داعش فتوایەکی نوێی دەرکرد! …

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود …

بەرواری ٤/١٢/٢٠١٩ ئەنجومەنی باڵای فتوای یەکێتی زانایانی ئیسلامی!! بەنووسراوی ژمارە ١٤٤ فتوای قەدەغەکردنی “سەرکەوتنی ژنانی بەتەنها لەگەڵ شوفێری تەکسی” راگەیاند.

ببینن، ئەوە فتوای یەکێتی زانایانی ئیسلامییە!! دەبێ سەرەتا بپرسین ئەگەر یەکێتی زانایانی ئیسلام!!، ئەوە فتوایان بێت، دەبێ دید و بۆچوون رەوتاری ئۆردوی مەلای مێشک مۆمیاکراو، چی بێت؟ وە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی، لەو نێودا چ کارەیە؟

بوونی یەکێتی زانایانی ئیسلامی و ئەنجومەنی باڵای فتوا، وە فتوا بەخشینەوە لەسەر چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردنی هاوڵاتیان و دەستوەردان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیاندا، بەر لەهەموو شت پوچی حکومەت و دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی و یاسایی دەخاتە ڕوو.

دیارە هیچ لەوە چاوەڕوانکراوتر نییە، لیژنەی فتوای ئەنجومەنی مەلایان، فتوا بدات و هەموو فتواکانیشی لە کیسە و هەمبانەبۆرینەی کۆنەپەرستی ئیسلامی دەربکێشرێن و زوربەی هەرەزۆریشیان دژی ژنان و مافە فەردی و مەدەنییەکان بن. بوونی لیژنە فتوا لەهەموو وڵات و جغرافیایەکدا، لەلایەکەوە ماهیەتی کۆنەپەرستانەی دەسەڵات، دەخاتە روو. لەلایەکی تریشەوە پوچی یاساو نەبوونی یاسای سەردەمی مۆدێرن نیشان دەدات.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و کۆنەپەرستە. دەسەڵاتێکە سەرچاوەی یاساکانی شەرعە، خاوەنی وەزارەتێکە بەناوی وەزارەتی ئەوقاف، خاوەنی یەکێتی زانایانی!! ئیسلامی و لیژنەی فەتوایە، خاوەنی سەدان هەزار مەلای بەلاشخۆرە کە وەکو گۆشتی زیادەی لامل، بێزراون. خاوەنی هەزاران مزگەوتە کە لەسەر موڵکی گشتی دروستکراون. ئەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکی کوردستان بەدەست کەمی خەستەخانەو بنکەی تەندروستی، زانکۆ و قوتابخانە و باخچەی ساوایان… دەناڵێنن.

فتوای ئەمجارەی مەلاکان، بەوەی ژنان نابێت بەتەنها سواری تەکسی ببن، بەجیا لەوەی سوکایەتیەکی ئاشکرای بێ پاساوە بە ژنان و بەکەم گرتنیانە، هاوکات بێرێزیەکی ئاشکرایە بە دەیان هەزار خاوەن تەکسی، کە بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی خۆیان و خێزانیان، ناچارن شەو رۆژ لەسەر شەقامەکان بن. وە هاوکات بێرێزیەکی ئاشکرایە بە یاساو دادگا، ئاخر ئەگەر حاڵەتی سوکایەتی کردن، ناو زراندن، دەستدریژی سکێسی… بەهەر جۆرێک و لەهەر رێگایەکەوە رووبدات و ئەوە کاری یاساو لیپرسینەوەی یاساییە سزای بۆ دابنێت، نەک مەلاو لیژنە فتوا، جێگای دادگا و لێپرسینەوەت یاسایی بگرنەوە.

ئەم فتوایە دەبێ وەکو فتوای دەسەڵاتیش تەماشا بکرێت. چونکە ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە ژینگەی بۆ کۆنەپەرستی، بۆ دەیان هەزار مەلا رەخساندووە لە مینبەری مزگەوتەکانەوە رۆژانە ئەوەی بەدڵیانەوە نەلکا لەدژی بدوێن و ژەهری ئیسلامی بەسەریدا بپژێنن.  ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە رۆژانە ستایشی رۆڵ و نەخشی مەلاکان دەکات.

مەلاکان و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان و هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسی و ریکخراوە جەماوەری و رۆژنامەنووس و نووسەرو… کە لە بەرامبەر بەم فتوایەی مەلاکان بێدەنگن، خۆیان لەهەمان قوماشی خێڵی مەلای مێشک مەیوون لەدژی ژنان و ئازادی فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییە گشتیەکان. وە هاوکات هەموو ئەوانەی لەبەرامبەر فتوای لیژنەی فتوادا، دەستەو دامێنی دەسەڵات بوون و داوا دەکەن دەسەڵاتی سیاسی سنورێک بۆ مەلاکان دابنێت، هەوڵێکی بێهودە دەدەن و دەیانەوێت شانی دەسەڵات لە پشتیوانی مەلاکان و فتواکان خاڵی بکەنەوە، دەیانەوێت بڵێن فتواکە مەلاکان لەگەڵی نین… ئەوە خۆشباوەرییەکی ئاشکرایە. مەلاکان و دەسەڵاتی سیاسی، دین و دەسەڵاتی سیاسی، کۆنەپەرستی و دەسەڵاتی سیاسی، لازم و مەلزومی یەکترین لە ژیر سایەی هەر دەسەڵاتێکدا کە دین سەرچاوەیەک یان سەرچاوەی یاساکانی بێت. دەسەڵات و مەلا و لیژنەی فتوا، یەک تۆڕی بەیەکەوە لێک هەڵپێکراون لەدژی رەوتی مەدەنیەتی کۆمەڵگەو و دەستراگەیشتنی هاوڵاتیان بە راستیە واقعیەکانی دنیای نوێ و زانست و پێشرەویەکانی.

ئەوەی کەدەتوانێت، مەلاکان و لیژنەی فتوا و زۆر وێژییەکانیان، پاشەکشە پێبکات، ناچاریان بکات دەستوەردانیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان، دەستکەوتە زانستیەکانی سەردەمدا کۆتا بکات، بزوتنەوەی جەماوەری مۆدیرن و ئازادیخوازی کورستانە، لە رێگای گوشارهێنانی کۆمەڵایەتی لەشەقامدا، تا دەسەڵاتی سیاسی ناچار بکات، دین و سیاسەت، دین و یاسا، دین پەروەردە، بەکورتی دین و دەسەڵاتی سیاسی لێک جیابکاتەوە و دین بکات بەکاری شەخسی.

دیارە فتواکەش، هیچ جیاوازی لەگەڵ فتوای داعش نییە، بۆیە داعش لە یەکێتی زانایانی ئیسلامدایە، لە ناو خێڵی مەلای کۆنەپەرستدایە، دەسەڵاتیش بەرپرسی رەفتار و رەوتار و فتواکانی داعشە.

ناوەراستی دیسەمبەر ٢٠١٩

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٦ی بەرواری ١٥ دیسەمبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *