ڕۆژانی شهممه و یەک شەممە ١٦ و١٧ ی نۆڤمبەری ٢٠١٩ کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەندامانی حزب کە لە وڵاتهكانی (کەنەدا، ئوسترالیا، وڵاتانی ئەسکەندەناڤی، هۆڵندا، سویسرا، ئیتاڵیا و بەریتانیا..) هوه هاتبوون و بە بەشداری عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتە ناوەندی و وەفدی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و ژمارەیەکی بەرچاو لە دۆستان و هاوڕێیانی حزب، لە شاری هلسنکی پایتەختی فنلاند بەرێوەچوو.
کۆبوونەوەکە لەلایەن لیژنەیهكهوه کە لە هاوڕێیان (ئاڵا فەرج، نوری بەشیر و دەشتی جەمال) پێکهاتبوو بهڕێوهدهبرا. سهرهتا بە سرودی ئەنتەرناسیونال و دەقەیەک راوەستان بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی ڕێگای ئازدی و سۆشیالیزم دەستیپێکرد. دهستپێك و كردنهوهی كۆبوونهوهكه وتهیهك بوو كه لهلایهن دەشتی جەمال بەرپرسی رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانهوه پێشكهش كرا. بەدوا ئەوەدا کامیل ئەحمەد بەرپرسی رێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق پهیامی بۆ کۆبوونەوەکە پێشكهش كرد. هەروەها نامەی محسن کەریم سەبارەت بە گرنگی و جێگاوڕێگای ئەو کۆبوونەوەیه لە ژیانی سیاسی حزبدا لەلایەن نوری بەشیرهوه خۆێندرایەوە.
تەوەری یەکەمی دەستوری باسەکان تەرخانکرا بۆ هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و کوردستان و ئەو ئاڵۆگۆڕە سیاسیانەی لە ناوچەكهدا پێشهاتوون بەتایبەتی تەوژمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان و کاریگەرییان لەسەر کوردستان و پێویستی و چۆنیەتی دەور و دەخاڵەتی حزب و کۆمۆنیزم لە رێکخستن و رابەریکردنی ئەو توڕەیی و ناڕەزایەتیانەدا. شایهنی وتنه كه بەشداری چالاكانهی هاوڕێیان بە پرسیار و سەرنجەکانیان باسەکەیان گەرموگوڕ ڕاگرت و لەسەر گرنگی و چۆنێتی خۆئامادەکردنی حزب لەو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتانەدا بە درێژی قسەوباسکرا.
تەوەری دووهەم دەستوری باسەکان بۆ ئەولەویاتی شەش مانگی داهاتووی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حزب لەچوارچێوەی ئەو نەخشەڕێگایەدا و ئەو ئەركانەی کە دەکەوێتە سەر شانی حزب و رێکخستنەکانی لەلایەن دەشتی جەمالەوە خرانهڕوو. پاشان بەرپرسیارانی ڕێکخستنەکانی حزب و ئەندامان و دۆستانی حزب ڕێگاکانی بەسەرئەنجامگەیاندنی ئەو نەخشەکارەیان تاووتوێ کرد.
کۆبوونەوەکە رۆژی دووهەمی دەستوری باسەکانی تەرخانکرد بۆ بەرنامەی بەرپرسی کۆمیتە و ڕێکخستنەکانی وڵاتەکان بۆ قسەوباسکردن لە نەخشەکار و چالاکیەکانی حزب لهو وڵاتانە و هەروەها کێشە و گرێوگۆڵەکانیان و ئامادەییەکان بۆ کاری حزب باسیان لێوهكرا. بەشێکی دیکەی قسەوباسەکان تەرخان کرا بۆ هاوڕێ جەمال محسن سەرنوسەری گۆڤاری دیدگای سۆشیالستی و ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزب لەسەر گرنگی و جێگاوڕێگای ئەو گۆڤارە بۆ حزب و كۆمهڵگا. ئامادهبووانیش بهشداریهكی بهرچاویان لهم بهشهدا كرد بۆ چۆنێتی برهوپێدان و گهشهپێدانی گۆڤارهكه.
ههر له ههمان ڕۆژدا بوار درا به جومان محەمەد كه یەکێک بووه لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی دیوانیە و نەجەف تاكو له نزیكهوه لەسەر نموونە بەرجەستەکانی رووحیەتی هاوکاری خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوانی مەیدانی خۆپیشاندانەکان لە هەنگاو بەهەنگاو چوونە پێشەوەی داواکاریەکان و وەلانانی رموزە دینیەکان و پیاوانی ئاینی، خواستی ژیان و کەرامەت و ئازادی و ئارامی و کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی تائیفی و ئیسلامی سیاسی و میلیشیایی و کۆتاکردنی دەستی دین لە کاروباری سیاسی و حوکمڕانیدا کە كرۆكی ناڕەزایەتیەکان پێک دێنێت بۆ بەشداربووانی کۆبوونەوەکە قسهوباس بكات. هەروەها ماوەیەکیش تەرخانکرا بۆ مامۆستا شێرزاد فاتح لەسەر کار و ئهزمونهکانی خۆیان لەسەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵان و ئەو کۆمەکانهی بە ژنان و مناڵان کراوە ڕوونكردنهوه بدات.
دوایین تەوەری قسەوباسی کۆبوونەوەی ڕۆژی دووهم تەرخان کرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڕابەری حزب و هاوڕێیان عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتە ناوەندی حزب و دەشتی جەمال ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب وەڵامیان بە پرسیار و پێشنیار و سەرنجەکانی ئەندامانی حزب و دۆستان دایەوە.
له دوا بڕگهدا وتەی کۆتایی بەرپرسی رێکخراوی دەرەوە پێشكهشكرا و به سرودی ئەنتەرناسیونال كۆتایی به كۆبوونهوهكه هات. بهمجۆره و دوای دوو رۆژ لە قسەوباس و تاوتوێكردنی هاوڕێیانە، کۆبوونەوەکە لە نێو شۆڕ و شەوقی ئامادەهبوواندا بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پەیام و ئەرکانەی کۆبوونەوەکەی ئاڕاستە دەکرد و به بڕوابەخۆبوون و بڕوا به حزب و ئامادەییهوه بۆ نەبەردی چینایەتی دژی بۆرژوازی بەگشتی و دژی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە کوردستان بۆ ئەرکەکانی ئایندە سەرکەوتووانە کارەکانی تەواوکرد.
رێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٩/١١/٢٠١٩