(گفتوگۆ سه‌باره‌ت به هێرشى تيرۆريستى بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریکا)
ئینته‌رناسیۆناڵی هه‌فتانه: له ئه‌نجامى هێرشى تيرۆريستى و خۆکوژى بۆ سه‌ر باڵه‌خانه‌ى ناوه‌ندی بازرگانى جيهان له نیویۆرک و بينايه‌ى پنتاگۆن له واشنتۆن، هه‌زاران که‌س له خه‌ڵکى ئه‌مه‌ریکا گيانيان له ده‌ست داوه. هه‌ڵوێستى حیزبى کۆمۆنيستى کريکاريى ئيران له به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌دا چییه؟
مه‌نسوور حيکمه‌ت: دوابه‌دواى ڕووداوه‌که، حیزبى کۆمۆنيستى کريکارى ده‌ستبه‌جێ بهياننامهيهکى له‌م باره‌يه‌وه ده‌رکرد، ئێمه ئه‌م هه‌نگاوه به وێنه‌ی تاوانێکى گه‌وره له دژى مرۆڤایه‌تی، به وێنه‌ی کۆکوژيیهکى پڕاوپڕ مه‌حکووم ده‌که‌ين. دڵمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى له خوێنههڵکێشراوى ئهمهریکادايه و پڕ به دڵ له‌م ناخۆشیيهى ئه‌واندا به‌شدارى ده‌که‌ين. ڕێکخراو و ده‌وڵه‌تانى کۆنه‌په‌رست، تيرۆريزميان کردووه به گۆشهيهکى جێکهوتووى ژيانى هاوچه‌رخ. ئێمه باوه‌ڕمان وايه، که ده‌توانرێ و ده‌بێ به هێزى خه‌ڵک کۆتایی به تيرۆريزم بهێنرێت، به ده‌وڵه‌تى و نادهوڵهتیيهوه. ئه‌وه بۆ ئێمه ڕۆشنه که ئه‌م ڕووداوه، سه‌ره‌ڕای ڕه‌هه‌ندى سهرسووڕهێنهرى تاوانێک که ڕاسته‌وخۆ ڕووى داوه، تازه خۆى سهرهتايهکه بۆ په‌ره‌سه‌ندنى پێشبڕکێی تيرۆريستى له ئاستى جيهاندا. ڕۆژێکی ڕه‌ش و په‌رده‌ى يه‌که‌مى کوێره‌وه‌رییه‌کى زۆرتره. بانگه‌وازى ئێمه بۆ خه‌ڵک ئه‌وه‌يه که بێنه مهيدان و خۆيان دنيا به ده‌سته‌وه بگرن. ده‌بێ دنيا له ده‌ستى بۆمبڕێژان و جه‌نه‌راڵه‌کان ده‌ربهێنرێ.
ئینته‌رناسیۆناڵی هه‌فتانه: ئه‌م هه‌نگاوه تیرۆریستییه له لايه‌ن کێوه ئه‌نجام دراوه و به‌دواى چ ئامانجێکهوهيه؟
مه‌نسوور حيکمه‌ت: هێشتا ڕاستی ڕووداوه‌که ئاشکرا نه‌بووه. ده‌کرێ ئه‌گه‌ری جۆراوجۆر له ئارادا بێت. له ڕووداوى ئۆکلاهمادا به خێرایی ده‌رکه‌وت، که ده‌سته‌يه‌ک له باڵى ڕاستی توندڕه‌وى خودى ئه‌مه‌ریکا، هۆکارى ئه‌و کاره‌ساته بوون. به‌ڵام ئه‌مجاره له نيشانهکاندا وا ده‌رئه‌که‌وێ، که ڕه‌وتێکی ئيسلامى له پشتى ئه‌م تاوانه‌وه بێت. خه‌سڵه‌تى خۆکوژى کرده‌وه‌که، ئه‌م ڕووداوه ئه‌خاته خانه‌ى نه‌ریتی بزووتنه‌وه ئيسلامیيهکانهوه. ئه‌وه‌ى که کام ڕێکخراوى ئيسلامى يان کام پێکهاته له ڕێکخراوه و ده‌وڵه‌تان له پشتى ئه‌م هێرشه‌وه بوون، ئه‌مه‌يان ناڕۆشنتره. ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌م کرده‌وه‌یه، بوونى چوار گرووپ به چوار فڕۆکه‌وانى مه‌شقپێکراوه‌وه بۆ لێخوڕينى فڕۆکه‌ى نه‌فه‌رهه‌ڵگر که ئاماده‌ى خۆکوژى بوون، نيشانه‌ى نهخشهيهکى درێژماوه‌ى 4_ 5 ساڵه‌يه. ئه‌وه‌ى که سه‌ره‌داوێ له‌م نه‌خشه گه‌وره و درێژماوهيه دزه‌ى نه‌کردووه و نه‌گه‌يشتووه‌ته ڕێکخراوه جاسووسیيهکانى ڕۆژئاوا، به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌يه که سه‌رچاوه زانياریيهکانى ده‌وڵه‌تانى ڕۆژئاوایی نفووزێکى ئه‌وتۆيان له‌نێو ئه‌م ڕه‌وتانه‌دا نه‌بووه. که ئه‌مه‌ش ديسانه‌وه ئاماژه بۆ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورووپا ئه‌کات. سه‌ربارى ئه‌مانه ناتوانرێ به دڵنیایییه‌وه سه‌باره‌ت به ئه‌نجامده‌ران و هۆکاره‌کانى ئه‌م هێرشه قسه بکرێت. ده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌ریکا و ميدياکان، به شێوه‌يه‌کى سه‌ره‌کى په‌نجه بۆ گرووپى بن لادن درێژ ئه‌که‌ن.
ئینته‌رناسیۆناڵی هه‌فتانه: به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریکا قسه له تۆڵه و ته‌مێکردنى تيرۆرستان و وڵاتانی لايه‌نگرى تيرۆريزم ده‌که‌ن. بن لادن تاوانبار کراوه و ئه‌ڵێن ئه‌گه‌ر تاڵیبان ئه‌و ته‌سليم نه‌کاته‌وه، ڕه‌نگه هێرش بکرێته سه‌ر ئه‌فغانستان. ڕاى ئێوه له‌م باره‌يه‌وه چییه؟
مه‌نسوور حيکمه‌ت: به ڕاى من، بێگومان ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ ده‌ست ده‌ده‌نه کردهوهيهکى گه‌وره‌ى توندوتيژى. مه‌رج نييه، وه يان له بنه‌ڕه‌ته‌وه مه‌به‌ست ته‌مێکردنى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م ڕووداوه نييه، که ڕه‌نگه نيشانه‌ى ئه‌مه‌ريکا هه‌ر ڕووى له‌وان نه‌بێت، به‌ڵکوو به مه‌به‌ستى هێزنواندن له ئاستى جيهانیدا و هه‌روه‌ها بۆ له‌به‌رچاوگرتنى هه‌ندێ فاکته‌ری ده‌روونی و مه‌عنه‌ویی ناوخۆيى له خودى ئه‌مه‌ریکادا. ئه‌مه‌ریکا له نێوان ڕێگايهکى سياسیی کاريگه‌ر بۆ وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر به تيرۆريزمى دژى ئهمهریکايى و ڕێگایه‌کی سه‌ربازی بوودهڵهدا، بێگومان دووه‌ميان هه‌ڵده‌بژێرێ. چونکه تێڕوانينى ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆى و باڵاده‌ستيى خۆى، له‌سه‌ر توانا سهربازیيهکهى دامه‌زراوه.
له باره‌ى ڕه‌هه‌نده‌کانی کاردانهوهکهى ئه‌مه‌ریکاوه، هێشتا شتێکی بڕاوه له ئارادا نييه، پێم وا نیيه که خۆشيان بۆمب و مووشهکوهشاندنى دووراودوور بۆ شار و ناوچه‌کانى ئه‌فغانستان به هه‌نگاو و ڕێگایه‌کی کافى بزانن. ئه‌گه‌ر تاڵیبان بن لادن ته‌سليم بکاته‌وه، ڕه‌نگه ڕه‌هه‌ندى کاردانه‌وه سهربازیيهکهى ئه‌مه‌ریکا له چوارچێوهيهکى به‌رته‌سکتردا بمێنێته‌وه. ئه‌گينا، به پێی قاعيده جۆرێک له داگيرکردنى زه‌مينى و پێشڕه‌وى له ئه‌فغانستان و ته‌نانه‌ت له عێراقدا ده‌خه‌نه بهرنامهيانهوه. ئه‌مه زۆر شت ده‌گۆڕێ، ڕووخسارى سياسیی دنيا ده‌گۆرێ.
ئینته‌رناسیۆناڵی هه‌فتانه: له کاردانه‌وه بهراييیهکاندا به‌رامبه‌ر به‌م ڕووداوه، له خودى ئه‌مه‌ریکادا باس له لاوازیی ئه‌منى و زانياری کراوه. به شێوه‌یه‌کی واقيعيش، له خاکى ئه‌مه‌ریکادا هێرش کراوه‌ته سه‌ر بينايه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگری و گرنگترين ناوندى مالی و خه‌ڵکێکى زۆريش بوون به قوربانى. ئه‌م ڕووداوه چ کاريگهریيهک له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریکا وه‌ک زلهێزى جيهان دائه‌نێت، ئه‌مه‌ریکا بۆ پێش‌گرتن به هاتنه‌خواره‌وه‌ى مهوقیعيهتى خۆى، ڕه‌نگه چ کارێک بگرێته‌به‌ر؟
مه‌نسوور حيکمه‌ت: به پێچه‌وانه‌وه، به ڕاى من، ئه‌م تيرۆريزمه به قازانجى جێگيرکردنى ڕووخسارى ئه‌مه‌ریکا وه‌ک زلهێزێک کار ده‌کات. زلهێزیی ئه‌مه‌ریکا کارێکه که له به‌رامبه‌ر جه‌مسه‌ره ئابوورى و سياسى و سهربازیيهکانى ديکه له جيهانى سهرمايهداريدا پێناسه ده‌کرێت، نه‌ک له به‌رامبه‌ر ئه‌فغانستان يان عێراق يان جيهادى ئيسلامى يان حه‌ماس. زلهێزیی ئه‌مه‌ریکا به ماناى ئه‌وه‌يه، که هه‌ر چیيهکى بوێت له جيهاندا بيکات. نه‌ک ئه‌وه‌ی که فڕۆکه‌خانه‌کانى ئيمکانى دزهتێکردنى نه‌بێت، يان بيناکانى له سووتاندن نهيات. فه‌زاى ئه‌مڕۆى دنيا، دواى ئه‌م ڕووداوه، رێک وه‌ک ده‌ورانى دواى داگيرکردنى کوێت له لايه‌ن عێراقه‌وه، فه‌زاى ده‌ربڕينى وهفاداريى سه‌رله‌نوێی هێزه‌کانى ديکه‌ى ڕۆژئاوا بۆ ئه‌مه‌ریکا و تهسليمبوون به خواسته سياسى و سهربازیيهکانى ده‌سته‌ى حوکمڕانى ئهمهریکايه. ئه‌م تاوانه تیرۆريستيیه، وهرهقهيهکى سپى ئيمزاکراو ده‌داته ده‌ستى ئه‌مه‌ریکا بۆ ده‌خاڵه‌تکردنى سه‌ربازى له هه‌ر شوێنێکی دنيا و بۆ پێداگرى سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر باڵاده‌ستيى جيهانيى خۆى. تا يه‌ک ڕۆژ پێشتر ده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌ریکا به هۆى لايه‌نگرى توند و لاسارانهى له ئيسرائيل و ده‌رچوونى له‌ژێر بارى په‌يماننامه‌ى کيوتو (سه‌باره‌ت به پاراستنى ژينگه) له لايه‌ن کۆڕ و کۆمه‌ڵه باڵاکانی و ميدياکانى وڵاتانی ڕۆژئاواوه له‌ژێر گوشاردا بوو. ئه‌مه‌ریکا وه‌ک ئامراز و به‌هانه و پێشهکیيهک، بۆ هێزنواندنى سه‌ربازیی خۆى، که‌ڵک له‌م ڕووداوه وه‌رده‌گرێت. له کورتماوه‌دا هه‌موو ده‌وڵه‌ته ڕۆژئاوايییهکان “به‌ڵێ قوربان”ى بۆ ده‌ڵێن و ئاماده‌باش ڕاده‌وه‌ستن. به‌ڵام له درێژماوه‌تردا هاوکێشه ئابووری و سياسیيه جێکهوتووترهکان ديسانه‌وه خاڵى هاوسه‌نگی به زيانى ئه‌مه‌ریکا ده‌گۆڕن.
ئینته‌رناسیۆناڵی هه‌فتانه: له بارى سياسيیهوه، ئايا ئه‌م ڕووداوه مه‌سه‌له‌کانى وه‌ک ئاشتیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستين ده‌خاته ژێر کاريگه‌رى خۆيه‌وه؟ چۆن؟
مه‌نسوور حيکمه‌ت: له کورتماوه‌دا بێگومان هه‌موو شتێک ده‌خاته ژێر کاريگه‌رى خۆيه‌وه. هه‌ردوو لاى کێشمه‌کێشه‌که له فه‌له‌ستين و ئيسرائيل حه‌په‌ساو و نيگه‌رانن. عه‌ره‌فات به په‌له خۆى ده‌گه‌يه‌نێته مايکرۆفۆن و مه‌حکوومى ده‌کات، نه‌کا گۆشهيهکى ئه‌م ڕووداوه به ناوى ئه‌وه‌وه بنووسن. سه‌رانى ئيسرائيل به توندى له‌و فۆرموولبهندیيه که ده‌ڵێ، ئه‌م ڕووداوه دريژهى مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستين و کاردانهوهيهکه له به‌رامبه‌ر توندوتيژیيهکانى ئيسرائيلدا، ده‌په‌شۆکێن و شانى خۆيان له به‌رپرسیارێتی خاڵى ده‌که‌ن. به‌ڵێ کاريگه‌رى ئه‌م ڕووداوه له درێژماوه‌تردا، به کاردانه‌وه‌ى سه‌ره‌تايى ئه‌مه‌ریکا له به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر هێزنواندنێکى خوێناوى دژى ڕێکخراوه ئيسلامیيهکان ڕوو بدات، ئه‌و کاته له کۆتايى ئه‌م بێنهوبهرهيهدا، هه‌ر وه‌کوو له کۆتايى هێرش بۆ سه‌ر عێراقدا بينيمان، سووڕێکى ديپلۆماسی بۆ ئاشتیی هه‌ردوو لا له دڵى ئه‌م هاوسهنگیيه سه‌ربازیيه تازه‌يه‌دا ده‌ست پێ ده‌کات. به‌ڵێ مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستين و جيگاوڕێگاى ئيسرائيل و عه‌ره‌به‌کان ڕيشهيهکى قووڵترى له واقيعيهته ناوچهییيهکاندا هه‌يه. ئاشتى له فه‌له‌ستين به‌بێ وه‌رچه‌رخانى هه‌ردوو کۆمه‌ڵگا له ئيسرائيل و فه‌له‌ستين به‌ره‌و چه‌پ له توانادا نیيه. سکۆلاریزم و عه‌داله‌تخوازى له هه‌ردوو به‌رى کێشه‌که‌دا ده‌بێت به‌سه‌ر قه‌ومپه‌رستى و ئاییندا سه‌رکه‌وێ، تا ئاشتى مومکین بێت. مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستين ڕێگاچاره‌ى سه‌ربازی نیيه. تۆقاندن له بهينى نابات. سه‌رئه‌نجام له ئاکامدا تا ڕوانگه‌ى هه‌ردوو کۆمه‌ڵگا به‌رامبه‌ر به‌يه‌ک و ڕيزبهستنى سیاسیی نێوان چه‌پ و ڕاست له ده‌روونى هه‌ردوو لادا ئاڵوگۆڕ نه‌کات، مه‌سه‌له‌که له جێگای خۆى ئه‌مێنێته‌وه.
ئینته‌رناسیۆناڵی هه‌فتانه: له ڕاگه‌ياندنى تا ئێستاى ميدياى ڕۆژئاوادا، ئه‌م هێرشه تيرۆريستانهيه به به‌رامبه‌رکێ له‌گه‌ڵ دیموکراسی پێناسه ده‌که‌ن و هه‌ندێ له “وڵاتانی ئيسلامى” به جۆرێک خراونه‌ته ناو ئه‌م بهرامبهرکێيهوه. ئايا ئه‌مه ئه‌شێ ببێته هۆى گه‌شه‌ى ڕاسيزم له ڕۆژئاوادا؟
مه‌نسوور حيکمه‌ت: له ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندنی ڕۆژئاوادا، لێره‌وله‌وێ ئاماژه بۆ تێزه‌کانى “شه‌ڕى شارستانیيهکان”ى هانتيگون به‌دى ئه‌کرێت. ئه‌وه‌ى که ئه‌مه کێشمه‌کێشێکى “شارستانى”يه، هێرشێکه بۆسه‌ر “شێوه ژيانى” ڕۆژئاوایی، بۆسه‌ر ديموکراسى و … هتد. لێره‌وله‌وێ ده‌بيسترێ. به‌ڵێ حه‌ره‌که‌تى ڕه‌وتى ئه‌سڵیی کۆمه‌ڵگا و ته‌نانه‌ت خودى قسه‌که‌رانى ده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌ریکا، به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ن که قسه‌ى ئه‌م تێڕوانينه نايگرێت. من له ئه‌نجامى ئه‌م ڕووداوه‌دا، نيگه‌رانى گه‌شه‌ى ڕاسيزم نيم. ڕاسيستهکان بێگومان ماوه‌يه‌ک چالاک‌تر ده‌بن و خه‌ڵکى هان ده‌ده‌ن، به‌ڵام کۆمه‌ڵگاى ڕۆژئاوایی ڕه‌تيان ده‌کاته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، به بڕواى من خه‌ڵکى ئه‌مه‌ریکا تا ئه‌وه‌نده‌ى بکرێت له دووره‌وه لـێی تێبگه‌يت، ميهره‌بانی و ئينسانيیهتێکى جێگه‌ى ستايشيان له به‌رامبه‌ر ئه‌م کاره‌ساته ڕاچڵهکێنهرهدا نيشان داوه. به بڕواى من خه‌ڵکى ئه‌مه‌ریکا ته‌نانه‌ت کاردانهوهيهکى سه‌ربازی له ده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌ریکا له دژى خه‌ڵکى ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ساده‌يى قبووڵ ناکه‌ن، که ته‌ڕ و وشک پێکه‌وه بسووتێنێ. ئه‌م ڕووداوه له‌وه گه‌وره‌تره که بکرێت به کڵێشه باوه‌کان و پڕۆپاگه‌نده بڕۆيته سۆراخیيهوه. سه‌رئه‌نجام به بڕواى من، کۆمه‌ڵگاى ڕۆژئاوایی مامهڵهيهکى ئالۆزتر و تێگهيشتووانهتر له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕووداوه‌دا ده‌کات. ته‌کنه‌لۆژیی کۆمونیکاسیۆن ئه‌مڕۆ، گێلکردنى خه‌ڵکى و دهرخوارددانى ده‌مارگيرى دژوارتر کردووه. هه‌ر ئه‌و تهلهڤیزيۆنهى که کاره‌ساتى نیویۆرک ده‌خاته به‌رچاوى جيهان، وێرانبوونى کابووليش نيشان ده‌دات. که‌سێک که بۆ کاره‌ساتى نیویۆرک فرمێسکى ههڵڕشتبێت، ناتوانێ به ئاسانى بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ى له کابوولدا هه‌ڵهه‌ڵه لـێ بدات.
ئینته‌رناسیۆناڵی هه‌فتانه: له ڕاگه‌یاندنی حیزب‌دا په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاکێشراوه، که کاره‌ساتى نیویۆرک حهڵقهيهکه له توندبوونه‌وه‌ى پێشبڕکێيهکى تيرۆريستى، پێشبڕکێیه‌ک که زۆربه‌ى ده‌وڵه‌تانى دنيا له لايه‌ک و له لايهکى ديکه‌وه بزووتنه‌وه کۆنه‌په‌رسته‌کان به تايبه‌ت ئيسلامیيهکان تيايدا به‌شدار ده‌بن. چۆن ده‌کرێت، به‌ر به‌م پێشبڕکێيه بگيرێ و به ڕاى ئێوه، حیزبى کۆمۆنيستى کريکارى ده‌بێ له خه‌باتى دژى تيرۆريزمدا چ ده‌ورێک بگێڕێ؟
مه‌نسوور حيکمه‌ت: کۆتايیهێنان به تيرۆريزم کارى ئيمهيه. کارى ئێمهمانانێک که له پێناو يه‌کسانى ماف و حورمه‌تى ئينسانه‌کان و جێخستنى به‌هاى ئه‌وان تێده‌کۆشين. تيرۆريزمى ده‌وڵه‌تيى ده‌بێ به ڕووخاندنى ده‌وڵه‌تانى تيرۆريست کۆتايى پێ بهێنرێ. تيرۆريزمى ناده‌وڵه‌تی ده‌بێ له ڕێگاى کۆتايیهێنان به‌و کوێره‌وه‌رى و هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه و سه‌رکوتانه‌وه لهبهين ببرێ، که ئينسانه‌کان به‌ره‌و بێ‌ئومێدى پاڵ پێوه ده‌نێن و ده‌يان کهنه قوربانيى ڕه‌وت و ڕێکخراوه کۆنه‌په‌رسته دژى بهشهريیهکان. له ڕێگاى پهردهههڵماڵين له ڕووى دين و نهتهوهپهرستى و نه‌ژادپه‌رستى و هه‌ر ئايدۆلۆژيايهکى بووده‌ڵه که ڕێز بۆ ئينسان دانانێت. وه‌ڵامى ئێمه خه‌باته بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و کۆمه‌ڵگا کراوه و ئازاد و يهکسانانهى که له‌وێدا ئادهميزاد و گيان و حورمه‌ت و ئاسايیشى نرخى هه‌بێت. حيزبى کۆمۆنيستى کريکارى و حيزبه هاوشێوه‌کانمان، له به‌رامبه‌ر هه‌ردوو لاى ئه‌م پێشبڕکێ تيرۆريستیيهدا ڕاده‌وه‌ستن. هه‌م له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تانى کۆنه‌په‌رست و هه‌م بزووتنه‌وه و حيزبه کۆنه‌په‌رسته‌کان. به‌ڵام له ئێستادا ئه‌وه ئه‌وانن که ڕووخسارى جيهان ديارى ده‌که‌ن. ئێمه و ئه‌حزابى وه‌کوو ئێمه، ده‌بێ بهشهریيهتى مرۆڤدۆست و ئازاديخواز له دژى گشت ئه‌م هه‌لومه‌رجه بهێنينه مهيدان. تا کاتێک که ئه‌مه نه‌کرا بێت، ئه‌م نههامهتیيه درێژه‌ى ده‌بێت.
وه‌رگێڕانى: سه‌عيد ئه‌حمه‌د
سه‌رچاوه:
پايان دادن به تروريسم کار ماست
“انترناسيونال هفتگى”، شماره 71
23 شهريور 1380، 14 سپتامبر 2001
تێبینی: هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له نووسراوه‌کانی مه‌نسوور حیکمه‌ت له دوو به‌رگدا
به‌رگی ٢
ئاماده‌کردن و پیاچوونه‌وه‌ی سالار ڕه‌شید