تاوانی کۆمەڵکوژی خۆپیشاندەران لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە نابێت بێ وەڵام بمێنێتەوە!
لە تاوانێکی کەم وێنەدا رۆژی هەینی ٦/١٢/٢٠١٩ کۆمەڵێك چەکداری تیرۆریستی سەر بە میلیشیاو گروپە چەکدارە ئیسلامیەکان بەئاگاداری و هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەرانی ( گۆڕەپانی خەلانی و پردی سەنەک) لە نزیك گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی عێراق و بەدەستڕێژی گولە زیاتر لە (٥٠) خۆپیشاندەریان کوشت و نزیکەی(٣٠٠) کەسیش برینداربوون کە برینی هەندێکیان سەختە. رۆژێك لەوەپێشیش کۆمەڵێكی دیکە لە چەقۆکێشانی ئیسلامی سیاسی بە چەقۆ و خەنجەر پەلاماری خۆپیشاندەرانیان دا لە نزیك گۆڕەپانی تەحریر و (١٦) کەسیان کوشت و زیاتر لە (٣٥) خۆپیشاندەریشیان بریندار کرد.
حکومەتی میلیشیایی ئیسلامی- قەومی- تائیفی عێراق کە کەوتۆتە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق و خرۆشانی جەماوەری خەڵکی بێبەش تا ئێستا توانیویەتی ئەم حکومەتە ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە بکات، ئەم حکومەتە هەموو هەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆئەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی خۆی بەسەر سەری خەڵکەوە بهێڵێتەوە. ئەمجارەیان و دوای ئەوەی هێزە بەناو ڕەسمیەکانی سەرباری کوشتنی زیاتر لە (٤٠٠) خۆپیشاندەرو بریندارکردنی نزیکەی ١٥هەزار کەس، نەیتوانی خۆپیشاندەران سەرکوت بکات بۆیە پەنای بۆ بەڵتەجی و شەبیحەکانیان برد تا خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران ناچار بە پاشەکشە بکەن.
ئەم مامەڵە مافیایی و چەتەگەریەی حکومەتی بۆرژوا کۆنەپەرستی ئیسلامی عێراق بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و جەماوەری ناڕازی، ململانێی نێوان جەماوەرو حکومەتی ئیسلامی سیاسی بردۆتە قۆناغێکی تازەوە. حکومەتی میلیشیایی عێراق بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە زەبری خرۆشانی جەماوەری بێبەش، سڵ لەئەنجامدانی هیچ تاوانێك دژی خەڵکی راپەڕیو ناکاتەوە. ئەو حکومەتە پەیامی خۆی وەرگرتووەو دەزانێت کە تاکە ڕێگەی لەسەر دەسەڵات مانەوەی “کوشتارو هێرش و سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیووە”. دەبێت جەماوەری شۆڕشگێری عێراقیش ئەم پەیامە وەکو خۆی وەربگرن و وەڵامی شایستەی بدەنەوە.
دروشمی( خۆپیشاندانی ئاشتی) و مانەوە لە گۆڕەپانەکانی (تەحریر و خەلانی و حەبوبی) ناتوانێت بێجگە لە کارەساتی زیاترو شکست هیچ شتێکی دیکە لەگەڵ خۆی هەڵبگرێت.
دەبێت جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیو مەیدانەکانی ڕووبەڕووبونەوە فراوان بکەنەوە بۆ هەموو گۆڕەپانی شارەکان و گەڕەکەکانی پایتەخت و کارگەو کارخانەو دامەزراوە حکومیەکان و زانکۆکان.
دەبێت دەست بکەن بە رێکخستنی خۆیان لە شوراو ئەنجومەنە جەماوەریەکاندا، لە هەموو گەڕەك و ناوەندێكی کارو خوێندن و خزمەتگوزاریدا… دەبێت لەو شوێنانەی بۆیان دەکرێت و هێزیان ئامادەیە خۆیان کاروباری گەڕەکەکان و دامەزراوەکان و خەستەخانەکان و زانکۆکان و کارخانەکان بەڕێوەبەرن.
دەبێت لەو شوێنانەی کە پێویستە بۆ پاراستنی خۆیان هێزی چەکداری جەماوەری دروست بکەن. نابێت رێگا بدەن عەشیرەتەکان و مەرجەعیەتی شیعە ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە. نابێت رێگا بدەن سوپاو هەندێک هێزی میلیشیایی ئیسلامی بەناوی پاراستنی خۆپیشاندەرانەوە گەمارۆیان بدەن و کۆنترۆڵیان بکەن تا دواتر بیان نێرنەوە ماڵەوە. دەبێت خرۆشانی جەماوەری ئێستا بەرەو شۆڕش و راپەرینی بەرفراوانی سەراسەری هەنگاو بنێت. رێگای سەرکەوتنی ئەم خرۆشانە جەماوەریە “قوڵکردنەوەی خەباتە تا ئاستی بەرپاکردنی شۆڕش و دامەزراندنی دەسەڵاتی شوراکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتكێش و حکومەتی شورایی”.
دەبێت ڕابەرانی کۆمۆنیست و ڕابەرانی جەماوەری و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق خۆیان و جەماوەری راپەڕیو بۆ بەجێ گەیاندنی ئەم ئەرکە ئامادە بکەن.
سەرکەوێت ڕاپەڕینی جەماوەری بێبەشی عێراق!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٧ی دیسەمبەری ٢٠١٩