لەعێراقەوە تا ئێران و لوبنان، ململانێیەك بە پانتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست …

بەیاننامەی هاوبەشی (٣) حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری
سەبارەت بە خرۆشانە جەماوەریەکانی ناوچەکە:

لەعێراقەوە تا ئێران و لوبنان، ململانێیەك بە پانتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئاگری ناڕەزایەتی بەرهەقی کرێکاران و خەڵکی بێبەش لە ئێرانەوە تا عێراق و لوبنان کڵپەی سەندووە. هەرسێ وڵات بوونەتە  مەڵبەندی ململانێیەکی پانوبەرین دژی سەرکوت، هەژاری و بێبەشی و دژی حکومەت و هێزە دەسەڵاتدارەکان. ریشەی ئەم ناڕەزایەتیانە، بەدەر لەوەی ئاکامەکەی چی دەبێت، یەك شتە: ئەویش ئەوەیە کە کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و گەنجانی ئەم کۆمەڵگایانە لەدەست هەژاری و بێمافی، نەبوونی ئاسایش و ئارامی و نەبوونی خۆشگوزەرانیەوە وەتەنگهاتوون و ڕایانگەیاندوە کە چیدی ئەم بارودۆخە تەحەمول ناکەن!

لەمێژە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە مەیدانی کێشمەکێشی نێوان هێزە سەرەکیەکانی دنیا و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی هاوپەیمانیان. سوریا و لیبیاو یەمەن وێرانکراون. خەڵکی عێراق، دوای هێرشی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و ئەو تاوانانەی دژی ئەو خەڵکە ئەنجامیان دا، ماوەی سێ دەیەیە، سەرباری شەڕ و وێرانکاری، نائارامی و تیرۆر، لەهەژاری و بێبەشی ڕەهادا ڕاگیراون. خەڵکی ئێران ماوەی چل ساڵە لەپێناو ئازادی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستەی مرۆڤ دا دژی دڕندەترین و سەرکوتگەرترین دەوڵەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لەململانێ و کێشمەکێشدان. ئەمڕۆ خەڵکی چەوساوە لە عێراق، ئێران و لوبنان هاتوونەتە مەیدان و لە دژی دەسەڵاتداران جەنگیان ڕاگەیاندوەو بێجگە لە هێنانەخوارەوەیان بەشتێکی دیکە ڕازی نابن.

ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچەکە، مەشخەڵی بزوتنەوەیەکی عەدالەتخوازانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بەزۆر پێناسەیەکی نەتەوەیی- مەزهەبی بەبەرداکراوە، داگیرساندوە و تیشکی ئومێدو هیوا لەسەراسەری ناوچەکەدا پەخش دەکاتەوە. ناڕەزایەتیە فراوانە جەماوەریەکان لە لوبنانەوە تا دەیان شاری عێراق و سەدان شاری ئێران، کەشوهەوای سیاسی ناوچەکەی گۆڕیوە. خەڵکی هەرسێ ووڵات بە دروشم و خواستی هاوشێوەوە لەپێناو ئازادی و یەکسانی دا هاتونەتە مەیدان. هەستی هاوچارەنوسی ئەو خەڵکە کە سەرجەم سنورە درۆزنە” نەتەوەیی و ئەتنیکی ودینی”یەکانی لەژێرپێ ناوە، ترسی خستۆتە دڵی هەموو دەسەڵاتداران و گروپە چەتەو تاوانبارو مرۆڤکوژە چەکبەدەستەکان. خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە، کرێکاران و چەوساوەکان، پێکەوە ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە بۆ عەدالەت، خۆشگوزەرانی و ئازادی و کۆمەڵگایەکی ئینسانی و ئارام هاتونەتە مەیدان. ئەوان خوازیاری بڕینی دەستی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو جیهان و هەموو تاوانبارە نەتەوەپەرست و مەزهەبی و بۆرژواییەکانن لە چارەنوسی خۆیاندا. ئەم ڕاستیە نەك هەر تەنها دەوڵەتە کۆنەپەرستە دەسەڵاتدارەکانی لەم سێ ووڵاتەدا هەراسان کردوە، بەڵکو سەرجەم کۆنەپەرستیی لە ناوچەکەو جیهانیشدا نیگەران و ناڕەحەت کردوە. ئەوان لەو شنەبای عەدالەتخوازی و یەکسانیخوازیە نیگەران و ناڕەزاحەتن کە ئەمڕۆ لەم ووڵاتانەدا هەڵیکردوە و چرایەکی ئومیدی لەسەراسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا داگیرساندوە.

سەرکەوتنی ناڕەزایەتیەکان و خەباتی ئەم قۆناغە لە هەرسێ ووڵاتدا بەستراوەتەوە بە دابینبوونی ئاڵا و ئاسۆی ڕۆشنی سیاسی و ڕادیکاڵەوە، بە یەکگرتوویی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانەوە، بە سەربەزکردنەوەی یەکگرتوانەی چینی کرێکارەوە، بە دابینکردنی ڕابەرایەتی بۆ ئەم ناڕەزایەتیانە لەلایەن کرێکارانی کۆمۆنیست و حزبە کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکارەوە.

ئێمە سێ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق و ئێران حیکمەتی- خەتی ڕەسمی، وەکو سێ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەناوچەکەدا، دابینکردنی ئەو ڕابەرایەتیە بە ئەرکی خۆمان دەزانین. ئێمە بەهەموو توانامانەوە هەوڵ دەدەین ئەم بزوتنەوەیە کە لەپێناو خۆشگوزەرانی و ئازادی و یەکسانی و ئارامی و خۆشبەختیدا بەڕێکەوتوە، بەسەرکەوتن بگەیەنین.

ئێمە هەموو کۆمۆنیستەکان، هەموو ڕابەرانی دلسۆز و هوشیاری چینی کرێکار، هەموو ژنان و لاوانی چالاک و رادیکاڵ بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی سەرکەوتنی ئەم ناڕەزایەتیانە لەڕێگای یەکگرتووبوونەوە لەدەوری ئاڵای ئازادیخوازانەی کۆمۆنیستی خۆمان بانگەواز دەکەین. گومان لەوەدا نیە کە سەرکەوتنی ناڕەزایەتیە یەکسانیخوازانەکانی هەرکام لەم ووڵاتانە دەبێتە مژدەبەخشی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی حیکمەتسیت-خەتی ڕەسمی    

٥ی دیسەمبەری

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *