عەبدوڵا مەحمود
پرۆژەی یاسای چاکسازی حکومەتی!! هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی پەرلەمانی!! کرد و لە پەرلەمان پەسەند کرا، لە بنەرەتدا پرۆژە یاسایەکی تاڵانگەرانەیە لەلایەن نوخبەیەکی سیاسی بەسودی سەرمایەو کۆمپانیاکان و حزبەکانی بەشدار لەحکومەتدا. ئەم پرۆژە یاسایە کە لەلایەکەوە دوورو نزیک بەلای داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان، گومرگ و بازرگانی و فڕکان فڕکانی تانکەرە نەوتەکان و … نەچووە، و لەلایەکی ترەوە نەچووتە سەر باسی موچەی بنەڕەتی شارستانی و ئاوڕدانەوە لە خزمەتگوزارییەکان… ئاماژەیەکی ئاشکرایە کە ئەم پرۆژە یاسایە نەک پرۆژەی چاکسازی نییە، بەڵکو پرۆژەی رێکخستنەوە و سازانی فراکسیۆنەکانی بەشدار لە حکومەت دایە لەسەر موچەو ئیمتیازاتەکانی دوای تەمەنی خانەنشینیان. ئەویش بەجۆرێک کە ڕووی دزیەکی ئاشکراو تاڵانییەکی بەیاسایی کراو دەخاتە روو. موچەی خانەنشینی ملیۆنان دیناری بۆ پلە باڵاکان، دوای چوار ساڵ و چەند سەد هەزاری بۆ خانەنشینانی شارستانی دوای چەند دەهە کارکردن، بە جیا لە جیاوازی موچەی خەیاڵی نیوانیان لە ئێستادا کە لەهەندیکیاندا دەگاتە ٤٠ جار و ٣٠ جار. ئەوە بەجیا لە دەرماڵەو ئیمتیازاتی خەیاڵی بۆ ئەم نوخبەیەو نەبوونی کەمترین خزمەتگوزارییەکان بۆ جەماوەری فراوانی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگەی کوردستان، نیشانەو سەرەتای هێرشێکی فراوانترە بۆ خاڵیکردنەوەی هەرچی زۆرتری سفرەی کریكاران و کارمەندان و توێژە بێبەشەکانی تر.
ئەم پرۆژە یاسایە کە ناوی چاکسازی لێنراوە، دوورو نزیک پەیوەندی بەچاکسازییەوە نییە. چاکسازی… لەسەرەوە و لە ئاستی پلە باڵاکان، لەچەشنی وەزیرەکان، ئەندام پەرلەمانەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، دادوەران و بەرپرسە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بەهیچ جۆڕیک ناچێتە ناو خانەی هیچ جۆرە چاکسازییەکەوە بەتایبەتیش کە ئەم نوخبەیە بە یاسا ژیانی فیرعەونی و بەهەشتیان!! بۆ بەفەرمی ناسراوە، و لەبەرامبەریشدا ژیانی دۆزەخی و مەمرەمەژی بۆ زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە واتە کرێکاران و کارمەندان و ئۆردوی بێکار، بە یاسایی کردووە. چاکسازی یانی ئاڵوگۆڕ لە موچەو خانەنشینی لەخوارەوەی زوربەو بەرزکردنەوەی، یانی بەرینکردنەوەو باشترکردنی خزمەتگوازرییەکانی لەخوارەوەی زوربە، یانی زیادکردنی موچەو باشترکردنی هەلومەرجی کار، شوێنی کاری کریکاران و کارمەندان و زامنکردنی بیمەی بێکاریی بۆ کەسانی ئامادەبەکار، باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی خانەنشینانی مەدەنی و خاوەن پیداویستیە تایبەتیەکان و کەم ئەندامان، یانی شەفاف کردنەوەی داهاتەکان و خستنەرووی بۆ کۆمەڵگە، یانی لیپرسینەوە لە دزی و گەندەڵی، یانی گێرانەوەی سامان و داهاتی دزراوی کۆمەڵگە بۆ داهاتی گشتی… یانی بردنە سەرەوەی موچە پێ بەپێی گرانی بازار بۆ جەماوەری کارگەر و بەرهەمهێن، یانی ئاوڕدانەوەی جدی لە خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان، پەروەردەیەکان، تەرفیهیەکان، کۆمەڵایەتیەکان… و باشتر کردنیان.
پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت و پەرلەمان، کەڕە لەبەرامبەر ویستی زوربەی خواستە هەزارسەرەکانی جەماوەری فراوانی کریکارو کارمەند و موچەخۆران و بێکاران و خانەنیشینای مەدەنی، و کوێرە لە ئاست نەهامەتییە دڵ هەژێنەکانیان.
دیارە حکومەت و پەرلەمان، لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا نوێنەرو پارێزەری چینی دەسەڵاتدار و سەرمایەدارو کۆمپانیاکان و وەسیلەی چوونە پشتی کەڵەکەی سەرمایەو زامنکردنی زەمینەی فرەکردنی زێدەباییە… لەو بارەیەوە هیچ کەسێک کە کەمترین هوشیاری سیاسی هەبێت گومانی نییە، بەڵام ئەوەی لەکۆمەڵگەی کوردستان و لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی میلیشیاییدا بەڕێوەدەچێت، قابیلی بەراورد بەهیچ دەسەڵاتیکی سیاسی یاسایی و حقوقی لەدنیادا نییە، تەنانەت ناتوانرێت ئەو دەسەڵاتە بە دزترین و دەسەڵاتی مافیایی و دنیا بەراورد بکرێت. هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی لەدنیادا لەگەڵ ئەوەدا پارێزەری سەرمایەو سەرمایەدارین، بەڵام هاوکات پەیرەوی لە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی دەکەن و پابەندن بە لانی کەمی خزمەتگوزارییەکان، دانی موچە بەرادەی بەرێوەچوونی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، لێپرسینەوەی یاسایی لە گەندەڵی، خستنە ڕووی داهات و ئامارەکانی… ئەوەی لە کوردستان هەیە و لەم پرۆژە یاسایەدایە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو داهات و سامانەی کەهەیە، بەیاساییکردنی دزی و گەندەڵی، خۆدزینەوەیەکی ئاشکراییە لەهەر بەرپرسیاریەتیەكی یاسایی و ئاسایی و بەیاسایی کردنی ژیانی مەمرەو مەژی بۆ زوربەی زۆری کۆمەڵگەیە…
تەنانەت باسی زیادکردنی موچەی خانەنشینی بۆ کریکاران و کارمەندان و دیاریکردنی ٤٠٠ هەزار دنیار وەکو لانی کەمی موچەی خانەنشینی، نەک جێگای ستایش نییە، بەڵکو جێگای شەرمە. بەتایبەتیش کاتێک موچە خانەنشینی پلە باڵاکان و دزانی ئەم وڵاتە ٥ ملیۆن و ٦ ملیۆن و زیاتر بێت. بۆیە ئەوانەی خەریکی راسانن و وادەزانن کارێکی گەورەیان کردووە کە کەمترین موچەی خانەنشینی شارستانی ٤٠٠ هەزار بێت… دەبێ بزانن کە تەزوویەک ویژدان لەجەستەیاندا نەماوە، تا ئەو رادەیەی کە پێویستە چارەسەری پزیشکی وەربگرن و بەمانای وشە کەم ئەندامی عەقڵێن… ئەگەر وانییە هۆکار چییە بۆ ساتێک خۆیان ناخەنە جێگای خێزانێک کە موچەکەی تەنها ٤٠٠ هەزار یان ٥٠٠ هەزارە، تا تێبگەن ئەو موچەیە چەندە ناچیزە…
کرێکاران و کارمەندان و بێکاران و ئۆردوی ئامادەبەکار و خانەنشینان و تەواوی جەماوەری بیبەشی کوردستان، پێویستە لەدریژەی نارەزایەتی و هاواری “نا” وتنیان بەو دەسەڵاتە مافیایە، ئەو پرۆژە یاسای چاکسازییە وەکو زنجیرەیەکی کۆیلەتی مۆدێرن تەماشا بکەن، بەروویدا بێنە مەیدان و بە خەباتی رێکخراو و سەراسەرییەوە پوچەڵی بکەنەوە.
ئەگەر هەموو حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی لەبەرامبەر بە جەماوەری بێبەشی کوردستان و لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی رەشی حزبۆکراتی و میلیشیایی و بەرگری کردن لە نیزامی سەرەوخواری سەرمایەداری یەکیان گرتووە، سەنگەریان لێداوە. ئەوا بۆ جەماوەری بێبەشی کوردستانیش کە زوربەی هەرەزۆری دانیشتوانی کوردستانن، یەک بوون و رێکخراوبوون، سەنگەرگرتن بۆ وەستانەوە بەرووی ئەو دەسەڵاتەو سیستەمە تاڵانچیەکەی ئەرکێکە دواخستن هەڵناگرێت. پوچەڵکردنەوەی ئەو پرۆژە یاسای چاکسازییە و ناچارکردنی دەسەڵات بەوەی واژو نەکرێت و رەتبکرێتەوە، دەبێتە هەنگاوێکی چارەنووساز بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەرانی خۆیان و خیزانەکانیان و تەکانێکیش بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری دەدات لە راستای نەبەردەکانی داهاتوودا. ئەمە گۆشەیەک لە خەبات و بەرامبەرکێی چینایەتییە.
کۆتایی جەنیوەری ٢٠٢٠