن، ڕق و کینە، خۆپەرستی، پشتکردن لە بەها مرۆڤایەتییەکان، لە سپاردنی ژیانی ملیۆن لە پیر و پەكکەوتە و خاوەن پێداویستی تایبەتی بە مەرگی بێڕەحمانە لە حاشیەی کۆمەڵگادا تا بە تاك خستنەوە و بەکاربردنی سیاسەتی ترس وتۆقاندن، کۆڵەکە سەرەکییهکانی هەڵسوکەوتی قسەکەران و بیرمەندانی بۆرژوازی بووە لە وەڵام بە هەلومەرجێك کە قەیرانی پەتای کۆرۆنا ئایندە و چارەنووسێکی ئێجگار نادیاری خستۆتە بەرپێی هەموو خەڵکی جیهان. بەڵام ئەمە ناتوانێت کۆتایی سیناریۆکە بێت. مرۆڤایەتی ئەو توانا زانستی و مەعریفی و تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانەی ههیه گەر لە دەستی خۆیدا بێت و دەتوانێت هەموو هەوڵ و وزە و تێکۆشان و توێژینەوە زانستییەکانی خۆی بخاتە گەڕ لەپێناو خزمەتی زانست و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان و دابینکردنی سەلامەتی کۆمەڵایەتی و فەردی لە جیهاندا.
پەتای کۆرۆنا ئەو ڕاستییەی جارێکی تر جهختکردەوە کە جیهانی سەرمایەداری جیهانێکی بەتەواوی پێچەوانەیە. سیستەمێکە کە چالاکی ڕۆژانەی ئابووری بەرهەمهێنان و داهات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی مرۆڤایەتی نیە، بەڵکو هەموو شتێك لەپێناو هێنانی قازانج و سودپەرستیی ململانێی بازاڕدایە. نیشانیدا ههرچهنده لەگەڵ جیهانی بوونەوەی تەکنیك و زانست و شارەزایی و زانیاری و تەکنەلۆجیا لەپێش بێت لەژێر سایەی ئەم سیستەمە ئابوورییەی بەرهەمهێناندا ناچێتە خزمەت سەلامەتی و خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی مرۆڤەوە کە ماف و شکۆمەندیی هاوڵاتیان لەسەروو هەموو شتێکەوە دابنێ، هاوکات پرسی ڤایرۆسی کۆرۆناش پێچەوانەی لێکدانەوەی باو و پەیوەندی ڕاستەخۆی بەشێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە و تایبەتمەندێتییە بنەڕەتییەکانی ئەو سیستەمەوە هەیە. ئامانجی ئەم سیستەمە قازانجە بۆ کەمایەتییەك لەسەر گۆی ئەم جیهانە نەك مانەوەی مرۆڤ و بەرژەوەندیی کۆمەڵگا. هەربۆیەشە کۆتاییهێنان بەو سیستەمە دەتوانێت کۆمەڵگایەکی تەندروست و سەلامەت دابین بکات. لەکاتێکدا ئەم جیهانە لەسەر شانی هاوکاری و هەوڵی بەکۆمەڵی مرۆڤەکان بنیاتنراوە، بەڵام هەوڵ و تەقەلاکانی مرۆڤ بە فرۆشتنی ڕۆژانەی هێزی کاری خۆی لەپێناو بەڕێوەچوونی ژیان و داهاتوو بۆ کەمایەتییەك لە نیعمەت و بەروبوومەکانی کاری هاوبەشی لە کۆمەڵگادا بێبەشە و کۆیلەی کاری بەکرێیە. ئەمە بنەما ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداری زاڵە لە جیهاندا. مرۆڤایەتی ئەوکاتە ئازاد و هەست بە خۆشبەختی دەکات کە لەنێو سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا بژی کە لەسەر بناغەی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بنیادنرابێت. کۆمەڵگایەك کە تێیدا ئینسانەکان بەهاوبەشی و خاوەندارێتی هاوبەشی کۆمەڵایەتی ڕەوتی بەرهەمهێنانیان بۆ خزمەتی ئینسان لەدەستگرتبێ و لێرەشەوە دەستیان لەنێو دەست نابێ بەرامبەر بە هەر بەڵا و موسیبەتێکی سروشتی و بایۆلۆژیدا.
جیهانی سەردەمی کۆرۆنا و دوای کۆرۆنا گرێدراوە بە خەباتی چینایەتی چینی کرێکارەوە بە گۆڕینی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی ڕژێمی بەرهەمهێنان کە لەسەر بناغەی چەوسانەوەی مرۆڤەکان و کۆیلەیەتی کرێ دامەزراوە، کە نهك تهنها ماف و ئازادییەکان و خۆشبژێوی، بگره سەلامەتی تەندروستیش مانایەکی بۆ نەماوەتەوە. مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا ههڕهشهیهكی زیاتره بۆ سهر پرسی مافی سەلامەتی و پزیشکی، پرسی بەهرەمەندکردنی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخ، لە پاراستن لەڕووداوە نەخوازراوەکان و سروشتییەکان، لە مافی ژیان و پارێزراوی جەستەیی و دەروونی، لە ڕابواردن و ئاسودەیی و بەهرەمەندبوون لە ژینگەیەکی پاك. لەژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و قەیران و تەنگانە ئابوورییەکاندا ئەو مافە ڕەوایانەی خەڵك له بری ئهوهی دهستهبهر بكرێن، دهكهونه بهر هێرش و پهلامار، لهبهرئهوهی دابین و زامنكردنیان ڕێگرن لهبهردهم كهڵهكهی قازانج و سوودی زیاتر. له كاتێكدا ههموو شتێك لهم سیستمهدا لهبهرامبهر پاره و سووددایه. کەوایە خەبات و تیکۆشان لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێکی جیانەکراوەی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەی چینی کرێکار و جەماوەری مەحرومی کۆمەڵگایە کە لەڕابردوودا بەدژی نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی لەسەر بابەتی جۆراوجۆر لەئارادا بووە و لەئێستادا پێدەنێتە قۆناغێکی ترەوە و بەشێوازێكی تر لەدژی هەمان نەزم و نیزامی سەرمایەداری دەردەکەوێ.
پەتای کۆرۆنا لەم دۆخەی سەرتاپای جیهانی داگرتووە، هەڵسوکەوتی حکومەت و دەسەڵاتدارەکانی بردەسەر پەیڕەویکردنی یەك ڕەفتاری هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسەکە کە ئەویش خۆی لە سیاسەتی کەرەنتینەکردن و داخستنی ژیان بەڕووی هەمووان، خستنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تێکدانی باری سایکۆلۆجی خەڵك، بێمتمانەیی و فەردگەرایی، پابەندکردنی سەرجەم هاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانی خۆیان، هێنانەخوارەوەی ئاستی چاوهڕوانیی مرۆڤەکان، ئەمە لەپاڵ بێکارکردن و هەژارکردنی دانیشتوان وە خۆدزینەوە لە هەموو ئەو ڕێکار و پێداویستییانەی بۆ کەرتی تەندروستی و سەلامەتیی گشتی پێویستە دابین بکرێت. هەموان ئەو ڕێگایەیان پهیڕهوی لێكرد کە ڕووی لە دەستەمۆکردنی هاوڵاتیانه. بەڵام ئەوەی خۆیان چی بۆ خەڵك دەستبەر دەکەن چۆن ژیانی کۆمەڵگا لەو مەترسییە دوور دەخەنەوە، هێشتا دەستیان بۆ گیرفانی خۆیان نەبردووە، لەکاتێکدا ترلیۆن دۆلار و یۆرۆکان بۆ جەنگ و چەکی ئەتۆمی و بایۆلۆجی و کەرەسە سەربازییەکان تەرخان دەکرێت لەپێناو قازانجی مۆنۆپۆڵەکانی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداران و کۆمپانیا چاوچنۆکەکانیان. بەڵام بە متمانە بە زانست و زانیاری سەرفکردنی بودجەی تایبەت بۆ كهرتی تەندروستی گشتی کە قازانجێکی ئەوتۆی نیە بۆ سەرمایەداران بە فەرامۆشی دەسپێرێت، چونکە خەرجیی ڤاکسینێك تەنها بۆ یەك جارە و قازانجی بەردەوامی لێ چاوەڕوان ناکرێت. بەشێك لە حکومەتەکان ڕێڕەوی وازهێنان لە هاوپەیمانی و هاوکاری یەکتریان گرتەبەر، خۆدزینەوە لە گۆڕێنەوەی زانیاری و ڕێکارە پێویستەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی، داخستنی سنوورەکان بەڕووی یەکتردا، بەکارهێنانی دامودەزگاکانی سوپا و پۆلیس بۆ کۆنترۆڵکردنی گشتی، شاردنەوەی زانیاری لە یەکتر، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و نازانستی، نەناردنی ئامێر و بەرهەمە پزیشکییەکان وەك ئامێری هەناسەدانی دەستکرد کە ژیانی هەزارانی پێ ڕزگار بکرێت، نەناردنی تیمە پزیشکییە تایبەتیەکان بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستن و لەگەڵ ڕەوشێکی خراپی ڤایرۆسەکەدا بەرەوڕوون. ئەوکارەساتە تراجیدیانەی لە ئیسپانیا و ئیتالیا لەئیهمالی و حساب نەکردن بۆ پیر و پەککەوتە و کارمەندانی تەندروستی و دکتۆرەکان بەڕێوە چوو، نیشانەیەکی بەربەریەتی ئاشکرای بەشێکە لەو حکومەتانە و ههڵسوكهوتیان لهبهرامبهر تهندروستی و مانهوه و سهلامهتیی مرۆڤهكاندا. ئەمەش نیشانیدا کە ئەم حکومەتانە لەسەردەمی قەیران و تەنگانەکاندا کێبڕکێ و توندوتیژی لەنێو خودی سەرمایەداری قوڵتر دەبێتەوە و سەرئەنجام ڕووی لە شکاندنەوەی ئەو قەیرانەیە بەسەر چینی کرێکار و کەمکردنەوە و گرتنەوە لە سامانی گشتی کۆمەڵگا و کرێ و خزمەگوزارییە گشتییەکان.
لە کوردستان حکومەتی هەرێم لە پەیوەند بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەك ئەو هەڵسوکەوتەی حکومەتە بۆرژواکانی دنیا كه بەرهەمی فەرامۆشکردنی سیستەمی تەندروستی و فریاگوزاری گشتییە پەیڕەو لێدەکەن، کە ئەویش قەدەغەکردنی هاتوچۆ و کەرەنتینەکردن و لەقەفەسکردنی سەرجەم کۆمەڵگای کوردستانە، بێ دەستەبەرکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خۆپارێزی هاوڵاتیان و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا و سپاردنی ژیانی سەدان ههزار خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار و دەستەنگه بە مەرگی شێنەیی، وەیان خستنەژێر ڕەحمەتی کۆمەکی بازرگان و پارەدارەکانهوه. هەربۆیە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناکرێت دەسەڵاتێکی ستەمکار و گەندەڵکار لەبیر بەرێتەوە. قەیرانی کۆرۆنا ئەم کێشە و ناڕەزایەتییانەی خەڵکی لەگەڵ دەسەڵاتدا نەخستۆتە لاوە، بەڵکو زۆر توندتر و پەرەسەندووتری کردووە. دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم هەمان ئەو دەسەڵاتەیە کە لەماوەی ٢٩ ساڵدا لە چوارچێوەی سیاسەتی نیولیبرالیزمی جیهانی و ڕێنوێنییەکانی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان پەیڕەوی لێدەکات، بەو هۆیەوە هەژاری و بێکاری و بێدەرامەتی و بڕینی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی کردۆتە نسیبی خەڵکی کوردستان. خەڵکی کوردستان دەبێ بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەسەڵاتی میلیشیایی پێکەوە بجەنگن. پرسی سەلامەتی تەندروستی و ڕزگاری کۆمەڵگا لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پرسێکی گرێدراوە بە خەباتی چینایەتییەوە.
خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لەکاتێکدا کە دەبێ بەجدی خەتەری پەتای کۆرۆنا ببینن و بە وریایی و هوشیاریی بێوێنەوە ڕێنوێنییە پزیشکییەکان بۆ خۆپارێزی فەردی و کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرن و مانەوەی خۆیان بە ئەولەویەت وەربگرن، هاوکات دەبێ حکومەتی هەرێم لەژیر فشاری جۆراوجۆردا ناچار بکرێت هەموو پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵك لە خواردن و دەرمان و سەلامەتی تەندروستی دابین بکات و لە کرێ خانوو و پارەی ئاو و کارەبا و خاشاك ببەخشرێت، بڕینەوەی پارە بۆ بێکاران و ئەوانەی زەرەر و زیانیان لێکەوت، بەهاناوە چوونی پیر و پەکكەوتە و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایهنیان هەیە تا بە پیرەوەچوونی ئاوارە و لێقەوماوانی نێو کەمپەکانی پەنابەران… ئەو هەنگاوانەن کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو مانەوەی بەردەوامی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دەستی بۆ بەرێت. پێویستە کۆمەڵگە بە کەمترین زیان ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت.
٠٧/٠٤/٢٠٢٠