جارێکی تر کوردستان بوو بە مەیدانی بەرامبەرکێی دووبەرە لەسەر مەسەلەی ژنان. بەرەی شارستانیەتی پێشکەوتوو و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لەلایەک و بەرەی کۆنەپەرستی ئیسلامی و ناسیۆنالیستیش لەلایەکی ترەوە. ئەم بەرامبەرکێییە لەم ئاستە کۆمەڵایەتی و بەرفراوانەدا سێ دەهەیە بەردەوامی هەیە. بۆ یەکەمجار لەم ئاستەدا لەلایەن بزووتنەوەی شورایی ئازاری ١٩٩١و کۆمۆنیزمەوە ئاڵای وەستانەوە لەدژی کۆیلایەتی و هەڵاواردن و ستەمکێشی ژنان بەرزکرایەوە. لەوکاتەوە تا ئەمرۆ بە درێژایی ئەم سێ دەهەیە بەرامبەرکێی ئەو دووبەرەیە لەسەر مەسەلەی ژنان خۆی نمایش دەکات. ئەوەی ئەمرۆژانە بوو بە جێگای بایەخی میدایاکان و کارگەیشت بە پەلکێشکردنی مەلایانی کۆنەپەرست و جنێوفرۆش بۆ بەردەم دادگا لەلایەن هەلسوراوانی ژنانەوە، برگەیەکی هەمان بەرامبەرکێییە. تا کاتێکیش ستەم و هەڵاواردن لەدژی ژنان بەردەوام بێت، ئەم بەرامبەرکێیەش هەڵکشان و داکشانی دەبێت، بەڵام هەر بەردەوام دەبێت.
سەرفرازکردنی مەلا مەزهەر لە دادگای ناسیۆنالیزمی ئاوێتە بە ئیسلامیدا، بەڵگەی بێتاوانی و سەرکەوتنی ئەو نیە، بەڵکو بەڵگەی ستەمکاری و پیاوسالاری سیستەمی ئێستا و راوەستانی دەسەڵاتە لە پشتی سوکایەتی راشکاو بە ماف و حورمەتی ژنان و هەموو خەڵکی پێشکەوتووی ئەم کۆمەڵگایە. مەلا مەزهەر بەرۆژی روناک و لە میدیا و ماس میدیادا سوکایەتی بە ژنان و هەلسوراوانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی کردووە… کەچی داواکاری گشتی بێ دەنگ و دادگای دەسەڵاتی کۆنەپەرست و پیاوسالاریش، لە یاسا دواکەوتوانەکەی خۆیاندا بوارێک بۆ بەستنی دەمی مەلا جنێوفرۆشەکان پەیدا ناکات و بە پاساوی نەبوونی بەڵگەی پێویست سەرفرازیان دەکات. ئەمە جگە لە جڵەوشلکردن بۆ پەلاماردانی ماف و حورمەتی ژنان لەلایەن کۆنەپەرستانی ئیسلامیەوە هیج مانایەکی تری نیە. لەگەل هەموو نادادپەروەری دادگاشادا سەرفرازکردنی مەلا نەک هەر مانای سەرکەوتنی ئاخوندە ئیسلامیەکان نییە، بەڵکو خودی راپێچکردنی مەلا بۆ بەردەم دادگا و پاشەکشەی دۆڕاوانە لە سوکایەتیەکانیان، هەم دەرسێکە بە مەلا و کۆنەپەرستان تا ئاگاداری دەمی خۆیان بن، هەم سەرکەوتنێکە بۆ یەکسانیخوازان و بەهار مونزیرەکان. لەم دادگا پوچەش هەر ئەوەندە چاوەروان دەکرێت… بەڵام ئەم جەنگە تەواونەبووە و تەواونابێت، تا بە چۆکداهێنانی یەکجاری کۆنەپەرستی و پیاوسالاری.
لە روانگە و مەنتقی سکسیزمی مەلایانی ئیسلامەوە، ژن کەرەسەیەکە بۆ سێکس و بەرهەمهێنانی منداڵ و هیچی تر. بۆیە هەموو بۆچون و رەفتار و لیکدانەوەیەکیان دەرحەق بە ژنان سەرتاپا سێکسیە. تا ئەو رادەیەی کە مەلا مەزهەری نوینەری ئیسلام، راشکاوانە دەڵێت تەماشاکردنی ژن ئەگەر شەهوەتی بزواند “ناجئیز” و ئەگەر شەهوەتی نەبزواند “جائیزە”. ئەمە رێک و راست مانای وایە ئەقڵیان دەرحەق بە ژنان لە ناوگەڵیاندایە. تا ئێرە ئەوە گرفتی خۆیانە و خۆیان ئازادن ئەم گرفتە چۆن چارەسەردەکەن و چۆن هەوەسی ئۆقرەبڕاویان کۆنترۆڵ دەکەن. بەلام بێگومان ناتوانن نە ئەم ڕوانگە سەرتاپا سێکسیە و نە میکانیزمی کۆنترۆلکردنی، بەسەر خەڵکی ئازادیخواز و مودێڕنی کوردستان و ئەو جەماوەرەدا بسەپێنن کە بە دیدێکی ئینسانی و یەکسانیخوازی و پێشکەوتوانەوە لە ژن و مەسەلەی ژنان دەڕوانن.
لە هەر کۆمەڵگایەکدا ئیسلام پێگەیەکی هەبێت و مەلایانی ئیسلامی ڕۆڵێکیان دەستکەوێ، یەکەمین مەسەلە کە بۆیان دەبێت بە کێشە و هەراسانیان دەکات، ماف و ئازادیەکانی ژنان و کۆنترۆڵکردنی ژنانە لە هەلومەرجێکدا کە هەوەسی ئەوان نەبزوێنێ. بۆیە جەنگ لە دژی ژنان و پەلەقاژە بۆ حەشاردانی ژنان لە ناو مەقنەعە و حیجاب و پەچە و عەبا، هەمیشە بەشێکە لە جیهادی ئیسلامی لەو کۆمەڵگایانەی گرفتاری ئیسلامن. لە پاڵ هەزار و یەک کێشەی لە بابەتی؛ گەندەڵی و برسێتی و بێکاری و نەداری و نەبونی موچە و خزمەتگوزاری، نەبونی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و سوتەمەنی، نائەمنی و جەنگ و کوشتار، سەرکوت و تیرۆر و رفاندن و زیندان، بێخانەولانەیی و نەخۆشی و نەبوونی دکتۆر و دەرمان..و….تەنها مەسەلەیەک کە نوینەرانی ئەم نەرێتە دواکەوتوانەیە هەراسان و هەناسەتەنگد دەکات، ژن و باسی ژن و ئازادی ژن و بیستنی هەر وشەیەکە دەربارەی ژن، بە تایبەتیش بینینی ژنانی مەدەنی پۆش.
ئەمجارە تا ئەو جیگایە پێیان لێ درێژکردووە کە ڕاشکاوانە و بێشەرمانە سوکایەتی نەک هەر بە ژنانی مەدەنی پۆش، بەڵکو بە باوک و برا و مێردی ئەو ژنانەش بکەن کە ملکەچی داب و نەرێتی دواکەوتوانە و دیلهێنەری ئیسلامی نابن. مەلاگەلێکی کۆنەپەرست و دواکەوتوو، لە سایەی ئەوەی کە دەسەڵات دەستی بۆ شلکردوون و لە داهاتی بەتاڵانبراوی کۆمەڵگا گیرفانی پڕکردوون، رێگا بەخۆیان دەدەن جەماوەرێکی فراوان لە ژنانی شارستان و مودێڕنی کوردستان و خانەوادەکانیان بدەنەبەرپەلامار و سوکایەتی ئاشکرا. ئەمە نە تەنیا قینلەدڵی و دوژمنایەتی ئیسلام و مەلاکانی بەرامبەر ژنان نیشان دەدات، بەڵکو کۆنەپەرستی و پیاوسالاری دەسەڵاتیش دەردەخات. لە سایەی دەسەڵاتێکدا کە کەمترین بەرپرسیارێتی دەرحەق بە مافی ژنان و پێوانە مەدەنیەکان بگرێتە ئەستۆ، دەبێ خۆی ئەم جنێوفرۆشانە راپێچی لێپرسینەوە و سزادان بکات، نەک خۆی ببێتە تەماشاچی کێشمەکێشی مەلا و لایەنگرانی مافەکانی ژنان و لە بیری ئەوەدا بێت لەم جۆرە کێشمەکێشە کەڵک وەرگرێت بۆ تێپەڕاندنی سیاسەتی هەژار و نەدار کردنی خەلک، بە ناوی “چاکسازی”ەوە.
لە پەراوێزی سوکایەتی بە ژنان و هەڕەشەکردن لە هەلسوراوانی ژنان، بە دیاریکراوی لە “بەهار مونزیر” وەکو کەسایەتیەکی دیاری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، دیسانەوە قەوانە سواوەکەیان بۆ بانگیشە و پاساودانی فرەژنی لێدەدەنەوە. لەو روانگەیەوە کە ژن تەنها وەکو کالایەک بۆ سێکس و بەرهەمهێنانی منداڵ چاولێدەکەن، دەستی حورمەت بۆ ژنان درێژدەکەن و دەڵێن بە دوان و سیان و چوارژن پیاوێک لەگەڵ یەکتر بەش بکەن باشترە لەوەی هیچ پیاوێکیان دەستنەکەوێت. لە روانگەی ئیسلام و ئاخوندەکانیەوە هەموو پەیوەندی و پێکەوە بوونێکی ژن و پیاو بەگشتی و هاوسەرگیری و ژیانی هاوبەشی ژن و پیاو بە تایبەتی، تەنها و بە تەنها لە سێکس و خەوتنی سەرجیگا بەرتەسک دەبیتەوە و هیچی تر. لە روانگەی ئەم سێکسبازانەوە تەنانەت هاوژینی و هاوسەرێتی ژن و پیاو، پێکەوە بەشکردنی خۆشی و ناخۆشیەکان و تاڵی و شیرینیەکانی ژیان، پێکەوە هەولدان و تێکۆشان لە پێناو بنیاتنانی بەختەوەری، دەستی یەکترگرتن بۆ زاڵبوون بەسەر تەنگانەکاندا و دروستکردنی ژیانێکی ئاسودە، ڕاوەستان لە هاوشانی یەکتر بەرامبەر سەختیەکانی ژیان ..و.. هیچ مانایەکیان نیە. تا بکرێت پرسیاریان لێ بکەین کە لە هەموو ئەوبوارانەدا چۆن دەکرێت پیاوێک لە نێوان چوارژندا بەش بکرێت؟!
سەروبەری روانگەیان بۆ پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بریتیە لە “سەرجێگای شەوانە”! لەم روانگەیەشەوە بەسادەیی شەوانی پیاو بەسەر دوو و سێ و چوارژندا دابەش دەکەن. ئەمە هەموو مانایەکی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و تەنانەت هاوژینی و هاوسەرێتی ئیسلامیە. بۆیە ناکرێ لەوە تیبگەن کە لە روانگەی مرۆڤی شارستانی و پێشکەوتوەوە، سێکس تەنها لایەن و بەشێکی دیاریکراوی ئەو پەیوەندیە بەرزە ئینسانیەی نێوان ژن و پیاوە کە بەسەدویەک رایەڵوپۆ پێکەوە گرێدراوە. تەنها پاساوی پوچی ئەم پیاوسالاری و کۆیلایەتیە لە دژی ژنان، ئەوەیە ئەگەر چەندژنە نەبێت، بەوگریمانەوە کە ژمارەی ژنان زۆرتر دەبن و بەمپێیەش ژنانێک لە پیاو بێبەری دەبن!! بەڵام هیچ کات بەرگەی ئەو پرسیارە ناگرن: کە ئەگەر بە ئامار و سەرژمێری ژمارەی پیاوان زۆرتربێت لە ژمارەی ژنان، ئەوکات کێشەکە چۆن چارەسەر دەکەن؟!
روانگەی سەراپا سێکسیزمی ئیسلامی بۆ ژن، ناوەڕۆکێکی چینایەتیشی هەیە و پێوانەکانی لە بەرژەوەندی پیاوانی چینی دەوڵەمەند و سەرمایەدارە. سێکس و ژن کراوە بە کالایەک کە دەکرێت هەر دەوڵەمەند و پارەدارێک وەکو هەرکاڵایەکی تر بیکرێت و لەزەتی لێبەرێت. ئەمە بەرپاکردنی بازاڕێکی “شەرعیە” بۆ لەشفرۆشی و کرێن و فرۆشتنی سێکس، بەو تایبەتمەندیەوە کە ژنان تەنانەت لەو پرۆسەیەدا خاوەن بڕیار و ئیرادە نیین و دەبێ ملکەچی فتوای مەلابن. پیاوێکی سەرمایەدار و خاوەن پارە بەبێ هیچ بەربەستێک لەیەک کاتدا دەتوانێ دوان و سیان و چوار ژنی هەبێت. تەنها مەرجی ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە ئەوەیە کە پیاوەکە ئەوەندە پارەداربێت بتوانێ نان بەو کۆمەڵەژنە بدات. کەواتە ئەمە ئیمتیازێکە تەنها بۆ پیاوانی چینی دەوڵەمەند و سەرمایەداری خاوەنپارە. هەلبەت دەبێ ئەوەمان بیرنەچێت و ئەو شایەتیە بدەین کە لە روانگەی “دادپەروەری” ئیسلامیەوە، پێویستە شەوەکان و هەوەسی سێکسی پیاو بە یەکسانی بەسەر ژنەکانیدا دابەش بکات!!
ئەم بانگیشە و پاساوە بۆ فرەژنی و بەشکردنی پیاوێک لە نێوان چوارژندا، نوسخەی رتوشکراوی هەمان ئەو بازاری کڕین و فرۆشتنەیە کە داعش بە ناوی “کڕین و فرۆشتنی صبایە”بەرپای کردووە و هەموو بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان نەفرەتی لێ دەکات. چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان ئەم بنەمایانەی مەلا و کۆنەپەرستانی کوردستان بۆ دووژنە و سێژنە و چوارژنە دایاناوە لەگەل ئەو بازاڕەی داعش لەسایەی خەلافەتەکەیدا بۆ کرێن و فرۆشتن بە ژنانەوە بەرپای کردووە؟! لەوێ هەر موجاهدێکی پارەداری داعش دەتوانێ ئەوەندەی دلی دەیگرێت “صبایە” بکرێت، تەنها ئەرکی سەرشانی ئەوەیە نانیبدات. داعشە کوردیەکانیش بانگیشە بۆ خێروبێری چەندژنە دەکەن بە هەمان مەرج و پێوانەی داعشەوە.
بەرامبەرکێی مەلاو هەوەسبازانی ئیسلام لەگەل هەڵسوراوانی ژنان و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی، پەیوەستە بە هەموو تاکێکی ئازادیخواز و موتەمەدینی کوردستان، بە ژن و پیاوەوە. ئەوەی ئاخوندە ئیسلامیەکان بانگیشەی بۆ دەکەن گاڵتەجاریەکی ئاشکرا و بێپاساوە بە حورمەتی ئینسانی و هەموو پێوانە مەدەنیەکان. ئەرکی هەموو خەلکی ئازادیخواز و هەموو لایەن و دامەزراوەیەکی بەگریکار لە ژنان و پێوانە ئینسانی و مەدەنیەکانە، لەم بەرامبەرکێیەدا لەپاڵ بەهار مونزیرەکان و دەنگی یەکسانیخوازی ژنان راوەستن و دەسەلات بخەنە ژێر گوشارەوە بۆ لغاوەکردنی ئەم هەوەسبازانە و توڕهەڵدان لە هەموو ئەو یاساو و ڕێسا و بنەما و شەریعەتانەی کۆیلایەتی ژنان مەوعیزە دەکەن.
٧-٢-٢٠٢٠