گرژیەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران… هەڵگری چ پەیامێکە؟ …

عەبدوڵا مەحمود …

ئەم چەند هەفتەیەی دوایی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران بەرەو هەڵکشانێکی ترسناک لەناو دۆخی ئالۆزکاوی ناوچەکەدا، رۆشتووە. ئەمریکا هێزو جبەخانەیەکی زۆری هێناوەتە ناوچەی کەنداو و هەڕەشەی هەڵبەزو دابەزیش بەردەوامە. لەبەرامبەردا ئیرانیش ئامادەکارییەکانی خۆی چ لەئاستی ئێران و چ لەو وڵات و ناوچانەی پێگەی خۆی هەیە، رەوتگەلی سیاسی سەربەخۆیی خۆی سازداوە… ئەم بەرامبەركێ و ئامادەییە سەربازییە، و میلیتاریزەکردنی ناوچەکە تارمایی جەنگێکی کۆنەپەرستانەی بەسەر سەری خەڵکی ناوچەکەدا ڕاگرتووە.

ئەگەری جەنگ و لەوەش زیاتر ڕوخاندن جمهوری ئیسلامی ئێران، ئەگەرێکی زۆر لاواز و وەکو کارێکی نەکردە دێتە بەرچاو، بەڵام وەشاندنی گورزی سەربازی لەچەند پێگەیەکی ئیران ئەگەرێکی دوور نییە و هاوکات هەڵگری پەیام گەلیکە کە ئاڵوگۆری زۆر لەسەر ئاستی دنیاو ناوچەکە بەدوای خۆیدا کێش دەکات…

ئەمریکا بەرنامەی جەنگ یان گۆڕینی کۆماری ئیسلامی ئێرانی نییە. لە توانای ئێستای ئەمریکاشدا جیگایەک بۆ وەها نەخشەیەک نییە، بەڵام ئەوە هەرگیز بەو مانایە نییە، کە ئەمریکا دەست نابات بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی و سنوردار.

داکشانی پێگەی ئەمریکا لە باری سیاسی و سەربازی و ناکامی دەستێوەردانەکانی لەئاستی دنیاو ناوچەکەدا، لە عێراقەوە بۆ سوریا، تا دەگاتە فەزویلا… تاد حاشاهەڵنەگرە. ئەزمەی ئابوری کە لەسالی ٢٠٠٨ وە دەستی پێکردووە، قورگی سەرمایەی ئەمریکای گرتووە و لەبەرامبەر بە هەژموونی ئابوری چیندا دەناڵێنی.

دوبارە سەربەرزکردنەوەی ڕوسیا، ئامادەیی لەزوربەی زۆری پەروەندەکانی دنیاو رۆژهەڵاتی ناوەراست و گەڕان بەدوای کەناڵی تردا تا ئامادەیی خۆی تیا دەربخات و بخاتە روو، راستیەکی تر و سەرچاوەیەکی تری نیگەرانی ئەمریکایە.

هەرەشەکانی ئێستای ئەمریکا لە ئێران، هەڵگری پەیامێکی قوڵ و ڕیشەی لە ململانێیەکی فراوانتری جیهانیدایە لەگەڵ روسیای دوبارە گەڕاوە ئامادە بۆ بەرامبەرکێییەکی ئاشکرای لەگەڵ ئەمریکاو ئامانجەکانی لە زەمینەی سیاسی و سەربازی و دەستوەردانی راستەوخۆ یان نیابەتیدا… وە هاوکات وەسانەوەو هەرەشەیەی ئاشکرایە لە چین، کە لە جەنگی ئابوری و بازرگانیدا کە گەروی ئابوری و بازرگانی ئەمریکای گرتووە.

ئەمریکا لەژێر ناوی ریگەگرتن لەوەی ئیران دەستی بەچەکی ناوکی و ئەتۆمی بگات و بەپاساوی ڕاگرتنی دەستێوردانەکانی ئێران لە ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدژ ویستەکانیدا، رووبەڕووبوونەوەی خۆی لەگەڵ ئێران رەوایەتی پێدەدات، هاوکات دەیەوێت یەکێک لەسەرچاوەو شادەماری وزە و نەوتی ئێران لە چین ببڕێت… بەڵام لە سنور دەرچوون بەرامبەر بە ئێران کارەساتی بەدواوەیە. روسیا ئامادەییە ئەو هەلەش بقۆزێتەوە و لەژیر ناوی بەرژەوەندیەکانیدا ئامادەیی سەربازی لەناوچەکەدا پەرەپێبدات، چین چاوی بڕیوەتە سەرەڕۆیەکی سەربازی ئەمریکا تا خوێن بەربوونی ئابوری ئەمریکا زیاتر بێت.

بەجیا لەهەموو ئەمانە، چۆن جەنگی ئەمریکا لەدژی عێراق سەرباری سەرکەوتنی سەربازی و روخاندنی رژێمی سەدام حسێن وەکو ئەفغانستان پارویەکی ئاسان و مەیدانێک بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی نەبوو، ئەوا ئیرانیش نەک گۆرەپانێک بۆ ئایندەی ئەمریکا و دەستراگەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی نییە، بەڵکو ترسناکترین مەیدانی رووبەڕووبوونەوەیە. ئێران نە ئەفغانستانە و نە عیراقیشە. ئەفغانستان دوور لەهەموو بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و پێگەی زاڵی رەشترین دەسەڵاتی ئیسلامی قاعیدەو تاڵیبان بوو، وە عیراق بە پاساوی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدەو بوونی چەکی وێرانکەرو ناوکی توانرا رای گشتی لەناوخۆی ئەمریکای و دنیادا بۆ هێرش کردنە سەری دابرێژرێت… هاوڵاتیانی ئەفغانستان و عێراق و تەنانەت هێزە سیاسیە نەیارەکانیان، نەک ئەکتیف و لە مەیداندا ئامادەییان نەبوو، بەڵکو لە تونێڵیکی داخراودا گیر داربوون و ئاسۆیان داکوژابوو. باڵانسی هێز بە تەواوەتی لەدژی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و هاوڵاتیانی توڕەو و حزبە سیاسیە نەیارەکانی دەسەڵات بوو. ئەمریکا بۆ جەنگ لەدژی ئیران بەجیا لە لاوازبوونی باڵانسی هێزی لەبەرامبەر رەقیبەکانیدا لە لەئاستی دنیا و ناوچەکەدا، وە بەجیا لە داڕمان و ئەزمەی ئابوری، وە بەجیا لە ناڵاندنی بەدەست ناکامیەکانی کە عیراق و پاشان سوریا و لەم دوایانەشدا لە فەنزەویلا… رووبەڕووە لەگەڵ پاساوەکانی خۆیدا، ناکامە لە هەڵخراندنی ڕای گشتی شەقامی ئەمریکادا، بێ توانایە لە کۆکردنەوەی رای گشتی دنیا، لە سازدانی بلۆکی هاوپەیمانیەتی فراوان لەئاستی نێودەوڵەتیدا لە ئێستادا لە سفر نزیکە… لەهەموو ئەوانە واوەتر رووبەڕووە لەگەڵ رژێمێک کە باڵانسی هێز لە ناوخۆی ئێراندا بە سودی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و کرێکاریییە… لەچەند ساڵی رابردودا تا هاتووە لە ئاکامی ئامادەیی بەردەوامی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و کریکاریی باڵانسی هێز بە سودی بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری گۆڕاوە، و تاهاتووە دەسەڵاتی ئاخوندکانی ئێران و پایەکانی دەسەڵاتدارێتی شل بۆتەوە. ئەم بزوتنەوەیە و ئامادەیەکەی دیاردەیەکی حاشالێنەکراو جێگائومیدی ئایندەی کۆمەڵگەی ئیران و تەنانەت ریزی بلۆکی هۆشیاری ناوچەکەشە. ئەم فاکتەرە چارەنووسازترین پۆینتی رووداوەکانی ناو ئیرانە. ڕاستە هەرەشەی جەنگ و جەنگ هۆکارێکی سەرەکی پاشەکشەکردنی کۆمەڵگەیە لەهەموو بوارەکانی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و کەلتوری و سەرچاوەو ژینگەی پێگرتنی رەوتی دواکەوتوو کۆنەپەرستە، لە ئێران و ناوچەکەدا، بەڵام لە ئامادەیی بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکاریی و جەماوەرییدا، هەرەشەی جەنگ یان جەنگ دەتوانێ هاوکیشەکان سەرەوخوار بکاتەوە. بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری ئەگەر ئاسۆدار بکرێت و بە نەخشەوە لەباری سیاسیەوە ئاراستە بکرێت دەتوانێت جەنگ و هەرەشەی جەنگی بگۆڕیت بە جەنگی یەکلایی کەرەوەی ناوخۆیی و بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی رەشی جمهوری ئیسلامی و خاڵی کردنەوەی خەونەکانی جەنگ کە ئەمریکا بەدواوەیەتی… ئەمە ئەو پۆینتەیە کە هەموو دیدیكی سیاسی دروست و ئازادیخواز دەتوانی پەی پی ببات و مایەی جدی لەسەر دابنێت.

چ ئەمریکا وەکو رەمزو ڕابەری تیرۆریزمی دەوڵەتی و چ ئێران وەکو تیرۆریزمی ئیسلامی، پێویستیان بە جەنگە. بۆ ئەمریکا کە بەدوای شکستی لەزاڵکردنی نەزمی نوێی دنیادا، هەمیشە لەسەر خوڵقاندنی ئەزمە و سازکردنی فەزای جەنگی و دەستێوەردانی خیرادا مایەی داناوە… دەیەوێت لەو رێگایەوە ئەمجارە بەر بەرەوتی ڕوو لە لێژی زۆرتری خۆی بگرێت و پەیامی راگرتنی زێدەڕۆیەکان بە روسیای گەڕاوە بۆ مەیدانی بەرامبەرکێیەکی بلۆکی بگرێت. بۆ ئێرانیش کە لە ٤٠ ساڵی رابردوودا بە دروشمی” مەرگ بۆ ئەمریکا” “شەیتانی گەورە” چوارچێوەی بەخشیوە بە جەنگێکی تەبلیغاتی خۆی لەبەرامبەر ئەمریکا و “نا” وتن بەئەمریکای کردۆتە مەیدانێک بەوەستانەوە بەرووی ئیمپریالیزم!! و بەرگری لە مستەزعەفیندا… وە بەکردەوەش لەچەندین وڵاتی ناوچەکەدا، ئامادەیی سەربازی و سیاسی و لۆجیستیکی و رەوتی سیاسی کریگرتەی خۆی سازداوەو بۆتە کۆسپێکیش لەبەردەم زۆرێک لە پرۆژە و نەخشەکانی ئەمریکادا. درێژەدان بەو پەیامە و ئامادەیی بەردەوامی لە زۆرێک لەوڵاتانی ناوچەکەدا بەیەکێک لە سەرکەوتنەکانی خۆی و پشت و پەنای مانەوەی دەسەڵاتەکەی دەزانێت. هاوکات لە هەلومەرجی ئێستادا کە رووبەڕووە لەگەڵ نارەزایەتیەکی قوڵی کریکاری و جەماوەرییدا، و چەپ و کۆمۆنیزم ئامادەیەکی حاشاهەڵنەگری لە کۆمەڵگەی ئیراندا هەیە، چوونە ناو کەشی جەنگی و تەنانەت جەنگێکی سنوردار بەخێرو بەرەکەتی ئیلاهی دەزانیت، تا لەو رێگایەوەو لە ژێر ناوی جەنگ و هەرەشەی دەرەکی و وەستانەوە بەرووی شەیتانی گەورەدا!!، دەستی سەرکوتی نارەزایەتی لەناوخۆی ئیراندا واڵابکات و پاشەکشە بەو بزوتنەوەیە بکات کەرۆژ بەرۆژ باڵادەکات و مەترسی سەرەکی روخاندنی سەر رژێمە.

لەدڵی ئەو هەلومەرجە بارگاوییە بە جەنگ و ئەگەری جەنگیدا، بلۆکی ئەحزابی بۆرژوازی ئێرانی بە” کورد و فارس و … تاد، سەرباری ناکۆکیە خانەوادەیەکانیان، هەموو ئومێدی خۆیان شەتەکی جەنگ داوە، و دەیانەوێ لەسایەی جەنگیکی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانیدا، جمهوری ئیران بڕوخێت و خۆیان ببنە میراتگری رەشی ئەو رژێمە. ئەم لایەنە سیاسیانە هیچ باکیان بە وێران بوونی کۆمەڵگە و دوبارەبوونەوەی سیناریۆی رەشی عێراق نییەو دەیانەوێت لەسەر لاشەی ملیۆنان ئینسانی بەرهەمی جەنگدا، دەستیان بە دەسەڵات و بەشی دەسەڵات بگات… و دەیان بەچکە خامەنەیی و خاتەمی و خومەینی بە کوردی و فارسی وئازەری و بکەنە ملۆزمی سەر کۆمەڵگەی داهاتووی ئیران و ڕەوتی شۆرشی لەخوارەوەی جەماوەری کرێکارو زەحمەکێشیش لەبار ببەن.

دیارە کەشی جەنگی مەترسیەکی جدییە، بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری و رەوت و لایەنە سیاسیە چەپ و کۆمۆنیست و ئازدایخوازەکان، دەخاتە بەردەم ئەرکی چارەنووساز و بڕیاردەرەوە… وەستانەوە بەرووی ئابلۆقەی ئەمریکا، هەرەشەی جەنگی، بلۆکی بۆرژوازی ئومید گرێدراو بە جەنگ، وەیخستنی بزوتنەوەی دژی شەر، رێکخستن و پەرەدان بەبزوتنەوەی ئامادەی کریکاری و جەماوەری، دوستکردن و راکیشانی پشتیوانی بزوتنەوەی کریکاری و جەماوەری و پیشکەوتنخواز لە ناوچەکە و دنیا….تا کارکردن و بەنەخشەو  هەنگاونان بۆ گۆڕینی کەشی جەنگ و جەنگ بۆ نەبەردی یەکلاکەوەوەی چینایەتی و ڕوخاندنی جمهوری ئیسلامی، و دامەزاراندنی دەسەڵاتی پشتبەستوی جەماوەری و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خاڵی لە ستەم و چەوساندنەوە… ئەو ئەرکە چارەنووسازانەن، کەدەتوانی نەخشەی داهاتووی ناوچەکەو جیهان بگۆرێت.

کۆتایی ئایاری ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٣ بەرواری ١/٦/٢٠١٩ دا بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *