پەیامی ئۆجەلان …

عەبدوڵا مەحمود

بەرواری ١٦ی ئاب، عەبدوڵا ئۆجەلان چاوی بە پارێزەرەکانی کەوت لەرێگای ئەوانیشەوە پەیامێکی ڕاگەیاند کەدەڵێت:

من بۆ کورد جێگە و پێگە دروست دەکەم. وەرن ئێمە پێکەوە کێشەى کورد چارەسەر بکەین. دەڵێم، من لە ماوەى هەفتەیەکەدا دۆخی شەڕ و ئەگەری شەڕ ناهێڵم. من چارەسەری دەکەم و بڕوام بە خۆم هەیە و بۆ چارەسەری ئامادەم. بۆ ئەوەش دەبێت دەوڵەت و عەقڵی دەوڵەت ئەوەى پێویستە ئەنجامی بدات”

کێشەی کورد، کیشەیەکی ئالۆزکاو و مێژوویی و ناوچەییە، لایەنی سەرەکی قوڵکردنەوەی ئەو کێشەیە سەرکوتگەری و رەفتار زبری دەوڵەتەکانی تورکیا و عێراق و ئێران و سوریاییە. بڕوانەبوونی ئەوانە بە مافی یەکسانی هاوڵاتی بوون. دامەزراندنی دەوڵەتەکانیانە لەسەر پایەی دەمارگیری نەتەوەیی. ئەمەش دەرهاویشتەکەی بووە بەوەی هاوڵاتیانی کورد زمان لەهەرکام لەو دەوڵەتاندا وەکو هاوڵاتی پلە دوو تەماشابکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردیش لەسەر ئەم واقعیەتە هاتۆتە پێگرتن و کاردانەوە و بەرەنگاری لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە. ئامانجیشیان بەشداری کردنە لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی.

ئەوەی بەڵگەنەویستیشە لەهیچ برگەیەکی سیاسییدا، هیچ هێزێکی ناسیونالیست نادۆزینەوە کە ئامانجی کۆتایی هێنان بیت بە ستەمی نەتەوایەتی سەرخەڵکی کوردستان و رێگاچارەی پشت بەستن بێت بە ئیرادەی سەربەخۆی جەماوەری، بەڵکە لەجێگای ئەوە بەشداری  و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتی ناوەندی ئەو وڵاتانەدا بۆتە قیبلەنوومای بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی. بۆیەشە بازنەی” شەڕ، گفتوگۆ، شەر” بەدریژایی ململانێی نێوان ناسیونالیزم بێبەشکراو لەدەسەڵاتی ناوەند و لەگەڵ ناسیونالیزمی خاوەن دەسەڵاتدا، لە چەرخاندایە.

پەیامەکەی ئۆجەلانیش هەڵگر و درێژە پێدەری هەمان لۆژیکە، بەڵام بەپۆزی زیندانیەکی کاریزمایی و کاریگەر لەسەر رەوتە سیاسیەکەی پەکەکە. دیارە ئەو بانگەشەیەش کە دەڵێت” لە ماوەى هەفتەیەکەدا دۆخی شەڕ و ئەگەری شەڕ ناهێڵم”پشت بەستوو بەهیچ پایەکی بابەتی و خوێندنەوەیەکی واقعیانەوە نییە، بەڵکو راگەیاندنی پەیام و دلسۆزی نواندنە بۆ دەوڵەتی تورکیا کە دۆخی ئەو وەکو زیندانیەکی ٢٠ ساڵە لەبەرچاو بگرن.

دیارە ئۆجەلان دروست دەڵێت کە دەتوانێت پەکەکە رابگرێت لە شەڕ، بەڵام راگرتنی پەکەکە لەشەر لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ناتوانێت دۆخی شەڕ و ئەگەری شەر لەبەین ببات. دەوڵەتی تورکیاو ئاک پارتی بێ شەڕ و سەرکوتی سیاسی، ناتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدات. دەوڵەتی توکیا لە ئێستادا بەهاوکاری دەوڵەتی عێراق و پارتی و یەکێتی، گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر هێزە سەربازییەکانی پەکەکەو بنکە و بارەگاکانی… و دەیەوێت لە رێگای سەربازییەوە توانایەکانی پەکەکە نەهێڵێت. بێگومان ئەو دۆخەو ئەو گوشارە زۆرە سەربازییەش لەسەر هێزەکانی پەکەکە، لەپەیامەکەی ئۆجەلاندا، دەبینرێت.

بۆ دەوڵەتی توکیای فاشیست و قەوم پەرست، تەنها یەک رێگا دەتوانێت دەستی ببەستێت و گورزی کەمەر شکێن لە پەیکەرەی دەسەڵاتی بدات، ئەویش وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری شاری و فراوانە و لێک هەڵپێکانی ئەو بزوتنەوەیەیە لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی لە ئاستی سەراسەریدا…. دەوڵەتی تورکیا بە شەر لە کوردستانەوە نە دەروخێت و نە باکی بە خوێن بەربوونی هیزە سەربازی و ئەمنیەکانی هەیە، ئەوەی کە لێی دەترسێت راسانی جەماوەری و سەراسەری شارییە، تیکەڵ بوونی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کوردستان لەگەڵ تورەیی جەماوەری تورکیایە بەدژی دەسەڵاتی دەوڵەت و ئاک پارتیدا…

سیاسەتیکی ئاوا و ریگایەکی لەم چەشنە لە دنیابینی و نەخشەی ئۆجەلان و پەکەکەدا نییە. خەڵکی کوردستانی تورکیا کە دژی ستەمی نەتەوایەتی و سەرکوتگەری رژیمن، دەبێ ئەو راستیەیان بۆ سەلمابێت، کە پەکەکە هەڵگری چارەسەری پرس و کیشەی کورد نییە لە تورکیا، بەڵکو بەدوای بەشی سیاسی و هاوبەشیکردنە لە دەسەڵاتی ناوەندیدا، کە ئەمەش هەرگیز بە مانای چارەسەری کیشەی خەڵکی کوردستان و ڕیگایەک بۆ دەستکۆتاکردنی رژیمی تورکیا نییە لەسەر خەڵکی کوردستان. دەوڵەتی تورکیا کە هەموو دەنگێکی ئازادیخوازانە و سیاسی بەزۆری هێز خەفە دەکات و زیندانەکانی سیخناخ لە نەیارانی سیاسی و ئازادیخوازان و چالاکوانانی مەدەنی و رۆژنامەنووسانی ئازاد…تاد کردووە و ڕۆژ بەڕۆژیش هەوڵدەدات دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی بەهێزتر بکات، و نەیارە سیاسیەکانی لەبەین ببات، نابێ هیچ جێگای خۆشباوەری جەماوەری و، تەنانەت پەکەکەش بێت. دەوڵەتی تورکیا لەژیر گوشار و بزوتنەوەی جەماوەری فراوانی شارییدا نەبێت، ئامادەنییە هیچ سازشێک بکات و زیندانییە سیاسیەکان ئازاد بکات و کەشی سیاسی بەریژەیەکی کەمیش بکاتەوە.

٢٠ ساڵە خودی ئۆجەلان لە زیندانێکی ئینفیرادی و دورخراوە، ڕاگیراوە… لەماوەیەشدا ئۆجەلان چ پشتی کردۆتە سیاسەتە راگەیەنراوەکانی پێشووی و ئاڵۆگۆری بناغەیی بەسەر دەزگای فکری و دنیابینی خۆیدا هێناوەوە و چ زۆرجار بەزمانی دەوڵەتی تورکیاوە پەیام و لێدوانی داوە، کەچی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، هیچ کارادنەوەیەکی ئەرینی روو بە ئۆجەلان نەناوە. بۆیە باشترە ئۆجەلان کۆتایی بەو پەیامانەی بهێنت و بەتایبەتیش کە ئەو لەزیندان و دەستبەسەر و ئیرادەی ئازاد نییە و لەگەڵ دەوڵەتیکیش بەرەو ڕووە کە نموونەی هەرە دڕندەی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی دنیایە….

لەگەڵ ئەوەدا کە کاریگەری پەکەکە لەسەر بەشێکی فراوانی خەڵکی کوردستانی تورکیا، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام چارەسەری کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستان لە ڕیگای پەکەکەو ئۆجەلانەوە، ناڕواتە پێشەوە. ئەوەی دەتوانێت ئەم پرسە بە شوێنێك بگەینێت و بە ئاقاری کۆتاییهێنانی ستەمی نەتەوایەتیدا بڕواتە پێشەوە… پشت بەستنە بە بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینایەتی جیاواز کە بزوتنەوەی کوردایەتی تێپەراندبێت و رەوتێکی ئازادیخوازنە و پێشکەوتنخوازی پشت بەستووی بە ئیرادەی جەماوەری و کریکاریی بێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٨ بەرواری ١٥/٨/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *