شوانە حەسەن …
لەجیهاندا ڕۆژی 26/6ی هەمووساڵێک دیاریکراوە بۆ ڕۆژی جیهانی ماددە هۆشبەرەکان بەداخەوە گەر سەیرکەین ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی بەكارهێنەر و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان روو لەزیادبوون دەكات، بە پێی ئامارێك لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، شەش هەزار كەس بە هۆی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون. ڕێكخراوەكان ڕایدەگەیەنن، ئەگەر رێوشوێنی توند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەگیرێتە بەر كۆمەڵگەی كوردی بەرەو كۆمەڵكوژی دەبات.
لە ماوەی 16ی ساڵدا، زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بوونەتە بەكارهێنەری مادە هۆشبەرەكان و, تەنیا لەماوەی سێ ساڵیشدا 6 هەزار كەس بەهۆی مادە هۆشبەرەكانەوە زیندانی كراون.
زیاتر لەلایەن توێژی تەمەن خوار 20 ساڵەوە مادەی هۆشبەر بەكاردەهێندرێت و مامۆستایەكی زانكۆش باس لەوە دەكات بەهۆی نەبوونی یاسا و سزایەكی توند بۆ بازرگان و بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان، وایكردوووە گەنجان زیاتر پەنا بۆ ئەو ماددەیە بەرن.
رێكخراوەكانی بواری رۆشنبیری و هۆشیاری مادە هۆشبەرەكان هۆشداری دەدەن ئەگەر رێوشوێنی توند بۆ رێگریكردن لە بازرگانیكردن و بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان نەگیرێتەبەر, كۆمەڵگەی كوردی بەرەو كۆمەڵكوژیەكی تر دەبرێت.
بەپێی ئەو ئامارەکان لەدوای سالی 2003ەوە زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی كوردستان بوونەتە بەكارهێنەری مادە هۆشبەرەكان. هەروەها لەماوەی ساڵانی 2017 و 2018 وسەرەتای 2019 نزیكەی 6 هەزار كەس كەخۆی لەبازرگان و فرۆشیار و بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر دەبینێتەوە زیندانی كراون.
مادەی هۆشبەر، یاخود ئاڵودەبوون بەدەرمان یەكێكە لەو دیاردە خراپەی ناو كۆمەڵگە، كە كۆمەڵێك كەس بەتایبەتی توێژی گەنجان گیرۆدەبن.
كێشانی مادەی هۆشبەرو ئاڵودەبوون بەدەرمان چەندین كاریگەری نەرێنی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ، ئەوەش بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان.
مادەی هۆشبەر چەندین جۆری جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانە كۆكایین، نیكۆتین، هیرۆین، حەشیشەو چەندانی تر، كە مادەی هۆشبەری لەجۆری شیشە زیاتر بەكاردێتو نرخەكەی لەوانی تر گرانترە.
مادەی هۆشبەر لەشێوەو جۆری جیاواز بەكاردەهێنرێتو كرینو فرۆشتنی پێوە دەكرێت، كە زۆرجار بەشێوەی حەب، یاخود دەرزیو هاڕاوەی تۆز یاخود کریستاڵ و تڕامال و تڕامادۆڵ لەمەرزە سنوریەکانەوە یاخود لەمەتارەکانەوە داخلی هەرێم دەبێت وە هەندێک شاربوونە سەنتەری دەست کەوتنی ئەوماددانە بەنموونەش قەڵادزێ کە چەندان مەرزی هەیە وەکو قندۆڵ و شێنێ و زەڵێ و کێلێ بە ئاسانی ئەو ماددانە لە مەرزەکانی ئەو شارە داخل دەبن و ئاودیودەکرێن ئەمەش بەهۆی نەبوونی ڕەقابەی بەهێزو بوونی دەستی کەسانی سەربازی و عەسکەری دیار لەو شاره کە کارئاسانی دەکات بۆ ناردن و هێنانی ئەو ماددانە و خۆشیان بوونە بازرگانێکی تارمایی ئەو ماددانە.
هەر بەپێی توێژینەوەكان ساڵانە ملیۆنان كەس، بەتۆمەتی كڕینو فرۆشتنی مادەی هۆشبەرو جۆرەكانی دەستگیردەكرێن، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە كڕینو فرۆشتنی ئەم مادەیە لەبازارەكاندا قەدەغەیەو سزای تووندی بەسەردا دەسەپێنریت.
توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن، كە كەسی ئاڵوودە بە مادەی هۆشبەر زۆر جیاوازن لەكەسانی ئاسایی بەردەوام هەست بەماندووبون دەكەنو دەمارەخانەكانی مێشكیان هەمیشە لەوریابووندان، چالاكن، بەڵام لەهەر حاڵەتێكی نایاساییو گرتنەوەی ئەم مادەیە لەكەسی ئاڵوودە بوو ئەگەری زۆری هەیە دەستبەجێ گیان لەدەست بدات.
هەروەها كەسانی ئاڵوودە بوو ناتوانن تەنیا بۆ چركەیەكیش واز لە دەرمان بێننو كاریگەی لەسەر هەڵسوكەتوو قسەكردنیان دەبێت لەكاتی قسەكردندا كەسی بەرامبەر ناتوانێت بەتەواوی لێیان بگاتو قسە ئەبزركێنن.
لەگەڵ ئەوەش هەمیشە بەكەسی لاوازو بێدەسەڵات دێنە پێش چاو، بەردەوام هەست بەگێژبوون دەكاتو تووشی سەرئێشەو ڕشانەوە دەبێتو تووشی زەردوویی دەبێتو پێستی كەسی ئاڵوودەبوو تووشی پەڵەو لەكەی نامۆ دەبێت، بەشێوەیەك كەسی ئالوودەبوو لە كۆمەڵگە دادەبرێت.
مادەی هۆشبەر جگە لەزیانی تەندروستی زیانی ئابوریشی لێدەكەوێت، بەشێوەیەك كەسی تووشبوو بەمادەی هۆشبەر وەردە وردە لەمردن نزیك دەبێتەوە گیان لەدەست دەدات.
هۆکارە سەرەکیەکانی پەنابردنی لاوان و تازەلاوان بۆ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرو ئالودەبوونیان، دەگەڕیتەوە بۆ بیکاری، هەژاری و نەبوونی و بێ ئومێدی و دەسەڵاتی دواکەوتوو… لەهەر جیگایەکی دنیادا، بێکاری پەرەبگرێت، هەژاری فراوان بێتەوە، بێ ئومێدی تەشەنەبکات و خەونی لاوان بخنکێنرێت، دەسەڵاتی دواکەوتوو خۆی بکاتە مڵۆزمی سەر کۆمەڵگە و خەونی لاوان بکوژێت و بگۆرێت بە کابوس، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بڵاودەبیتەوە و لە حاڵەتەوە دەبێت بە دیاردە…
بۆ بەرگرتن بە ئاڵودەبوون و قاچاخچێتی بە مادەهۆشبەرەکانەوە، دەبێ کڕین و فرۆشتنی مادەهۆشبەرەکان بەتەواوەتی قەدەغەبکرێت و سزای توندی ئەوانەی بەرهەمی دێنن و قاچاغچیتی بە شیوەی نایاسایی پێوەدەکەن و دەفرۆشن، بدرێت. دیارە هاوکات دەبێ زەمینەو هۆکارەکانی رووهێنانی تاکەکان بۆ بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان، لەبەین ببرێن.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٥ بەرواری ١/٧/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە