دوای دووساڵ بەسەر ریفراندۆمدا …

عەبدوڵا مەحمود

٢٥ سێبتەمبەر دووساڵ بەسەر ریفراندۆمی خەڵکی کوردستاندا تێپەڕی. لەو ریفراندۆمەدا سەرباری بەرگری و وەستانەوەی ژمارەیەکی زۆر بەرووی ریفراندۆمدا بە پاساوی سیاسی و بەرژەوەندخوازی حزبی و نەیار بوونیان بەپارتی لەو کاتەدا، جەماوەری فراوانی خەڵکی کوردستان بەشداریان لەو ریفراندۆمەدا کردو بە دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە، وەڵامیان دایەوە و ئیرادەی واقعی خۆیان داسەپاندە سەر ئیرادەی کڕدراو، ئیرادەی حزبی و کورتبینی سیاسی و غەوغای نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی و ئیکتیشافکردنی!! ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە ڕازی نین. وە بەبەشداریان پاساوی نەبوونی ژێرخانی ئابوری بەهێزو نایەککریزی “ناو ماڵی کورد” و نەبوونی سوپای یەکگرتوو… تاد. وەڵام دایەوە.

خەڵکی کوردستان بەبەشداری گەرم و گوڕیان لە پرۆسەی ریفراندۆمدا، ویستی لە مێژینەی خۆیان بۆ سەربەخۆیی ڕاگەیاند. بەپێچەوانەی ویستی حزبی، کە کێشەی خەڵکی کوردستانیان بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی ناوەندی بەدەستەوە گرتووە، و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندخوازی بۆرژوازی کوردەوە، نەخشەو سیاسەتی خۆیان بۆ پرسی لە مێژینەو ناوچەیی  کێشەی کورد، خستۆتە ڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسی ریفراندم و بەدەستەوە گرتنی، بەجیا لە کێ بەرکێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە‌هێزی لەگەڵ نەیارە سیاسیەکانی لەناوخۆدا، هاوکات خۆبەستنەوەی بوو بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە لە هەلومەرجێکی تایبەتی و لەدڵی ئاڵوگۆرێکی بەرجەستەی دوای شکستی داعشدا. پارتی لەڕیگای خۆ بەخاوەنکردنی پرسی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان و وەرێخستنی ریفراندۆمدا، دەیویست، رەوتی پێشگیری بە دووبارە بەخۆداچوونەوە نەخشەی دوای شکستی داعشی حکومەتی عێراقی بە شکست بکێشێت و کارتی ئاکامی ریفراندۆم بۆ سات و سەودا و سازان لەگەڵ بەغدا بەدەستەوە بگرێت، بەڵام ئەو تەماحەی پارتی و ئەو ئەجندایەی بەدوایەوە بوو، هیچ لەو ئیرادە و ویستە رەوایەی خەڵکی کوردستان کەم ناکاتەوە کە لەبەشداری لە ریفراندۆمدا بەدوایەوە بوون.

ئەو لایەن و هێزە سیاسیانەش کە بەدڵەراوکێ وە، لەگەڵ ریفراندۆم بوون و نەبوون، پشگیریان دەکرد و دژیشی بوون، ختوکەشیان دەهات و بەرگەی ختوکەکەشیان نەدەگرت، بەجیا لەوەی ڕەنگدانەوەی دۆخی پرکێشەی تەلاری رێکخراوەیی خۆیان بوو، هاوکات چوونە ناو کێبەرکیەک بوو لەگەڵ پارتیدا و لەوەش واوەتر چاوبرینە پاداشت بوون لەلایەن بەغداوە.

ریفراندۆم روویدا، وەکو پێشبینیش دەکراو دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە، لەدژی وەستانەوە. لەناوخۆی هەرێمدا بە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتیش ئێران، بەشێک لە یەکیتی نیشتیمانی قوڵیان خستە ناو قۆڵی سوپای عێراق بۆ گێرانەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەری داعش و چۆڵکردنی لەلایەن سوپای عێراقەوە کەوتبووە دەست هیزەکانی پیشمەرگەی کوردستان، و بە هاوکاری ئاشکرای بەشێک لە هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی، نەک تەنها ئەو شوێنانەی پێشتر لەدەست سوپای عێراقدا بوون، بەڵکو شاری کەرکوک” قودسی کوردستان” و لەوەش زیاتر قەڵەمرەیەکی فراوانتری ژیر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی گەڕایەوە بۆ ژێر سایەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بەغدا. لە کوردستانیشدا دەسەڵاتی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی کلک و گوێ کرا، تا ڕادەی ئەوەی وەکو ژمێریار و گوێ لەمستی بەغدا، حکومەت و دەسەڵاتیان بچەرخێنن. ئەم روداوانەش بەتەواوی باڵانسی هێزی بە سودی دەسەڵاتی ناوەندی گۆڕی. حزبە نەیارەکانی پارتی بەتایبەتیش ئەو باڵەی دەستپێشکەری لەقۆڵ خستنە ناو قۆڵی سوپای عێراق و گوێرایەکی بۆ قاسمی سلێمانی نیشاندا، لەگەڵ ریکخراوەی نەوەی نوێ، پیرۆ ئەمریکی و غەربی و ژمارەیەک نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسایەتی سیاسی نەفەس کورت، هۆکاری ئەو دۆخەیان بەستەوە بە ریفراندۆمەوە، نەک بە ماهیەتی سەرکوتگەرانەو حکومەتی عێراق و خۆشخزمەتی و نۆکەری پیشەیی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و سیاسەتی شۆڤینستی وڵاتانی ناوچەکەوە.

بەشێک لەو خێڵە لە نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسایەتی سیاسی، نەک رەخنە لە جۆری ریفراندۆمەکە و ئامانجی پارتی لە بەدەستەوە گرتنی ریفراندۆم، بەڵکو بەتەواوەتی ریفراندۆمیان رەتکردەوەو بەشداری کردنیش تیایدا، بەخیانەت لە نیشتیمان!! و کوردستانی عەزیز! لەقەڵەم دەدا.

رەخنەی بەشی هەرە زۆری ئەوانەی دژی ریفراندۆم بوون، لە رەخنە و دژایەتیان بوو لە پارتی. وە ئەوانە کە پرسی ریفراندۆمیان بە پارتییەوە گرێداو بەستەوە، خزمەتێکی گەورەیان بە پارتی کرد، کە بەخاوەنی ریفراندۆم ناساندیان، لەسەر حسابی وەستانەوەیان بە دژی ریفراندۆم و ویستی خەڵکی کوردستاندا.

ئێستا کە دوو ساڵ بەسەر ریفراندمدا تیپەرێوە کە خەڵکی کوردستان بە بەڵێ نیشانیاندا کە خوازیاری سەربەخۆین و سەربەخۆیش زۆر گەورەتر لە حزبەکان تەماشادەکەن، هێشتا کەم نین ئەوانەی دۆخی دوای ریفراندۆم بە ئاکامی ریفراندۆم و هەرچی کیشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و گرفتەکانی تر هەیە دەگێڕنەوە بۆ ریفراندۆم و ئەو خەتا!! گەورەیەی خەڵکی کوردستان بەبەشداری و بە بەڵی لە ریفراندۆمدا داویانە. هێشتا ئەو بەرێزانە ئەرک ناکێشن و هێندە خۆیان ماندوو ناکەن، بچنە ئەو لای دارەکە کە بەری بینینی دارستانەکە گرتووە. هێشتا رەوایەتی بەبەشداری خەڵکی کوردستان لەو ریفراندۆمەدا نادەن و ئاکامی ریفراندۆمیش بۆیان نەک بەهای نییە، بەڵکو وەکو بەڵا لە مێژووی خەڵکی کوردستاندا لێی دەڕوانن.

چ سازدانی ریفراندۆم و چ بەشداری خەڵکی کوردستان و ئاکامی ریفراندۆم، یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی خەڵکی کوردستانە لە مێژووی چەند دەهەی رابردوودا، بەدەستەوەگرتنی ئاکامی ریفراندۆم بۆ جیابوونەوەو پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، هێشتا یەکێک لەو ئەرکە چارەنووسازانەیە کە پێویستە هەموو ئینسانێکی خەم خۆری چارەسەری پرسی کورد و دڵسۆز بە خەڵکی کوردستان بەشانازییەوە بەدەستیەوە بگرن و ڕیگە نەدەن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتیش پارتی بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە، بۆ ئامانجی تر بەدەستیەوە بگرن.

ئێستا بەکردە دەرکەوت، کە پارتی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی نییە، و هەموو تەقەلاکانی دوای ریفراندۆمی نەک بۆ سەربەخۆیی، بەڵکو بۆ گێرانەوەی کوردستان بۆ ژێر چەتری حکومەتی ناوەندی بەپێی دەستور و  فیدرالیزمی پوچی قەومییە. نەیارەکانی پارتیش دژایەتیان بۆ ریفراندۆم، بەجیا لە ململانێیان لەگەڵ پارتی، هەمان خەونی پارتییە بۆ خزمەت بەعێراقی عروبی و ئیسلامی و بەش وەگرتنی حزبییە لە حکومەتی ناوەندی. بۆ خەڵکی کوردستانش دەستکەوت و ئەزمونێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆیان.

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٦١ی ١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *