ساحەی تەحریری بەغداو دەوری ئافرەتان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا …

ئەکرەم عەبدوڵا

لە دوای 16 ساڵ لەدەسەڵاتی ئیسلامی و تائیفی و قەومی لە عێراقدا بۆ یەکەمین جارە بەوشێوە بەرفراوان و گشتتیە خەڵکی ناوچەکانی ناوەراست وخواروی عیراق خۆپیشاندان ئەکەن دژی دەسەڵاتە تاڵانچی و سەرکوتگەرەکەی ئیسلامی سیاسی کەسەر بە باڵی شیعە مەزهەبی  ئێرانن.

بە پێچەوانەی نەریتی باوەوە کە حیزبە ئیسلامیەکان سەپاندویانە بەسەر کۆمەلگەدا کە ئەبێت ئافرەتان لەماڵەوە بن و کەمتر دەر بکەون لەچاو پیاواندا، وە تەنانەت ئەو یاساو دەستورەشیان بەجۆرێک دارشتووە کە بەشی پیاو دووئەوەندەی بەشی ئافرەتە لەماف و ئازادیەکانیدا کە ئەمەش پشت بەستووە بەو میتۆدو فەرهەنگەی کە لەدەق و سەرچاوەکانیاندا بوونی هەیە. بەڵام هەر لەیەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکانەوە ئافرەتانی عێراق بە پێچەوانەی  خواست وئارەزوی حیزبە ئیسلامیە شیعە مەزهەبەکان بە شێوەیەکی چڕو پڕو و ڕاستەوخۆ بەشدارن لەگەل پیاوان و کوڕانی ئەو کۆمەلگەیە کە براو کوڕو هاوژینی خۆیانن، بەڵام حیزبە ئیسلامیەکان لەیەکتریان کردون بە دوژمن تا نەتوانن بەیەکەوە ببنە هێزێک و فشار بخەنە سەر دەسەڵات بۆ جێ بەجێکردنی خواستەکانیان، وە بتوانن لەو ڕێگەیەوە نیوەی کۆمەڵگە کە ئافرەتانن لە پیاوان جیابکەنەوە و بیانێرنەوە ماڵەوە و نیوەکەی تری کە پیاوانن ئاسانتر بتوانن سەرکوتیان بکەن.

حیزبە ئیسلامیەکان بە پشتیوانی دەسەڵات زۆریان هەڵلدا تا بتوانن ئەو بەشدارییەی ئافرەتانی عێراق لەکەدار بکەن بە بیانوی دروستکردنی بوختانی ناموسپەرستی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان، بەڵام هەرزوو ئەو درۆو دەلەسانە مایەپوچ مانەوە. تەنانەت رێکخراوەی مافی مرۆڤیش ئەوەی دوپات کردەوە کە لەوکاتەوەی کە خۆپیشاندان دەستی پێکردووە تا ئەم ساتە وەختە بۆیەک جاریش دەستدرێژی بۆسەر ئافرەت نەکراوە کە ئەمە لە 2003 یەکەم جارە ئافرەت بەو ڕادەیە بێتە ناو گۆرڕپانی خۆپیشاندانەکانەوە بەم شێوە بەرفراوانەو هیچ شتێکی نامۆ تۆمار بکرێت، لەکاتێکدا لە ڕۆژانی ئاسایدا لەپێش ئەم خۆپیشاندانانە بە دەیەها جۆر  دەستدرێژی و سوکایەتی لە شوێنی ژیان و شوێنە گشتیەکاندا بەرامبەر ئافرەتان تۆمار ئەکرا.

ئافرەتان لەم خۆپیشاندانانەدا نەک هەر بەشدارن، بەڵکو کاروچالاکی و ئەرک وفەرمانیش ئەگرنە ئەستۆ بە دابینکردنی پێداویستە تەندروستیەکان و چارەسەرکردنی بریندارەکان و دابینکردنی خواردن و خواردنەوەو هاوکاری کردنیان بۆ رزگاربونیان لە گازی فرمێسک ڕژێنە توندەکانی پۆلیس و پیاوەکانی تری دەسەڵات.

زۆرجار کار کاری وا ئەنجام ئەدەن کە ئینسان ناتوانێت بە هیچ وشەیەک ئەو هەستە دەرببرێت بۆیان.  دکتۆرێکی ئافرەت کە لە شوێنێکی زۆر بەرزە بریندارێکی کوڕ بە هەڵگرتنی لەسەر پشتی رزگاری ئەکات وئەیهێنێتە خوارەوە. شەوانە لەسەر  قەراغ جادە ئەخەون بێ ئەوەی هیچ کەس بیر لەوە بکاتەوە کە ئەمانە ئافرەتن و دەستدرێژیان بکرێتەسەر یان  ئیهانەو سوکایەتیان پێبکرێت، بەلکو بە پێچەوانەوە جێگەی رێزو خۆشەویستی هەموو خۆپیشادەرانن و بگرە هاوکارو دەوری سەرەکی ئەبینن لە خۆپیشاندانەکاندا.

16 ساڵە حێزبە ئیسلامیەکان هەوڵی زۆریان داوە کە ئەم کائینە زیندووە بە کەم ئەقل  و زەعیفەو هیچ لەباراندا نەبوو نیشانی کۆمەلگە بدەن و بیکەن بە ئیدەی گشتی کۆمەڵگە. وای نیشان بدەن تەنها بۆ خزمەتی پیاو و وەچە نانەوەو پەروەدەکردنیان و خواردن دروستکردنی ناوماڵ و سێکسی پیاو ئەگونجێن، بەڵام بە بەشداریان لەم خۆپیشاندانانە بەم شێوە بەرفراوان و گشتیە هەموو ئەو میتۆدو بیروبۆچونانەیان خستە ژیر پێکانی خۆیانەوەو  ئەوەشیان سەلماند نەک ئەوان ئەو کائینە نین کە ئیسلامیەکان وێنایان ئەکەن، بەڵکو بگرە توانای داهێنان و هاوکاری جدیشیان هەیە شان بە بەشانی پیاو لە کۆمەڵگەدا هەر وەکو ئەوەی کە رۆژانە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن ورۆژنامەو دەزگا راگەیاندنەکانی تردا ئەیان بینی. مێژوی بەشەریەت پرە لە نەبەردی و لێبراوی و تێکۆشانی ئافرەتانی جیهان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

پرسیارێک لێرەدا خۆت قوت ئەکاتەوە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە حیزبە ئیسلامیەکان بیان کردایەو ئەوان دەستی باڵایان هەبوایە لە رێکخستن و ئیدارەکردن و رێنوینی کردنیدا چی سەروسیمایەکی ئەبوو؟ وە چی ئەگوزەرا لەناو خۆپیشاندەراندا؟

هەموومان شاهیدی ئەوەین لە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامی عێراقی و دەستورە کۆنەپەرستەکەیەوە چ ئیهانەو سوکایەتی بە کۆمەلگە بە گشتی و بە ئافرەتان بە تایبەتی ئەکرێت. لەماوەی دەسەڵاتیاندا جۆرەها شکل  وشێوەی زەواج وەکو زەواجی متعەو سیغەو چەند ژنەو  ئیغتیصابی مناڵان بەناوی زەواجەوە بێمافی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان لەچوارچێوەی دەستورەکەیاندا لەژێر رۆشنایی شەریعەت و دەقەکانی قورئاندا بۆ ئافرەتاندا خوڵقاند، بەڵام یەکێک لەسەرو سیما ناسراوەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەوەیە بە توندی دژی سوننەتە مەزهەبیەکان و حیزبەکانیانن. بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەن نە پیاوانی ئاینی و نە سەرکردەی حیزبە ئیسلامیەکان و نە قسەکەرەکانیان بێنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە کە ئەمە بە رێچکە شکاندنێکی گەورەو ناوازە حیساب ئەکرێت لە مێژوی تازەی عێراقدا.

کاتێک کە ئینسان ئەگەرێتەوە بۆسەر لاپەرەکانی مێژووی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامیەکان بۆمان رون ئەبێتەوە ئەوەی کە ئێستا ئافرەتانی عێراق لە خۆپیشاندانەکاندا نمایشی ئەکەن 180 دەرەجە پێچەوانەی ئەو فەرهەنگ و کلتورو میتۆدەیە کە ساڵەهایە حیزبە ئیسلامیەکان ئەیانەوێت بە باڵای ئافرەتانی ئەو کۆمەڵگەیەی ببرن و لەم پێناوەشدا  لەماوەی ئەم 16 ساڵەدا ملیۆنەها دۆلاریان خەرج کردووە، بەڵام ئافرەتانی عێراق تەنها لە17 ڕۆژدا هەموو ریسەکەیان لێ هەڵوەشاندنەوە. ئەمە خاڵێکی درەوشاوەو پۆزەتیفە لەناو خۆپیشاندانەکاندا و جێگەی پشتگیری تەواوەتی هەموو ئازادیخوازانی عێراق ناوچەکەو جیهانە. وە ئەمە ئەو راستیە دوپات ئەکاتەوە کە ئینسانەکان ئەگەر فشاری یاساو دەزگا داپلۆسێنەرەکانی لەسەر نەمێنیت، هەرگیز دەسەڵات ناتوانێت کۆمەڵگە بە پێی یاسا کۆنەکانی بیابان و سەدەکانی ناوەڕاست بچەرخێنێت.

ئێمە بینیمان لە خۆپیشاندانەکانی ساحەی تەحریری میسر لەکاتێکدا کە ئیخوانەکان بەرێوەیان ئەبرد کە چۆن ئیهانەو سوکایەتی بە ئافرەت ئەکراو بەبەرچاوی هەموو ئەو حەشاماتەی ناو بازار دەستدرێژی ئەکرایە سەر ئافرەتان بەتایبەتی ئەوانەی کە غەیرە موسڵمان بوون.

ئیسلامیەکانی میسر هەوڵیان ئەدا بە هاندانی ئافرەتان کە زەواجی کاتی  (متعە) لەگەڵ کوڕانی ناو گۆرەپانەکە بکەن تا بەو هۆیەوە هەوڵی مانەوەو بەشداریکردنی گەنجان لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر بکەن و ببنە فشار بۆسەر دەسەڵات، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی ک  گفتوگۆ لەگەڵ چەند ئافرەتێک کرا کە ڕازی نەبوون هەڵسن بەو کارەو ئەوان کەوتنە هەڵوێست وەرگرتن و ئیدانەکردنی ئەو کارەی کە ئیسلامیەکان ئەیان کرد لە دەزگا راگەیاندنەکانەوە.

بۆیە ئەگەر ئێستا لە ساحەی تەحریری بەغداد باڵادەست ئیسلامی سیاسی بوایە، سەدەها جۆر ئیهانەو سوکایەتی بە ئافرەتان ئەبیندرا. ئافرەتان ئەبوایە زۆر بە ترسەوە بچنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە چ جای ئەوەی کە شەوانە لەسەر جادەکان بمێننەوە لەگەڵ هاوچارەنوسەکانیان کە پیاوانن، یان لەسەر شۆستەی جادەکان بخەوتنایە. ئەبوایە  ئەو ئافرەتانە ڕووبەڕووی چ دەستدریژی و سوکایەتیەک بونایەتەوە؟ بەڵام ئێستا ئەوە بۆ 17 رۆژ ئەچێت هیچ قسەیەک نە لەسەر نەشکڵ و شێوەو و نە جل و بەرگ و نە دەستدرێژی و نەسوکایەتی نییە بەرامبەر ئافرەتان کە بەشداری ڕاستەخۆن لە خۆپیشاندانەکاندا.

بۆیە ئافرەتان سەلماندیان، نەک کەم ئەقل و لەشیان عەورەتەو قژیان نەگبەتی ئەهێنیت بۆ کۆمەڵگە. کاتێک تاڵێک مویان دەرئەکەوێت و دونیا وێران ئەبێت هەروەک پیاوانی ئایینی و حیزبە ئیسلامیەکان کە بەپشت بەستن بە سەرچاوەی دەقەکانیان ئافرەت وێنا ئەکەن، بەڵکو مەدەنیەت و پێشکەوتنخوازی و سیمای کۆمەلگەیەکی شارستانیان نیشانی هەموو جیهاندا.

لەماوەی 16 ساڵی  دەسەڵاتی حیزبە ئیسلامی و قەومیەکانی عێراقدا ئەوە بۆ یەکەمین جارە ئافرەتان ئاوا  بڕژێنە ناو گۆرەپانەکانەوەو هەست بە ئەمنیەت و ئاسایشی خۆیان بکەن بێ ئەوەی هیچ کەس بیر لەوە بکاتەوە بە چاوێکی کەمتر تێیان بروانیت و ئیهانەو سوکایەتیان پێبکات.

ئافرەتان تەنها بە بەشداری ڕاستەوخۆی خۆیان ئەتوانن بەشە ماف و داواکاریەکانییان لە ئابوری و سیاسی وکۆمەلایەتی بەدەست بهێنن، نەک دوورکەوتنەوەیان لە مەیدانی خەبات و هێشتنەوەیان لە چوارچێوەی میتۆدو دەقێك کە  ئینساهایەک دایانناوە کە  1400 ساڵ لەمەوبەر ژیاون و لەگەڵ ئەم سەردەمەدا نامۆن، و ناگونجێن لەگەڵ ژیانی شارستانی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو ئەو ئالوگۆڕە گەورەو بەرفراوانەی کەهەموو مەیدانەکانی ژیانی داگیر کردووە.

9/11/2019

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *