عەبدوڵا مەحمود
بەوپێیەی دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستی دژە مەدەنییە. پشت ئەستورە بە دین و سەرچاوە دینییەکان و وەزارەتێکی بەناوی وەزارەتی ئەوقاف قوتکردۆتەوە و هەمیشەش ئەو دەسەڵاتە فەرشی سوری بۆ رێکخراوە سیاسی و جەماوەرییە دینیەکان داخستووە، لەقوتی خەڵکی کوردستانییش داهاتی بێ شومار دەکات بەگەرویاندا، هەموو ئەمانە وای کردووە رەوت و گروپە دینیەکان، مەلاو بانگخوازانی دینی، لەپاڵ خێڵێکی بەرین لە نووسەر و رۆژنامەنووس و میدیا و کۆڕو کۆمەڵەی دینی وەکو ڕێکخراوەی جەماوەری ژنان و لاوان و ئافرەتان و قوتابیان و لاوان… دەرفەت و ژینگەیان بۆ ئاوەڵاکراوە تا بەوجۆرەی دەخوازن کۆمەڵگە بلەوتێن و دەستوەربدەنە ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی و هەموو کون و قوژبنێکی ژیاری کۆمەڵگەوە.
لەناو ئەو تۆڕە بەرینەدا مەلاکانی کوردستان و لیژنەی فتواکەیان، هیچ دەستپارێزی ناکەن بەرووی مافە فەردی و مەدەنیەکان و وەستانەوە بەرووی هەر داهێنان و لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و تیکستێکی ئەدەبی و رەخنەگر لە دین و پیاوانی دینی. دەستێوردانی مەلاکان و لیژنەی فتوا بە جۆرێکە لە کابینەی نۆهەمی حکومەتدا، دەستێوردانی لە پەرلەمانی ئەم حکومەتە زیاتر بووە. پەرلەمان تەنها توانیویەتی پرۆژە یاسایەکی چاکسازی شەرم ئاوەر بەسودی خێڵی پلە باڵاکان و ئەندام پەرلەمانەکان مۆر لێبدات، هاوکات دوو وشەیشی “بەروار بۆ ڕێکەوت”” زێدەرۆیی بۆ زێدە رۆکار” گۆڕیووە، لەبەرامبەردا لیژنەی فتوا… لە یەکێتی زانایانی!! ئیسلامی، بەجیا لەو کار و فتوایانەی لە منداڵدانی ئیسلام و شەعدان، چەندین فتوای دەرکردووە لەوانە فتوا لە پەیوەند بەژنان کە نابێ بە تەنها سواری تەکسی بن، فتوا لەسەر منداڵی بلورین کە حەرامە…. هاوکات مەلاکانی کوردستان و لەهەرە چڵێسەکانیان بۆ جنیو فرۆشی و لەهەرە نەوسنەکانیان بۆ سوکایەتی بەژنان و دیاردە مەدەنیەکان و سیما شارستانیەکان و بۆنەکان، چەند بەرابەری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، لە پەیوەند بەچەندین دۆسیەوە هاتوونەتە قسە و لێدوان…. بەتایبەتیش بەدژی ژنان و مافە فەردی و تایبەتیەکانیان. لەو نێوەدا نە جێگایەکیان بۆ یاسا هێشتۆتەوە و نەداواکاری گشتییش جمیووە. لەوەش واوتر ئەو هەموو نووسەر و رۆژنامەنووسەی کە بە مۆدێرنیزمەوە دەفشن، لەبەرامبەر بەسوکایەتی و جنیو فرۆشی مەلاکان و فتواکانی لیژنەی فتوا لەسەر چەندین دۆسیە کە دوورو نزێک پەیوەندی بە مەلاکانەوە نییە، بێدەنگەیان هەڵبژاردووە، و زۆرجاریش کەوتونەتە پاساو هێنانەوەی پوچ بۆ بەرگری لەمەلاکان و کۆنەپەرستی.
مەلا هەڵۆکان و مەزهەرەکان، تادێت دەم گەرمتر دەبن، تادێت لغاو بەربووتر دەبن، دەم لەهەموو شتێک دەژەنن، هۆکارەکەشی بە پلەی یەکەم بەجیا لەوەی پشت ئەستورن بەدەسەڵاتی سیاسی و میدیای کۆنەپەرست، هاوکات هۆکاری تری دەگەڕێتەوە بۆ پاشەوپاش گەرانەوەی ئیسلامی سیاسی. شکستی سەربازی داعش، ریسوایی ئەلگۆی دەسەڵاتی ئەردۆغانی، هاتنە مەیدانی جەماوەری لە عێراق و لوبنان بەدژی دەسەڵات و پێگەی رەوتە دینیەکان، لەسەر لێوای قەبر بوونی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئیران، کرانەوەی زۆرتری کۆمەڵگەو چوونەسەری ئاستی هوشیاری جەماوەری… ئەو هۆکارە سەرەکیانەن کە وای کردووە ئەم مەلایانە هەراسان ببن و بەئاشکراش ببنە نوێنەری داعشیزم لە کوردستان.
ململانێی ئەم دواییەی نیوان مەلاکان و میدیای نۆکەری کۆنەپەرستی لەگەڵ بەشێک لە هەڵسوراوانی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لەپەیوەند بە جنێوفرۆشی و سوکایەتی بە ژنان، بەجیا لەوەی ماهیەتی کۆنەپەرستانەی دەسەڵات و پوچی رۆڵی داواکاری خستەڕوو، هاوکات راوەستاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی خستە ڕوو. گەستنی پەنجەی پەشیمانی چەند بارەی مەلا هەڵۆ لە ژێر گوشاردا، راپێچکردنی مەلا مەزهەر بۆ دادگا، بەجیا لەوەی دۆسیەکەی بەکوێ دەگات، سەرکەوتنێکی گەورەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئازادیخوازی کۆمەڵگەیە.
ئەم سەرکەوتنە پێویستە ببێتە سەرەتای گوڕبەخشینی زیاتر بە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و راسانی فراونتری بەرەی ئینساندۆست و ئازادیخوازی کۆمەڵگە، بەئاراستەی دەم داخستنی ئەو مەلایانەو دوورخستنەوەی دەستێوەردانی دین و مەزهەبەکان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و ناچارکردنی دەسەڵاتیش تا سنورێک بۆ خێڵی مەلای بەلاشخۆر و دەستێوردانی دین لە کاروباری هەمەلایەنەی کۆمەڵگەدا دابنێت و ناچار بێت دین و سیاسەت لەیەک جیابکاتەوە. تائەو کاتەی دین سەرچاوە، یان سەرچاوەیەک بێت لەدارشتنی یاساکاندا، مەلاکان و دین دەست لە لەوتاندنی کۆمەڵگە و لیخنکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەستوەردان لەوردو درشتی پرسەکانی کۆمەڵگەو بەتایبەتیش مافە فەردی و مەدەنیەکان هەڵناگرن…