سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەشەنەکردنی خێرای لە ئاستی جیهاندا، بێتوانایی سیستەمی تەندروستی بۆرژوازی بۆ پاراستنی مرۆڤ بەرامبەر بەڵا و کارەساتە ژینگەیی و سروشتیەکان بۆ هەموو لایەك ئاشکرا کرد. سەرباری چنینەوەی گیانی هەزاران و بگرە سەدان هەزار کەس بە پانتایی گۆی زەوی، ئابوری سەرمایەداریش، کە هێشتا خۆی لە قەیرانی گەورەی ساڵی ٢٠٠٨ دەرباز نەکردبوو، ڕاپێچی ناو قەیرانێکی کوشندەتر و هەمەلایەنهتر دەکاتەوە کە هەر ئێستا سەرەتاکانی خۆی بە شێوەیەکی توند و ترسناك نیشان داوە و هەلومەرجێکی نوێی لە ئاستی دونیادا پێکهێناوە.
ئەگەرچی ئەم قەیرانە لە سیستەمی تەندروستیدا خۆی دەنوێنێ، بەڵام ڕیشە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانێکی گشتگیری سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، چ لە بەڕێوەبردنی نەزمی سیاسی و ئابوریدا و چ لە دابینکردنی سەلامەتی گیانی و تەندروستی ئینسانەکاندا. ئەبعادەکانی ئەم قەیرانە زۆر فراوان و هەمەلایەنەیە. لەلایەکەوە ململانێی نێوان جەمسەرەکانی بۆرژوازی ئیمپریالیستی فراوانتر و توندوتیژتر دەبێتەوە و لەلایەکی دیکەوە، بۆرژوازی هەوڵ دەدات، وەکو هەموو قەیرانەکانی دیکەی، لەسەر حسابی مەرگ و ژیان و گوزەرانی چینی کرێکاری جیهانی و جەماوەری کەمدەرامەت و زەحمەتکێش قەرەبووی زیانەکانی بکاتەوە. سەرەنجام بۆرژوازی و دەوڵەتەکانی دەورەیەكی سەختتر لە سك هەڵگوشین و برسێتی، بێکارکردنی ملیۆنی، سەندنەوەی دەستکەوتەکان و خزمەتگوزاریە گشتیەکان دەخەنە پێش پێی چینی کرێکار و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
ئەو هەلومەرجە ئابوری و کۆمەڵایەتیەی کە وەکو ئاکامی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە دێتەئاراوە و شێوازی مامەڵەی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانی، لەلایەکەوە دەرگا بەڕووی سەرهەڵدانی بارگرژی و پشێوی و دزی و تاڵانی و تاواندا دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە زەمینەی گەشانەوە و سەرهەڵدانی مەیل و ڕەوتێکی رەخنەگرانەی جیهانی بەرامبەر بە خودی سیستەمی سەرمایەداری سازدەکات، کە سەرەنجام مرۆڤ ناچار دەبێت بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی خۆی ئیتر مل نەدات بەو چوارچێوەیەی کە بۆرژوازی بۆ سەلامەتی و ژیانی ئەو دایناوە و دیاریکردوە. خواستی بەرپرسیارێتی زیاتری دەوڵەت بەرامبەر بە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی و دەستبەرکردنی سەرجەم خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و شارستانیەکان، تا ئاستی خواستی پێچانەوەی ئەم سیستەمە نایەکسان و دڕندەیەی بۆرژوازی، سیمای داهاتووی کۆمەڵگای ئینسانی ڕەنگڕێژ دەکات.
ئەم هەلومەرجەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، بنبەستی سیستەمی سەرمایەداری بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای ئینسانی ئاشکراتر و رۆشنتر خستۆتەڕوو. بێئیرادەکردنی ئینسان بۆ گێڕانی هەر نەخشێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، بێجگە لە ئامێرێك بۆ کەڵەکەی سەرمایە لەلایەن بۆرژوازیەوە لەلایەك و، لایەکی دیکەوە بایەخ نەدان بە کەرتی تەندروستی و پزیشکی و خزمەتگوزاریە گشتیەکانی پێویست بۆ ژیان و سەلامەتی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ و خەرجکردنی بودجەی خەیاڵی بۆ پیشەسازی چەك و کاڵا ناپێویستەکان، ناکۆکی و دژایەتی ئەم سیستەمەی بە ئاشکرا و ڕوونی لەگەڵ ژیانی ئینساندا نمایشکردوە. ڕزگاربوون لە بەڵای کۆرۆنا و سەرجەم ڤایرۆس و نەخۆشیە میکرۆبی و بایۆلۆجیەکان و هەروەها رزگاربوون لە برسێتی و هەژاری و بێئیرادەکردنی ئینسان و لە هەموو بێمافیەکانی دیکە، تەنها لە رێگای لەگۆڕنانی سیستەمی سەرمایەداری و بە دەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار و دامەزراندنی سیستەمی ئابوری سۆشیالیستیەوە لە توانادا هەیە. بەڵام هاوکات قەیرانی کۆرۆنا ئەو ڕاستیەی بەرجەستەکردەوە کە خەبات بۆ دەرکێشانی خزمەتگوزاری تەندروستی لە بازنەی بازاڕ و سوود و قازانجی کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی کەرتی ئەهلی و بەخۆڕایی کردنی بەجۆرێك کە سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی تێروتەسەل دەستەبەر بکات، یەکێك دەبێت لە مەیدانە دەستبەجێکانی خەباتی چینایەتی لەسەر دیاریکردنی ئایندەی کۆمەڵگا و سیستەمی ئابوری و سیاسیەکەی.
خەبات لە دژی پەتای کۆرۆنا و ئەو بارودۆخەی کە بەدوای خۆیدا دەیهێنێ، بەشێكی دانەبڕاوە لە خەباتی سەرجەم چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی جیهان بۆ پاراستنی سەلامەتیی ژیان و گوزەرانی ئینسان و لە دژی بێدەربەستی بۆرژوازی بەرامبەر بە ژیان و تەندروستی و ئایندەی چینی کرێکار و هێرشەکانی بۆ شکاندنەوەی باری ئەم قەیرانە بەسەر چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشدا. چینی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی، پێویستە لە دوو ئاستدا ئامادەبێت بۆ وەڵامدانەوە بەو ئاکامە مرۆیی و ئابوری و کۆمەڵایەتیانەی کە ڕووبەرووی مرۆڤایەتی و چینی کرێکار دەبێتەوە.
یەکەم: ئەولەویەتی ئێستا پاراستنی ژیانی مرۆڤ و رزگاربوونیەتی لەو بەڵایەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕووبەڕووی بوەتەوە. لەم ڕوەوە هەموو ئەو هەنگاو و رێکارە پزیشکی و تەندروستی و کۆمەڵایەتیانەی کە پێویستن بۆ پێشگرتن بە بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە و چارەسەرکردنی، ئەولەویەتی سیاسی و عەمەلی ئێمە دەبێت.
دووەم: بۆ چوونە ناو ئەو جەنگەی کە بۆرژوازی به پاساوی قەیرانی کۆرۆنا لە دژی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار دەستی پێدەکات، پێویستە چینی کرێکار ئامادەییە سیاسی و فکری و رێکخراوەییەکانی بەرێتەسەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاکامە ئابوری و بەدوای ئەویشدا کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان کە بۆرژوازی دەیەوێ بیخاتە سەر شانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و کەمدەرامەت.
لەسەر ئەو بنەمایەی سەرەوە، هەنگاوە سیاسی- عەمەلیەکانمان لە ئێستادا بریتیە لە:
١/ پەخشکردنەوەی ئەو ڕێنماییە تەندروستیانەی کە ستاندارێکی جیهانیان هەیە بۆ خۆپاراستن و سەلامەتی گیانی و لێرەشەوە پەرەدان بەهوشیاری تەندروستی کۆمەڵایەتی.
٢/دەستبردن بۆ ڕەخنەیەکی قوڵ وهەمەلایەنەی چینایەتی و مارکسیستی لە سیستەمی سەرمایەداری بە گشتی و سیستەمی تەندروستی باو، وەک سەرچاوە وهۆکاری سەرهەڵدان و تەنینەوەی ئەم قەیرانە. لێرەشەوە باسکردن لە تەداعیاتەکانی ئەم قەیرانە و سەرەنجام بەرینکردنەوەی هوشیاری سۆشیالیستی لەنێو کۆمەڵگادا.
٣/ پەردەهەڵماڵین بە شێوەی بەردەوام لەسەر سیاسەت و ستراتیژی بۆرژوازی چ لە ئاستی کوردستان و چ لە ئاستی دونیادا لە رووبەروبونەوەی ئەم پەتایەدا. لەم بارەوە:
- پەردەهەڵماڵین لەسەر قسە و تەسریحات و هەنگاوەکانی دەزگاکانی حکومەت و بەرپرسیاران.
- ڕەخنەگرتن لەو بۆچونانەی کە دەسەلاتداران بۆ چەواشەکردنی جەماوەر دەیگرنەبەر. لەوانە باوەڕ و بۆچونی ئاینی، ترساندن، لەچاوەروانیدا راگرتنی خەڵک..
- دەرخستنی ڕووی راستیەقینەی دۆخەکە و ڕێگەنەدان بە شاردنەوەی هەموو ئەو ڕاستیانەی کە پەیوەندی بە ژیان وسەلامەتیی هاوڵاتیانەوە هەیە و ئاشکراکردنی بۆ کۆمەڵگا.
٤/ فشارهێنان بۆ دەسەڵات و ناچارکردنی بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لە ئاست وەڵامدانەوەی بەکردەوە بەهەموو ئەو خواستانەی کە سەلامەتی گیانی و بژێوی هاوڵاتیان لەم دۆخەدا دابین دەکات، بەتایبەتی لە ڕێگای هەڵخڕاندنی جەماوەرەوە بەشێوەیەکی هاوسەنگ لەگەڵ دۆخەکە و لەدەوری ئەم خواستانەی خوارەوە:
- بە خۆڕاییکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هەموان.
- ئەرکی حکومەتە پیداویستیەکانی خۆپارێزی بە فراوانی لە ئاست گەڕەک و ناوەندەکانی کار و شارەکاندا بەخۆرایی بخاتە بەردەست هاوڵاتیان، لەوانە، کەمامە، دەستکێش، شامپۆی پاکژی… قەدەغەی فرۆشتن و بازرگانیکردن بەم پێداویستیە پزیشکیانەوە و سزادانی ئەوانەی سهرپێچی دەکەن.
- دامەزراندنی بنکەی تەندروستی گەڕەک و ناوەندەکانی کار، بۆ فەحسی ڤیرۆسی کۆرۆنا و دڵنیابوونەوە لە کەسانی توشبوو.
- دانی ئیمتیازاتی تایبەت بە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی وەک ئەوەی لە پێشەوەی مەترسیەکەدان، لەچاو بەشەکانی تری کۆمەڵگادا. لەوانە کەمکردنەوەی سەعاتکار، زیادکردنی موچە و زیادکردنی کارمەندان و پێدانی خۆراک و پێداویستی بژێوی ڕۆژانەیان.
- خۆڕاییکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو و کارەبا، سوتەمەنی، ئەنتەرنێت و تەلەفۆن…
- دانی موچەی خانەنشینان و کارمەندان و خاوەن پێداویستیەکان لە کاتی خۆیدا.
- داخستنی کارگە و پڕۆژەکان و دانی مووچەی تەواو بە کارمەند و کرێکارەکانیان، جگە لەو شوێنانەی کە بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان پێویستە، ئەویش بەڕەچاوکردنی لایەنی زۆری تەندروستی و لە ژێر چاودێری لیژنەی تەندروستی تایبەتدا بێت.
- لەسەر کار دەرکردن و لێبڕینی موچە و جێگاگۆڕکێکردن بەشوێنی کاری کرێکاران و کارمەندان لەم دۆخەدا لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەتیدا قەدەغەیە.
- دامەزراندنی دەستبەجێی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا پزیشکیەکان و ئەوانەی کە پەیوەندیان بە خزمەتگوازری و سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیانەوە هەیە.
- دابینکردنی ژیان و سەلامەتی ئاوارەکان لەڕووی تەندروستی و بژێویەوە.
- دانی بیمەی بێکاری بە بێکاران و هەموو ئەو کرێکار و دەستفرۆشانەی کە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە کارەکانیان لەدەستداوە، بەمەبەستی هاوکاریکاریکردنان بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان و سەلامەتییان.
٥/ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی:
- کارکردن بۆ دامەزراندنی لیژنەکانی چاودێری و کۆنترۆڵی تەندروستی لە ئاست کارگە و ناوەندەکانی کاردا کە ناکرێ کار تێیاندا ڕابگیرێ.
- پێکهێنانی کۆمیتە و گروپەکانی هاوپشتی کۆمەڵایەتی و لیژنەکانی فریاگوزاری نەخۆش و توشبوەکانی کۆرۆنا و هەموو ئەو پیر و پەککەوتانەی تەنها و بێسەرپەرشتن لە ئاستی گەڕەکەکاندا.
- هاوکاری و رێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراو و سەندیکا کرێکاریەکان و رێکخراوە جەماوەری و مەدەنیەکان لە پەیوەند هەنگاوی کرداری بۆ پاراستن و هاوکاری خەڵك لە بەرامبەر پەتای کۆرۆنا و کاریگەریەکانی لەسەر ژیان و سەلامەتی خەڵك.
- دەستبردن بۆ ناوەندێکی سەربەخۆ بۆ دانی ئاگایی و ڕینمایی تەندروستی لە پزیشکان و پسپۆرانێکی تایبەت بەم بوارە لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا..
- رێکخستنی سندوقی مالی بۆ دابینکردنی خەرجی پیداویستیەکان لەسەرحسابی حکومەتی هەرێم و سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکان.
- پێکهێنانی شورای سەراسەری لە هەموو ئەو پێكهاتە و کەمپینانەی کە لە پرۆسەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و جەماوەری ئەم دۆخەدا دەستبەکارن بۆ ئیدارەی کۆمەڵگا و بەڕێوەبردنی دۆخەکە.
- گواستنەوەی تەجروبە و ئیبتکاراتی جەماوەری و کۆمۆنیستی و دەخالەتگەرانە لە ئاستی وڵاتەکاندا و سوود وەرگرتن لێیان بۆ بەڕێخستنی هەنگاوه عەمەلیەکانمان لە ئاستە جیاوازەکاندا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ڕادەگەیەنێ کە مامەڵەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پرسی پەتای کۆرۆنادا بە هیچ شێوەیەك لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نییە و بێجگە لە سیاسەتی قەدەغەی هاتوچۆ و هەندێك کۆمەکی خۆراکی کە بووەتە مەیدانێکی موزادەیەی سیاسی حزبەکان و سەرمایەدارەکان، وەکو حکومەت هەڵسوکەوتی لەگەڵ هاوڵاتیاندا نەکردوە. بۆیە دەبێ خەڵکی کوردستان هاوکات دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بێدەربەستی حکومەتی هەرێم بجەنگن. پرسی سەلامەتی تەندروستی و پارێزراوبوونی کۆمەڵگا لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گرێدراوە بە خەباتی چینایەتی بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی و یەکسانی لەڕێگای هەڵپێچانی دەسەڵاتی بۆرژوازیەوە لە کوردستان. هاوکات بانگەوازی هەموو ئەو رێکخراوو حزب و سەندیکا و لایەن و کەسایەتی سیاسی و چەپ و کۆمۆنیست و مرۆڤدۆست دەکات کە پێکەوە بۆ جێخستنی خاڵ و بەندەکانی ئەم پلاتفۆرمە هەنگاو بنێن.
هەیئەی تەنفیزی
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان
٤\٤\٢٠٢٠