(له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پاڵتۆکی له 12ی کانوونی یه‌که‌می 2001)
هۆشمه‌ند: سوپاسی به‌ڕێز مه‌نسوور حیکمه‌ت ئه‌که‌م بۆ کاتێک که پێی دام، پرسیاره‌که‌ی من ئه‌وه‌یه: هه‌ڵوێست و پێناسه‌ی ئێوه بۆ دیموکراسی چییه؟ ئایا ئێوه باوه‌ڕتان به دیموکراسیی پێناسه‌کراوی دنیا هه‌یه، یان نا؟
مه‌نسوور حیکمه‌ت: سوپاس هۆشمه‌ندی ئازیز، له په‌یوه‌ند به دیموکراسییه‌وه، پێم وایه، به درێژی له‌سه‌ری نووسیومه، ئه‌گه‌ر ده‌ستت به‌و نووسینانه ناگات، ئه‌دره‌سێکم بده‌یتێ بۆتان ئه‌نێرم.
باسه‌کانی من له‌په‌یوه‌ند به دیموکراسییه‌وه، له‌سه‌ر سایته‌کان په‌یدا ئه‌بێ و به هه‌مان شێوه‌ش له خودی به‌رنامه‌ی “دنیایه‌کی باشتر”دا هه‌یه، به‌و جۆره‌ی که ئێوه ئه‌ڵێن، له په‌یوه‌ند به دیموکراسیی باوی دنیاوه قسه‌مان کردووه.
بڕوانه! بۆچوونێک به تایبه‌ت له‌نێو چه‌په‌کانی وڵاتانی دواکه‌وتوودا، چه‌په‌کانی وڵاتانی ههژارتردا هه‌یه، گوایه دیموکراسی هاوتای وشه‌ی ئازادییه. سه‌ره‌نجام ئازادی یانی، دیموکراسی و ئه‌مه ته‌نها شکڵێکه که ئازادی ئه‌توانێ به خۆیه‌وه بیگرێ. وه هه‌ر لێره‌دایه که ئه‌گه‌ر که‌سێک بڵێ، من دیموکرات نیم، ماناکه‌ی ئه‌بێ به‌وه‌ی، که ئازادیخواز نییه، سه‌رکوتگه‌ر و لایه‌نگری سه‌رکوتگه‌رییه. له کاتێکدا که دیموکراسی، وشه‌یه‌کی هاومانای ئازادی نییه، وشه‌یه‌که له ده‌وره‌یه‌کی دیاریکراوی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریکراو، بۆ مانادان به ئازادی له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه به ده‌سته‌وه‌ی داوه.
دیموکراسیی په‌رله‌مانی یان دیموکراسیی بۆرژوازی، شێوه‌یه‌که که ئه‌م چینه، بنه‌مای کۆمه‌ڵگاکه‌ی له‌سه‌ر سوودبردنی سه‌رمایه، بنه‌مای کاری به‌کرێ، بنه‌مای بوونی بازاڕ، بنه‌مای کڕین و فرۆشتن دامه‌زراندووه و هێزی کاریشی گۆڕیوه به کاڵایه‌ک، ئازادی پێ پێناسه کردووه. کۆمه‌ڵگایه‌کی له‌م چه‌شنه، سیسته‌می سیاسی له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی دیموکراسیی په‌رله‌مانی بنیات ناوه و به‌وه‌ش ئه‌ڵێ ئازادی. ئه‌مه ئازادییه به‌و مانایه‌ی که کۆمه‌ڵگا و ئه‌و چینه به‌و جۆره لێی ئه‌ڕوانن. ماناکه‌ی ئه‌وه نییه که له ڕووی مێژوویییه‌وه ته‌نها ئه‌شێ به‌م جۆره ته‌ماشای ئازادی بکرێ، یا له ڕووی مێژوویییه‌وه ته‌نها به‌م جۆره ته‌ماشایان کردووه، یان سۆسیالیسته‌کان له‌سه‌ریانه به‌م جۆره ته‌ماشای ئازادی بکه‌ن.
سۆسیالیستیش له په‌یوه‌ند به ئازادیی مرۆڤه‌وه پێناسه‌ی خۆی هه‌یه. به‌ڵام باسی سۆسیالیزم له‌سه‌ر ئازادی، ئابووریش ئه‌گرێته‌وه. وه ئابووری و سیاسه‌ت به وردی پێکه‌وه گرێ ئه‌دات.
بڕوانه! من دیموکرات به مانای دیموکراتیی په‌رله‌مانی نیم، چونکه سیسته‌می په‌رله‌مانی، سیسته‌مێک نییه که ده‌سه‌ڵات به هاووڵاتیان بدات، تاوه‌کوو ده‌خاڵه‌ت له چاره‌نووسی خۆیاندا بکه‌ن. سیسته‌مێکه به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به به‌رده‌وامی له هاووڵاتیان ئه‌سه‌نێته‌وه و ده‌وره له دوای ده‌وره به که‌سانی دیکه‌ی ئه‌دات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه پێی ئه‌ڵێن، دیموکراسیی نوێنه‌رایه‌تی، یان دیموکراسیی بریکاری. ئه‌م بریکارانه که‌سانێکن که بۆ هه‌ر 4 ساڵ جارێک یان هه‌ر 5 ساڵ جارێک، له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا که وای دابنێین دیموکراسییان تێدایه، ده‌سه‌ڵاتی ده‌خاڵه‌تکردن له چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگادا به نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ری ملیۆنی خه‌ڵک وه‌رئه‌گرن. له‌و ده‌وره‌یه‌دا هاووڵاتی له ڕێگه‌ی دیموکراسییه‌وه بچووکترین توانای ده‌خاڵه‌تی له کۆمه‌ڵگادا نییه. دیاره له ڕێگای میکانیزمی تره‌وه ده‌توانێ، که دواتر دێمه سه‌ریان، به‌ڵام له ڕێگه‌ی دیموکراتییه‌وه، ناتوانێ ده‌خاڵه‌ت له چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگادا بکات. ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م 4 ساڵه‌دا، ئه‌م حوکوومه‌ته جه‌نگ ڕابگه‌یه‌نێ، له هاووڵاتی ناپرسن. ئه‌گه‌ر بڕی سوود به‌رز بێته‌وه، له هاووڵاتی ناپرسن. ئه‌گه‌ر بڕیار بده‌ن، قوتابخانه‌ی ئایینی بکه‌نه‌وه، له هاووڵاتی ناپرسن. هاووڵاتی وه‌کاله‌تی داوه، ئازادییه‌که‌ی بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ به که‌سانی دیکه داوه. دوای 4 ساڵه‌که‌ش که دێنه‌وه، ده‌خاڵه‌تێک له هاووڵاتیان ناخوازن، پێی ئه‌ڵێن، بریکاری دوای ئه‌وت هه‌ڵبژێره. وه‌ره له‌نێو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا که پارتگه‌لی سیاسی خستوویانه‌ته به‌رده‌مت، یه‌کێک هه‌ڵبژێره و ئه‌م ئینسانانه له‌م 4 ساڵه‌دا به ده‌سه‌ڵات بگه‌یه‌نه.
من له ئێوه ئه‌پرسم، ئه‌گه‌ر له جیاتی سیاسه‌ت، مه‌سه‌له‌که ئابووری بوایه، بیان وتایه، وه‌رن هه‌ر 4 ساڵ جارێک که‌سانێک هه‌ڵبژێرن، که له جێی ئێمه خۆشگوزه‌ران بن، بێن و هه‌ر 4 ساڵ جارێک که‌سانێک هه‌ڵبژێرن، که له جێی ئێمه بچنه قوتابخانه، هه‌ر 4 ساڵ جارێک که‌سانێک هه‌ڵبژێرن که له جێی ئێمه بچنه لای دکتۆر و له خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی به‌هره‌مه‌ند بن. یان وه‌رن هه‌ر 4 ساڵ جارێک که‌سانێک هه‌ڵبژێرن که له جێی ئێمه خواردن بخۆن، هه‌ر 4 ساڵ جارێک که‌سانێک هه‌ڵبژێرن که له جێی ئێمه سێکس بکه‌ن … هیچ که‌سێک ئه‌مه قبووڵ ناکات.
هیچ که‌سێک، له هه‌موو ئه‌و ئینسانانه‌ی که دیموکراسیی په‌رله‌مانییان قبووڵه، قبووڵ ناکه‌ن که له‌و 4 ساڵه‌دا ئیختیاری ژیانیان له‌و بوارانه‌وه که باسم کرد، له سه‌رپه‌رشتی مناڵه‌کانیان، تا بژێوییان، تا خۆشگوزه‌رانییان به کرده‌وه بده‌نه ده‌ست که‌سێکی تر. بریکاریی له‌م مه‌سه‌لانه‌دا بسپێرێت به‌و بریکاره و بڕوات و 4 ساڵی تر بێته‌وه. به‌ڵام له‌م سیسته‌مه‌دا سیاسه‌ت چونکه گرنگی نییه، خه‌ڵک ئه‌م کاره ئه‌که‌ن. هۆکاری ئه‌وه‌ی دیموکراسیی په‌رله‌مانی ئه‌توانێ له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ ئه‌وه‌یه، که سیاسه‌ت له‌م سیسته‌مه‌دا بێ بایه‌خه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت هه‌ر له‌پێشه‌وه له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه زانراوه، ئه‌زانن که سیاسه‌ت له ده‌ست ئاغایانی ده‌سه‌ڵاتدایه و ئه‌زانن که هه‌تا په‌رله‌مانیش سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات نییه.
ئێوه بڕوانن، کۆمپانیای بوئینگ که سی هه‌زار که‌س له کار ده‌ر ئه‌کات، ڕه‌زامه‌ندی له هیچ مه‌رجه‌عێک وه‌رناگرێ، کۆنگره‌ی ئه‌مه‌ریکا قسه‌ی تیا ناکات. به‌ڵام شارێکی گه‌وره دائه‌خات. سی هه‌زار که‌سی شارێک، ژماره‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک گه‌وره‌یه. له ئه‌نجامی ئه‌مه‌وه، هه‌ژاری هه‌یه، بێبه‌شی هه‌یه، مادده هۆشبه‌ره‌کان هه‌یه، خۆکوشتن هه‌یه، له په‌یوه‌ند به هیچ یه‌کێک له‌مانه‌وه خه‌ڵک و نوێنه‌ره‌کانیان قسه‌یه‌ک ناکه‌ن، ڕا ناده‌ن. بوینگ دایئهخات. کۆڕ و کۆمه‌ڵه حاکمه‌کان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه له په‌یوه‌ند به ئابوورییه‌وه بڕیاری خۆیان داوه، په‌رله‌مانیش ئیشی ئه‌وه‌یه، مۆری ته‌ئیدی لێ بدات. سیسته‌می دیموکراسیی په‌رله‌مانی، سیسته‌مێکه بۆ شه‌رعییه‌تدان به حوکوومه‌تێک که به‌ر له په‌رله‌مان و له‌سه‌رووی په‌رله‌مانه‌وه بوونی هه‌یه، ئه‌ویش حوکوومه‌تی چینی ده‌سه‌ڵاتداره، حوکوومه‌تی چینێکه که له ڕووی ئابوورییه‌وه ده‌سه‌ڵاتداره.
به‌م پێیه، نا! من لایه‌نگری دیموکراسیی په‌رله‌مانی نیم. ڕۆشنه که دیموکراسیی په‌رله‌مانیم پێ باشتره وه‌ک له حوکوومه‌تی سه‌ربازی، ڕۆشنه ئه‌وم پێ باشتره وه‌ک له سه‌رکوتگه‌ریی پاشایه‌تی، ڕۆشنه ئه‌وم پێ باشتره وه‌ک له حوکوومه‌تی پۆلیسیی نهێنی. به‌ڵام پێم وانییه، ئاستی ئێمه ئه‌وه‌نده بهێننه خواره‌وه، که ئه‌وه به ناونیشانی ئایدیاڵی خۆمان له ژیاندا قبووڵ بکه‌ین. سۆسیالیزم بۆ ئێمه یانی ئازادی، وه ئه‌ڵتێرناتیڤی ئێمه له به‌رامبه‌ر دیموکراسیدا سۆسیالیزمه. ئه‌گه‌ر به‌م مانایه لێک بدرێته‌وه که سۆسیالیزم به‌ها بۆ ڕای تاک دانانێت، چونکه دیموکراسی پێوه‌ری مافی تاکه، ده‌ی باشه ئه‌ڵێین، که‌سێک که حه‌بی ته‌بلیغاتی فه‌رمیی کۆمه‌ڵگای بۆرژوازی قووت داوه، وا ئه‌ڵێت. له کاتێکدا که هه‌رگیز به‌م جۆره نییه. ته‌نها بزووتنه‌وه‌یه‌ک که به مانای واقیعی، ماف به تاک ئه‌دات، که به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له چاره‌نووسی سیاسی و ئابووریی خۆیدا ده‌خاڵه‌ت بکات، سۆسیالیزمه.
تێبینی: له لایه‌ن ئیره‌ج فه‌رزاده‌وه پیاده کراوه و نووسراوه‌ته‌وه.
وه‌رگێڕانی: جه‌مال موحسین
سه‌رچاوه:
معنى دمکراسى، رأى فرد و دخالت شهروندان در سرنوشت جامعه
http://hekmat.public-archive.net/
تێبینی: هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له نووسراوه‌کانی مه‌نسوور حیکمه‌ت له دوو به‌رگدا
به‌رگی ٢
ئاماده‌کردن و پیاچوونه‌وه‌ی سالار ڕه‌شید