ئەکرەم مەحمود …
لەبەرواری ١٠ ی ئەم مانگەوە نێچیر بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم دەست بەکار بوو، بەڵام ئایا هەرێم وەکو دەوڵەت لەئاستی نێودەوڵەتیدا ناسراوە تا سەرۆکی هەبێت. کوردستان هەقی دەسەڵاتداریتی نادیارە وەك چوارچێوەیەکی جوغرافی و سیاسی و ئابوری، ئەوەی هەیە دەسەلاتی حیزب و بنەماڵەیە، نەک دەوڵەت و دەوڵەتداری.
هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە سیستەمی دەسەڵاتی حیزبی کوردیدا کراون نە بنەرەتین و نە ئەبنە ئەوەی کە شتێکی جیاوازتر لە حکومەتۆکەکەی جاران نیشان بدەن بۆ بەرژەوەندی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، بەڵکو تەنها مکیاجێکە بۆ دەسەلاتەکەیان و وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانە بوو کە حیزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان لە پارتیان ئەگرت.
ئەوەی کە ڕویداوەو یان لەمەودوا ڕووئەدات نابێتە ئەوەی کە لە کوردستان دەسەڵاتی حیزبی و میلیشیای و بنەماڵەیی کۆتایی پێ بهێنیت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەبێتە هۆی داکوتانی بزماریکی توندتر بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی و تەنانەت عەشیرەتیش لە کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژتر.
کوردستان خۆی لەناو گێژاویکی سیاسی و ئابوری و ئەسوڕێتەوە، هەر ئەوەی کە چەند مانگە نەیانتوانیوە دەسەڵاتەکەیان بەناوی پەرلەمان و حکومەتەوە بسەپینن نیشانەی بوونی ئەو بێ ئاسۆیەیە کە حیزبی کوردی و بۆرژوازی کورد تێی کەوتووە، لەگەل نەبوونی مافی دەسەڵاتدارێتی وەکو هەر ناوچەیەک کە لەئاستی نێودەوڵەتیدا بە ڕەسمی ناسراوە.
گۆرینی مەسعود بارزانی بە نێچیر بارزانی تەنها گۆرینێکی ڕوکەشیە، چونکە بریارەکان هەرلای بارزانی باوک دەرئەچێت کە لەلایەن پارتی و بنەماڵەی بارزانیەوە بەرەو بە مەرجەع کردن دەبرێت و کراوە. گرنگ لای بنەماڵەی پارتی و حیزبی کوردی ئەوەیە کە دەسەڵات لە چوارچێوەی بنەماڵەدا بمێنێتەوە.
ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان کە بە کردار بتوانیت دەوری هەبێت لە گۆرینی هاوکێشەکاندا تا ئەم ساتە وەختە بوونی نەبووە، ئەوەی کە هەبووە سەر بە هەمان بنەماڵەی کوردایەتی وحیزبەکانی بووە، بۆیە هەموو خەمیکی ئەوەیە کە چۆن و لەکام رێگاوە بتوانیت لەو دەسەڵاتە بەشدار بێت کە 28 ساڵە نەیانتوانیوە نە دەوڵەت بن و نە ئیدارەی کۆمەڵگە بکەن لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون. تەنانەت دوای ٢٨ ساڵ هێشتا نەیانتوانییوە گرفتی ئاو کارەباو سەرەتاییترین ویست و خواستی هاوڵاتیان وەڵام پێ بدەنەوە.
ئۆپۆزیسیۆنێک کە دەنگدەرەکانی بە خەونی بنیاتنانی سیستەم و دژایەتیکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و دادگایکردنی گەندەڵکارانی ناو دەسەلات توانی کۆمەڵگە فریوو بدات، نەک نەیتوانی ئەوە بکات، بەڵکو توانی بگاتە ئەو جێگەیەی کە خۆی مەبەستێتی لە بەشداری لەدەسەڵات دەستڕاگەیشتنی بە سامان و داهاتی کۆمەلگە و بەهێزکردنی بنەماڵەبوونی دەسەڵات لە کوردستان.
هۆی بەبنبەست گەیشتنی ئۆپۆزیسیۆن لە دابینکردنی ئەو ئەنجامانەی کە بە دەنگدەرانی دابوو لە خراپ بەکارهینای ئۆپۆزیسیۆن نییە، وەک و هەندێک ئیشارەی پێ ئەدەن، بەڵکو خۆیان ئەهلی ئەو ئاڵوگۆرانە نەبوون کە کۆمەڵگە چاوەروانیان لێ هەبوو.
ئەوەی ئەم ئاڵوگۆرەی سەرۆک لەگەڵ وڵاتانی دونیا جیائەکاتەوە ئەوەیە کە سەرۆکی کۆن وەکو خۆی ئەمێنێتەوە، چونکە خاوەنی هێزێکی گەورەیە لە پشتی خۆی و حیزبەکەی، وەکو ناوچەی سلیمانی بەپێی دەنگدەران بێت گۆڕان ئەبیت دەسەڵاتدار بێت، بەڵام دەسەڵاتداری ناو گۆرەپانەکە یەکێتیە، چونکە ئەوان خاوەن هێزی سەربازیین نەک گۆڕان، تا کار گەیشتە ئەوەی کە مەلا بەختیار بڵێت ئەگەر لە سلێمانی یەک کورسیش بهێنین دەسەلات تەسلیم ناکەین، قسەکەی واقعییەو بۆ هەولێریش ڕاستە… دەسەڵات لە کوردستان پشت بەستووە بە هێزی چەکدار و پاوانی داهات و خۆبەستنەوە بەیەکێک لە وڵاتەکانی ناوچەکە.
بۆیە سەرۆکی کۆن و نوێی هەرێم ناتوانن لێك دابراوبن لەو چوارچێوە حیزبی و بنەماڵەیی و عەشیرەتی ومیلیشیایەی کە دەوری داون.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٤ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە