فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی بۆرژوا- فاشیستی تورکیا بەردەوام بەبیانووی بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە) لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بۆردومانی ئەوناوچانە دەکەن و هەرجارەی کۆمەڵێك هاوڵاتی مەدەنی و بێدەیفاعی خەڵکی گوندەکان کۆمەڵکوژ دەکەن و ماڵوحاڵیان کاول و وێران دەکەن. دوێنێ ٢٧/٦/٢٠١٩ جارێکی دیکە خێزانێکی دانیشتووی گوندەکانی بناری قەندیل بوونە خۆراكی مووشەکە کوێرەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی رژێمی دڕندەو شۆڤێنیستی تورکیا.
دەوڵەتی بۆرژوایی و کۆنەپەرستی تورکیا، کە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارێتی حزبی (دادوگەشەپێدانی ئیسلامی- ئەکەپە) بەردەوام لە هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و سەرکوتکردنی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئەو ووڵاتەدایە، هاوکات درێژە بە سەرکوتی خوێناوی هاوڵاتیانی کوردزمانی تورکیا دەدات کە لەلایەن دەسەڵاتەکانی پێشووی بۆرژوا ناسیۆنالیستی تورکیەوە سەپێنراوەو بەڕێوەچووە. ملنەدانی دەوڵەتی بۆرژوازی توركیا بە چارەسەرێکی دیموکراتی و سیاسیانەی کێشەی کورد لە تورکیا هۆکاری سەرەکیە بۆ مانەوەی شەڕو کێشەی نەتەوەیی لەو ووڵاتەو بواری بۆ هێزێکی ناسیۆنالیستی وەکو پەکەکە کردۆتەوە کە وەکو نوێنەری خەڵکی کوردی تورکیا خۆی نمایش بکات. بۆردومانکردنی ناوچە مەدەنیەکان و گوند و ماڵو حاڵی خەڵك لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو رژێمەوە تاوانێکی نەبەخشراوە و هاوکات هەڵویستی حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی کە دەرگایان بۆ ڕمبازێنی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و دژی مرۆیی ناوچەکە ئاوەڵا کردوە مایەی شەمەزاری و سەرکۆنەکردنە. هەروەکو دەوڵەتی عێراقیش لەوە بێدەسەڵات ترە کە بە بەیانێکیش ئیدانەی ئەم تاوانە بکات!
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەم وەحشیگەریانەی دەوڵەتی بۆرژوا-فاشیست و شۆڤێنیستی تورکیا دەکەین و هاوکات بانگەوازی ڕای گشتی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی دنیا دەکەین کە پشتیوانی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن دژی ئەم بەربەریەتەی دەوڵەتی تورکیا. هەروەها سەرکۆنەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەکەین کە ئامادە نین لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی خۆیان بێنە دەنگ و ووشەیەك لە دەمیان نایەتەدەر دژی دەوڵەتی مرۆڤکوژی تورکیا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٨/٦/٢٠١٩