دوای ماوەیەکی زۆر لە دانوسان لەنێوان ئەمریکاو دەوڵەتی تورکیا، سەرەنجام ترامپ بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی دا‌و دەرگایەکی بۆ دەستێوەردان و هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پەیەدە کردەوە. ڕاستەوخۆ دوای ئەم بڕیارەش، حوکمه‌ته‌که‌ی ئۆردگان دەستی دایه هێرشی سه‌ربازی و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوریەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە بەمەبەستی ئامادەسازی بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە بۆ دابینکردن و بەهێزکردنی پێگەی خۆی و دەستێوەردانی زیاتری لە چارەنوسی سوریا‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، ئەگەرچی لەناوخۆی ئەمریکاو بگرە لەناو بەرپرسانی پایەبڵندی حزبەکەی و دەستوپێوەندەکانیدا مایەی ناڕەزایەتی بوو، بەو بەڵگەیەی کە ئەم کارە دەستی ڕوسیا لە ناوچەکەدا درێژدەکات و هاوکات هەندێکیان بە زیانگەیاندن بە متمانەی ئەمریکا لێکیان دایەوە، ڕاستەوخۆ نیشانه‌ی شکست و ناکام مانه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکایه له‌به‌رامبە دۆخی سیاسی سوریادا. هاوکات سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه کە ئەمریکاو تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری خۆیان، ساتوسەودایەکی سیاسیان ئەنجام داوەو ئەم بڕیارەی ترامپیش ئاکامی ئەو ساتوسەودایەیە. ساتوسه‌ودایه‌ک که بە نرخی داسه‌پاندنی جه‌نگو کوشتارو کاولکاری و ئاواره‌یی دانیشتوانی ناوچه کوردنشینه‌کان تەواودەبێت.
بەرپرسانی پەیەدە باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا خیانەتی لێکردوون، لەکاتێکدا ئەوان هاوشانی ئەمریکا شەڕی داعشیان کردوەو (١١) هەزار قوربانییان داوە. ترامپیش ڕایگەیاند کە ئەمریکا چەك و پارەی پێداون بەرامبەر بەوەی شەڕیان بۆ ئەمریکا کردوە! هاوکات پەیەدە ڕایگەیاند کە ئەوان ڕوو لە دەوڵەتی سوریا دەکەن بۆئەوەی لەگەڵیدا رێك بکەون. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو هەزاران چەکدارە دیلەی داعش لای پەیەدە کۆنترۆڵ نەکرێن و دووبارە ببنەوە بە مەترسی بۆ ناوچەکەو ئەوروپا. لەولاشەوە ئەوروپا بەتوندی دژی بڕیارەکەی ترامپ وەستایەوەو هوشداری داوە بە تورکیا بەرامبەر بە هەر هێرشێکی سەربازی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە. تەنانەت بەریتانیای دۆستی هەمیشەیی ئەمریکا نیگەرانیەکانی خۆی لەو بڕیارەو لە ئاکامەکانی نەشاردەوە.
ڕوداوه‌کانی ئه‌م ڕۆژانه‌ی کوردستانی سوریا، جارێکی تر ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنێته‌وه که ئه‌مریکاو هێزه ئیمپریالیستیه‌کان و ده‌وله‌تانی ناوچه‌که نه‌ک هه‌ر دۆست و پشتیوانی خه‌ڵکی ستەمدیدەی کوردستان نه‌بوون و نین وهیچ کاتێکیش له بەرنامەی ئەواندا نەبوە که داکۆکی له‌مافو ئازادیه‌کانی خه‌لکی کوردستان بکه‌ن، به‌ڵکو به‌رده‌وام کێشه‌ی کوردیان وه‌کو کارتێکی فشاری سیاسی بۆ گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان به‌ده‌سته‌وه گرتووه و سات‌و سه‌ودایان پێوه‌کردوه. له‌هه‌مانکاتدا ئەم ڕوداوانە جارێکی دیکە سیاسه‌تی پشتبه‌ستنی ناسیونالیزمی کورد‌و حزبه‌کانی له‌کوردستانی سوریا، به‌هێزه ئیمپریالیستی و کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌که و بردنه‌پێشه‌وه‌ی ستراتیژی سیاسی خۆیان له‌سه‌ر بنەمای درز‌و که‌لێنی نیوان ده‌وڵه‌تان، له‌مه‌حه‌ک دایه‌وه. ستراتیژیه‌کی سیاسی کە باڵەکانی دیکەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە عێراق و لە ئێران چەندین جار تەجروبەیان کردوە. خه‌لکی کوردستانی سوریا قوربانی سیاسەت و جه‌نگفرۆشی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکاو شکستی سیاسه‌تی ناسیونالیزمی کورده. نابێ خه‌لکی کوردستانی سوریا له‌م میحنه‌ته‌دا به‌ته‌نیا جێ بهێڵین. هاتنه‌میدانی خه‌ڵکی ئازادیخوازی جیهان ئه‌توانێت به‌ر به سیاسه‌تی له‌شکرکێشی ده‌وله‌تی تورکیا بگرێ و چاره‌نوسی دانیشتوانی ئه‌م ناوچه‌یه له مەترسی جه‌نگو کوشتارو ئاواره‌یی بپارێزێت.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەتوندی دژی هێرش و پەلاماری دەوڵەتی کۆنەپەرست و فاشیستی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا لە رۆژهەڵاتی فورات دەوەستینەوە. هەر جۆرە هەڕەشەو پەلاماردانێكی سەربازی بەناوی دروستکردنی ناوچەی ئارامەوە بۆسەر ئەو ناوچانە بە پێشێلکردنی ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچانە دەزانین و سەرکۆنەی دەکەین. دەوڵەتی تورکیا مافی ئەوەی نیە لەژێر هیچ بیانوویەکداهێرش بکاتە سەر دانیشتوانی ووڵاتێکی دیکە. دەبێ ڕای گشتی جیهان ئەوە قبوڵ نەکات و دامەزراوە جیهانیەکان رێگا لەم ملهوڕی و لەشکرکێشیە بگرن. خەڵکی کوردستانی سوریا مافی خۆیانە بە ئازادانەو بەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێ بە ئارامی بژین و دوور بن لەهەرجۆرە هەڕەشەو پەلامارێکی دەوڵەتی تورکیا و هەڕەشەی دەوڵەتی سوریا. خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان مافی خۆیانە لەرێگای ریفراندۆمێکی ئازادانەوە بڕیار لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆیان بدەن و هەر بڕیارێك لە سەروو ئیرادەی ئەوانەوە لە ڕوانگەی ئێمەوە پووچە!
نا بۆ هێرش و میلیتاریزمی دەوڵەتی تورکیا!
بژی ئیرادەی ئازادانەی خەڵکی کوردستانی سوریا!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٩-١٠-٢٠١٩