حوکمی دادگای رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی ڕابەرانی کرێکاری نیشانەی ترسی رژێمە لە بزوتنەوەی کرێکاری …

دادگای قەرەقوشی رژێمی دژە کرێکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری ١٨ساڵ تا ٦ ساڵ زیندانی بەسەر ڕابەرانی کرێکارانی کۆمپانیای قامیشی شەکری (هەفت تەپە) و لایەنگرانیان دا، کە لەنێویاندا اسماعیل بەخشی ڕابەری کرێکارانی هەفتە تەپە و سپیدە قلیان رۆژنامەنوسی لایەنگری بزوتنەوەی کرێکاری تێدایە.

ڕاگەیاندنی سەندیکای کرێکارانی قامیشی شەکری هەفت تەپە لەبەرامبەر بەم بڕیارەی دادگای زاڵمانەی رژێمی ئیسلامی ئێراندا دەڵێ:
” ئەوەی چاوەڕوانکراو بوو ئەوەبوو کە پارێزەرانی هەژاری و برسێتی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی هەقخوازانەی کرێکاران و هەڵسوڕاوانی دڵسۆزی بزوتنەوەی کرێکاری لە دادگا ساختەکانی خۆیاندا حوکمی زاڵمانە دژی کرێکاران دەربکەن. ئەم حوکەم کاتێك دەردەکەن کە رۆژانە هەژاری و دەستەنگی و جیاکاری و گەندەڵی و نایەکسانی و ستەم و چەوسانەوە باڵی ڕەشی خۆی بەسەر ژیانی ملیۆنەها کەس لە ئێراندا کێشاوە.

پارێزەرانی سەرمایەداری لە ئێران بڕیاریان داوە کە لەرێگای دروستکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندنی زیاتر دەنگی هەرجۆرە هەقخوازیەك لەسەرەتاوە کپ و بێدەنگ بکەن. ئەوان لەرێگای سەرکوتی بزوتنەوەی کرێکاریەوە ئەو پەیامە دەدەن بە گوێی دەوڵەتانی سەرمایەداریدا کە ئێڕان دەکەین بە بەهەشت بۆ سەرمایەداران.”

ئەم پەیامەی سەندیکای کرێکارانی هەفت تەپەو ناڕەزایەتیەکانی چەند مانگ لەوەبەری کرێکارانی هەفت تەپەو وتارو دروشمە شۆڕشگێرانەکانەی ئیسماعیل بەخشی و باقی ڕابەرانی کرێکاران و پشتیوانی ئازادیخوازان و مامۆستایان و خوێندکاران و ژنان لە مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپەو کارگەی ئاسنی ئەهواز، ئەو ڕاستیە دەخاتەڕوو کە رژێمی ئیسلامی ئێران ترسی لە گەشەو فراوانبوونەوەی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و ڕادیکاڵبونەوەی بزوتنەوەی کرێکاری و پەرەگرتنی ڕەوتی سۆشیالیستی کرێکاریە لەناو کرێکاران و بزوتنەوەی کرێکاری ئێڕان و لە پیشەسازیە گرنگ و سەرەکیەکانی ئێراندا، کە هاوکات کاریگەری لەسەر ڕادیکاڵبونەوەی فەزای گشتی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و خەڵکی بێبەش و ژنان ولاوانی ناڕازی دژی سەراپای رژێمی ئیسلامی ئێران. ئەم هێرشەی جمهوری ئیسلامی بۆسەر کرێکاران هێرشە بۆ پێشگرتن بە هێرشی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز دژی رژێمی ئیسلامی…

ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە توندی بڕیاری دادگای رژێمی کۆنەپەرست و دژە کرێکاری ئیسلامی ئێران دژی ڕابەرانی کرێکاران و هەڵسوڕاوانی لایەنگری بزوتنەوەی کرێکاری سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی و ئازادکردنی کرێکارانی زیندانکراو دەکەین. هاوکات بانگەوازی سەرجەم لایەنگرانی بزوتنەوەی کرێکاری دەکەین لە کوردستان و جیهان کە پشتیوانی لە کرێکارانی ئێران و بزوتنەوە هەقخوازەکەیان و لە ڕابەرانی زیندانیکراوی کرێکارانی هەفت تەپە و رۆژنامەنوسانی پشتیوان و بەرگریکار لە کرێکاران بکەن. با هەموو دەنگەکان بۆ ئازادکردنی کرێکارانی زیندانیکراو مەحکومکردنی رژێمی دژە کرێکاری ئیسلامی ئێران بێت.

ئازادی بۆ ڕابەرانی کرێکارانی هەفت تەپەو هەڵسوڕاوانی دڵسۆزی کرێکاران!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٩-٩-٢٠١٩

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *