لەچاوەروانی بەغدادیەکی تردا!…

عەبدوڵا مەحمود

لە ٢٧ ئۆکتۆبەردا، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بەناوی”کایلا مۆلەر” ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی ئیسلام و داعش لەشاری ئیدلیب لە باکوری رۆژهەلاتی سوریا، کوژرا. بیگومان کوژرانی بەغدادی و بەغدادیەکان، مایەی دڵخۆشی هەر ئینسانێکە کە کارنامەی خوێناوی ئیسلامیەکان و رابەرانیانیان، بەرچاوی کوێر نەکردبن.

ئەبوبەکر بەغدادی یەکێک لەسەرە تاوانکارەکانی ئیسلام و داعش، لەسەرەتای هەزارەی سێهەمدا بوو. یەکێک لەو ئینسان کوژانەی لەڕێگای رێکخراوەی داعشەوە، ڕوبارێکی گەورەی لە خوێنی هاوڵاتیان هەڵبەست و دەستی لە هیچ تاوانکارییەک نەپاراست کە لە میژووی ئیسلامدا، رەوایەتی پێدراوە.

بەغدادی و داعش، ئەلگۆ و فۆرمێکی عەیار بیست و چواری ئیسلامی بوون، کە لەژیر سایەی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری هاوچەرخدا خۆیان نمایش کرد و بوونە بەشێک لە میژووی ڕەشی ئیسلامی هاوچەرخ و مێژووی ڕەشی دەسەڵاتی سەرمایە.

پێگرتنی داعش، لەسەر هەمان زەمینە بوو، کە ئیخوان موسلمین پێی گرت، لەسەر هەمان کێڵگە بوو کە قاعیدە و تاڵیبانی هێنایە بوون، لەسەر هەمان ژینگە بوو، کە نیزامی هاری سەرمایەداری خوڵقاندویەتی.

کوشتنی ئوسامە بن لادن و پاشان زەرقاوی و ئەمجارەش ئەبوبەکر بەغدادی… هیچ لەو راستیە کەم ناکاتەوە، کە کارخانە و کۆمپانیاکانی دروستکردنی مۆرەکانی ئیسلام، کە هاوکات پێداویستی ناچاری خودی نیزامی سەرمایەدارییە، دەچەرخێت.

ئوسامە دەکوژرێت و زەرقاویەکی پاکەتی و درندەتر بە تایبەتمەندی نوێوە، سەرهەڵدەدات. زەرقاوی دەکوژرێت و بەغدادیەکی هەوسارپچراو تر و بە تایبەتمەندی نوێوە دەبێتە ملۆزمی سەر ئینسانیەت، بەغدادی کوژراو بەغدادی دواتر بە تایبەتمەندی تازەتر و ویستی ئیسلام و سەرمایەوە لە گۆشەیەکی ترەوە سەر دەردێنێ.

ئەمریکا و غەرب… لایەنیکی سەرەکی دروستکردنی لانەکانی ئیخوان، قاعیدە و تاڵیبان و داعشن،… سەرچاوەیەکی سەرەکی سەرهەڵدانی ئوسامە و زەقاوی و بەغدادیەکانن. ئەو هۆکارو ژینگەیەی ترامپ و ئەردۆغانەکان و بەرهەم دەهێنی، هەمان ئەو ژینگەیەشە کە ئوسامەو بەغدادیەکان بەدوای یەکدا دەخاتە سەرشانۆی ململانێی و بەیەکدادانەکانی سەردەم.

ئیسلامی سیاسی بەوێنەی رەوتێکی تیرۆریستی، نادەوڵەتی و بە پشتیوانی دەوڵەتانی ئیسلامی و دیکتاتۆرە چنگ بەخوێنەکان، لەگەڵ تیرۆریزمی نێودەوڵەتی کە دەوڵەتی ئەمریکا سەردەستەیەتی و غەرب پشتیوانی بێدرێغیەتی… چەندین دەهەیە کۆمەڵگەی ئینسانیان، لەگەڵ گەورەترین تاوانکاری و خوێنڕێژی بێ کۆتا و بێ سنور روبەڕووکردۆتەوە.

ملهوری و وەرێخستنی جەنگ و دەستێوردانی سەربازی و جاسوسی ئەمریکا و غەرب لە تەواوی گۆشەو کەنارەکانی دنیادا، بەتایبەتیش لەوڵاتانی گیرۆدە بە ئەزمە و دەرگیر لە جەنگ و نائارامی، رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، وە چوونە پشتی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تا ئەنیشک خوێناویەکان و بەرگرتن بەهەر هەوڵێک بۆ چارەسەری کیشەکانیان، ئەو ژینگەیەیە کەهەر دەورەیەک جۆرێک لە رەوتی ئینسان کوژی” فاشیستی، قەومی، دینی” بەرهەم دەهێنی. ڕەوتە ئیخوان موسلمینەکان و ڕیکخراوەی ئەلقاعیدە تا تاڵیبان و بۆکۆ حەرام و داعش، حوسیەکان…تاد، بەشێک لەو رەوتە ئیسلامییە ناسراوانەن، کە لەدەورانێکدا و لەچەقی ململانێی بلۆکی شەرق و غەربدا بۆ بەرامبەركی بەرەوتی چەپ و ئازادیخوازی لەلایەن ئەمریکا و غەربەوە دروستکران و لە دەورەیەکی تریشدا، و لە ئاکامی شکستی ناسیونالیزمی عەرەب لە وەڵامدانەوە بە گرفتە سیاسی و ئابورییەکان و لە نێویشیاندا کێشەی ئاڵۆزکاوی فەلەستن، بوونە بەشێک لەو هێزانەی داوای بەرەسمی ناسینی بەشی سیاسی لە ئارایشی سیاسی ناوچەکە بەتایبەتی تریش رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەکەن.

داعش و ئەبوبەکر بەغدادی لە دڵی ئەزمەی ناوچەکە و زۆر بەتایبەتیش لە جەرگەی وێرانکردنی عیراق و سوریادا، وە بە مۆردان و پشیوانیکردن لە ئەلگۆی حکومەتی قەومی و تایفی و دینی و مەزهەبی لەلایەن ئەمریکاو غەربەوە… هاتنە سەرگۆرەپانی سیاسی و ویستی دەسەڵات و پەیرەوی لەدەسەڵاتی ئیسلامی محەمەدیان کردە ئاڵای جیهادی ئیسلامیان و وەستانەوەش بەرووی هەر هێزێکدا کە ئەو خەونەیان بزرێنێت.

بەغدادی کوژرا، بەڵام هەمان ئەو هۆکارو ژینگە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەیەی کە گەرای ئەفراندنی بەغدادیەکان دەتروکێنێ، بە زیادەوە ئامادەیی هەیە. بۆ ئەوەی بەغدادیەکان و ئوسامەکان و رەوت گەلی ئیسلامی بمرن و کۆمەڵگەی ئینسانی هیچی تر گەواهی دڕندەییان نەبێت، پێویستە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پێگرتنیان، ژینگەی بەهیز بوونیان، لەبەین ببرێن.

کۆتاییهێنان بە دەخالەت و دەستێوردانی ئەمریکا و غەرب و زلهیزەکان و هێزە وەکیلە ناوچەییەکانیان لە وڵاتانی تر. کۆتاییهێنان لە پشتیوانی کردنی ئەمریکا و غەرب و زلهێزەکان لەوڵاتە دیکتاتۆرو چنگ بەخوێنەکان و دەوڵەتە ئیسلامییەکان و رەوتەکانیان لەململانیی نێو خانەوادەی بۆژوازی و بلۆک بەندیەکانیان. کۆتاییهێنان و ڕیگەگرتن لە دزینی شۆرشی ناوخۆیی وڵاتەکان بۆ کۆتاییهینان بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە سەرکوتگەرانە لەلایەن جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازەوە. کۆتاییهاتن بە تەمەنی ئەو وڵاتانەی کەسەرچاوەی یاساو رێساکانیان ئیسلام و دین و مەزهەبە. رەتکردنەوەی فۆرمی دەوڵەت لەسەر بنەمای قەومی، دینی، مەزهەبی و تایفی و چوونە پشت دەوڵەتی هاوڵاتی. کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دەوڵەت و وڵاتە ئیسلامیەکان. وە کۆتاییهێنان بە بێکاری و گرانی و هەژاری و بێمافی و جەنگ و کوشتار. وەڵامدانەوەی کارساز بە پرسی ئیتنیکی و لە پێشیانەوە پرسی فەلەستین، لەگەڵ گرتنەبەری رێگای گونجاو بۆ هوشیارکردنەوە و دەرگا ئاوەڵاکردن بۆ دەستراگەیشتینی هاوڵاتیان بە پێشکەوتنە زانستی و ئینسانیەکان… ئەوانە بەشێک لەو رێگاو دەروازانەن کە دەتوانێت، ژینگەی رەوت گەلی ئیسلامی و دروستکردنی ئوسامەو زەرقاوی بەغدادیەکان، لەبەین ببات.

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ 

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦٣ی ١ نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *