ئاسایی کردنەوەی هەلومەرجی کەرکوک لەگرەوی بەرێوەبردنی کەرکوکدایە لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕاستەوخۆ و ئازادانەی خەڵکیدا! …

عەبدوڵا مەحمود …

هەلومەرجی کەرکوک تادێت بەرەو خراپتر پەلکێش دەکرێت. هۆکاری کێشەی کەرکوک بەجیا لە ڕەگە میژوویەکەی، کە پەیوەستە بەکێشەی کوردەوە، لە ئێستادا ململانێی چاوچنۆکانەی بزوتنەوە سیاسی و حزب و لایەنە بۆرژوازییەکانیەتی. بانگەشەکانیان هەرچیەک بن، لە دنیای واقعیدا، هەڵاواردن، جیاکاری، ستەم و بێمافی، میلیتاریزم، نائەمنی، تاڵانی، سەرکوتی سیاسی، پشتبەست بۆ زۆری هێز و چەک…تاد، کارنامەی لێوان لێوی بەکردەوەیانە.

ئەگەر ستەم و سەرکوتی سیاسی چەندین دەهەی ڕژێمی لەگۆڕنراوی بەعس، بووە مایەی وێرانکارییەکی گەورەی کەرکوک و بێمافی هاوڵاتیانی و تاڵانی و سەرچاوەیەک بۆ دنەدانی ناکۆکی قەومی، ئەوا لە ساڵی ٢٠٠٣وە، درێژە بەهەمان ئەو سیاسەتەی بەعس، لەلایەن بزوتنەوە سیاسییە، قەومی و دینیەکانی عەرەب و کوردو تورکمانەوە دەدرێت.

رژێمی بەعس لە ڕێگای دەسەڵاتێکی سەقامگیر و یەک دەستی دیکتاتۆرەوە هاوڵاتیانی کەرکوکی سەرکوت دەکرد و زوڵمی قەومی لەئاستی هەرە ناشیرین و قێزەونەکەیدا، لە رێگای تەعریب، تەرحیل، تەهجیر تەبعیس و زەبروزەنگی سیاسیەوە دەبردە پێشەوە. لەساڵی ٢٠٠٣ وە، بەهۆی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبە بۆرژوازییەکانەوە و لەسەر بنەمای قەومی و دینی و تایفی و بەپشت بەستن بەزۆری هێز و خۆبەستنەوە بە وڵاتانی وێڵ بەدوای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و ململانێکانی نێوانیاندا، کەرکوکیان بۆ دانیشتوانی کەرکوک کردۆتە دۆزەخ. لەبەرامبەریشدا بۆ خۆیان و حزب و خانەوادە دەستڕۆشتوەکانیان بۆتە سەرچاوەی دزی و تاڵانییەکی کەم وێنەی نەوت و سامان و سازکردنی ژیانی فیرعەونی و شاهانەی کەم وێنە.

ململانێی ئێستای نێوان حزب و لایەنەکان لەسەر دۆخی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەتایبەتیش لە ١٦ ئۆکتۆبەر بەدواوەو… لەسەر ئیدارەی کەرکوک و پۆستی پارێزگاری کەرکوک… بنەماکەی ململانێیەکی ئاشکراییە لەسەر دەسەڵاتی حزبی و تاڵانی نەوت و زاڵکردنی ناسنامەیەکی قەومی و دینی و مەزهەبی بەسەر ئەوانی تردا… ئەوەی باسی ناکرێت ناسنامەی هاوڵاتی بوون و… برەودان بە تەباییەکی پایەدار و بەفەرمی ناسینی مافی هەمووانە بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامە قەومی و دینی و تایفیەکان.

هەڵگرتنی بانگەشەی کەرکوک شارێکی عەرەبییە، شارێکی کوردییە، شارێکی تورکمانییە… سەرچاوەو هەوڵێکی بەنەخشەیە بۆ دابڕدابڕکردنی هاوڵاتیان و دنەدانی کێبەرکێی قەومی و دینی و تایفی. کەرکوک قودسی کوردستانە، کەرکوک دڵی کوردستانە… مەبنای ململانێەکی ناوخۆیی بزوتنەوەی کوردایەتییە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی باڵێکی بزوتنەوەی کوردایەتی لەچوارچێوەی ململانێیەکی فراوانتری دەسەڵاتدا لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقدا…

ڕژێمی بەعس بەهەموو توانایی و دیکتاتۆریەتیەکەی، نەیتوانی دانیشتوانی کەرکوک بەر بداتە گیانی یەکتری و سەرکەوتن لە نەخشەکەیدا بەدەست بهێنێ… کەچی ئێستا زۆرێک لە حزبەکان، دەیانەوێ ئەزموونی شکستخواردووی بەعس دوبارە بکەنەوە و خەڵک کەرکوک بەربدەنە گیانی یەکتری و بەچەکی قەومی و دینی بەگژ یەکتریاندا بکەن…

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە کەرکوک لەدەست دەسەڵاتی بەعس ڕزگاری بووە، بەڵام ئازاد نەبووە… میراتگرانی بەعس کەوتنی دەسەڵاتی بەعسیان بەدەستەوە گرت بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری دژە ئازادی و دژە پێکەوە ژیان… پارێزگاری کەرکوک لە ساڵی ٢٠٠٣ وە بەدەست حزبی باڵادەستی کەرکوک و کوردەوە بووە… کەچی نەک باشبوونێکی بەرچاو لە ژیانی و گوزەرانی خەڵکی و نە هەلومەرجێکی سیاسی تەندروست و نە ماف و ئازادییەکان بەیەکسانی بۆ هاوڵاتیان فەرهەم نەبووە، تەنانەت نەبۆتە هۆی سازانێکی پایەدار لە نێوان پارتی و یەکیتی لەناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد و نەبۆتە مایەی رێکەوتنێکی سادەو رۆشن لەگەڵ حزب و بزوتنەوەکانی تر وەکو عەرەب و تورکمانەکانیش… لەسەر ئاستی هاوڵاتیان و مافەکانیان، زوربەی هەرە زۆری دانیشتوانی شاری کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کرێکاران و زەحمەتکیشان بە کورد و عەرب و تورکمان و کلد و ئاشوری و… لەپاڵ نائەمنی بەردەوامدا، بێبەش و بێکار، برسی و بێ خزمەتگوزاری، بیماف و سەرکوتکراون… داهاتی زۆرو زەوەندی ئەم شارە کە خۆی سەرچاوەی هەڵرشتنی فرمیسکی تیمساحی حزب و بزوتنەوە سیاسییە بۆرژوازییەکانە بۆ ئەو شارە، نەک نەبۆتە سەرچاوەیەک بۆ باش بژیوی و خزمەتگوزاری و زامنبوونی مافەکان و گێڕانەوەی ئەمنیەت و زاڵکردنی کەشێکی تەندروستی نێوان هاوڵاتیان.. بەڵكو بۆتە خاڵی ململانێی نێوانیان و کێبەرکێی نەبڕاوەیان و سەرچاوەیەکی ئاشکرا بۆ تاڵانی و دزییەکی بێ پەردە.

لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەریشەوە پارێزگاری کەرکوک لەلایەن ناوەندەوە دانراوە و لەدەست دەسەڵاتی کوردی دەرهات… ئەمیش نەک نەبۆتە وەڵامدرەوە بەو دۆخەی کەرکوک، بەڵکو بۆتە مایەی نائەمنی زیاتر و پەرەدان بە هەڵاواردن و تەنانەت باس لە گرتنەبەری سیاسەتی تەرحیل و تەعریبیش دەکرێت!!… هەموو ئەو راستیانە ئەوە بەیان دەکات… کە ئەگەر کەرکوک لەژێر سایەی دەسەڵاتی بەعسدا، قوربانی سیاستی قەوم پەرستانەی عەرەبی بوو، ئەوا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە قوربانی سیاسەتی قەوم پەرستانەی بزوتنەوەی کوردایەتی و ناسیونالیزمی عەرەبی و تورکی و دەستێورردانی ئاشکرای وڵاتانی ناوچەکەیە…

گێڕانەوەی دۆخی کەرکوک بۆ هەلومەرجێکی ئاسایی و ئارام، وە زامن بوونی مافی هاوڵاتیان و بەهرەمەند بوون لە ئازادی و خزمەتگوزارییەکان و داهاتی نەوت… لەگرەوی ئەوەدایە کە ڕێگەنەدرێت پاریزگار و بەڕێوەبردنی شار بسپێردرێت بە سیاسەتی تەوافقی حزبی و هەڵبژاردنی لەسەرەوە. وە نابێت لەسەر بنەمای قەومی و دینی و باڵادەستی پێگەی حزبی… پۆستە سیاسی و ئیداری و ئەمنیەکان دابەش بکرێن و زۆری چەک بەسەر سەری خەڵکیەوە رابگیرێت.

کاتی ئەوەیە مافی هاوڵاتیان لە بریاردان لە بەرێوەبردنی شاری کەرکوک ناوچە کێشەلەسەرەکان، بۆ خودی دانیشتوانی کەرکوک بەفەرمی بناسرێت و هەڵبژاردنی ئازادانەو لەخوارەوە دەستی بۆ ببرێت. ئەوەش لە گرەوی ئەوەدایە کە هێز و بارەگای چەکداری حزبەکان ببرێتە دەرەوەی شارەکان و لەهەموو گەرەک و کارگەو کارخانەو ناوەندە خزمەتگوزارییەکاندا لە کۆبۆنەوەی گشتی جەماوەری ئەو شوێنانەدا، نوینەرانی راستەوخۆی خەڵک هەڵبژێردرێن و پارێزگای کەرکوکیش لەڕیگای دەنگدانی ئاشکراو راستەوخۆی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەرەکەکان و ناوەندەکان…تاد، هەڵبژێردرێت. هەڵبژاردنێکی ئاوا بەجیا لەوەی خودی ئیرادەی ئازادانەی هاوڵاتیان بۆ دیاریکردنی نوێنەرانیان دەخاتە ڕوو، هاوکات ناسنامەی قەومی و دینی و مەزهەبیەکان و پێگەی زاڵی حزبەکان، لەسەپاندنیان بەسەر هاوڵاتیان و رۆڵی ناجوامێرانە و دەستێوەردانی وڵاتەکانیش دوردەخاتەوە. نوینەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی و پاریزگاری هەڵبژێردراو هەر کاتێک لەئاست داخوازی و ویستی هاوڵاتیان و پەیامەکانیان و بەرنامەی راگەیەندروادا نەبوون بە ئاسانی و لە کۆبونەوەی گشتی داهاتوودا دەگۆردرێن… پەیوەندی نێوان کەرکوک لەگەڵ ناوەندو هەرێمی کوردستانیش تەنها لە رێگای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکیەوە رێک دەخرێت.

سیاسەتی رووبەڕووبونەوەی قەومی بە ناسنامەی قەومییەوە ناکرێت… ئەوەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتی و یەکێتی دەستیان پێوە گرتووە، لە بەرامبەر بە دانیشتوانی غەیرە کورد، قەومی گەرایی و پشت بەستو بەهێزی چەکدارە، لەبەرامبەر بە یەکتریش حزبی و لەسەر پایەی پیگەی زاڵی سیاسیانەو لەو رێگەیەشەوە بەدوای تاڵانی و دزیی و دۆشینی داهاتی نەوتەوەن، نەک وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازی هاوڵاتیان.

ئەزموونی ١٦ ساڵەی رابردوو نیشانداوە، کە پارتی و یەكیتی و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و ناوەند، ئەو کەسانەی دایان ناون وەکو بەرپرسی سیاسی و ئەمنی و ئیداری…. بۆنەتە ملۆزم بەسەر سەری خەڵکی کەرکوک و زەروو بۆ مژینی خوێن و شیلەی گیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش لوشدانی داهات و سامانی نەوتی ئەو شارە. هاوکات بوونەیە مایەی نائارامی و سەرچاوەی زەمینە سازکردن و دروستکردنی ناکۆکی و گرژی لەسەر بنەمای دەستگرتن بە ناسنامەی قەومی و دینی و تایفی و لەوەش واوتر ئینتیمای سیاسی و حزبی لەسەر ئەساسی ژێر پێخستنی مافی هاوڵاتیانی یەکسان.

شاری کەرکوک شاری دانیشتوانی کەرکوکە بەبێ جیاوازی و بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی قەومی و دینی و مەزهەبی و  تایفی… پێویستە لەلایەن نوینەرانی هەڵبژێردروای خۆیەوە بەڕێوەببرێت و دەستی چەک و زۆر و حزبی و دەستێوردانی وڵاتانی ناوچەکەی لێ دوربخرێتەوە….

ناوەراستی یونی ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٤ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٩ دا بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *