ئاسۆ کەمال:…
گرامشی لە وتاری “کێشەکانی مارکسیزم”دادەڵێ” لینین بەرپرسە لە گرنگی فەلسەفی ئایدیا و فاکتی هەژمونی”*١دا . کە ئەم ” گەشەی سیاسی فکرەی هەژمونیە دەرخەری پێشکەوتنێکی گەورەی فەلسەفی و هەروەها پراتیکی سیاسیشە”*٢. واتە دەرک کردن بەوەی کە “پرۆلیتاریا دەبێ خەبات بکا تا ببێتە چینی دەسەلاتدار لە پۆتانشێل و هێزی ناوەوەیدا”.”خەبات بۆ هەژمونی دەبێ پێش گەیشتن بەدەسەڵات بێت،وەلەکاتی ئەودا، و لەدوای دەسەڵاتیشدا بێت.”*٣ ئەمە ناوەرۆکی ئەو گۆڕانکاریەیە کە لینین و بەلشەفیزم بەسەر کۆمۆنیزمی سەردەمی خۆیاندا، کۆمۆنیزمی سەدەی بیستدا، هێنایان.
سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپادا تا ئەوکات لە پرۆسەی گۆڕان لە یۆتۆپیاوە بەرەو زانست ،وە لە بزوتنەوەی ئاڵوگۆڕی شێنەییدا بەرەو حزبی پانوبەرینی جەماوەری خاوەن کورسی لە پەرلەمانی بورژوازیدا گەشەی دەکرد. بەڵام شۆڕشی دیموکراتی لە ڕوسیادا دژ بەدەسەلاتی ڕەهای قەیسەری زەمینەیەکی نوێی دروستکرد کە چینی کرێکار کۆمۆنیزم وەک ڕیگاچارەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕزگاربون لە قەیسەریەتی ئۆرکستۆکراتی فیودالی تاقی بکاتەوە. ئەمە تایبەتمەندی ڕوسیا بوو کە لەسەرەتای سەدەی بیستدا هاوشێوەی شۆڕشە دیموکراتیە بورژواییەکانی ناوەڕاستی سەدەی ١٩ی ئەوروپا ، ئەم وڵاتە ببوە مەڵبەندی شۆڕش.
ئەوەی لینین و بەلشەفی لە مەنشەفی و سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی جیادەکردەوە ئەم خاڵە بوو، کە مارکس و ئەنگلس لە سەردەمی مانیفیستەوە تا کۆتایی سەدەی ١٩ هەوڵیان بۆ دەدا، بەوەی کە چینی کرێکار لە شۆڕشی بورژوازیدا نابێ ببێتە پاشکۆی حزب و ڕەوتە بورژوازیەکان ، بەڵکو دەبێ ڕیزی سەربەخۆی خۆی جیابکاتەوە لەو شۆڕشەدا و بەشوێن بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە بێ و ئامانجی گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بێ.
ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیە لەناو چینی کرێکاردا بەرهەمی ئەو زەمینە شۆڕشگێڕانە بوو کە لە ڕوسیادا هەبوو کە دەیوسیت پەیوەندیە دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتە دیکتاتۆریە سەرەڕۆیە قەیسەریەکەی بگۆڕێ بە پەیوەندی سەرمایەداری و دەسەڵاتی پەرلەمانی و فەراهەم بونی ئازادی سیاسی. بەپێی کاریگەری شۆڕشە کرێکاریەکانی ئەوروپا و بونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی سۆشیال دیموکراتی کە لە ئەنتەرناسیونالی دوەمدا خۆی نیشان دەدا و لە ڕوسیاشدا کاریگەری گەورەی هەبوو،وە هەروەها بونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جوتیاری، ئەمانە هەموویان ئاستی چاوەڕوانی و گەشەی سیاسی کرێکارانی ڕوسیای لە شۆڕشی ١٩٠٥ ەوە بردە سەر . بەتایبەت کە بورژوازی ڕوسیا دوای شۆڕش ببوە هاوپەیمانی قەیسەر و کرێکاران پێویست بوو خۆیان ببنە ڕابەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی قەیسەر و کۆتایی هێنان بە پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی و ئۆرۆستۆکراسی زەمینداران و بەدەستهێنانی ئازادیە سیاسیەکان.
ئەم ئامانجانە شتێکیان سەبارەت بە سۆشیالیزم و گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری تێدانەبوو، هەرچەند لە بەرنامەی سۆشیال دیموکراتیدا سۆشیالیزم ئامانج و خواستی کۆتایی بوو. تەنانەت تاکو نیسانی ١٩١٧ش لینین دەڵێ ” ئهركی دهستبهجێی ئێمه نییه كه سۆشیالیزم ’’پێشکەش بکەین‘‘ “*٤.بەڵام هەڵوێست و تاکتیک سەبارەت بە خودی شۆڕش خۆی لەڕوسیادا ببوە تەوەری ناکۆکی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی. ئەمە لە کتێبی دوو تاکتیکی سۆشیال دیموکراسی لە شۆڕشی دیموکراتیک”*٥ی لینیندا دەبینین. ئەوەی لێرەدا مەسەلەی سەرەکیە دەوری چینی کرێکارە لە شۆڕش ودەسەڵات و دەوڵەتدا. گرامشی دەڵێ “کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن چینی کرێکار و ژێردەستەکان بتوانن هەژمونی پەیدابکەن،باوەڕیان بەوە هەبێ کەتوانایان هەیە وەک چینی دەسەلاتدار وئەم ئیعتبارەیان لای چینەکانی تر هەبێ.” *٦ .لای لینین ئەمە مەسەلەی سەرەکیە لە شۆڕشەکانی ڕوسیادا، جا لە شکڵی “دیکتاتۆریەتی دیموکراتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران”دا بێت وەک لە ١٩٠٥ یان لە”هەموو دەسەلاتێک بۆ شوراکان”ی نیسانی ١٩١٧ بێت یاخود لە “دیکتاتۆریەتی پرۆلیاتاریا”ی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا.
دەوری خەباتی جەماوەری لە شۆڕشی ڕوسیادا کاریگەری خۆشی لەسەر سۆشیال دیموکراتی جیهانی دانا بە ئاراستەی ڕادیکال کردنەوەی ئەم بزوتنەوەیە و سەرهەڵدانی شوراکانی کرێکاران و جوتیاران لە شۆڕشی ١٩٠٥ و دواتر گەشەکردنی ئەم شورایانە لە ١٩١٧،دەرگای بەڕووی دەرچون لە ئەزمەی بنبەستی پەرلەمانتاریزمدا کردەوە. ئەم شێوازە لە ڕیکخراوی چینایەتی دەورێکی گەورەی گێڕا لەسەر سەرخستنی دەوری بەلشەفیەکان بە ئاراستەی گەشەدان بەو ڕەوتە ڕادیکاڵەی داوای دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی کریکارانی دەکرد و دروشمی ” هەموو دەسەڵات بۆ شوراکان”ی کردە بەدیلی حکومەت و پەرلەمانی بورژوازی.
لە ئەزمەی دەسەڵاتدارێتی بورژوازی ڕوسیە و بنبەستی سۆشیال دیموکراتی مەنشەفیکی و سۆشیال شۆڕشگێڕەکاندا بەمانەوە لە پەراوێزی حکومەتی کرنسکیدا ، کە دریژەی بەهەمان سیاسەتی شەڕی ئیمپریالیستی و دەسەلاتدارێتی خاوەن زەویە گەورەکان و سەرمایەداران دەدا، بەلشەفیەکان لە ڕیگەی شوراکانی کرێکاران و سەربازان و جوتیارانەوە توانیان پەیوەندیەکی ئۆرگانی لەنێوان حزبی شۆڕشگێڕ و جەماوەری بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکە دروست بکەن. ئەم پەیوەست بونەی بەلشەفیەکان بە پراتیکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەرە لە شوراکاندا و لەناڕەزایەتیەکاندا و خستنەڕووی ئاسۆیەک بۆ بەسەرئەنجام گەیاندنی خواستە شۆڕشگێڕیەکانی وەک مەسەلەی ئاشتی و زەوی بۆ جوتیاران و دەوری سەندیکاکرێکاریەکان لە کارگەکاندا، توانی خواستی گشتی سۆشیالیزم بکاتە بەدیل و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی بەدەوردا کۆبکاتەوە. بەلشەفیەکان بەم کارەیان ئەوەیان لەخۆ نیشاندا کە تەنیا دەسەڵاتی ئەوان دەتوانێ درێژە بەو دۆخە شۆڕشگێڕانە بدا کە کرێکاران و جوتیاران و سەربازان بگەن بە خواستەکانی خۆیان .ئەم کارەی بەلشەفیەکان درێژەی ئەو ترادسێونە کرێکاریە بوو کە لە شۆڕشی فەرەنسا ژاکۆبینەکان و کۆمۆنارەکانی پاریس هەڵگری بوون ، ئەویش تێگەیشتن و وشیاریە سەبارەت بە خەباتی چینایەتی و ئامانجەکەی کە گرتنە دەستی دەسەڵات و سەرکوتی بەرهەڵستکاری بورژوازیە.
بەلشەفیەکان دەرسیان لە شکستی ژاکۆبینەکان و کۆمۆنارەکان وەرگرتبوو و بەم پێیە لە پرۆسەی دوو دەیەدا حزبێکی سیاسی و جەماوەری کرێکاریان دروست کردبوو. ئەمە خاڵی سەرکەوتنی بەلشەفیەکان بوو لە مانەوە لەدەسەڵاتدا و شکست پیدانی سوپای سپی و هێزە بورژوازیە ڕوسی و جیهانیەکان بوو.
ئەم حزبە لە جەرگەی سێ شۆڕشدا دروست بوو ،کە چینی کرێکار تیایاندا چالاک بوە. وە کاتێ دەوڵەتی کاتی بورژوازی بوە ڕیگر لەبەردەم گەیشتنی کرێکاران و جوتیاران بە خواستەکانیان و دۆخەکە پیویستی بە حزبی کرێکاران هەبوو تاکو توانای شۆڕشگێڕانەی شوراکان بکاتە دەسەڵاتێک بەرامبەر بە بورژوازی ، بەلشەفیەکان بەوەڵامدانەوە بەم دۆخە بونە بەدیلی دەسەڵاتی دەوڵەتی. ئەم پەیوەندیەی بەلشەفیەکان بە پراتیکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران لەم سێ شۆڕشەدا و ئاراستەکردنی ڕەوتی شۆڕشگێڕانە بەدژی حزبە بورژوازیەکان و حکومەتەکەیان حزبی بەلشەفی کردە شەخسیەت وکاراکتەری دەوڵەتی ئایندەی بەلشەفیەکان. بەپێچەوانەی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی و مەنشەفیەکانەوە، بەلشەفیەکان نەبونە پاشکۆی حکومەتە بورژوازیەکان لە کاتی شەڕی جیهانی یەکەم و لە دوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧دا بەڵکو لەڕیزی ئۆپۆزسیۆنی ئەم حکومەتانە و لەڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشی کرێکاران و جوتیاراندا بوون و دژ بە سیاسەتە ئیمپریالیستی و شۆڤینیستی و سەرکوتگەریەکانیان دەوەستانەوە. ئەمە بوە هۆی ئەوەی بەلشەفیەکان لە جەماوەری کرێکاران و ڕەوتی شۆڕش دانەبڕێن. ئەو پێداگریەی ئەم حزبە لەسەر “سەربەخۆیی کریکاران و گرنگی پەیداکردنی هەژمونیان بەسەر کۆمەڵگەدا نیشانەی فۆرمێکی نوێی دەوڵەت بوو”*٧ کە بەلشەفیەکان لە خۆیان نیشاندا.
بەڵام ئایا هەر حزبێک بەوەی پێکهاتەکەی کرێکاری بێ و بەرنامەکەی بانگەشەی سۆشیالیستیە دەتوانێ کۆمەڵگەی سەرمایەداری بگۆڕێ بە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی و کۆتایی بەدەسەڵاتی چینایەتی بهێنێ؟ لە لیکۆڵینەوەماندا لەسەر تەجروبەی سۆڤیەت و بەلشەفی بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە کە بۆچی حزبی بەلشەفی سەرەڕای ئەوەی کرێکاری بوو ، وە سەرەڕای هەموو ئەو تایبەتمەندیانە و پێشڕەویانەی سەرەوە باسمان کرد بۆ هێشتا نەیتوانی شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەرکەوتن بگەیەنێ؟ بێگومان دەبێ لەو خالانەی سەرەوە و پراتیکی دەوڵەتی بەلشەفیەکان بکۆڵینەوە بزانین ئەو هۆکارە شاراوە چین لە پشتی شکستی ئەم حزبە شۆڕشگێڕەوە بوە لەکاتێکدا گەیشتۆتە دەسەڵات؟
سەرچاوەکان:
*١ گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، کێشەکانی مارکسیزم، ل٣٨١، بەزمانی ئینگلیزی
*٢ گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، دراسەی فەلسەفی ،ل ٣٣٣، بەزمانی ئینگلیزی
٣* هۆبسباوم، چۆن جیهان دەگۆڕین، گرامشی، ل ٣٢٥، بەزمانی ئینگلیزی
*٤لینین، تێزەکانی نیسان ، https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1917/apr/04.htm
* ٥ لینین، دوتاکتیک، https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1905/tactics/index.htm
*٦ هۆبسباوم، چۆن جیهان دەگۆڕین، گرامشی، ل ٣٢٤، بەزمانی ئینگلیزی
*٧ گرامشی، دەفتەرەکانی زیندان، کێشەکانی مارکسیزم،ل٣٨٨، بەزمانی ئینگلیزی