سەرۆکی هەرێم، سەرۆکێکی ئەزموونکراو …

عەبدوڵا مەحمود …

بەرواری ١٠ ئەم مانگە، لە مەراسیمێکی نمایشیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و وتەیەکی وەکو کارنامەی چوارساڵی داهاتوو پێشکەش کرد. سەرۆکی هەرێم لە وتارەکەیدا بەجیا لە ستایشی زۆری بارزانی بۆ رۆڵی مێژووی و نەخشی ئەو لە کوردستاندا، پێداگری لەسەر…. باشکردنی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و هاوڵاتیان، بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ناوچەکە، کارکردن بۆ تەبایی و یەکڕیزی نێوان حزبەکان وکارکردنی وەکو سەرۆکی هەمووان، زامنکردنی مافەکانی هاوڵاتیان و حکومرانیەکی مەدەنی و …تاد، کرد.

ئەگەر بەکورتی سەیری چەند لایەنێکی سەرەکی کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و بنەماڵەی بارزانیدا بکەین، کە پەیامەکەی پێداگری لەسەر کرد، پێچەوانەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم لەدنیای واقعیدا دەبینین.

ئەگەر وەکو هاوڵاتیەکی سادە، تەلەفزیۆنەکەمان بکوژێنینەوەو سەیری ئەم نمایشی مەراسیمی ناساندن و سوێندخواردنی سەرۆک هەرێم نەکەین و گوێمان ئارام راگرین و گوبیستی وتارو پەیامەکان و وتەی سەرۆکی تازەی هەرێم نەبین، وە خۆمان لەوە بەدوور بگرین کە ببینە کائین و خۆراکی دەزگا راگەیاندنەکان… وە لە جێگای ئەوانە بڕوانینە هەلومەرجی سیاسی کوردستان، ژیان و گوزەرانی زوربەی هەرەزۆری هاوڵاتیان، ئازادی و خزمەتگوزارییەکان، پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەرەوە، شێوازی حکومڕانی، تا دەگاتە پەیوەندی نێوان حزبەکان… ئەو کاتە لەنێوان بانگەشەو کرداردا، لەنێوان دنیای بەڵێن و واقعیەتی سیاسیدا، رووبەرووێ چی دەبینەوە؟ چ دیمەنێک دەبینین؟

لەگەڵ ئەوەدا وا بەرچاو دەکەوێت هەلومەرجی سیاسی کورستان تا ڕادەیەک سەقامگیرە، بەڵام ئەم سەقامگیرییە پشتی بەهیچ پایەکی بەهێز نەبەستووەو هیچ گەرەنتیەک بۆ نەشێواندن و بەسەریەکدا نەڕمانی نەک هەر نییە، بەڵکو هەموو تەکانێکی سیاسی لە ناوچەکە، هەر پێشهاتێکی ناوچەیی، هەر هەرەشەیەکی دەرەکی، هەر سەرەڕۆیەکی رەوتێکی لەچەشنی داعش، دەتوانێت هەلومەرجی کوردستان بلەرزێنێت و بەردی بناغەی ئەو بینایە دابڕمێنێت کە خاوەنی هیچ مەشروعیەتێکی نێودەوڵەتی نییە و دنیای فەرمی تائێستا ئامادە نییە کوردستان و جغرافیای هەرێم سەربەخۆ لە عێراقی فیدراڵ!! بەرەسمی بناسێت و مامەڵەی لەگەڵ بکات…

دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان تا بڵێی خراپ و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ناتوانێ ژمێریارێکی راستگۆش بێت، لەو داهاتەی بە مۆڵی لەبەغداوە دەگاتە دەستی دابەشی سەر موچەخۆران و ویستەکانی خەڵکی کوردستان و خزمەتگوازرییەکان لە زمینەکانی دابینکردنی ئاو کارەبای پێویست، تەندروستی و خوێندن و پەروەردە و رێگاو بان و … بکات. هەر ئێستا لە پێنج مانگی رابردوودا لەگەڵ ئەوەدا لەبەغداوە موچە هەموو مانگێک هاتووە، کەچی تەنها دوو موچە دراوە بەهاوڵاتیان…. ئەوە لە کاتێکدایە نە جەنگی داعش ماوە، نە ئاوارەکان زیادیان کردووە… نەک نرخی نەوتیش دانەبەزیووە بەڵکو زۆر چۆتە سەر. لەهەموو ئەوانە واوەتر نەوتی کوردستان بۆ دەیان ساڵی تر هەرزان فرۆش کراوەو هەرێم زیاد لە ١٠ ملیار دۆلار قەرزدارە… ئازادیی و ئازادییە سیاسییەکان بە تۆرێک لە پیرۆزییەکان کڵۆم دراون، مافە فەردی و مەدەنیەکان لە ژێر نوکەرمی دەسەڵاتی پشت بەستو بە شەرع دا، دەناڵێنن و دین و سیاسەت وا تیکەڵ بەیەک کراون، کە نەهجی پەروەردەو خوێندن و یاساکان ئیلهام لە دین وەردەگرن و خەبەرێک لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت ویاساو رێساکان نییە و هیشتا کوشتنی ژنان لە ژێر ناوێ شەرەفدا رۆژانە ئامارەکانی هەڵدەکشێ، کاری رۆژنامەنووسی هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدایە…  سیستەمی “پاشەکەوتی موچە” وەک یەکێک لە داهێنراوە ناوازەکان، دیاری دەستی حکومەت چووە مێژووەوە.

پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، لەگەڵ ئەوەدا ماوەیەکی کورتە وا دێتە بەرچاو ئاسایی بووبێتەوە، بەڵام هیچ نییە جگە لەوەی بەغدا بێ ئەوەی نەوتی رادەست بکرێت، تا ئێستا موچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت… لەبەرامبەر دوبارە رامکردنەوەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی تا “پەیمانی عیشق و وەفا” بە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەست لێ بەرنەدات…  دیارە نەباسێک لە چارەسەری پرسی ناوچەکیشە لەسەرەکان و کەرکوک ئاساییکردنەوەیان هەیە، نەباسێک لە چارەسەری کیشەی یاسای نەوت و غاز، پێشمەرگە، سەرژمێری…تاد. هەیە، ئەوەش کە هەمووان پێی لەسەدا دادەگرن دەستوورە، کەخۆی هەڵگری ڕگەکانی جیاکاری قەومی و دینی و مەزهەبی و تائیفییە.

پەیوەندی هەرێم بە وڵاتانی ناوچەکەوە، پەیوەندیەکی زۆنی یە و هەر کام لە زۆنەکان پەیوەندیان یان باشتر بلێین گوێرایەڵی دەوڵەتێکن و بێ منەتانەش ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و حزبەکانی ژێر پێدەخەن و بە ئاشکرا تۆپباران و بۆمباباران و لەشکرکێشی دەکەنە ناوی… ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتانەش زۆرتر لەدەست بەسەر دەچن و جموجۆڵ و چالاکیان بەرمەجەکراوە…

شێوازی حوکـمڕانی تا هاتووە بەرەو بنەماڵەییکردن براوەو لەباوکەوە بۆ کوڕو ئامۆزا دەسەڵات دەگوازرێتەوە، دەستاو دەستکردنی دەسەڵات تەنها لەدەستی نەوەکان و بەرەبابەکاندا هاتوچۆ دەکات… لە ئێستادا بارەگای بارزانی مەسعود بارزانی باوک و سەرۆکی حکومەت بارزانی کوڕ و سەرۆکی هەرێم برازاو ئامۆزای سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی چەندین دەهەی تر لە بنەماڵە ئامادەن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەنێوان خۆیان و بۆ ئاڵوگۆری پۆستەکان!! پەرلەمان و حکومەت ئا ئیستا دیکۆرن بۆ شیواندنی رای گشتی و دنیای دەرەوە و حزبی باڵادەست لە هەردوو زونەکە بڕیاردەرو داینەمۆ و هەمە کارەن…

پەیوەندی نێوان حزبەکان تابڵێی نا سالم و لینگەقوچە… گرژی نیوان حزبە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەت لەسەر دەسەڵات و داهات و هەمیشە هەرەشەیەکە بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە…. باسێک لە جێ بەجێکردنی یاسا بۆ هەمووان لەهیچ شوێنێکەوە دیار نییەو بۆ هەژاران و نەیارانیان چالاک و بۆ بەرپرسەکان و دەوڵەمەندو سەروەتمەندان، بێ وەیی و بێ ڕۆڵە…

سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا بەڵێنی گەورەی لەسەر هەموو ئەو دۆسیانەی سەرەوەدا، پرسیار ئەوەیە چ ڕیگربووە سەرۆکی هەرێم کە خۆی سەرۆکی جێبەجێکاری حکومەت و خاوەنی هەموو دەسەڵاتێک بووە تا ئەو کارانە بکات کە ئەمڕۆ رایگەیاند… تەنانەت زیاتر لە دەهەیەکە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و داهاتی هەرێم لەدەستی بارزانی باوک و برازا و کوڕدا بووە… هەموو ئەو ماوەیە بەس نەبوو تا دەسەڵات و حکومرانیەکی کەمێک شاری و مەدەنی دابمەزرێین  و لەسەر دەریای نەوتدا ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان باش بکەن و یاسا ڕیزلێبگرن و پەیوەندیەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە رابگرن و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکان و مافەکانی ژنان ڕیز ڵیبگرن و سیستەمی خوێندن و پەروەردەیەکی تەندروست زامن بکەن… و سەرەتایی ترین خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان مەیسەر بکەن.

پەیامەکەی سەرۆک حکومەت و پەیامی بەشدار بووانی نمایشی سوێندخواردنی هەرێم، دەڵێی بۆ کەسانیک وتراوە کە ئەمرۆ لەهەسارەیەکی ترەوە گوێزراونەتەوە بۆ هەرێم و ئاگایان لەهیچ نییە، میشکیان سفر کراوەتەوە تا دوبارە شتی تازەی پێشتر نەبیسترواو نەبینراو ئەزمون نەکراویان پێ ببەخشن… ئەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکی کوردستان بە خوێن و گۆشتەوە تاڵاوی دەسەڵاتی نزیک بە ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەچێژن و سەرۆکی دەست بەکاربووی هەریێمیش کاراکتەرێک و یەكیک لە بڕیار بەدەستانی نزیک بە دوو دەهەی رابردووی کۆمەڵگەی کوردستان و سەرۆکێکی پێشتر ئەزمونکراوە….

مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێم و دەست بەکاربوونی، مەراسیم و ئاهەنگی نیشاندانی پێگەی زاڵی پارتی و بچوک نیشاندانی نەیارەکانی و قوتبیکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بوو لەدەستی بنەماڵەی بارزانیدا… پەیامەکەی بارزنی باوک و سەرۆکی هەرێمی دەست بەکاربووش، تەنها دووبارە کرنەوەی ئەو پەیام و بەڵینە سواوانە بوو کە لەچەندین سوێند خواردنی تردا، خەڵکی کوردستان بینیویانە.

خەڵکی کوردستان، کە شاهیدی دەسەڵاتێکی رەشی نزیک بە ٣٠ ساڵەی بزوتنەوەی کوردایەتین، و شاهیدی پاشەوپاش گەڕانەوەی کۆمەڵگەن. شاهیدی سەرکوتی ئازادی و بێمافی و خزمەتگوزارییەکان و تەنانەت بڕینی موچە کارمەندان و موچەخۆرانن. شاهیدی سەرکوتی خوێناوی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان و خۆشخزمەتی بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و دوو دەسەڵاتی حزبی لە دوو زۆندا دەبینن، نەک نابێ فریوی بانگەشەکان و پەیامی سەرۆکی هەرێمی نوێ بخۆن، کە دەسەڵاتی نزیک دەهەو نیوێکە ئەزموون کراوە، بەڵکو دەبێ قوڵی خەباتکارانە بۆ کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە لێ هەڵماڵن و بەریزی رێکخراو یەکگرتوانەی خۆیانەوە لە مەیداندا بن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٤ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *