دژی لەشکرکێشی ئەمریکا و بەرینبونەوەی کەشوهەوای شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست….

بانگەواز بۆ یەکێتی و رێکخراوە کرێکاریەکان

خەڵکی ئازادیخوازو موتەمەدنی دنیا

دژی لەشکرکێشی ئەمریکا و بەرینبونەوەی کەشوهەوای شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بارگرژی لە ناوچەی کەنداو بەشێوەیەکی بەردەوام لە هەڵکشاندایە. سەرەڕای هێزە سەربازیە جێگیرەکانی و هێنانی هێزی زیاتریش لەلایەن ئەمریکاوە، بەریتانیاش هێزە سەربازیەکانی خۆی ڕەوانەی ناوچەکە کردوە. ئێستا هاوشانی سزا ئابوریە سەپێنراوەکان بە سەر خەڵکی ئێراندا، پێشنیاری ئەوە هەیە کە فشارێکی هاوشێوەش بەسەر خەڵکی عێراقدا بسەپێنرێ.

ئەمڕۆ، سەرەڕای راگەیاندنی کاربەدەستانی جمهوری ئیسلامی و ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بەوەی کە نایانەوێ جەنگ ڕووبدات، بەڵام هیچ کەسێك گومانی لەوە نیە کە مەترسی رودانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە.  خێرایی توندبوونەوەی بارگرژیەکان و میلیتاریزەبوونی سەراپای ناوچەکە، مەترسی شەڕی زیادکردوە. بەدەر لە بانگەشەکانی هەردوولایەنی کێشەکە سەبارەت بە ئەگەری رونەدانی شەڕ، بەڵام تارمایی شەڕ بەسەر ناوچەکەدا دێت و دەچێت.

ئێمە لەڕووی مێژووییەوە شاهیدی ریاکاری و دووڕوویی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بووین. شاهیدی شەڕخوازی ئەم بەرەیە بوون بەبیانووی پووچی” لەناوبردنی چەکی کۆکوژ لەعێڕاق” یان ” خەبات دژی تیرۆریزمی ئیسلامی” یان ” سەقامگیرکردنی دیموکراسی” یەوە. هەموومان شاهیدی ئاکامی شەڕەکانی عێراق، لیبیا، سوریا، ئەفغانستان و…  وێرانکردنی ژیانی دەیان ملیۆن کەس بووین. بینومانە کە چۆن ئەم شەڕانە زیانیان بە ناڕەزایەتیەکان و خەباتی جەماوەری خەڵك دژی دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانیان گەیاندوە لەناوچەکەدا و پاشەکشەی پێکردوە.

دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی دنیا هیچ بەرژەوەندیەکیان لە گەمارۆی ئابوری و جەنگدا نیە. گەمارۆی ئابوری دەبێ دەستبەجێ کۆتایی پێبێت. لەبەرئەوەی  گەمارۆی ئابوری ژیانی جەماوەری فراوانی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایانە کە لەژێر سەرکوتی سیاسی بەردەوامی دەسەڵاتداران و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەدان، بەرەو تیاچوون دەبات.

ئێمە بانگەوازتان دەکەین کە بەهەموو هێزتانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئابوری و هەڕەشەی جەنگی ئەمریکا بێنە مەیدان.  شکستهێنان بەم ئەڵقەی خراپەکاریە ئەرکی هەموومانە. لەکارخستنی مەکینەی شەڕی ئەو دەوڵەتانە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە. مرۆڤایەتی ئەمڕۆ، سەردەمێکی دیکە لە وێرانکاری و هەژاری لە دەیەوی دوەمی سەدەی بیستو یەکەمدا قبوڵ ناکات.

دەست هەڵگرن لە گەمارۆی ئابوری و وێرانکردنی ژیانی خەڵك !

دەست هەڵگرن لە لەشکرکێشی و میلیتاریزەکردنی کەنداو!

“نا” بۆ شەڕێکی ماڵوێرانکەری دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!

رێکخراوی دەرەوەی:

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران- حیکمەتیست (خەتی رەسمی)

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

 
۲۰
 ی حوزەیرانی ۲۰۱۹

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *