نووسینی: بەڵێن ئیسماعیل
دەزگای کۆمەڵایەتی و ئابووری خێزان، کە لە سیستەمی کەپیتاڵیزمدا بەرپرسیارێتی سەرەکیی پاراستن و چاودێری و بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری لە ئەستۆدایە، سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ سەرکوتکردنی ژنان. خێزان تایبەت نییە بە کاپیتاڵیزم و بە شێوەیەکی جیاواز، بەڵکو یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی زۆربەی کۆمەڵگە چینایەتییەکان. (خێزان) بە درێژایی کات خۆی ڕێکخستووە و خۆی گۆڕیوە. ئەم گۆڕانکارییانەش هەم بە هۆی ناکۆکییە ناوەکییەکانی خودی خێزان و هەم لە وەڵامی چییەتیی وەرچەرخێنەر و پابەند بە بەرهەمهێنانەوە، دروست بووە. لەسیستەمی سەرمایەداریدا خێزان تایبەتمەندیتی زۆری هەیە کە لە شێوەکانی پێشووتری جیای دەکەنەوە. لە هەموویان گرنگتر، ئەوەیە کە ئەو ڕۆڵە گرنگەی پێشتر خێزان وەک بەرهەمهێنەرو بەرهەمهێنەرەوە بۆ چینی کرێکار دەیگێڕا، ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر وەستاوە، چونکە پرۆسەکانی کاری گەورە هەیمەنەی بەسەر بەرهەمهێنانی کاڵادا کردووە. خێزانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر لە ئامرازەکانی ژیانکردن، لە دەرەوەی سەرمایەداری، سودمەند دەبن. یان بە گشتی لە مافی هەبوونی سەربەخۆیی لە ئامادەکردنی ئامرازەکانی بژێوی بێبەش بوون. لە بەرامبەردا بە ناچاری لە پێناو مانەوەی خۆیاندا بەکاری کرێی یەکێک یان چەند ئەندامیکیانەوە پابەند بوون. ئەم کێشەیە ڕۆڵی وەرچەخێنەری خێزان و ئەو دیمەنەی لێیەوە دروست دەبێت، وەک زەمینەیەکی سەربەخۆ و دابڕاو لە بەرهەمهێنان و ژیانی کۆمەڵایەتی و کار، داڕشتووە. بەم پێیە خێزان، لانیکەم لە ڕووی تیۆرییەوە، لەسەر چاودێری و بەخشینی ئارامیی ئەو تایبەتمەندییەی ئەندامەکانی دامەزراوە کە بەهۆ و لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا بە ماندوێتی کاری کرێ و مەیدانی بەرهەمهێنانەوە دروست بوون.
ڕێچکەی مێژوویی ئەم گواستنەوەیە بەهیچ جۆڕێک هەموار نەبوو. کاریگەری پیشەسازیی و هاوشانی دەرکەوتنی چینی کرێکار، تا ڕادەیەک پەیوەندییە دێرینەکانی خێزانی هەموو خەڵکی لەناو برد- پیاوان، ژنان و منداڵان -ناچاربوون بە کاری تاقەتپڕووکێن لە کاتێکی دوورو درێژدا، کە هەر جۆرە “ژیانێکی خێزانی” بەو فۆرمەوە کە هەنووکە دەیزانین، دەکردە مەحاڵ. بە بینینی هەمان ڕەهەند بوو کە مارکس و ئەنگڵس بەبێ هیچ دوودڵییەک و بە بەڵگەوە پێشبینییان کرد کە خێزانی چینی کرێکار بەهۆی چەوساندنەوەوە لە دۆخی لەناوچووندایە. “چەمکی خێزان چیتر بوونی نییە، بەڵام لێرە و لەوی خۆشەویستیی خێزانی دامەزراو لەسەر پەیوەندییەکی زۆر ڕاستەقینە بە تەواوی دەبینرێت ” ئەمە ڕوانگەی ئەوان بوو بۆ ژیانی خێزانیی چینی کرێکار لە ساڵی ١٨٤٦دا. ڕیفۆرمخوازان و چینی ناوەڕاست هێرشێکی ئایدیۆلۆژی و قانوونیان پێویست بوو بۆ ئەوەی خێزانی ناوکی بەسەر چینی کرێکاردا بسەپێنن، ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی لە دایکبوون و لانی کەمی مردنی بەرزی کۆرپەکان و کەمکردنەوەی لەدایک بوون و لانی کەمی مردنی بەرزی کۆرپەکان و کەمکردنەوەی ئومێد لە ژیانی کرێکاراندا، کە وەک هەڕەشەیەکی لەناکاو و درێژمەودا بۆ پیشەسازی هەژمار دەکرا. ئەم هێرشانە هەم لەگەڵ بەرگریی کرێکاران ڕووبەڕوو بووەوە و هەم لەگەڵ پارێزگاریی ئەواندا، کە سەرچاوەکەی لە لایەکەوە نیگەرانی بوو لە توانستی دابینکردنی بژێویی ئەندامانی خێزانەکانیان و لەلایەکی دیکەشەوە ئارەزووی ئەوان بوو بۆ گێڕانەوەی شکۆ و کەرامەت کە وەک بڵێیت تەنها خێزان دەیتوانی بۆیان دابین بکات. سەرئەنجام، تەماشاکردنی خێزان لە ناو چینی کرێکاردا بە شێوەیەکی دانەبڕاو لەگەڵ بابەتە ستانداردەکانی ژیاندا پەیوەندیی هەبووە و هەیەتی. ناتوانرێت بەو شێوەیەی کە بەشێک لە فێمینیستەکان بیری لێ دەکەنەوە سەبارەت بە ژنان، یان سەبارەت بە سوود و بەرژەوەندیی بەشداریی ژنان لە هێزی کاردا ببینرێت.
لە سەدەی نۆزدەو سەرەتای بیستەم، خێزان بەبێ ئەوەی لەناو بچێت، درێژەی بە ئەنجامدانی ئەرکی دیاریکراوی خۆی دا. خێزان وەک سەرچاوەیەکی چاودێری، ئارامی و خۆراک، لەمرۆشدا وەک بەرپرسی سەرەکی خۆشبەختی و بزوێنەرێک بۆ کرێکاران دەبینرێت، بە جۆرێک، کە کرێکاران بتوانن ڕۆژێک، مانگێک، ساڵێک یان دە ساڵی دیکە کار بکەن. تەندروستی و بە کۆمەڵایەتیکردنی منداڵان و بەشێکی زۆری چاودێریکردنی بەساڵاچوان و بیماران و ئەوانەشی توانای کاریان نەماوە، بەردەوام لەلایەن خێزانەوە ئەنجام دەدرێت. سەرچاوەیەکی ئامادە و گونجاو بۆ چەوساندنەوە لە هێزی کاردا بە کەمترین تێچوون (واتە ئەو کرێکارانەی کە خوازیارن و دەتوانن لە پێناو هەقدەستدا کار بکەن)، گرنگترین سەرقاڵییە بۆ چینی سەرمایەدار. بەبێ ئەوەی مرۆڤەکان ئامادەبن بۆ کار و تەنها بۆ قەرەبووکردنەوەی کارەکەیان کەمێک لەو بەهایە قبوڵ بکەن، کە لەگەڵ کارەکەیاندا بەرهەمیان هێناوە، هیچ قازانجێک، هیچ کەڵەکەکرنێکی سەرمایە و هیچ ئامادەییەکی بەهێزو دەستکەوتێک بۆ چینی سەرمایەدار بوونی نابێت. ئەوەی کە کرێکاران لە زۆرینەی بوارەکاندا خواستیان بۆ دووبارەکردنەوەی دەزگای خێزان هەیە، ئەرکەکانیان بە ئاسانی و بەبێ هیچ گریمانە و قەرەبوویەک ئەنجام دەدەن و چاودێریکردنی نەوەکان یان ئەوانی دیکە وەک بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی لە ئەستۆ دەگرن، لە دیدی سەرمایەدارەوە، خێزان ڕۆڵێکی دوولایەنەی هەیە، هەم وەک دەزگایەکی زەرووری ئابووری و هەم وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی کە لە فۆرمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری جودا نییە و گرێدراوە پێیەوە.
زۆرینەی ئەو کارانەی بۆ دامەزراندنی خێزان ئەنجام دەدرێن، خۆبەخشانە، بەبێ هیچ جۆرە باربوو (قەرەبوو) یەکی ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی ناڕێکخراو لەلایەن ژنانەوە شکڵ دەگرێت. لەگەڵ ئەوەی کە لە وڵاتە پێشکەوتووە سەرمایەدارییەکاندا، ژنان و پیاوان کاتی کاریان لە هەفتەدا وەکو یەک بێت (بە کاری هەقدەستی و نا هەقدەستییەوە)، هێشتاش ژنان بەشێکی زیاتر لە کاری بێ کرێی ناوماڵ ئەنجام دەدەن، بە تایبەت کاتێک کە چاودێری کۆرپە ساواکانیشیان بن. سەرەڕای ئەوەی جیاوازی سەعاتی کاری ناو ماڵ کە ژنان و پیاوان ئەنجامی دەدەن، لە ماوەی دوو دەیەی کۆتایدا کەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەستی بەرپرسیارێتی سەبارەت بە ماڵ و منداڵان زۆر جێی سەرنجی ژنانە. گرفتی بونیادی لە کڵێشە جێندەرییەکاندا و نەبوونی یەکسانیی ئابووری لە نێوان ژنان و پیاواندا و خواست و چاوەڕوانییەکانی خاوەنکاران بوونەتە هۆی دۆخیک کە ژنان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئامانج و خواستە فەردییەکانی خۆیان یان هاوسەرەکانیان، خۆیان بە ناچار ببینن لە گێڕانی ڕۆڵی چاودێریکردندا.