ناسیونالیزمی کورد و هەمواری دەستور …

عەبدوڵا مەحمود ….

لە ژێر گوشاری خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراقدا، حكومەتی عادل عەبدلمەهدی بریاری هەمواری دەستور یدا. لەبەرامبەر بەو بڕیارەدا حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئارامیان لێ بڕاوە. لەلایەکەوە ترسیان هەیە عادل عەبدول مەهدی فریای ئەنجامدانی دەستور نەکەوێت و دەست لەکار بکێشێتەوە، کە ئەمەش ریسی رێکەوتنامە دڵخوازەکانی لەگەڵ هەریم دەکاتەوە بەخوری و دیار نییە ئایندەی پەیوەندی هەرێم و بەغدا چی بەسەر دیت. لەلایەکی تریشەوە ترسیان لەوەیە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە بە روخاندنی حکومەت تەواو بێت و    ئاسەوارێک لە پەیوەندیەکانی پیشوی بەغدا بە هەرێمەوە نەمینێت و پرسی موچە ناردنیش و توشی هەڵپەساردن ببێت. جیا لەوانەش ترسی ناسیونالیزمی کورد لە پەڕینەوەی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ هەرێم، مۆتەکەیەکی ترە بۆ شڵەقاندنی ئەو گۆمی مەنگەی لەژێرەوە لەدژی دەسەڵاتی تاڵانچیان دەکوڵێت. ئەو ئەگەرانە هەموویان پێشبینی کراون و جیگای مەترسین بۆ دەسەڵاتی هەرێم…

لەناو هەموو ئەو ئەگەر و پێشهاتانەدا، پرسی هەموار کردنەوەی دەستور، مایەی هەراسانی بزوتنەوەی ناسیونایزمی کوردە. هەموو حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتیش حزبەکانی پیکهێنەری حکومەت!!  پەیتا پەیتا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هەموواری دەستور نابێت مافە دەستورییەکانی هەرێم، دەستکاری بکات. نابێ بێ بەشداری کورد!! دەستور هەموار بکرێت. لەوەش واوەتر زوربەی هەرەزۆری نووسەران و رۆژنامەنووسانی بۆرژاوزی کورد، بەوانەشەوە کە دەماری ملیان بۆ دژایەتی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی جار جار بەرزدە بۆوە، نیگەرانن لە هەمواری دەستورو چوونەتەوە سەر ئەسڵی خۆیان و ماڵە باوانیان، کە بزوتنەوەی شکستخواردووی کوردایەتییە.

هەروەکو چاوەڕوانکراوە، بزوتنەوەی کوردیەتی و حزبەکانی، هیشتا نایانەوێت لەوە حاڵی ببن، یان دان بەشکستی واقعی دەستوردا بنێن. دەستوری عێراق، لە هاوسەنگی هێزی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە برگەیەکی دیاریکراودا، نووسراوە. بۆیە دوبارە هینانە گۆری باسی هەمواری دەستور بەجیا لەوەی لە ژێر گوشاری خۆپیشاندانەکاندایە بۆ خاوکردنەوەی خۆپیشاندانەکانە، بەڵام بەپێی ئەو ئاڵوگۆرانەی لە ١٤ساڵی رابردوودا لە هاوسەنگی هێزەکاندا پیکهاتووە، ئاڵوگۆری تیا دەکرێت. لەو حاڵەتەشدا و بە پیگەیەی ئیستا ناسیونالیزمی کورد هەیەتی کە لەچاو دوای روخاندنی بەعس، زۆر لاواز بووەو هەر ئاڵوگۆر و هەموارێک بە زیانی خۆی تەواو دەبێت.

ئاڵوگۆر لە دەستوریکی دواکەوتوانەدا کەلەجێگای مافی هاوڵاتی بوون لەبەرامبەر یاسادا، لەسەر بنەمای قەومی و دینی و تایفی بەشی ئەوان نووسراوە. بەشی تاکی عێراقی دابەشی ناسنامە قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفیەکان کردووە. بەپێی ئەو ناسنامە داتاشراوانە، ئەوانەی کەمایەتین، ماف و دەسەڵاتی کەمتر و ئەوانەی زۆربە یان زۆرایەتین ماف و دەسەڵاتی زۆر و زۆرتریان هەیە… بەمەش مافی تاک و پێگەی هاوڵاتی، کراوەتە قوربانی ئەو ناسنامانە و لەوەش زیاتر خوڵقاندنی ژینگەی قوڵکردنەوەی ناسنامە قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفیەکان… لەوەها حاڵەتێکدا و لەهاوسەنگی باڵانسی هیزی ئیستادا، بزوتنەوەی کوردایەتی دەبێتە قوربانی، بەتایبەتیش کەبزوتنەوە سیاسییە دینی و قەومیەکانی عێراق، هیچ تەبایی و لێکچوونیکیان لەگەڵ پوچترین دیموکراسی باوی بۆرژوازی نییە.

ناسیونالیزمی کوردیش بە پێی هەمان لۆژیکی دابەشکاری قەومی، کە لەلایەکەوە سەرچاوەی شەق شەقەکردنی کۆمەڵگەی عێراق و لەلایەکی ترەوە سەرچاوەی کیشە و ململانێ نەبراوەکانی نیوان هەولێر و بەغدایە، دەیانەوێت دەستور بەم شیوەیەی ئیستا، پەیوەندی نیوان بەغدا و هەولیر و مافە دەستورریەکانی! هەریمی کورد نشینی فیدراڵ، بەدەست لێنەدراوی بهێڵێتەوە. هیشتا دڵیان بەو دەستورە خۆشە، کە رۆژانە باسی پیادەنەکردن و جێبەجینەکردنی دەکەن…

ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی، وەکو لێیان چاوەروان دەکرێت، هیچ ئاماژە و پیداگرییەکیان لەسەر ئەوەنییە، کە دەبێ دەستور مۆدێرن بکرێت، مافی هاوڵاتی مەبنا بێت، یاسای بەرابەر باڵ بکیشێت بەسەر تاک بەتاکی هاوڵاتیان بی گویدانە ناسنامە دینی و قەومی و تایفی و مەزهەبیەکان، بیگویدانە زۆرایەتی و کەمایەتی… بەڵكو ئەوان پیش وەختە لە دیدی ناسنامەی قەومییەوە وێلی بەشی خۆیانن لەدەسەڵاتدا، بێ لەبەرچاوگرتنی ناوەرۆکی ئەو دەستورەو توانایی جێبەجێ بوونی.

بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، لەژێر سایەی هیچ هەلومەرجێك و دۆخێکدا، بۆ یەکجاریش ئامادەنین، روویەک، گۆشەیەک، لە ئازادیخوازی نیشان بدەن یان ئاوڕێکی لێبدەنەوە… ئەمەش خۆ بەشێکە لە ناسنامەی کۆنەپەرستانەی ئەم بزوتنەوە بۆرژوازییەی کورد.

خەڵکی عێراق لە خۆپیشاندان و راپەرینەکانیاندا، سنورە دەستکردەکانی دین و مەزهەب و تایفیەکانیان، حزب و لایەنە سیاسییەکانیان، رەمزو کەسایەتیە فوتێکراوەکانیان، تێپەڕاند. بە ملیۆنان کەس بەدژی دەسەڵات و ئەو حزب ولایەن و کەسانەدا،  بێ گوێدانە ناسنامە دینی و مەزهەبی و تایفیەکان و هات و هاواری حزب و رەوتە سیاسیەکان،  هاواری کۆتایی هێنان بەدەسەڵات دەکەن رادەگەیەنن، کەچی ناسیونالیزمی کورد لەجێگای ئەوەی ئەوە بە نیعمەتێک بزانێت، و لە نیویشدا پرسی هەمواری دەستور لە تەوافوقی و مۆر و نیشانی قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفی، دابتەکینرێت. دەستور بنەماکەی ببێت بە ناسنامەی هاوڵاتی بوون و سەنەدێکی مۆدێرن و ئازادیخوازنە. زۆرایەتی و کەمایەتی، مەبنای دەسەڵات و رادەی مافەکان، دیاری نەکات. لەجێگای ئەودا وێڵی مافی ” کورد” !!ن. بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، نووسەرانی مۆڵەپێدراویان، مافی کورد لەدەستورێکی مۆدێرندا نابینن، بەڵکو بەدوای هەمواری دەستورێکەوەن کە ئەوەی ئیستایان بەدەست لێنەدراوی بۆ بهێڵێتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەم دەستورەی ئیستا، نەک نەبۆتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هاوڵاتیان عێراق و دیاریکردنی یاساو ریساکان و ماف و ئەرکی دانیشتوان، بەڵکو خۆی سەرچاوەی دابەشکاری، بیمافی و هەڵاواردنی قەومی و دینی و ریشەی بە فەرمی کردنی نابەرابەری حقوقی هاوڵاتیانە.

ئاڵوگۆر یان هەمواری دەستور، ئەگەر لە رێڕەوی پیشڕەوی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئیستای عێراقدا و بەسەرکەوتنی ئەو بزوتنەوەیە گرێ بدرێت، و بچێتە پێشەوەو دەستی بۆ ببرێت، هەموو پایە بنەرەتییە داوکەوتوو، هەڵاواردن ئامیز، کەدەستوری لەسەر بیناکراوە، دادەڕوخێت و زەمانەتی دەستورێکی مۆدێرن لەسەر پایەی ئازادیخوازی و ئینسان دۆستی و یاسای بنەرەتی مافی هاوڵاتی بوون، پیدەگرێت. بزوتنەوەی کوردایەتی کە ناکۆکی لە چارەهەڵنەگری لەگەڵ دەستورێکی ئاوا ئازادیخوازانەدا هەیە، وەکو باقی هیزو رەوتە قەومی و دینییەکانی مەزهەبی و تایفیەکانی عیراق، خۆی وەکو قوربانی دەبینێ. بۆیە نیگەرانی ناسیونالیزمی کورد، نیگەرانییە لە سەرکەوتنی بزوتنەوەی شۆرشگێرانە لە عێراقدا، و هاوکاتیش لە ئاڵوگۆری دەستوردا لە ژێر هەژموونی ئەم بزوتنەوە و راپەرینەی عێراقدا. بزوتنەوەی کوردایەتی نەک هەر چارەنووسی خۆی بە بوونی رەوتە سیاسی و کۆنەپەرستە قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفیەکان و دەسەڵاتی ئەوانەوە بەستۆتەوە هاوکات دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا بەدەست لێ نەدراوی و قابیلی ئاڵوگۆر نەبوون دەبینێ. وە هیچ ئامادەیەکیشی نییە بۆ ئاڵوگۆری خێرا لە عێراقدا. کە دەتوانین ئەم مامەڵەی ناسیونالیزمی کورد وەکو داخرانی ئاسۆی داهاتوی سیاسی ئەو ببینرێت… خەریکە ئاڵوگۆرێکی بەرچاو گرنگ روودەدات لە ناوچە و عێراقدا، بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی رۆڵی چاودێر دەگێرن و لەچاوەروانیدان بێئەوەی هیچ پرۆژەیەکیان لەم دۆخەدا هەبێت… هەر بۆیەشە لە دیدی هەمواری دەستورەوە چاو لە ناوچەکە و عێراق دەکەن، بێنئەوەی لەوە حاڵی ببن، کە خودی دەوڵەتی عێراق و سیستەمی سیاسی بە دەستوریشەوە لەبەردەم ئالوگوڕی جدیدایە، کە ئەم ئاڵوگۆرە کاریگەری زۆر بەرجەستەی لەسەر وەزعی سیاسی کوردستان و ئایندە سیاسیەکەی دەبێت.

خەڵکی کوردستانی عێراق، ئەرکیانە لە نیوان بزوتنەوەی ئازادیخوازانەو شۆرشگێرانەی عیراق و دەسەڵاتی گەندەڵ و شکستخواردوی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، خۆیان بەبەشیک لە بزوتنەوەی شۆرشگێری عێراق بزانن و لەو نێوەشدا بڕوانە داهاتووی عێراق و دەستور و هەمواری دەستور.

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *