“ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە ڕوداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا”
دوابەدوای لەشکرکێشی دەوڵەتی بۆرژوا- فاشیستی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و کوشتاری کوێرانەی هاوڵاتیان و کاول و وێرانکردنی ماڵو حاڵیان و ئاوارەکردنی سەدان هەزار کەسیان، دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا کە بۆخۆی دەستی تورکیای ئاوەڵاکرد بۆ لەشکرکێشی، گوایە ئێستا بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیانی کورد لە کۆمەڵکوژی تورکیای هاوپەیمانی ناتۆی، رێکەوتنێکی لەگەڵ ئۆردوگاندا ئەنجام داوە.هەموو بەندەکانی رێکەوتنەکە لەبەرژەوەندی دەوڵەتی فاشیستی تورکیاو لەسەر حسابی خەڵکی ئەو ناوچانەو هێزەکانی هەسەدەیە کە تا چەند رۆژێك لەمەوبەر هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژی داعشدا.
بەپێی رێکەوتنەکە، دەبێ هێزەکانی هەسەدە بە قوڵایی ٣٢ کم لەسنورەوە بەرەو خاكی سوریا پاشەکشەبکەن و پشتێنەی ئەمنی لەو ناوچەیە دروست بکرێت کە لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەببرێت. ئەم بڕگەیەی رێکەوتنەکە مانای وایە کە بەبێ بەرگری دەبێ هەسەدە، لەسەر داوای ئەمریکا، ئەوناوچانە ڕادەستی هێزەکانی دەوڵەتی کۆنەپەرست و داگیرکاری تورکیا بکات!
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم هێرشەی تورکیا، هەسەدەی ناچارکرد لەگەڵ رژێمی دڕندەو مرۆڤکوژی سوریا، رژێمی بەشار ئەسەدی خوێنڕێژ، نزیک بێتەوەو ناوچەکانی کۆبانی و مینبەج ڕادەستی هێزەکانی رژێمی بەشار بکەن. بەمجۆرە ژنان و پیاوانێك کە بە بەرگری بێوێنەی خۆیان شەڕی ١٠٠ رۆژەی سوپای دڕندەی داعشیان کردو ئەفسانەی داعشیان تێكشکاند، بێئیرادە خرانەوە ژێر دەسەڵاتی شەبیحەکانی رژێمی بەشار و سوپا سەرکوتگەرەکەیەوە.
بەداخەوە، دوای ئەو هەموو قوربانیە دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و لەپێناو ژیانێکی ئارام و شایستەدا، خەڵکی کوردستانی سوریا دیسانەوە لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا، بە بەشداری ئەمریکاو ڕوسیا ئیرادەیان بەبارمتە گیراو لەنێوان کۆمەڵکوژی دەوڵەتی فاشیست و شۆڤینیستی تورکیاو تەسلیمبوون بە دەوڵەتی مرۆڤکوژی بەشار ئەسەد هەڵواسراوە. ئەم کارەساتە سیاسی و مرۆییەی ئێستا بەسەر خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا دێت، لە لایەنێکیدا بەرهەمی خۆبەستنەوەی هێزەکانی ناسیۆنالیستی کوردە بە ووڵاتانی ئیمپریالیستی و بەرژەوەندیەکانی ئەوان و ناکۆکیەکانی نێوان دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوە، کە هەمیشە ئامادەن لەپێناو قازانجی سیاسی خۆیاندا خەڵکی کوردستان و خەبات و قوربانیەکانی بکەنە قوربانی و ڕووبەڕووی کارەساتی بکەنەوە. ئەزمونی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی ئێران و عێراق و خودی تورکیاش هەمیشە شاهێدی ئەمجۆرە مامەڵەو بازرگانی پێوەکردنەبووە!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا سەرجەم پیلانی قێزەونی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ڕوسیا بۆ لهژێرپێنانی ئیرادەی خەڵکی کوردستانی سوریا و هەروەها هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی کۆنەپەرست و دڕندەی تورکیا دژی خەڵکی کوردستانی سوریا بە توندی سەرکۆنە دەکات، هاوکات ڕایدەگەیەنێ کە دەبێ بەبێ مەرج و دەستبەجێ هەموو ئەو ناوچەیەی دەوڵەتی تورکیا بەناوی ناوچەی ئارامەوە داگیری کردووە جێبهێڵێت. سەرباری ئەوەی پێمانیوایە کە وەستانی شەڕو راگرتنی لەشکرکێشی تورکیا بەهەرشێوەیەك بێت لە قازانجی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەیە و پێش بە کوشتاری خەڵك دەگرێ، بەڵام پێداگری لەوە دەکەین کە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا نابێ بەدەستی بەستراوەوە ڕادەستی رژێمە دڕندەو مرۆڤکوژەکەی بەشار بکرێتەوە. دەبێ خەڵکی ئازادیخوازی دنیا ئەم تاوانە قبوڵ نەکەن بەرامبەر بەو خەڵکەی کە هەزاران قوربایان داوە بۆ ئازادی و بۆ تێکشکاندنی داعش. خەڵکی کوردستانی سوریا شایستەی ژیانێکی ئازاد و ئارام و شکۆمەندن، ژیانێکی یەکسان و هاوچەرخ. داهاتویهکی ئاوا تهنها لهڕێگای بەرەنگاربوونەوەوخهباتێکی چینایهتی سهربهخۆو پشتبهستوو بهبهرهی ئازادیخوازی جیهانییهوه مهیسهردەبێت، کە هەرئێستا گۆشەیەکی لە پشتیوانی خۆی لەدژی پیلانی ئیمپریالیستەکان و لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر ئەو خەڵکە نیشانداوە. خەڵکی کوردستانی سوریا مافی خۆیانە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن. دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو مافەیان بۆ بەڕەسمی بناسێت کە لە ریفراندۆمێکی ئازادانەدا بڕیار لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆیان بدەن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٩/١٠/٢٠١٩