دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ئەنوەر نەجمەدین و دانا مەنمی
“دۆسیەی ژمارە” …
خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە
ئەنوەر نەجمەدین: ئەوەی ئەمڕۆ لەجیهاندا دەگوزەرێت، ئەوە سەرەتای مارشێکی ئینترناسونالیستییە، جموجۆڵی هێزێکی پرۆلیتارییە لەپشت قەیرانە ئابورییەکانی جیهانەوە…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ئەنوەر نەجمەدین توێژەری سیاسی سەبارەت بە بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە
بۆپێشەوە: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری، بەدژی گرانی و بێ‌کاری دزی و تاڵانی و دەستێوەردانی دەرەکی زۆرێک لەشارەکانی عێراقی گرتۆتەوە، هۆکار چییە، ئەم خۆپیشاندانانە ناگوازرێتەوە بۆ کوردستان، کە هەمان ئەو کێشە و گرفتانە بەزیادەوە لە کوردستان هەن؟ یان بۆچی خەڵکی کوردستان دەست نادەنە پشتیوانی جەماوەری لە خواستە ڕەواکانی خەڵکی بێبەشی عێراق؟
ئەنوەر نەجمەدین: هۆکاری یەکەم: ئەوەی دەگوزەرێت کۆتایی نییە، بەڵکو تەنها سەرەتایە، ئەمە مادام بە دانپێدانانی ئابووریناسە بۆرجوازیەکان خۆیان، دوای ١٠ ساڵ لە قەیرانە قووڵەکانی ٢٠٠٨، سەرلەنوێ کەسادێکی قووڵتر‌و درێژخایەنتر چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٠٢٠ دا. واتە ئەوەی ڕوودەدات درێژخایەن دەبێت، وە هەر پاشەکشەیەکیش، تەنها هەڵوێستەیەکی وەختی دەبێت. ئیتر با ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان کە هەر بەشێکە لە دەسەڵات، توانیبێتی سنوورێک بۆ خۆپیشاندانەکانی جەماوەر دابنێت لە بەرژەوەندیی چینی سەروەر؛ پێکەوەیش لەگەڵ دەسەڵاتداران، بە مەشقکردنی خەڵکی لەسەر پەرلەمانتاریزم و مەترسی داعش و خەباتی مەدەنی و هتد، بیانەوێت باروزروفێک بخووڵقێنن کە دەستپێشخەریە شۆڕشگێریەکان بکوژێت.
هۆکاری دووهەم: دابڕینی کوردستان لە عێراق بە گشتی، دابەشکردنی چینی چەوساوەو بەرژەوەندیەکانێتی کە تەنانەت چەپەکانیش بە حەماسەوە، چەپڵەیان بۆ لێدەدا؛ کە ئەمە لە بناغەدا هەوڵێک بوو بۆ دابڕینی پرۆلێتاریا لە یەکترو دروستکردنی دوژمنایەتیەکی نەتەوەیی لە نێوان پرۆلێتاریادا.
هۆکاری سێهەم: چەپەکان بەدوای هەمان تەوژمی لیبرالیستەکان و ناسیۆنالیستەکان و پەرلەمانتاریستەکاندا ڕاپێچ بوون و سەرلێشێواوانە، ناکۆکیە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەیان لە جەماوەری چەوساوە کردە سیکۆلاریزم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، ئەمە لە کاتێکا هیچ کام لەمانە، ئامرازێکی شۆڕشگێر نەبوون بەدەست پرۆلێتاریاوە لە خەباتیدا دژی برجوازیەت.
بەڵام لە هەموو حاڵێکدا، ئەو ماتی و خامۆشیەی بەسەر کوردستاندا هاتووە، هەر تەنها هەڵوێستەیەکی وەختیە، پێداچوونەوەیە، هەڵکشان و داکشانێکی ئاساییە لە بزووتنەوەی جەماوەری چەوساوەدا. مەرجیش نییە لە هەموو کاتێکدا ئەو بزووتنەوانە، هەموو شارەکانی وڵاتێک بگرنەوە لە یەککاتدا، گەرچی ئەوەیش هەمیشە بە لاوازکردنی بزووتنەوەکە کۆتایی دێت، وەک میسر، تونس، هتد.
بۆپیشەوە: چ لێکچوونێک لە نێوان خۆپیشاندانەکانی چیلی و لوبنان و ئێران، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە؟
ئەنوەر نەجمەدین: ئەوەی ئەمڕۆ لە جهیاندا دەگوزەرێت، ئەوە سەرەتای مارشێکی ئینترناسیۆنالیستیە، جموجووڵی هێزێکی پرۆلێتاریە لە پشت قەیرانە ئابووریەکانی جیهانەوە کە سستبوونێکی نوێی قووڵتر‌و فراوانتری پیشەسازی و بازرگانی و بازاڕی بۆرسەو پشکەکان نیشان دەدات لەسەر ئاستی جیهانی. قەیرانەکان دەچنە ئاستێکی فراوانترەوە، بزووتنەوەی پرۆلێتاریایش لەگەڵیدا، پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، ئەو قەیرانانەی بە داماڵینی توێژە ناوەندییەکان لە خۆشگوزەرانیەکانیان، بەردەوام لە سوپای بێکارە زیاد دەکات، هێڵی هەژاری فراوانتر دەکات، هەژاران دەباتە ئاستی برسێتی، گرفتی خانووبەرە زیاد دەکات، گرانیەکی زۆر لە خۆراکدا بە جیهاندا بڵاودەکاتەوە، هێزی کڕین داددەبەزێنێت. ئەمانە هەموو خەسڵەتی کۆمەڵایەتی هاوبەشی ئەو بزووتنەوە کۆمەلایەتیەن.
بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بە توندوتیژی وەڵام بەداخوازی خۆپیشاندەران دەداتەوە، کە تا ئێستا بەسەدان کەس کوژراون و بەهەزارانیش بریندار بوون. هۆکاری دەستبردنی دەسەڵات بۆ توندوتیژی و سەرکوت چۆن دەبینن؟
ئەنوەر نەجمەدین: ئەوەیە شارستانیەتی سەرمایەداریی، ئیتر گرنگ نییە کێ حوکم دەکات، کۆمەڵێک بەناوی ئیسلامەوە یان کۆمەڵێک بەناوی لیبرالیزمەوە وە یان کۆمەڵێک بەناوی سۆشیالیزمەوە. ئەوەیە شارستانیەتی برجوازیی و عەدالەتەکەی، ئەوەیە سروشتی دەوڵەت. هەرکات کۆیلەکان لەڕووی سەروەرەکانیاندا ڕاست بوونەوە، ئەوکاتە ڕووخساری ڕاستەقینەکەی کۆمەڵگاکەیان و دەوڵەتەکەیان دەردەکەویت، ئەوکاتە دەبینرێت عەدالەتەکەی ئەوان هیچ نییە بەربەریزم نەبێت، ئیتر با ئەو بەربەریزمە بە چەندان سەرپۆش، داپۆشرابێت.
بۆپێشەوە: ڕۆڵی چینی کرێکار و چەپ و کۆمۆنیستەکان چۆنە لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراقدا؟
ئەنوەر نەجمەدین: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بڕواننە پرسیاری یەکەم وپێنجەم و شەشەم…
بۆپێشەوە: هۆکار چییە هاوکات لەگەڵ کۆبونەوەو خۆپیشاندان لەناوەندی شارەکان، لە ناوەندە کرێکاریی و کارگەو گەرەکەکاندا، خۆپیشاندان و مانگرتن نییە؟
ئەنوەر نەجمەدین: ڕۆڵی نێگەتیڤانەی سەندیکا کرێکاریەکان و نەبوونی نەرێتی موڵکیەت داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی کارگەکان و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبردن لە کۆمیتە کارگەرییە شۆڕشگێرە هەڵبژێردراوەکانەوە، کە ئەمە ڕۆڵی نێگەتیڤانەی حیزبی شیوعی عێراقیشی پێوە دیارە لە پەروەردەکردنی کرێکاراندا کە هەمیشە خۆبەدوورگرتن بووە لە زەبروزەنگ و داگیرکردنی موڵکیەت، ئاسۆی تێڕوانینە کارگەریەکانی بەرتەسک کردۆتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. چەپ و سەندیکا، بزووتنەوەیەکیان ناساندووە کە پرۆلێتاریا تیایا، واز لە فیکرەی هەڵگێڕانەوەی کۆمەڵگە بهێنێت و بە چاککردنی دەوڵەتەوە خەریک بێت. ئەو ڕێکخراوە حیزبی و سەندیکاییانە ئەو عەقڵیەتەیان کردۆتە باو کە گوایە دەبێت چینی کرێکار، بەشوێن ئامانجە حیزبی و سەندیکاییەکانەوە بێت، ئەمە ئەگەرچی داگیرکردنی بەندەری بەسرە بەشداریەکی گەورەی کرێکاران دەردەخات. بەڵام ئەو ئاستە لە داگیرکردن، دەبێت تێپەڕ بکات بۆ ڕێکخستنی کارگەکان و کێڵگە نەوتیەکان و بەندەرەکان لە پرۆلێتاریاوە. جگە لەمە، حوسالەی پرۆلێتاریایش ڕۆڵێکی کەمیان نەبینیوە لە ڕێگرتن لە بەشداریی کرێکاراندا لە هەموو بزووتنەوەکاندا. بەڵام زۆر بە دڵنیاییەوە ئەمەیش مەسەلەی وەختە. کرێکاران دواین هەڵوێست ڕادەگەیەنن.
بۆپێشەوە: سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکانی عێراق و ئێران، پێویستی بە رێکخراوبوون، وە بە حزبی سیاسی کۆمۆنیستی بەهێزو دەخالەتگەرەوە هەیە، لە نەبوونی ئەمانەدا، ئایندەی خۆپیشاندانەکان یان ئەو ئامانجانەی خەڵک بۆی هاتۆتە مەیدان بەشوێن مەبەستی خۆی ناگات، ئێوە لەوبارەیەوە دەلێن چی؟
ئەنوەر نەجمەدین: حیزب کراوە بە معجزەی ڕزگاریی، ئەمە لەکاتێکا ئەوەی گرنگە دامەزراندنی (کۆمیتە کارگەریە شۆڕشگێرەکان)ە، (خۆڕێکخستنی پرۆلێتاریایە لە گاردێکی پرۆلێتاریی سەربەخۆ) دا کە خۆیان دەخەنە ژێر دەستی ئەو کۆمیتە کارگەریانەوە لەبری ئەوەی خۆیان بخەنە ژێردەستی دەسەڵاتی دەوڵەت. ئەم جەنگە چینایەتیە لەسەر ئاستی ئینترناسیۆنالیستی، جەنگێکی نەقابیی نییە بۆ کەم کردنەوەو زیادکردنی کرێی کار. بۆیە زۆر زیاتر لە نەقابەو حیزبی پێویستە. ئەو جەنگە شۆڕشگێریە کە دەستەویەخەوەبوونی برجوازیەتی ناوخۆیە لە هەر وڵاتێک‌دا، هەروەک چۆن برجوازیەتی ئەو وڵاتانەی ناچار کردووە بە هاوپەیمانێتی دژی پرۆلێتاریا -وە تەنانەت جەنگی چینایەتی لە دڵی هەر وڵاتێک‌دا، مەترسی جەنگی سەرمایەداریی جیهانیی فراوانتر دەکات بۆ خۆدەربازکردن لەم بارودۆخە قەیراناویە بێچارەیەی تێیکەوتوون- دەخوازێت پرۆلێتاری وڵاتانیش، بەتایبەت عێراق و ئێران، لە بزووتنەوەیەکی سۆڵیداریتی ئینترناسیۆنالیستیدا خۆیان ڕێکبخەن. ڕۆڵی سۆشیالیستەکانیش لەوێدا، هاوبەشیەکی شۆڕشگیرانەیە بۆ وەدیهێنانی ئەو سۆڵیداریتیە. ئەمەیش ڕوونادات ئەگەر هەموو دەستەو گروپ و تایەفە سۆشیالیستیەکان، دەستبەرداری گروپەکانیان نەبن و بەرژەوەندیی چینایەتی نەخەنە سەروو بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە و بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە بزووتنەوەیەکی ئینترناسیۆنالیستیدا نەتوێننەوە، ئەمەیش بە سەرکەوتن بەسەر دەمارگیریی گروپچێتیدا. ئەوەی گرنگە، برەودانە بە بزووتنەوەی ئینترناسیۆنالیستی، ئەمەیش لەو دیدگایەوە کە بزووتنەوەی کارگەران، پرسێکی ناوخۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانی نییە، وە بە هۆکاری قەیرانە ئابووریەکانی جیهان، ئەو سنوورە بەرتەسکەی جێهێشتووە کە پرۆلێتاریای ئێران لە ١٩٧٨ و پرۆلێتاریای عێراق لە ١٩٩١ ڕووبەڕووی بووبوونەوە. تێشکانی تەواوی بزووتنەوەکانیش لێرەو لەوێ، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سۆڵیداریتیەکی چینایەتیی ئینترناسیۆنالیستی. سەرهەڵدانەوەی نوێی ئەو بزووتنەوەیەیش لە جیهاندا، لەهەمانکاتدا، بەئاگا هێنانەوەی سۆشیالیستەکانە لە هەڵەکانی ڕابووردوو، لەم هەموو پارچەپارچە بوونە بێمانایەی کە دەبێت سنوورێکی بۆ دابنرێت، ئەمەیش لەڕێگای یەکگرتنەوە لە بزووتنەوەیەکدا. وە ئەبێ سۆشیالیستەکان ئەو بۆچوونە بکەنە هاوبەشیان کە پەیوەندیەکانی بەرهەهەمهێنان لە شیلی وەک فەرەنسا، لە جەزائیر وەک لوبنان، لە عێراق وەک ئێران، هەمان پەیوەندین، وە لە هەموو شوێنێکیش یەک یاسای ئابووریی زاڵە لەسەر بەرهەمهێنان و دابەش کردن: یاسای سەرمایە! بۆیە جەنگە سەرەکیەکی نێوان برجوازیەت و پرۆلێتاریا لە هەموو شوێنێک هەر هەمان جەنگی چینایەتیە: جەنگی کار‌و سەرمایە!
٩ / ١٢ / ٢٠١٩
ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٦ی بەرواری ١٥ دیسەمبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە
دانا مەنمی: دواکاری خۆپیشاندەران ئاسان و دایاریکراون بەگشتی(نان، کار، ئازادی، گەندەڵی و چاکسازی) خەباتی خۆپیشاندەرانیان لە ئیران،عیراق، لوبنان، چیلی، یەکخستووە و خاڵی لێکچوونیش ئەو دۆخە ناهەموارەیە کەبەدەستی گەندەڵکاران خوڵقاوە…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ دانا مەنمی رۆژنامەنووس سەبارەت بە بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق و ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە
بۆپیشەوە: ململانێی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چ کاریگەریەکی لەسەر خۆپیشاندانەکان و ئایندەی خۆپیشاندانەکان دەبێت؟
دانا مەنمی: كاتێك خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ده‌ستی پێكرد، حكومه‌تی عێراق هه‌ندێك بڕیاری به‌په‌له‌ی له بواری چاكسازیدا ده‌ست پێكرد، هه‌رچه‌نده بەڵێنهكهی نه‌برده سه‌ر، لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقیش بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی شه‌قام بن تێكه‌ڵی خۆپیشانده‌ران ده‌بوون و خیتابی سیاسی خۆیان یه‌كخستبوو له‌گه‌ڵ داواكاری خۆپیشانده‌راندا، مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینیش له عێراق هه‌ندێكجار بێده‌نگ و هه‌ندێك جاریش له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ست له‌كاركێشاوه بوو، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه شەقامی عیراقی خامۆش نه‌كرد، ڕۆژ بە ڕۆژ توڕەیی هاووڵاتیان زیاتر ده‌بوو تەواوی چین و توێژەكان سنگیان ناوە بەگوللەی هێزە ئەمنییەكانەوە له‌پێناو سەختی و زەحمەتی ژیان و بێكاریی و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و خراپی گوزەران و بەڵێنی بێ بنەما و دەستی دەرەكی و پشتكردن لێیان، تاقەت پڕوكێنی كردوون. بەپێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤ لەعێراق، گوزەرانی خەڵك لەساڵی ۲۰۰۳ تا ۲۰۱۸ لەخراپترین دۆخدا بووە، بەجۆرێك كە ٥ ملیۆن و ٦۰۰ هەزار منداڵ بێ دایك و باوكن، ۲ ملیۆن بێوەژن هەیە، ٦ ملیۆن هاووڵاتی خوێندن و نووسین نازانن، ۳٥ %ی خەڵكی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، له‌۳۱ % بێكارن، له٦ % ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنن، له‌۹ %ی منداڵان كار دەكەن، له۳۹ % تووشی چەند جۆرێكی نەخۆشی وەكو كۆلێرا و … هتد بوون، ۱۳ هەزار كارگە لەكاركەوتوون، ۱٤ هەزار و ٦٥٨ قوتابخانە لەناوچووون، چاندنی زه‌وی لە ٤٨ ملیۆن دۆنمەوە بۆتەوە ۱۲ ملیۆن دۆنم، ۳ ملیۆن و ٤۰۰ هەزار عیراقی ئاوارەی ٦٢ وڵات بوون، ٤ ملیۆن و ۱۰۰ هەزار عیراقی لەشارێكەوە بۆ شارێكی تر ئاوارە بوون، ملیۆنێك و ۷۰۰ هەزار كەس لەژێر خێوەتدا دەژین. دوای شانزە ساڵی حوكمڕانی عێراق و دروستكردنی چوار كابینە، هیچیان بەبێ دەستێوەردان و كاریگەری هەژموونی ئەمریكا و ئێران دانەمەزراون. ناتوانرێت ئەنجامی خۆپیشاندانەكان بەڕوونی دیاری بكرێت، ئەوەی هەیە ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت توندوتیژی زیاتری لێ دەكەوێتەوە و عیراق ده‌بێته گۆڕەپانێك بۆ جه‌نگی ناوخۆیی و ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان زلهێزەكان .
بۆپێشەوە: خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری، بەدژی گرانی و بێ‌کاری دزی و تاڵانی و دەستێوەردانی دەرەکی زۆرێک لەشارەکانی عێراقی گرتۆتەوە، هۆکار چییە، ئەم خۆپیشاندانانە ناگوازرێتەوە بۆ کوردستان، کە هەمان ئەو کێشە و گرفتانە بەزیادەوە لە کوردستان هەن؟ یان بۆچی خەڵکی کوردستان دەست نادەنە پشتیوانی جەماوەری لە خواستە ڕەواکانی خەڵکی بێبەشی عێراق؟
دانا مەنمی: شه‌قامی ئێستای ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له عێراق نه‌ك دژی كورد و هیچ پێكهاته‌یه‌ك نییه بگره خاڵی هاوبه‌ش له نێوان خواست و داواكاری شه‌قامی عێراقی و شه‌قامی كوردیشدا هه‌یه، كوردستانیش له دۆخێكی خراپدایه، جوڵه‌ی حوكمڕانیه‌تی كوردیش له ماوه‌ی حوكمڕانیه‌تیدا جوڵه‌یه‌كی ته‌ندروست نه‌بووه، گه‌نده‌ڵی له كوردستان هه‌موو سێكته‌ره‌كانی گرتووه‌ته‌وه و کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە. ڕاپۆرتی ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه و شیكاریه سیاسیه‌كان لەباره‌ی هه‌وڵه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی عێراق ده‌ڵێت: ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له كوردستان و میلیشیا شیعه‌كان بوون له عێراق. هه‌رله‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌ڵێت: حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان له نێوان ساڵانی ۲۰۰۳ و ۲۰۱۹ له ڕێگای كۆمه‌ڵێك فێڵ و میكانیزمی دارایی و ئیداریی و پرۆژه‌ی وه‌همی و دزین و به‌قاچاخبردنی نه‌وت وهه‌بوونی ۲۰۰هه‌زار فه‌رمانبه‌رو موچه‌خۆری بندیوار، زیانێكی زۆریان به سامانی گشتی هه‌رێمی كوردستان و عێراق گه‌یاندووه. ده‌بێ حكومەتی هەرێمی كوردستان پەند لە خۆپیشاندانەكانی عێراق وەربگرێت و ڕێڕەوی حوكمڕانیەتی سیاسی و ئابوری ڕاستبكاتەوە و ژینگە و زەمینەیەكی لەبار دروست بكات بۆ ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان و پرۆسەی چاكسازی سیاسی و ئابوری ئەنجام بدات. كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە بەهێزتر نییە لە عێراق، ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت ئەگەر لە كوردستان بێت زیانەكان زۆر زیاتر دەبێت و دەرفەتی زیاتریش بۆ دەستێوەردانی دەرەكی دەڕەخسێت.
بۆپیشەوە: چ لێکچوونێک لە نێوان خۆپیشاندانەکانی چیلی و لوبنان و ئێران، لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی عێراقدا هەیە؟
دانا مەنمی: جه‌یمس دۆرسی نووسه‌رو لێکۆڵەری پێشه‌نگ له په‌یمانگەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له زانكۆی نیشتمانی سه‌نگاپوره له راپۆرتیكیدا له ژێر ناونیشانی(خۆپیشاندانە جیهانییه‌كان) باس له سی وڵاتی جیهانی ده‌كات كه شه‌پۆلی خۆپیشاندان ده‌یگرێته‌وه؛ له‌وانه هه‌ریه‌ك له وڵاتانی (عێراق، ئێران، لوبنان، چیلی).له‌ناو لیسته‌كه‌دان، چیلی خاوەنی گەورەترین تۆڕی شەمەندەفەری میترۆیە لەسەر ئاستی کیشوەرەکەی خۆی، و ڕۆژانە (۳) ملیۆن کەس سودی لێدەبینن، خۆپیشاندانه‌كانی وڵاتی چیلی ئه‌مریكای باشوور به زیادكردنی نرخی میترۆ دژی گەندەڵی و نادادپەروەی حکومەت بەرامبەر بە هاوڵاتیان ده‌ستیپێكرد، دوای بانگه‌وازه‌كه‌ی یەکێتی کرێکارییەکانی چیلی به‌ملیۆنان كه‌س له سانتیاگۆی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته كۆبونه‌وه، به‌ڵام هه‌ر زوو سه‌رۆكی چیلی، سێباستیان پینێرا داوای لێبووردنی له میله‌ته‌كه‌ی كرد و به‌ڵێنی دا كه چاكسازی ئابوری ئه‌نجام بدات و هه‌شت وه‌زیری كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌یشی گۆڕی. به‌ڵام خۆپیشانده‌ران داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی چیلی و زیادكردنی هه‌قده‌ست و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و هه‌تا هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن. له ئێرانیش هوتافی خۆپیشانده‌ران ته‌نها درووشمی نه‌هێشتنی برسێتی و بێكاری بوو، به‌ڵام ورده ورده هوتافه‌كان به ڕووی ئێران و نیزامه‌كه‌یدا، توندتربوو، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران بڵێن “مه‌رگ بۆ خامه‌نه‌یی” و وێنه‌ی خامه‌نه‌یی وهه‌تا ئاڵای ئێرانیش له شه‌قامه‌كان بسووتێنن. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیش ئێران كه‌ناڵه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیكردنی تێلیگرامییان داخستووه، هاوكات ڕۆژ به‌ڕۆژ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران فراوانتر ده‌بن. تائیستاش خۆپیشاندان دژی نیزامی ئێران و عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ره‌كه‌ی به‌رده‌وامه. له باره‌ی لوبنانیشه‌وه لوبنان لە ژێر قەرزێکی قورسدایە، خۆپیشاندان له لوبنان بە دواکاریى کەمکردنەوەى باج دەستى پێ‌کرد، پێشتر حکومەتی لوبنان باجى لەسەرهەندێک لە کاڵاکان زیاد کردبوو، لەگەڵ دەستپێکردنى ناڕەزایەتیی خەڵکدا حکومەت بە خێرایی دەستەبەردارى بڕیارەکەى بوو. بەڵام ئەوە خۆپیشاندانەکانى لوبنانی ڕانەگرت و داواکارییەکان له خزمه‌تگوزارییه‌وه گۆڕان بۆ داواكاری سیاسی هەڵوەشانەوەى حکومەت. سەرەنجام سەرۆک وەزیران دەستى لەکار کێشایەوە و کابینەکەى هەڵوەشایەوە. ئێستاش خۆپیشانده‌ران له لوبنان به‌رده‌وامن و داواى رۆشتنى سیاسى و بەرپرسە “گەندەڵەکان” دەکەن، لەعێراقیش بەهەمان شێوە سەرەتاى خۆپیشاندانەکان داواکاریى چەند دەرچوویەکى زانکۆکان بوو بۆ دامەزراندن، دواتر ئەم دواکارییانە بەرفراوان بوون بۆ داواکاردنى خزمەتگوزارى و پاشان بوو بە خۆپیشاندانیک دژ بە گەندەڵیى و وتنەوەى دروشم لە دژى “بەرپرسانى گەندەڵكار”. به‌ده‌مه‌وه نه‌چوونی حكومه‌تی عێراق و پێدانی به‌ڵێنی بێكردار، وای له‌خۆپیشانده‌ران كرد كه داواكارییه‌كانیان لهبێكاریی و بێ ئاو و كاره‌با و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازییه‌وه بگۆڕن بۆ داواكاری سیاسی و داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی و هه‌مواری ده‌ستورو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن. عێراق لەمڕۆدا بەدۆخێکی دژوار‌دا تێدەپەڕێت، ئێستای عێراق ئێستایه‌كی جیاوازه، چونكه له دوای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه بۆ یه‌كه‌مین جاره نێوماڵی شیعه ناكۆكی تێده‌كه‌وێت! دیوی پشته‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق جگه له‌ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی ململانێی په‌یڕه‌وانی شیعه‌ی عێراق و شیعه‌ی ئێرانه، كه په‌روه‌رده‌ی دوو قوتابخانه‌ی ئاینین له‌نه‌جه‌ف و له‌قوم، ململانێی ئه‌م دوو مه‌دره‌سه ئاینییه مه‌زهه‌بییه ته‌نها له بواری شه‌ریعه‌ت و عه‌قیده و فیقە و ثهوابت و ئیجتیهاد و عیبادات و نوێژ و قوربانی و ڕۆژو و هتد. نییه، به‌ڵكو ململانییه‌كه فۆڕمێكی توندوتیژی ئاینیی و مه‌زهه‌بی به‌رهه‌م هێناوه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی په‌یڕه‌وانی هه‌ردوو مه‌دره‌سه‌كه دروستكردووه. بۆیه‌كه‌مین جاره كه مه‌زارگه‌كان له نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا مه‌ترسییان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت، یه‌كه‌مین جاریشه ماڵی مه‌رجه‌عه ئاینییه‌كان په‌لامارده‌درێت و هه‌وڵی سوتاندنی ده‌درێت. لە پاش بەهارى عەرەبیەوە ڕژانە سەرشەقام و ئەنجامدانى خۆپیشاندان و کۆبونەوەى جەماوەریی بووە بە نەریتى خەڵکى ناڕازیى زۆرێک لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. داواكاری خۆپیشانده‌ران ئاسان و دیاریکراون به‌گشتی(نان، کار، ئازادی، گه‌نده‌لی و چاكسازی)، خه‌باتی خۆپیشانده‌رانیان له ئێران، عێراق، لوبنان، چیلی، یه‌كخستووه و خاڵی لێكچونیش ئه‌و دۆخه ناهه‌مواره‌یه كه به ده‌ستی گه‌نده‌ڵكاران خولقاوه. هاوته‌ریب به ده‌ستیوه‌ردانی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی له هه‌ریه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی كه باسمان كردن. دواجاریش خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و ئێران و لوبنان و چه‌ند وڵاتێكی تری عه‌ره‌بی مه‌ترسی جیۆپۆلیتیكی گه‌وره بۆ سه‌ر سیستمی جیهانی و ئیقلیمی دروست ده‌كه‌ن، و ئه‌گه‌ری هه‌یه جه‌نگێكی گه‌وره له فوراته‌وه هه‌تا نیل له ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵبگیرسێت .
بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی لە عیراقدا، بە توندوتیژی وەڵام بەداخوازی خۆپیشاندەران دەداتەوە، کە تا ئێستا بەسەدان کەس کوژراون و بەهەزارانیش بریندار،… هۆکاری دەستبردنی دەسەڵات بۆ توندوتیژی و سەرکوت چۆن دەبینن؟
دانا مەنمی: توندوتیژیی لە ڕووی تیۆرییەوە هەموو ئەو کار و کردەوانە لە خۆدەگرێ کە زەبروزەنگی تێدا بە کار دێت و بەشێوەیەکی گشتی (مەعنەوی وماددی)شێوازێکی تاکی یان کۆمەڵی لە خۆ دەگرێ، به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی توندوتیژی چ له ناو خێزان و له‌ناو كۆمه‌ڵگە و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دا هه‌بووه و به‌پێی ئاستی گه‌شه‌ی هۆشیاری كۆمه‌ڵگەكان توندوتیژی ره‌تكراوه‌ته‌وه. كه‌واته توندوتیژی بەشێکی دانەبڕاوە لەژیان و به‌شێكه له جیهانی ئه‌مڕۆمان و له جیهانی دوێنی و له‌وانه‌یه له جیهانی سبهینیمان بێت. هیچ كۆمه‌ڵگەیه‌ك بێ توندوتیژی نییه و هه‌ڵگری فۆڕمێك له فۆرمه‌كانی توندوتیژی یه و به‌راده و بڕی جیاواز توندوتیژی تیدایه. دۆركهایم باوه‌ڕی وایه توندوتیژی به‌شێكی دانه‌بڕاوه له دونیای تاكه‌كه‌س و گروهه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگە و سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵاتداران. زۆرجار ده‌سه‌ڵاتداران توندوتیژی وه‌ك جۆرێك له جوانی نمایش ده‌كه‌ن. بونه‌وه‌ری عاشق به توندوتیژی دروست ده‌كه‌ن. هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤ نرخانی توندوتیژی هه‌یه ههردهسهڵاتێكیش به زمانی توندوتیژی قسه‌ی كرد، له‌پشتیه‌وه میلیشیایه‌كی چه‌كداریشی هه‌یه بۆ بێده‌نگكردن و سه‌ركوتكردنی كۆمه‌ڵگە. کاڕل شمیت ده‌ڵێت”جه‌وهه‌ری سیاسه‌ت توندوتیژیه”. ئه‌م ده‌ربرینه پیویستی به قوڵبونه‌وه و شرۆڤه‌كردن هه‌یه، به‌ڵام ناچینه ناو ئه‌و بابه‌ته‌وه په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵناده‌ینه‌وه. توندوتیژی بۆ كورد به درێژایی مێژوو به‌شێک له سیاسه‌تی داگیرکه‌رانی کوردستان بووه و بۆ ته‌سلیمبون و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه و شوناسی كوردایه‌تی و كوردبوون. كورد هه‌موو جۆر‌و فۆرم وچه‌شنه توندوتیژیه‌کیان له‌سه‌ر تاقیكراوه‌ته‌وه. له دوای ڕاپه‌رینیشه‌وه توندوتیژیی سیاسی بەشێكە لە ئەدەبیات و مێژوی حیزبی دەسەڵاتدار له كوردستان. هۆكاری ده‌سه‌ڵات بۆ توندوتیژی ترسه، ترس له ئازادی له هه‌ڵویست له ئیراده‌ی میله‌ت ،ترس هێزێکی سایکولۆژییە هه‌م مرۆڤی بچکۆلە و دەستەمۆکراو و کۆیلە و بێکاراکتەر بەرهەم دەهێنێت، هه‌میش ده‌سه‌ڵاتی ستهمكارو دیكتاتۆر‌و فاشیزم دروست ده‌كات. ده‌سه‌ڵات دەخوازێت كۆمه‌ڵگە كۆمه‌ڵگەیه‌كی ترسا‌و بێئیرادەو بێ زمان بێت، كۆمه‌لگە تا دیواری ترس نه‌ڕوخێنێت ئازادی بۆ ناگه‌ڕێته‌وه، کۆیلایەتی لەترسەوە دروست دەبێ و ئازادیش لەباوەڕبەخۆبوونەوە .
بۆپێشەوە: تادێت خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق بەرینتر دەبنەوە، ئایندەی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییانە، چۆن دەبینن؟
دانا مەنمی: له‌وه‌ڵامی پیشومدا له‌باره‌ی ئایندهی خۆپیشاندانه‌كان گوتم ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت توندوتیژی زیاتری لێ دەكەوێتەوە و عیراق ده‌بێته گۆڕەپانێك بۆ جه‌نگی ناوخۆیی و ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان زلهێزەكان .
ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٦ی بەرواری ١٥ دیسەمبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە