عەبدوڵا مەحمود
تا چەند ڕۆژ و چەند سەعات لە ١٤/٧/٢٠٠٠ کۆمەڵگەی کوردستان، خاوەنی هێزو دەنگێکی ڕەسای جیاوازی کاریگەر لەهەموو حزب و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بوو… خاوەنی هێزێکی سیاسی، حزبێکی جیاواز بە ئامانج و نەریت و شێوەکاری رێکخراوەیی تایبەتی خۆیەوە کەمۆری کارو هەڵسوڕانی بەهەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی کۆمەڵگەوە دیار بوو.
بەڵی تا ١٤ حەوتی دووهەزار، هێز و حزبێکی سیاسی ناسراو و کاریگەر هەبوو، کە بێ ئەولاو لا دژی نابەرابەری ئابوری و ستەمی چینایەتی و خوازیاری کۆمەڵگەیەکی خاڵی زوڵم و نابەرابەری بوو… لەدڵی خەبات و کێشمەکێشی چینایەتیدا ئامادەیی هەبوو. بەرگری لە ماف و داخوازییەکانی کرێکاران و هەوڵدانی بۆ ئاسۆدارکردنی خەباتیان بە ئاسۆی سۆشیالیستی و ریكخراوکردنیان، تا دەگات بەبەرگری کردن لەماف و داخوازییە رۆژانەیەکانیان و باش کردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران، تیکۆشانی نەسرەوتوی ئەو هێزو حزبە بوو.
تا ١٤ حەوت بەرگری لە چارەسەری کێشەی کورد لە ڕێگای گەرانەوە بۆ ئیرادەی راستەخۆی جەماوەری و بەرپاکردنی ریفراندۆمێکی ئازادانەی دوور لەهەرەشە و دەستێوەردانی دەرەکی، حزبێک لە پشتی بوو وە بۆی تێدەکۆشا. بەرگری لەمافی ژنان و خەبات بۆ یەکسانی ژنان و پیاوان و گۆرینی یاسا دژە ژنەکانی بەعس و لابردنی ڕێگریەکانی، مەیدانێکی تری بەرامبەرکێی کۆمۆنیزمی کرێکاریی بوو لەگەڵ دەسەڵاتی دژە ژن و کۆنەپەرستی ئیسلامی و رەوتە سیاسیە ئیسلامیەکان. لەوەش واوەتر دەستبردنی بەکردەوە بۆ پاریزگاری لە ژنانی هەرەشەلێکراو ژێر چەقۆی پیاو سالاری پشتیوانی کردن لە سەنتەری ژنان و خانەکانی داڵدەدانی ژنان، کە ئەوانیش بە پشتیوانی کۆمۆنیزمی رێكخراو پێکدەهێنرێن. کارکردن بۆ بەرینکردنەوەی ئازادییە سیاسیەکان، وەستانەوە بەرووی داخستنی پەراوێزەکانی ئازادیدا، کە حزبە بۆژوازییە دەسەڵات بەدەستەکان و ئیسلامیەکان بێ دریغ کاریان بۆی دەکرد و سەدان ئەمماو ئەگەریان پێوە دەلکاند و لەژێر پاراستنی ناوی مقدەسساتە قەومی و دینی و کەلتوریەکاندا، دەرگایان بەرووی ئازادیدا دادەخست. دروشمی ئازادی بیقەیدو شەرتی سیاسی دڕ بەهەوڵی بۆرژوازی دەدات و دەبێتە وێری بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە و مەیدانێکی بەرامبەرکێی کۆمەڵایەتیش لە دژی بۆرژوازی و حزبەکانیدا.
وەستانەوە بەرووی ئیسلامی سیاسی و رەوتە سیاسیە بەکرێگیراوەکانیان و کۆنەپەرستانی کۆمەڵگە، مەیدانێکی گرنگی ڕوبەرووبونەوەی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازییە لەگەل ئیسلامیەکان و حزب و لایەنە سیاسیەکانیاندا، کە کاریان سوکایەتی بە سیما جوانەکانی کۆمەڵگە، بە ژنان دەکرد و هەوڵیان دەدا سایەو دەسەڵاتی ئیسلامی و ریسا ئیسلامیەکان دابسەپێنە سەر کۆمەڵگە. مناڵان و مافەکانیان بەرگری سەرسەختیان لێدەکرا…
بەکورتییەکەی لەهەموو مەیدانێک و هەموو زەمینەیەکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا حزبێک هەبوو کەهێزبەخش و پشتیوانی و تیکۆشانی لێبڕاونە بۆ ئازادی و ئازادیخوازی و بەرگری لە ئازادیی و ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە بوو.
هەموو ئەو تێکۆشانەو سەنگەربەندیانە لەبەرامبەر بەهێرشی دەسەڵاتی سیاسی و حزبەکانیاندا، بەدژی کۆنەپەرستی دینی و حزب و لایەنە سیاسیەکانیاندا، بەدژی نابەرابەری و دزی و تاڵانی و دەسەڵاتی میلیشاییدا، بەشوێنێک گەیشت هەر کەسێک لە کۆمەڵگەدا باسی ئازادی و یەکسانی و بەرابەری و یەکسانی ژن و پیاو، ریفراندۆم، بەرگری لە ناسنامەی ئینسانی کردبا، میداڵی کۆمۆنیست بوونیان لە بەرۆکی دەدا. هەر بەوهۆیەشەوە کۆمۆنیزم بووە دیاردەیەکی خۆشناو و کەسایەتیە تیکۆشەرەکانیشی خۆشەویست.
لەچوارچێوەی خۆشناو بوونی کۆمۆنیزم و رەوتی روولەپێشی حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییدا، بۆرژوازی کورد هەراسان بوو، لە میژووی چەندین دەهەی گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا، بۆیەکەمین جار بوو کۆمۆنیزم بەو جۆرە مۆری خۆی بدات لە رووداو واقعیەتی سیاسی کۆمەڵگە و ببێتە گوشارو مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی بۆژوازی و هێزەکانی، بۆیە وەستانەوە و بەرگرتن بەو رەوتی گەشەی کۆمۆنیزم، بووە ئەولەویەتی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و وڵاتە پشتیوانەکانیان. هێرشی چەکدارانەی یەکێتی بۆ سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و رێکخراوە جەماوەریی و رادیکاڵەنی، بۆ بەرگرتن بوو بەو رەوتی گەشەکردنە و بێبەشکردنی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگە، لەو هێزەی بەکردەوە بەرەو ئەوە دەڕۆشت وەکو نوێنەری واقعی خۆیان هەڵی بژێرن. وە بۆ داسەپاندنی سەرکوت، بێمافیەکان، پایماڵکردنی ئازادییەکان، کوشتنی یەکجاری رێکخراوەی جەماوەری واقعی، دەست ئاوەڵاکردنی کۆنەپەرستی، خامۆشکردنی نارەزایەتی رەوای شەقام، و بیدەنگەکردنی ژنان و لاوان…تاد. هێرشیان کردە سەر حزب.
لەدوای ١٤ حەوتی ٢٠٠٠ وە، بەکردەوە کۆسپی سەرەکی و هێزی کاریگەر و لەمپەری واقعی بەردەم دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و کۆنەپەرستی و سەرمایە، لاوازو کەنار خرا… لەوکاتەوە تاکو ئێستا هیچ هێز و حزبێکی سیاسی چینایەتی جیاواز لە خانەوادەی بۆرژوازی و کاریگەر لەگۆرەپانی سیاسی کوردستاندا، نەما… چینی کرێکار پشت و پەنای واقعی نەما و هێرش بۆسەریان زیادی کرد و بیمافیەکانیان بەرینتر بووە، پرسی خەڵکی کوردستان کرا بە دەستمایە بۆ سات و سەودا لە پیناو فیدرالیزمێکی قەومی لەگەڵ ناوەندا، لەوکاتەشەوە کەشی ئازادی وئازادییەکانی کۆمەڵگە پاشەکشەی پێکرا. ئیسلامیەکان و رەوتە سیاسیەکانیان دەرگایان بۆ والابوو بە ئارەزووی خۆیان تەراتین بکەن. ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان پاشەکشەی تەواوی پێکراو کوشتاری ژنان لە ژێر ناوی شەرەفدا بێداد دەکات و لە پەرلەمانیشدا یاسای فرەژنیان دەمەزەرد کردەوە. مناڵان پشت و پەنایەکیان نەما، رێکخراوەی جەماوەری رادیکال و جەماوەری و ئینسانی نەمان، لەجێگایدا حزبەکان ریکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیان قوتکردەوە، کە تابڵێی کۆنەپەرست و هاوکات ریکخراوەی رتوشکردنی دزێویەکانی دەسەڵاتن و سەرچاوەیەکیشن بۆ لوشدانی داهاتی گشتی. دزی و تاڵانی بەوپەری خۆی گەیشت…
بۆیە پیش ١٤/٧ و داوی ١٤/٧ دوو واقعیەتی و تەواو جیاواز و دوو میژووی پێچەوانەی یەکترین… میژووی بەر لە ١٤ حەوت مێژووی بەرامبەرکێەکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازیدا لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتیدا. میژووی راوەستانەوەیە بەرووی رەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامیە کریگرتەکاندا. مێژووی بەرگری لە ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و لاوان و مناڵان و ئازادیخوازیی و ئازادییەکانە… مێژووی کرانەوەی کۆمەڵگە و ڕووهینانە بۆ رێکخراوبوون و چوونەسەری هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە، میژووی بەرامبەرکێیە بۆ چارەسەری کیشەی کورد لەگەڵ بزوتنەوەی کوردایەتی… مێژووی برەودان بە ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسیە، لەبەرامبەر بە داخستنی کەشی نیمچەکراوەی کوردستاندا. میژووی بەرگری لەژنان و مافەکانیان و رزگارکردنی بەکردەوەی ژنانە لەچەقۆی پیاوسالاری و رزگارکردنیان…
لێدان لە حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کۆتاییهینانە بەرۆڵ و چالاکی کۆمۆنیزمی کریکاری لە کۆمەڵگەیەکی تایبەتدا، کە کۆمەڵگەیەکە لەهەلومەرجێکی تایبەتی و نا نۆرماڵدا، کە ناکرێ کۆمۆنیستەکان تیایدا سەرقاڵی کاری رۆتینی کۆمۆنیستی بن…
دەرسێکی زۆر گرنگ کە دەتوانێت زۆر ئەزموندە بێت، ئەم لێکدانەوەی مەنسور حیکمەتە بۆ هۆکاری سەرەکی لێدان لە حزب… مەنسور حکمەت لە یاداشتێکدا بۆ رابەری حزب دەڵێت:
“…کۆمۆنیزم ناتوانێت جووڵانهوهیهکی ڕۆتینی پهراوێزی ئهم جۆره کۆمهڵگەیانه بیت، که وهکو حزبه بۆرجوازیهکان ههمیشه “ههن”و له پهراوێزی چهند دهرسهدیکی ئهم کۆمهلگەیانه درێژه به مانهوهی خۆیان دهدهن. کۆمۆنیزم لهم جۆره کۆمهڵگەیانهدا یان دهبێت سهرکهوێت، یان شکستی پێدههینن، یان دهبیت پێشڕهوی بکات، یان پاشهکشهی پێدهکهن. خاڵێکی هاوسهنگیو نۆرمێکی مانهوهی چهندین ساڵهو ئاسایی بۆ کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ له وڵاتانێکی دواکهوتوو، که سهرکوتگهرییو رژیمی سیاسی کۆنهپهرست تیایاندا دهسهڵاتداره، بوونی نییه. ئهو بۆچوونهی که پێی وایه ڕادیکالیزمی کۆمۆنیستی دهتوانێت له کۆمهڵگەی وهک عیراق یان کوردستانی عیراق تهلارێکی میژووییو یهکێک له “جێگا سهرنجڕاکێشهکان” بێت که ساڵهها خهڵک بچن بیبیننو بێنهوه، ئهو بۆچوونهی که پێی وایه دهکرێت له گۆشهیهکی ئهم کۆمهڵگەیهی ژێر دهسهڵاتی کۆنهپهرستیی، تهبلیغو هۆشیارکردنهوهی کۆمۆنیستی وهک ههر خزمهتگوزاریهکی ناوشار، وهک ئاو و کارهباو تهلهفۆن، ساڵهها به شێوهی رۆتینی له بهردهستی خهڵکدا بێت، بۆچوونێکی ناواقیعییه. کۆمۆنیزم نهک به شێوهیهکی گشتی، بهڵکو به تایبهت بههۆی ههلومهرجی تایبهتی وڵاتانی وهکو ئێرانو عیراقو هاوشێوهیانهوه، به مهسهلهی دهسهڵاتی سیاسیو به تواناو هێزی کردهی سیاسیهوه گرێی خواردووه. کۆمۆنیزمی بێ پهیوهند به مهسهلهی دهسهڵاتهوه، کۆمۆنیزمێک که نهخوازێت مهسهلهی نفوزی کۆمهڵایهتی، باڵادهستی سیاسیو حاکمیهت له ئهجێندای به پهلهی خۆیدا دابنێت، مهحکوم به شکسته…. ”
ناوەراستی تەموزی ٢٠١٩
تیبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٦ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…