ئەکرەم محمود …
لەسەر خستنەدواوەی ئافرەتێکی نیقاب پۆش لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتا ساڵ بۆ یەکەم و دووەم و سێهەمەکانی خوێندکارانی قۆناغی ١٢ کە لەڕیزی پێشەوە وەستابوو بۆ وێنەگرتن هەرای گەورەیان نایەوە بەناوی مافی تاکەکەسی وئازادی جل پۆشین ومافی مرۆڤ و گەلێک شتی تر .
بەشیک لەچەپ وعەلمانی وبی دین و لیبرال و رۆشنبیر زۆریان تانەیان دا لەو کارەو وتیان ئەوە ئیهانەو سوکایەتیەو سەرکۆنەیان کرد.
ئەوانە بەشی هەرەزۆریان وەك و هەڵوێست یان لە نیازپاکی خۆیان کەوتنە ڕەخنە وگازندەی ئەوکارە. بەلام پرسیارەکە ئەوەیە ئەتانەوێت بەو هەلوێستەتان چی فێری ئیسلامیەکان بکەن، چونکە سەرنجام ئەو ئافرەتە نوێنەرایەتی ڕەوتێکی ئیسلامی کردووە یان پێی کراوە ؟
ئەگەر لایەنێکی هەڵوێستەکەی ئیوە ئەوەبێت کە وەک ویەک سەریری هەموو ئینسانێک وفکرو بۆچونێک ئەکەن و جیاوازیان نییە لەلاتان؟ پێتان وانییە کە ئەوە هەڵەیەکی مەعریفیەو جیانەکردنەوەی فکری ئازادیخوازو کۆنەپەرستی لەکۆمەلگەدا، کە ئەبێتە سەرلێشواوکردنی گەنجانێکی زۆر لەو بارەیەوە؟
یان گەورەکردنی بابەتێکی ئاوا بە قازانج و بەرژەوەندی رەوتە ئیسلامیەکان تەواو نابێت؟ کە ئەبێتە هۆی فەرزکردنی جۆرە جل وبەرگێك لە کۆمەلگەدا کە بێجگە لە سومبولی ئیسلامیەکان هیچی ترنییە.
تەنانەت ئەو کتێبەی کە موسلمانان پێی ئەڵێن (قورئان) بۆ یەك جاریش نەباسی حیجاب ئەکات وەک و پەچەیەکی ئیسلامی کە فەرز بیت بەسەر ژناندا وەنە باسی نیقابی تیایە، بەڵکو و ئەوە داهینانی خەلیفەکانی ئیسلامییە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی پاوانخوازی خۆیان.
لەماوەی 28 ساڵی رابردودا سەدەها ئینسانی ئازادیخوازو پێشکەوتنخواز لەو کۆمەڵگەیەدا تیرۆر کراون، ئیسلامیەکان نەک هەڵوێستیان نەبووە بەڵکو خۆشحاڵیان بۆ ئەو کارە دەربریووە و زۆر جاریش خۆشیان دەستیان هەبووە تیایاندا .
هەزارەها ئافرەت تیرۆرکران بەناوی شەرەفەوە ئیسلامیەکان نەک سەرکۆنەیان کرد بەڵکو لەگەل دەسەڵات پاساویان بۆ ئەوکارە قێزەونە ئەهێنایەوە .
رۆژانە لە مزگەتەکانیانەوە ئیهانەو سوکایەتی بەو کۆمەلگەیە ئەکەن و هانی خەلک ئەدەن کە تەنانەت لەناو ماڵەکەی خۆشیدا ئاژاوە بنێتەوەو سەرزەنشتی ژن و کورو کچەکانی بکات ئەگەر بە پێی شەریعەت نەجوڵێنەوە، بەڵام ئەوان نوزەیان نایەت.
چەندەها هەزار ئینسانی یەزیدی لە ژن وکچ ومناڵ و گەورەو پیرو پەککەوتە کەوتنە دەست داعش وپیاوەکانیان کوشتن و ژن و کچەکانیشی کرد بە کەنیزەک و لەشارەکانی موصل فرۆشتنی، نەک هەلوێستیان بوو، بەڵکو کەوتنە پاساو هێنانەوە بۆ کارەکانی داعش و خۆشحاڵیان دەربری کە ڕەوتێكە شەریعەت جێبەجێ ئەکات.
ئایا وەستاندنی ئافرەتێکی نیقاب لە دواوە ئیهانەو سوکایەتییە یان ئەم هەموو نەهامەتیەی کە بەهۆی میتۆدی ئیسلامیەکانەوە کە بەسەر تاکەکانی کۆمەلگەدا دێت؟
ئەتانەوێت چی فێری ئیسلامیەکان بکەن؟ ئەوان ئەو هەموو بەکەنیزەک کردنەی ئافرەتی یەزیدی ئیحساسی نەجولاندن ئێستا ئەتانەویت بە هەڵوێست وەرگرتنی ئێوە ئینسانی ومۆدێرن بیر بکەنەوە .
ئیسلام تەنها دین نییە بەلک و میتۆدی بزوتنەوەیەکی سیاسیشە بۆیە نابێت وا سەیر بکرێت کە ئەوە تەنها بیری تاکە کەسە بەڵکو بزوتنەوەو حیزبی سیاسی هەیەو هەوڵ ئەدات کۆمەڵگە بۆ ئەوە هەڵخرێنیت و دەسەلاتی سیاسی هەبێت تا بتوانێت لەو رێگەیەوە شەریعەتەکەیان بسەپێنن.
کۆمەڵگە ئەبێت بەیاسا رێک بخرێت. (حیجاب و نیقاب) جلوبەرگی ئاسایی نییە، بەڵکو سومبولی ئیسلامی سیاسیە ئەیانەوێت بە زۆر بەسەر کۆمەڵگەدا بیسەپێنن بۆیە ئەبێت لانی کەم لە قوتابخانەو پەروەردەو فێرکردن شوێنی کار و کەشی گشتیدا قەدەغە بکرێت و ڕێگەی پێ نەدرێت.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٥ بەرواری ١/٧/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە