مناڵان و حزب و لایەنە سیاسییەکان …

عەبدوڵا مەحمود ….

حزب و لایەن و کۆڕو کۆمەڵە سیاسیەکان هەر بەوە ناناسرێنەوە کە هەڵگری چ سیاسەتێكن و چ جۆرە رێکخستنێکیان هەیە. ستراتیژ و تاکتیک و دروشمی رۆژیان چییە، یان هەڵگری چ پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتین. وە تەنها بەوە ناناسرێنەوە دەستیان بەکام دروشم و بانگەشەوە گرتووە، بەڵکو هاوکات کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی تر هەیە کە دەتوانێت ببێتە پێوانەی خستنە رووی ناسنامەی واقعی ئەو حزب ولایەنە سیاسیانە و ڕادەی پێشکەوتنخوازی یان داوکەوتووبوونیان. یەکێكیش لە خەسڵەتانە مامەڵەو بەرنامەی ئەو حزب و لایەنانەیە لە پەیوەند بە مناڵان و تازەلاوان مافەکانیان.

ئەگەر لەو سۆنگەیەوە بڕوانینە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەگشتی و خانەوادەی بۆژوازی کورد بەتایبەتی، ئەوا بێ دوودڵی ناوەرۆکی دواکەتووی و کۆنەپەرستبوونی ئەو حزبانە دەخاتە ڕوو.

مناڵان لە کۆمەلگەی کوردستاندا بێبەشترین توێژی زوڵملێکراو و فەرامۆشکراون… بەرنامەی هیچ کام لەو حزب و لایەنە سیاسیانەی بۆرژوازی کورد، زەمانەتیکی بۆ دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەر و ئاسودە و وە داهێنەرانە بۆ مناڵان و تازەلاوان تیا نییە. باش بژیوی بۆ مناڵان بێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خێزانیان نەک لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکو خەبەرێک لە ستانداردێکی هاوبەش و چوونیەک بۆ مناڵان بەمەبەستی گەشەی مادی و مەعنەویان لە گۆڕیدا نییە. باسێک لە خەرجی پێویست و خزمەتگوزاری پزیشکی و فێرکاری، کەلتوری خۆڕایی تا دەگایە دایەنگەی مۆدێرن و ژینگەیەکی شیاوی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی… بۆ مناڵان نییە. هێشتا کاری قورس و پیشەیی بە مناڵان و تازەلاوان واقعیەتی تاڵی حاشالێنەکراوی کۆمەڵگەیە… هێشتا ئازاردانی مناڵان لەخێزان و قوتابخانەو لە ئاستی کۆمەڵگەدا تا سزادانی جەستەیی و گوشارو ئازادانی دەرونی دیوێکی تری هەلومەرجی مناڵان و تازە لاوانە. جیاکردنەوەی مناڵانی کچ و کوڕ لە قوتابخانەکان، بەدکەڵ وەرگرتنی جنسی لە مناڵان، بێبەش بوونی مناڵان لە مافە مەدەنی و سەردەمی و کۆمەڵایەتیەکان، بێبەش بوونیان لە چالاکییە کۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت ڕاکیشانی مناڵان بۆ ناو دنیای سیاسەت و کاری سەربازی، مناڵانی لە دنیای خۆیان و لە کەشێکی تەندروستی سالم دوورخستۆتەوە… رەوتە ئیسلامیەکان مناڵان حجاب پۆش دەکەن و بارگاویان دەکەن بە ئایدۆلۆژیایی سیاسی و دینی و مەزهەبی… مناڵانێک کە بەهەر هۆیەکەوە لەدەرەوەی خێزان چاویان بەدنیا هەڵیناوە سوکایەتیان پێدەکرێت” بە بیژو” ناوزەرد دەکرێن، لە مافی یەکسان و چوونیەکی مناڵان بێبەش دەکرێن. رەوایەتی دەدەن بە کچان تا پێش تەمەنی باڵق بوون هاوسەرگیری بکەن… بنەماڵە دەستڕۆشتوەکانی ناو حزب مناڵانی خۆیان لە تەمەن زۆر سەرەتاییەوە باردەهێنن تا ببنە سەرۆک وسکرتیر و رەئیس و روئەسای داهاتوو… هەر ئێستا دەیان سەرۆکی پاکەتی لە مناڵیەوە مۆری سەرۆک و بەپرسیاریەتی داهاتوویان لێدراوەو پاشەکەوتکراون تا جێگای باوک و باپیرە و مامیان بگرنەوە…

حزبە سیاسیەکانی ناو ماڵباتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ هێشتنەوەی کۆمەلگە بەدواکەوتووی و نەزانی، ئامادەنین سیستەمی پەروەردەو فێرکردنێکی مۆدێرن بخەنە جێگای ئەو سیستەمە سەقەتەی پەروەردەو فێرکردن کە دەرفەتی ئازادی و سەربەستی و توانایی بریاردانی مناڵان و تازە لاوان و دەرخستنی تواناییەکانیانی کڵۆم داوە.

بەڵی ئەو حزب و لایەنە سیاسیانە، تەنها حزبی میلیشیایی تاڵانچی نین، تەنها کۆنەپەرست و دژی پێشکەوتنخوازی نین، تەنها هەژاری و بێکاری و هەڵاواردن پەرە پێنادەن و بەتەنها خۆشخزمەتچی بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە نین، بەڵکو نەوەکانی داهاتووی ئەم کۆمەلگەیەش کە مناڵان و تازە لاوانن، لەلایەن ئەم دەسەڵات و حزبانەوە وەکو کاڵای ڕەق و کائینی گوێگر و بێەش لە مافی ئینسانی تەماشا دەکەن… دەیانەوێ لە ئێستاوە کۆمەڵگەی خامۆش و گوێرایەڵ و بێ پرسیار بۆ ئاییندە دروست بکەن… دەڵێن دەبێ مناڵان گوێرایەڵ بن، لەقسەی باوک و دایکیان دەرنەچن، تا کە گەورەش بوون یاخی لەدەسەڵات و نابەرابەری نەبن و بێدەنگ بن… ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی و حزبە بۆرژوازییەکان، رووبەرووی دەیان سەدان رەخنەن کە بەرگری لە ستەمی مەوجود و تاڵانچی سەرمایەداری دەکەن، ئەوا وەستانەوە بەروویاندا و کۆتاییهینان بەدەسەڵات وکەنار خستنیان تەنها بەو هۆیەوە کە مناڵان و تازە لاوان، جێگای گرنگی پێدان نین و بێ مافن، بەسە بۆ دەرخستنی ناوەرۆک و پەیامی دژی ئینسانیان.

بەکورتیەکەی مامەڵە و بەرنامەی هەر حزب و لایەنێکی سیاسی لە پەیوەند بەمناڵانەوە پێوانەیە بۆ ئاشنابوون بە پەیام و کارکردی ئەو حزب و لایەنانە.

کۆتایی ئایاری ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٣ بەرواری ١/٦/٢٠١٩ دا بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *