وەڵامێک بە موئەیەد ئەحمەد …
عوسمانی حاجی مارف …
لە پلنۆمی ٣٣ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا مەسەلەیەکی هەستیار لەئارادا بوو، دەبوایە یەکلایی بکرێتەوە. مەسەلەیەک کە چەندین جار هاتبووە گۆڕێ، بەڵام هەمووجار بۆ ڕاگرتنی دڵی هاوڕێیانێک و بۆخاتری بەرگرتن لە قوڵبونەوەی ناکۆکی ناو ڕابەری لەسەر ئەومەسەلەیە چاوپۆشی دەکرا، بۆیە بە هەڵواسراوی دەمایەوە. ئەو مەسەلەیە باسکردن و بڕیاردان بوو لە سەر پێشێلکاری چەند بارەی فەلاح عەلوان لە هەڵبەستنی تۆمەتی بێبنەما و تەشهیرو سوکایەتی بەرامبەر چەندین هاوڕێی هاوکۆمیتەی خۆی لە ڕابەری حزبدا، کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە نوسراو و بە عەلەنی بڵاوی دەکردەوە. ئەوەی پێویست دەکات ئەم مەسەلەیە لە ئێستادا بە یاد بهێنمەوە، وەڵامە بە چاوپێکەوتنێکی هاوڕێ موئەیەد ئەحمەد کە لە “کوردستان دیبلوماتیک” بڵاوبۆەتەوە و دواتر لە پەیجی خۆیدا دایناوە. جۆری وەڵامەکانی هاوڕێ موئەید لە گێڕانەوەی پرۆسەی گەیشتن بە بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامیەتی لە فەلاح عەلوان لە پلنۆمی ٣٣دا، بەڕاستی نا مونصیفانە و ناواقعی و نادروستن. لەو بارەیە دەڵێت یەکەم؛ خۆی لایەنگری لەو بڕیارە نەکردووە و هەڵوێستی وەرگرتووە. دووەم؛ دەستکاری پەیڕەوی ناوخۆ کراوە.
هەڵبەتە هاوڕێ موئەیەد لەو چاوپێکەوتنەدا دەربارەی ئایندەی کاری سیاسی خۆی باسێک دەکات، مەبەستم ئەوەنیە لەم نوسینەدا لەو بارەیەوە هیچ بڵێم، ئەوە هەڵبژاردنی ژیانی سیاسی خۆیەتی، بەڵکو هەوڵئەدەم لەم نوسراوەدا چەند ڕونکردنەوەیەکی پێویست بدەم دەربارەی ئەو وەڵامانەی لەسەر لێسەندنەوەی ئەندامیەتی فەلاح داویەتەوە.
مەکتەبی سیاسی حزب تا ئەو ساتەی گەیشت بەو پێشنیارەی بیدات بە پلنۆم کە ئەندامیەتی لە فەلاح عەلوان بسەندرێتەوە، چەندین جار لەو شکاتانەی کۆڵیبوەوە کە لەسەر تۆمەت و تەشهیرو سوکایەتی کردنی فەلاح بە هاوڕێیانی هاوکۆمیتەی درابووە مەکتەبی سیاسی. هەمووجارەکان دوای لیکۆڵینەوە و سەلماندنی خەتاکاری فەلاح لە کۆبونەوەی ڕەسمیدا، مەکتەبی سیاسی بە نامەی ڕەسمی خودی هاوڕێ موئەیەد و داوای لە فەلاح کردبوو کە تۆمەتە بێبنەماکانی وەرگرێتەوە و داوای لێبوردن بکات. هەمووجار مەرجی وەرگرتنەوەی تۆمەتەکان و داوای لێبوردنی فەلاح کرابوو بە مەرج بۆ ئەوەی سزاکەی کەم بکرێتەوە. بەڵام هەموجارێک نەک فەلاح هیچ هەنگاوێکی لەوبارەیەوە نیشان نەدا، بەڵکو بە دووبارە و چەندبارە کردنەوەی پێشێلکاریەکانی، هیچ ڕێگایەکی لەبەردەم ڕابەری حزب نەدەهێشتەوە جگە لە لێسەندنەوەی مافی ئەندامیەتی.
هاوڕێ موئەیەد بۆ خۆی ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ ئەو تۆمەت و تەشهیرو سوکایەتیانەی فەلاحدا نەبووە و ڕەخنەی لێی هەبوون! بیهێننە بەرچاوتان کەسێک لە پۆستی سکرتیری حزبێکدا بێت، کە ئەرک و مەسئولیەتی سەرشانی ئەوەیە بەرگری لە پرەنسیپ و بنەما سیاسی و کۆمۆنیستیەکان بکات، کەچی هەموو هێزی خۆی خستوەتە سەریەک تەنها بۆ ئەوەی بڵێ من لەگەڵ ئەوکارانەدا نیم!! تازە هەموو جارێک دوای دووبارەکردنەوەی ڕستەی “من لەگەڵ ئەو ڕەفتارانەی فەلاحدا نیم” و بە زیادکردنی بەڵامێک، کەوتوەتە پاساو هێنانەوە بۆ بەرگری لە مەحفەلیستی و خۆپارێزی لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی ئوصوڵی و حزبی ڕاشکاو لە بەرامبەر پێشێلکاریەکانی فەلاحدا. بۆ یەکجاریش بەرپرسیارێتی خۆی وەکو سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی بەرامبەر پارێزگاری لە کەرامەت و کەسایەتی ئەندامانی کۆمیتەکەی نیشان نەداو لە سەر ڕەفتارەکانی فەلاح وشەیەکی نەنوسی، تا هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی هەست بکەن هاوڕێ موئەیەد وەک سکرتێرێک بە چاوێکی یەکسان بەرگری لە کەسایەتی و کەرامەتیان دەکات.
جارێک لە کۆبونەوەیەکدا هاوڕێیەکی کۆمیتەی ناوەندی بە هاوڕێ موئەیەدی وت؛ “هاوڕێ موئەیەد ئەسڵی کێشەکە خۆتی نەک فەلاح، کە لە بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکاریانەی فەلاحدا نەک هەر بێدەنگیت هەڵبژاردوە، بەڵکو ڕون و ڕاشکاو چاوپۆشی لێدەکەیت. لە بارەی ئەم کێشەیەوە بەرلە هەرکەس ئەوە کار و بەرپرسیارێتی تۆبوو وەک سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی دەستپێشخەری بکەیت و بۆ پارێزگاری لە کەرامەتی کەسانێک کە تۆ سکرتێریانی یەخەی فەلاح بگرێت و چارەسەری بکەیت. ئەگەر یەکجار وات بکردایە ئیتر پێویستی نەدەکرد ئێمە ناچار بین بە پێشنیارو بڕیارو لێسەندنەوەی ئەندامیەتی بەر بە پرەنسیپ شکێنی فەلاح بگرین، بەڵام لەوە دەچێت ناتەوێت بەهێچ جۆرێک وەڵامی فەلاح بدەیتەوەو بەرگری لە ئوصوڵ و پرەنسیپەکانی کۆمیتەکەت بکەیت، تا فەلاح لێت نەڕەنجێت”.
لە ڕاستیدا بەردەوامی فەلاح لەسەر پرەنسیپ شکێنی و هەروەهاش بێدەنگی و چاوپۆشی هاوڕێ موئەیەد وەکو سکرتێر وای کرد و ئاکامەکەی گەیشت بەوەی لە پلنۆم ٣٣دا کۆمیتەی ناوەندی بۆ بەرگری لە پرەنسیپە حزبیەکان و بەرگری لە کەرامەتی کۆمیتەکە و ئەندامەکانی بڕیار لەسەر سەندنەوەی ئەندامێتی لە فەلاح بدات. هاوڕێ موئەیەدیش بەرپرسیارێتی خۆی کردە قوربانی بەرژەوەندی مەحفەلیستی و وەکو هەمیشە بە دووپاتکردنەوەی “من لەگەڵ ئەو ڕەفتارانەی فەلاحدا نیم” لەڕاستیدا خۆی دایە پاڵ پێشێلکاریەکانی فەلاح. تا ئەوڕادەیەی کە بۆ دەستکێشانەوەکەی بڵێ؛ “ناتوانم لەگەڵ مەحفەلیستی ئەو ڕابەریەدا کار بکەم”..
هاوڕێ موئەیەد باس لەوە دەکات هەر لەو پلنۆمەدا پێشنیاری کردووە فەلاح تەوبیخ بکرێت و مافی ئەندامەتی لێ وەرنەگیرێتەوە، پێش هەموشتێک دەبێ بڵێم بەڕاستی ئەو هەڵوێستەی هاوڕێ موئەیەد منی توشی جۆرێک سەرسامی کرد، کە خۆی لە کاتێکدا لانی کەم فەلاحی بە مستەحەقی تەوبیخ دەزانی، کەچی لەبەر ئەوەی فەلاح غائب بوو لە پلنۆم، بە ڕێگای تەلەفون ئەوپەڕی هەوڵیدا ڕەزامەندی فەلاح وەربگرێت تا خۆی ببێتە نوێنەری و بە نوێنەرایەتی ئەو دەنگێک زیاد بکاو بەرگری لێ بکات، بەڵام ئسوڵی تر ئەوەبوو کە بۆ ئەوەی ئحساسی ئەوە بە ئێمە بدات کە بەرگری لەکەسایەتی و کەرامەتی ئێمە دەکات، هەتا ئەگەر فەلاح بۆ خۆی داوای لە موئەیەد بکردایە کە ببێتە نوێنەری لە پلنۆمدا، پێویست بوو هاوڕێ موئەیەد بڵێ “بەڕای من تۆ پێشێلکاریت کردوە و تەشهیر بە هاوڕێکانت دەکەیت و مستەحەقی تەوبیخی، بۆیە من ناتوانم و ئامادەنیم ببمە نوێنەری تۆ”. بەڵام بەداخەوە هاوڕێ موئەیەد ئەم هەڵوێستە کۆمۆنیستیەو بەرپرسیاریەتی وەک سکرتێرێک کردە قوربانی بەرژەوەندی مەحفەلیستی لەگەڵ فەلاح و ڕێک پێچەوانەکەی کرد.
هاوڕێ موئەیەد دەڵێ کە بڕیاری زۆرینە لێسەندنەوەی ئەندامیەتی فەلاح پەسند دەکرێت، بە دژی وەستاوەتەوە و دواتریش دەستی کێشاوەتەوە، هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، ئەو بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامیەتیە پرۆسەیەکی لە ناکاو و تەنها دەنگدانێک نیە کە بڕیارێکی یەکلایەنەی تیا پەسند کرابێت، بەڵکو پاش ماوەیەکی درێژخایان و تەوبیخکردن و داواکردن بەوەی فەلاح کۆتایی بهێنێت بە پێشلکاری و داوای لێ بوردن بکات، پاش هەموو ئەوانە و دووبارە و چەندبارە بونەوەی فەلاح لەسەر تۆمەت و تەشهیرەکانی، کۆمیتەی ناوەندی بەو بڕیارە گەیاند. لێرەدا پێویستە مەسەلەیەکی گرنگ بەیادی هاوڕێ موئەیەد بهێنمەوە، کە لە ناو پلنۆمەکەدا پێم وت؛ باشە هاوڕێ موئەیەد سەرباری هەموو ئەوانە فەرموو ئێمە ئێستا پێشنیارەکەی تۆ کە تەوبیخە قەبوڵ دەکەین، بەڵام ئەگەر دوای ئەو تەوبیخەش فەلاح هەمان کاری دووبارە کردەوە، بۆ پلنۆمی داهاتو چی بکەین و پێشنارت چی دەبێت، هاوڕێ موئەیەد لەو بارەیەوە وشەی “نازانمی” هەڵبژارد! چونکە سور دەیزانی کە ئەگەر بە قسەکەی ئەویش بکەین، فەلاح دووبارە هەمان سوکایەتی و پرەنسیپ شکێنی دەکاتەوە و دیسانیش هاوڕێ موئەیەد لەبەرامبەر پێشنیاری لێسەندنەوەی ئەندامیەتیدا، بەرگری مەحفەلیستی لەو دەکات. وتم باشە ئێمە وەک ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی تاکەی و چۆن هەست بە زەمانەتی پاراستنی کەرامەتی خۆمان بکەین لەبەرامبەر ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیدا کە تۆمەت و سوکایەتی ناڕەوامان پێدەکات و سکرتێرەکەش نازانێ چی بکات؟! هەر بۆیە پرۆسەی چارەسەری ئەو کێشەیە دەبوا بە قەناعەت و بڕیاری زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی چارەسەر بکرێت و بەرگری لە کەسایەتی و کەرامەتی خۆمان بکەین، کە هاوڕێ موئەید نەیتوانی یان نەیویست بەوکارە هەستێت، هەر بۆیە لەو پلنۆمەدا زیاتر لە هەر کەس پێداگریم کرد لەسەر پێشنیارەکەی مەکتەبی سیاسی بۆ لێسەندنەوەی ئەندامیەتی لە فەلاح.
لەلایەکی ترەوە هاوڕێ موئەیەد دەڵێت دەستکاری پەیڕەوی ناوخۆ کراوە، ئاخۆ بەڕاست هاوڕێ موئەیەد ئامادەیی سەلماندنی ئەم تۆمەتە گەورەیەی هەیە، یان ئەویش وەک فەلاح بەڕەوای دەبینی بێ بنەما کە تۆمەتی گەورەی بەم جۆرە لە میدیاکانەوە بدات بەڕوی هاوڕێکانی دەیان ساڵەیدا؟! گەر مەسەلەکە لەم ئاستەدا بوو، پێویست بوو کەمێک ئەرک و زەحمەت بکێشێ، یەکەم ئەو بەندە لە پەیڕەوی ناوخۆ بخاتەڕوو کە پێی وایە دەستکاری کراوە، دووەم بەرلەوەی لە میدیاوە ئەم تۆمەتە ڕابگەیەنی، لانی کەم بۆ یەکجار لە ئۆرگانێکی خاوەن سەلاحیەتدا بیخاتەڕوو.
لە شوێنێکی تردا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نوسراوانەی کە دەربارەی “ئینشقاقی یەکێتی شورا و سەندیکای کرێکاریەکانی عێراق” لەلایەن هاوڕێ موئەید و هاوڕێ ڕێبوار و مندا نوسراون و بڵاوکراونەتەوە. ئاشکرایە کە لەو بارەیەوە هەرکەس لەسەر بنەمای بۆچونی خۆی لەو کاتەدا باسەکانی کردووە، هەرکەس مەبەستی بێت دەتوانێت لەو بۆچونانە ورد بێتەوە و بۆیان بگەڕێتەوە، بەڵام بۆ ساغکردنەوەی دروستی و نادروستی ئەو نوسراوانە لەبەرامبەر ئەو ئینشقاقەی لە یەکێتی شورا و سەندیکای کرێکاران ڕویداوە، ئێستا ئەو نوسراونە بنەما نین، بەڵکو لە ئێستادا پێویست دەکات دەربارەی چونیەتی گەشەی ڕێکخراوەیی ئەم یەکێتیە لە ڕاستای پێشڕەوی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا لێک بدرێتەوە. هەر بۆیە باسکردن لەسەر ئەوەی کە هاوڕێ موئەیەد ئەیخاتە سنوری ئەوەی لە باری سیاسیەوە خۆی بەرگری لە یەکێتی شوراو سەندیکا و فەلاح عەلوان کردووەو وەها نیشان ئەدات موخالەفتی ئێمە باش نەبووە، ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، یەکێتیەکەی فەلاح و دەوری فەلاح لە ناو بزوتنەوەی کرێکاریدا دوای پانزە ساڵ لە هەڵسورانی سیاسی و هاوپشتیە سیاسیەکانی هاوڕێ موئەید بۆ ئەو ڕێکخراوە بە چی گەیشت..؟. ئەوەی هاوڕێ موئەیەد ئێستا ناتوانێ بیسەلمێنێت و کاری پێ بکات ئەو لایەنەیە.
لە کاتێکدا هاوڕێ موئەیەد لەوەڵامی دەربارەی ئینشقاق لە حزبدا دەڵێت؛ “حزبێک یا ڕێكخراوێک بە رواڵەت وا دەرئەکەوێت کە نەگۆڕاوە لە بەر ئەوەی توشی ئینشقاق نەبووە بەڵام بە کەمێ وردبوونەوە دەرئەکەوێت کە ئەو حزب و رێکخراوەش هەمێشە سەر لە نۆی خۆیان بەرهەم ئەهیننەوە بە میکانیزمی تایبەتی خۆیان. رابەریەکەی و ئەندامەکانی گەر کەسانی چەند نەوەی دواتریش بن بەڵام لە سەر بنەمای نەریت و میکانیزمی تایبەت درێژە بە حزبەکە یا ڕێکخراوەکە ئەدەن و ئەمەش وەک ئەوە وایە کە سەرلەنۆی دروستیان بکەنەوە. هەربۆیە ئینشقاق یا مانەوەی ئارایشێکی ڕێکخراوەیی لە شۆینی خۆیدا دوو لایەنی یەک پرۆسەن و ناتوانرێ واقعیەتی بزوتنەوەیەکی پێ دەست نیشان بکرێت.”
بەڵام دوای پانزە ساڵ لە هەڵسوڕانی یەکێتیەکەی فەلاح کە تا ئیستا هیچ دەورو پێگەیەکی لە ناو بزوتنەوەی کرێکاری عێراقدا بە دەست نەهێناوە، هەروەها هیچ جۆرە کارکردێکی لە سەر بەهێزکردن و ڕێکخراوکردنی ئەو بزوتنەوەیە نەبووەو نیە، نەمان بینی لە باری عەمەلیەوە هاوڕێ موئەیەد سەرنجی بچێتە سەر میکانیزمی کارێکی لەو جۆرە بنبەست و بێ سەمەرەی ئەم ڕێکخراوە، کە پانزە ساڵە تەنها ناوەکەی خۆی و مەحفەلێک بەرهەم دەهێنێتەوە، بە مانایەک بەرگری لەو ڕێکخراوەو لە دەوری سەرەکی فەلاح لەو ڕێکخراوەدا، ئەوە دەگەیەنێت هاوڕێ موئەید میکانیزمی پەیوند بون بە کرێکارەوە، ئومێدی بە کارو هەڵسورانی یەکێتیەکە و سکرتێرەکەیەوە هەیە، کە تا ئێستا چالاکی و ئاسۆکەی و مەیلە سۆشیالستیەکەی هیچ ئاسەوارێکی نیە، بەراستی ئینسان سەرنجی دەچێتە سەر ئەو کەسانەش کە چاوەڕوانن و ئومێدیان بەوەیە ئەم یەکێتیە لە خەو خەبەری بێتەوەو کارێکی سیاسی گەورەیان بۆ بکات..!
مەسەلەیەکی گرنگتر دەربارەی ئەم یەکێتیە ئەوەیە کە لە ڕۆژی دامەزرانیەوە بۆ یەکجار فەلاح بووە بە سەرۆکی، ئیتر تا ئێستا ناوی “سەرۆک” وەکو ناوی باپیرەی فەلاحی لێهاتووە و تا ئەبەد ناگۆڕدرێ. هاوڕێ موئەیەد کە هەمیشە خۆی بە لایەنگری نەریتی شورایی و ڕابەری دەستەجەمعی دەزانێ، کەی لە ڕوانگەی ئەوەوە جارێکی تر پێویست دەکات سەرۆکی ئەم یەکێتیە هەڵبژێردرێتەوە؟!، هەر لەو کاتەوە سەرۆکایەتی حزب پێنج جار سکرتێری گۆڕیوە، هەرچی دامەزراوە بۆرژوازیەکانی ئەم کۆمەڵگایە هەیە، لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و ..هتد، چەند جار گۆڕاون، دەکرێ هاوڕێ موئەیەد پێمان بڵێیت کەی نۆرەی ئەوەش دێت کە لە ڕوانگەی لایەنگری سیستەمی شورایی و ڕابەری جەمعیەوە لانی کەم دووبارە هەڵبژاردنەوە بۆ سەرۆکی ئەو یەکێتیە بکرێت؟! یان ئەوەی کە هەموان دەزانین سەرباری ئەوەی قیادە و قاعیدەی ئەو یەکێتیە لە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست زیاتر نیە، بەڵام چۆنە لە ئاست دەسەڵاتی ڕەها و فەردی و یەکلایەنەی فەلاح دەربارەی هەموو شتێکی ورد و درشتی ئەو یەکێتیە، بۆ جارێک باسی ڕابەری جەمعی و نەریتی شورایی ناکەوێتە بیریان و کاری پێ ناکەن؟!
دوای هەموو ئەوانەش تا ئێستا کە هاوڕێ موئەیەد پێداگری دەکات و ناڕازیە بەو بڕیارەی کۆمیتەی ناوەندی، پێم وایە باشتربوو بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامیەتی فەلاح لە بری هەڵچونی کوتوپڕ و دەستکێشانەوەی بێ پێشینە، پێش ئەوە هەوڵیان بدایە نەک هەزاران و سەدان ئیمزای کرێکاران لە یەکێتیەکەیان کۆبکنەوە لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی حزبدا، بەڵکو شەخسی خۆم بە کۆکردنەوەی ئیمزای دە کرێکاریش بیرێکی ترم لێدەکردەوە. هاوڕێ موئەیەد زیاتر لەچارەکە سەدەیەک کاری سیاسی خۆی لەم حزبە کردە قوربانی بەرگریەکی مەحفەلیستی لە ڕەفتاری ناڕەوای تۆمەت لێدان و تەشهیرو سوکایەتی بە هاورێیانێکی، کە دەیان ساڵ پێکەوە لە سەختترین دەورانەکاندا کاری کۆمۆنیستیان کردوە، خودی هاوڕێ موئەیەد لە هەمووکەس باشتر ئەو ڕاستیە دەزانێ کە ئەو هاوڕێیانە مستەحەقی ئەو تۆمەت و تەشهیرو سوکایەتیانە نەبوون.