ژمارەیەک لە نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەند لە ٩ هەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا بۆ بۆپێشەوە دەدوێن: …
ئارام عەلی، کەمال رەئوف، فەرمان ڕەشاد، سالار باسیرە، کاوان قادر، ڤینۆس فایق، شەماڵ علی، بەهزاد موحسین ڕەوف و ئۆژین جۆڵا
ئارام عەلی
ئارام عەلی: خۆشباوەڕیەکی بێهودەیە هەر کەسێک پێی وابێت، لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بکوژەکانی سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد دادگایی دەکرێن. دادگایی ئەوانە مانای دەستبردن بۆ هەڵوەشانەوەی سیستەمی مافیای و کارتێلی دەسەڵاتداری کوردستانە
دیمانە لەگەڵ ئارام عەلی… رۆژنامەنووس و برای سەردەشت لە ٩ هەمین ساڵیادی تیرۆری نووسەر و رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا
بۆپێشەوە: تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان چیمان بیر دەخاتەوە؟
بەکر عوسمان: سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم ئێمە لەگەڵ دۆسیە و مەسەلەی سەردەشت دەژین، بۆ ساتێکیش ئەو مەسەلەیە لە بیرکردنەوە و ژیانی ئێمە نەبووە بە ڕابردوو. ئەو دۆسییە بەشێکی سەرەکی پرسی ئێستاکەمانە و تا ماوەیەکی زۆر ئایندەش درێژەی دەبێت، وەک یەکێک لە پرسە سەرەکیەکانی باردۆخی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان.
تیرۆری سەردەشت ڕووداوێک نییە گوزەرا بێت، تاوانێک نییە نۆ ساڵی بەسەردا تێپەڕی بیت و کۆن بووبێت. ئەگەر وەک تاوانێکی دیاریکراویش بەو جۆرە بێت، بەڵام وەک بەشێک لە واقعێکی گەورەتر ڕابوردوومان نییە، ئێستامانە و بە داخەوە ڕەنگە تا ماوەیەکی تریش داهاتوومان بێت. تا ئەو کاتەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و تاڵانکردنی قوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتێکی خێلەکی و بنەماڵەیی لە کوردستاندا بەڕێوە بچێت، تا ئەو کاتەی گەنجانی کوردستان لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەش دەمێننەوە. سەردەشت هەموو رۆژێک هەڕەشەی لێ دەکرێ، ئیهانە دەکرێت، دەڕفێندرێت و تیرۆردەکرێ، هەر رۆژەی سەردەشتێکمان تیرۆر دەکرێ.
دۆسیە و پرسی سەردەشت، هەر ئێستا پرسی ئازادی، عەدالەتخوازی، یەکسانی، ڕۆژنامەوانی، یاسا و دادگا و مافە لە کوردستاندا. ئەوەی کە ئەمڕۆ لەگەڵیدا بەڕەوڕووین، دەسەڵاتی سیاسی و بنەماڵە و باندی مافیایی نێو دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا کوشتن و تیرۆری کردووە بە پیشەی سیاسی. بەدەنگی بەرز ئەوەمان پێ دەڵێن ئەو کەسانەی دڕندانەتر ڕۆلەکانی کوردستان بکوژێ، بەپێی ئەو سیستەمە دەتوانێ مەشروعیەتی بێت بۆ چوونە سەر کورسی دەسەڵات.
بۆپێشەوە: سەردەشت عوسمان بەدوای وتاری” من عاشقی کچەکەی بارزانیم” کە دیمەنی نابەرابەری کۆمەڵگەی چینایەتی دەخاتە ڕوو، سەرەتا تووشی هەڕەشە و پاشان تیرۆر دەکرێت، کەواتە کەیسەکە دیارە و نەخشە دارێژەرانیشی ئاشکران… کەچی دادگا و داواکاری گشتی هیچ رۆڵێک ناگێڕن… ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟
بەکر عوسمان: دادگا و داواکاری گشتی لەپەیوەند بە دۆسیە و تیرۆری سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و دەنگە ئازاد و عەدالەتخوازەکان، بەشێکی ڕاستەوخۆی لایەنداری بووە لە شوێن بزرکردنی ڕاستی و تاوانەکە و تاوانباران. گۆڕینی دۆسیەکە بە سیناریۆی قێزەوەن، یەکێک بووە لە پرۆسەی کاری نێو دەزگای دادوەری لە کوردستان. دادگا و داواکاری گشتی بە کردەوە ڕۆڵی پەنادانی تاوانباران و تێپەڕاندنی دۆسیەکە بە سیناریۆ و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک گێڕاوە.
دەزگای دادوەری بەشێکە لە سیستەمی دەسەڵاتدارەتی و لە ژێر کۆنترۆڵ و خزمەتی حزب و بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی سیستەمی ئەمڕۆی کوردستان دایە. ئەمڕۆ کێ باوەڕ دەکات خوێنی بێتاوانەکان لە دادگاکانی کوردستاندا، داد و مافی دەسەنرێ؟
ئێمە گوتومانە بکوژەکانی سەردەشت و کاوە و سۆران و ویداد و ئەوانیتر لە کەس شاراوە نیین. ڕامانگەیاندووە کە دادگای سەربەخۆ لە کوردستان بوونی نییە و دادگاکان پارێزگاری لە بکوژانی دەنگە ئازادەکان دەکەن. ڕاشکاوانە گوتوومانە کە تیرۆرکردنی سەردەشت و دەنگە ناڕازیەکانی تر وەک تاوانێکی سیاسی، له پێناوی ئامانجى سياسى و ماددی دەسەڵاتی سیاسیدا ئەنجامدراون. ئامانج لێیان بێدەنگکردنی گەنجان و رۆژنامەنووسان و ترساندنی زۆرینەی خەڵکی ناڕازی کوردستان بووە.
بۆپێشەوە: دوای هەموو کردەوەیەکی تیرۆریستی، دەسەڵاتی سیاسی سیناریۆی ساختە وەردەخات، کەسانێک وەکو تۆمەتبار دەخاتە ڕوو، لەهەموو ئەو سیناریۆیانەشدا مایەپوچ دەبێت، کەچی دەستبەرداری ئەم سیناریۆ پوچانە نابێت… چۆن دەروانە ئەم مامەڵەیە؟
بەکر عوسمان: لە زۆربەی ئەو تیرۆرانەی باستان کرد، بە ئاشکرا و لەبەرچاوی خەڵک ئەنجامدراون. ئەو تیرۆرانە بە ئامانجی سیاسی لە پێناوی ترساندن و پاشەکشە بە دەنگە ناڕازی و عەدالەتخوازەکان ئەنجامدراون. ئامانج لێیان بێدەنگکردنی گەنجان و رۆژنامەنووسان و ترساندنی زۆرینەی خەڵکی ناڕازی کوردستان بووە.
ئەم دەسەڵاتە لەسەر بنەمای کۆیلەکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگەی کوردستان خۆی بەرهەم دێنیتەوە. ئەو دەسەڵاتە لەسەر گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێرزەوی و ئاسمانی کوردستان درێژە بە بوونی خۆی دەدات.
ئەم دەسەڵاتە بە ئاشکراو بە ڕۆژی ڕۆشن، لەبەرچاوی خەڵک تیرۆر دەکات و گەنجانی عەدالەتخوازی کوردستان خەڵتانی خوێن دەکات لە پێناوی مانەوەی خۆی. ئەو تیرۆر و کوشتنانەی نەشاردۆتەوە و نکۆڵی ناکات، سیناریۆکانی نێو پرۆسەی دەزگای دادوەری تەنیا نمایشێکی تری هێزنواندنیەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان.
بۆپێشەوە: دوای نۆ ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت عوسماندا، ئەم دۆسیەیە بەکوێ گەیشتووە؟
بەکر عوسمان: لە ماوەی پێشوودا چەند جاریتر هەمان پرسیار دووبارە بۆتەوە. لەوانەیە بۆ کەسانێک پێشووتر قسەکانی منیان بیستووە، بۆیان دووبارە بێت. دۆسیهی تیرۆری رۆژنامهنووس سهردهشت عوسمان بەو مانایە کە دادگایی و سزادانی بکوژەکان و نەخشەدارێژەران و بریاردەرانی تاوانەکە بدات، بەئەنجامی خۆی نەگەیشتووە. دەنا ئەگەر مەبەست دەستخستنی بەڵگە و ئاشکرابوونی تاوانبار و بکوژان بێت، سەردەشت پێش ئەوەی تیرۆر بکرێ، وێنەی بکوژانی خۆی بە هەموو دونیا پیشاندا، کێشەی سەرەکی دۆسیەی سەردەشت لەسەرەتاوە کەمی بەڵگە و زانیاری لەسەر ئەنجامدەران و نەخشەدانەرانی ئەو تاوانە نەبووە و نییە. بەڵکو کێشەکە لە نەبوونی دادگای سەربەخۆ و دەزگای دادوەری بێلایەنە لەکوردستاندا. دۆسیەکە دانەخراوە و بێدەنگی لێنەکراوە، بەڵکو دۆسیەکە بەکراوەیی ماوەتەوە تا ئەو ڕۆژەی داد و دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە کوردستان بوونی دەبێت. ئەوەمان ڕەتکردۆتەوە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ڕێگای سیناریۆ قێزەونەکانی دادگاوە دۆسیەکە و ئێمە بخاتە نێو موزایەدەی ناشیرینکردن و بەکاریکاتۆری کردنی مافەکانمان.
دۆسیەی سەردەشت بەو ئەنجامە گەیشتووە، بە سەدان بەڵگە و دۆکۆمێنت، تاوانباران و تیرۆرستان و بکوژەکانی سەردەشت ئاشکران. بەو ئەنجامە گەیشتووە ئەم دەسەڵاتە لە پشتی پەنادانی تیرۆرستان و تاوانباران وەستاوە و دەسەڵاتی زوڵم و زۆرداریە. بەو ئەنجامە گەیشتووە لە چوارچێوەی ئەم سیستەم و دەسەڵاتەدا هیچ ماف و دادێک لەدادگاکان بەدەست نایەت.
دۆسیهی تیرۆری سهردهشت لای ئێمه و ئازادیخوازانی كوردستان به كراوهیی ماوەتەوە، تا ئهو كاتهی دادگایهكی دادپەروەرانە و بێلایهن و سهربهخۆ لە کوردستان بوونی دەبێت. بەسزا گەیاندن و دادگایی تاوانبارانی تیرۆری دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان، بەتەنیا بابەتێکی یاسایی و دادوەری نییە “ئەگەرچی ئەو دەزگایە لە بنەڕەتدا لە کوردستان ناوی هەیە و بوونی نییە”.
لە کاتێکدا ئەنجامدەران و ئەوانەی لەپشتی ئەو تاوانە تیرۆرستیە وەستاون، لەباڵاترین ئۆرگانی دەسەڵاتدارەتیدان، دەسەڵاتی ئێستا ئەوانن و ئەوان زەبربەدەستی یەکەمی کوردستانن. دەمەوێت بڵێم خۆشباوەڕیەکی بێهودەیە هەر کەسێک پێی وابێت، لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بکوژەکانی سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد دادگایی دەکرێن. دادگایی ئەوانە مانای دەستبردن بۆ هەڵوەشانەوەی سیستەمی مافیای و کارتێلی دەسەڵاتداری کوردستانە.
ئەم دۆسیە، دۆسیەیەکی سیاسیە. کۆمەڵگەی کوردستان و ئازادیخوازان لەبەردەمی پرسی چارەنوسسازدا ڕادەگرێ. نابێت و ناکرێت تەسلیمی ویستەکانی دەسەڵاتێکی مافیایی و تاوانکار و خوێنرێژ بێت. ئێمە چ وەکو کەس و کارو خانەوادەی ئەو قوربانیانەی کە تیرۆرکراون، چ وەکو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، لە خوێنی هیچ یەک لەو ئازیزانەمان خۆش نابین. ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە زووبێت یان درەنگ دەبێ لە پاڵ باجی سەرجەم ستەمکاری و نقوم کردنی کۆمەڵگەی کوردستان لە کارەسات و بێدەرەتانی، باجی کارە تیرۆیستیەکانی و تیرۆری سەردەشت و ئەوانی دیکەش بداتەوە. رۆژێک دەبێ لە دادگای دادپەروەرانەی خەڵکدا وەکو سەرانی رژێمە دیکتاتۆرو سەرکوتکەرەکانی تر سزای عادلانەی خۆیان وەربگرنەوە.
بۆپێشەوە: ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، هەر کاتێک کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات هەبێت، دۆسیەی تیرۆر بەگشتی تیرۆری رۆژنامەنووسان بەدەستەوە دەگرن، کاتیکیش بەشیان لە کێکی شیرینی دەسەڵات پێدەدرێت، قڕو قەپی لێدەکەن…. چۆن دەڕوانە مامەڵەی ئەو هێزە ئۆپۆزیسێۆنانە؟
بەکر عوسمان: بەدوای نۆ ساڵ لە تیرۆری سەردەشتی ئازیز، کارنامەی ڕەشی تاوانکاری ئەو دەسەڵاتە جەلاد و مافیاییە بووە بە کێوێکی ڕەش. لەم نۆسالەدا تیرۆری سەردەشتەکان هەروا بەردەوامە و ئەمە بوەتە دیوەزمەی سەر دڵی هەرکەسێک کە بیەوێ وشەی حەق بەم دەسەڵاتە زاڵم و سەرکوتگەرە خێڵەکییە بڵێت.
لە چ شوێنێکی دنیا بینراوە، دەیان تاوانی ئاشکرای کوشتن، تۆمەتبارەکان بە بەڵگەی ئاشکرا و ڕۆشن لەلای سەرجەم خەڵکی کوردستان دیار و ئاشکران، بەڵام دۆسییەکان دەکرێنە سیناریۆ. لەسەر داوای دادگایکردنی تۆمەتباران تەنانەت پەلاماری قەبری قوربانیش دەدرێ. لەسەر داواکردنی مافەکان، شەو و ڕۆژت لێ دەگۆرن. لەسەر خۆپیشاندان و بەشداری لە خۆپیشاندان، گەنجان و ئازادیخوازان لە بادینان زیندانی و بێسەروشوێن دەکرێن.
سوێی ئازاری لەدەستدانی سەردەشت لامان قووڵتر دەبێتەوە، کاتێک دەبینین تەنانەت ئەو هێزە سیاسیانەی سەردەمانێک بەرژەوەندیان وای دەخواست دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان بەدەستەوەبگرن، ئەمڕۆ بەرژەوەندیان وا دەخوازێ ببنە پاشکۆی سەرقافڵەی تیرۆریزمی دەسەڵاتدار. ئەو لایەنانەی سەردەمانێک بەرژەوەندیان وای دەخواست هەڵوێستی توند لەسەر دۆسیەی تیرۆری دەنگە ئازادەکان بنوێنن. لەوکاتەش بەرژەوەندیان جۆریکی تر بخوازی نەک بێدەنگی دەکەن، بەڵکو لەگەڵ بکوژان دەبن بە هاوپەیمان و شەریکە دەسەڵات. خەڵکی کوردستان دەمێکە حوکمی خۆیان لەدژی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و بکوژی رۆژنامەنووسان و دەنگە ناڕازییەکان دەرکردوە، بێگومان حوکمی شایستە بەسەر ئەو هێزانەشدا دەدەن کە ئەمرۆ پێدەنێین بەسەر ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستاندا و سەودا بە چارەنوسی ئەم خەڵکەوە دەکەن.
بۆپێشەوە: دنیای دەرەوە مەبەستمان میدیا و ناوەند و کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتیەکانە، چ ڕۆڵێکیان لە پەیوەند بە دۆسیەی تیرۆرەکانی کوردستانەوە هەیە؟
بەکر عوسمان: بەبڕوای من ناڕەزایەتی دەرەوە و ناوەوە و جوگرافیا ناناسێ و بەرتەسکی ناکاتەوە. دونیای ئەمڕۆکە تەواو گلۆبالیزە و جیهانی بۆتەوە. هەر ناڕەزایەتی و دەنگێکی عەدالەتخواز، لە هەر شوێنێک بێت دەبێتە پشت و پەنای ستەملێکراوان.
ئەگەر بەدیاریکراوی چاوێک بە ناڕەزایەتی و دەنگە ئازادیخوازەکان لە دەرەوە لەلایەن ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و دەرەوە یا لەلایەن میدیا و ناوەند و کۆڕوکۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکان بخشێننین. ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە پشتیوانی و بەرز ڕاگرتنی پەیام و داواکاری خەڵکی کوردستان.
لە پەیوەند بە دۆسیەی تیرۆرەکانی کوردستان، ئەو ناڕەزایەتیانە ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. هەمیشە دەنگی ناڕەزایەتی و پشتیوانی ئازادیخوازان لە دەرەوە، تەواوکەری بزووتنەوە و دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بووە. تەنانەت هەندێکجار ئەو ناڕەزایەتیانە بووەتە پشتیوانی گەورە و گڕوتینیک بۆ تێکشکاندنی بەرتەسکیەکانی فشاری سەرکوتگەرانی دەسەڵاتی کوردی.
هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵ و ڕاپۆرت و وتار لە کەناڵە میدیاییەکانی دەرەوە، کەمتر نییە لە بابەتەکانی میدیای دەنگە ئازادەکان کە لە کوردستان بڵاو دەبێتەوە. ئەوە وایکردووە کە خەڵک و ناوەند و کۆڕوکۆمەڵی نێودەوڵەتی ماهیەتی سەرکوتگەرانە و مافیاییانەی دەسەڵاتی کوردی بە ڕۆشنی ببینن و بناسن. هاوکات دەبینین هەندێکجار دۆکۆمێنت و بەڵگەکانی گەندەڵی و تاوانکاری دەسەڵاتی کوردی دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵی خەڵک و میدیاکانی کوردستان.
بۆپێشەوە: دیمەنی تیرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسان، تا ڕادەیەکی زۆر ئاشکران، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشکرا ئەم دیمەنانە، دەشارنەوەو فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟
بەکر عوسمان: لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا بە جۆرێک ئاماژەم بەوەکرد کە سیناریۆ و فایلسازی و هەڵگێڕانەوەی ڕاستیەکان. دیوێکیتری نمایش و هێزنواندنی دەسەڵاتە لەبەرامبەر کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان.
دەسەڵاتی سیاسی هەزار و یەک ڕێگەیان لەبەردەمدابوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی بەرەوڕوویان کرایەوە لە تیرۆری سەردەشت و تیرۆرەکانیتردا. هەموو کردەوەکانیان، هەموو وەڵامەکانیان، سیناریۆکانی نێو لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی هەرێم. هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانیان. هەموو ئەوانە بۆ خەلکی کوردستانی سەلماند کە ئەوان خۆیان ئەو کارەیان ئەنجامداوە. سەردەشت و ڕۆژنامەوان و هەڵسوڕاوە سیاسیەکانیان بە شێوەیەکی رەزیلانەو دڕندانە تیرۆرکرد، تەنها لەسەر ئەوەی پەردەیان لەسەر ستەمکاری و گەندەڵی و ڕاو ڕوت و چەپەڵی دەسەڵاتەکەی ئەوان لابردوە. تەواوی سیناریۆ و مامەڵەیان لەگەڵ ئەم مەسەلەیە و وەڵامەکانیان بە تۆمەتەکان، ئەوەی سەلماند کە دەزگا تیرۆریستە تاوانکارەکان بە سەرپەرشتی و فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرانیان سەردەشتیان تیرۆرکرد. ئەمە راستیەکە کە هەر لە رۆژی یەکەمەوە بۆ ئێمەو بۆ خەلکی کوردستان وەکو رۆژی روناک دیاربوو. بکوژان و جەلادی کورەکانی ئێمە دەسەڵاتی یەکەمی ئەمرۆی کوردستانن. بە کردەوە سەلماندوویانە بکوژانی سەردەشت لە بازنەی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر کورسی دانیشتوون.
سیناریۆکانی نێو پرۆسەی دەزگای دادوەری تەنیای نمایشێکی تری هێزنواندنیەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستان. بەو نمایشە ئەوەمان پێ دەڵێ، تەواوی جومگەکانی ژیان و هێز و یاسا و دادگا لە دەستی ئەو دایە. بەو نمایشە دەیەوێ بێهوودەیی هەوڵەکانی بەرەی ئازادیخوازی و عەدالەتخوازی پیشان بدات. دەیەوێ گەورەیی توانای خۆی لە گەندەڵی و بەربەریەتی خۆی بە کۆمەڵگە و بەرەی ئازادیخوازی پێشان بدات، تاکو لە بێ ئومیدی و بێهیوایی لە ئاڵوگۆڕ تەسلیمی هەڕەشەکانی ئەو بن.
ئەو هێزەی پشتی بەسەرکوت و هەڕەشە و تۆقاندن بەستووە، زەلیلترین و زەبوونترین هێزی ڕەشی مێژوون. ئەو مێژووەی بەتراژیدیای خوێنی ئێمە نووسراوەتەوە، لە ئایندەدا بە کۆمیدیای کۆتایهاتنی ئەوان تەواو دەبێ. ئێمە مێژوونووس نین، بەڵام ئەو گوزەرە لە مێژوو بزوتنەوەی ئازادی و عەدالەتخوازی ئێمەیە.
کەمال رەئوف
کەمال رەئوف: لەزۆنی زەرد نەك لەسەر نووسین، تەنانەت لەسەر لایك و كۆمێنتی فەیس بووکیش خەڵك سزادراوە و بانگكراوەتەوە بەردەم دەزگا ئەمنیەكان یان هەڕەشەی لێكراوە. كەم نین ئەوانەی بەهۆی هەڵوێستیانەوە سزادراون و لەسەر كار دوورخراونەتەوە…
دیمانە لەگەڵ کەمال ڕەئوف؛ نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا
بۆپێشەوە: دوای هەموو كردەوەیەكی تیرۆریستی، دەسەڵاتی سیاسی سیناریۆی ساختە وەگەڕدەخات، كەسانێك وەكو تۆمەتبار دەخاتە ڕوو، لەهەموو ئەو سیناریۆیانەشدا مایەپوچ دەبێت، كەچی دەستبەرداری ئەم سیناریۆیە پوچانە نابێت… چۆن دەڕواننە ئەم مامەڵەیە؟
کەمال ڕەئوف: هەمیشە دەسەڵاتە خۆسەپێنەكان كارت و ئامرازی زۆریان بەدەستەوەیە، بۆ سەركوت و كپ كردنی دەنگی نارازی، كاتێك دۆخەكە دەگاتە تیرۆر ئیتر ئەوە بەڵگەی ئەوەیە دەسەڵات كارتەكانی تری لەدەستدا نەماوە، بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان متمانەی نێوان خەڵك و حكومەت و دەسەڵات ئاسمان و رێسمانە! ئەوان كەتیرۆری فیزیكی نەیارەكانی خۆیان دەكەن، دەشیانەوێت تیرۆری كەسایەتی مەعنەوی قوربانیەكان بكەن، بەڵام خۆشبەختانە زۆرجار بۆیان نەچوەتە سەر، وەك ئەوەی لەتیرۆكردنی سەردەشت عوسمان كردیان، یان وەك ئەوەی لەم دواییانەدا پۆلێك خەڵكی چالاكوانیان لەناوچەی بادینان بەتۆمەتی سەیر خستە زیندانەوە.
بۆپێشەوە: كەسانێك تەنها بەهۆی وتارێك یان بەهۆی ڕەخنەیەكی تیژەوە لە دۆسیەیەك و بەرپرسێك بە ئاشكرا تیرۆر دەكرێن… وەك سۆرانی مامە حەمە، عبدلستار تاهیر شەریف، كاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، وداد حوسێن…. تاد، چ بكرێت بۆ ئەوەی ئازادی بەیان و بیروڕا و ڕەخنەگرتن، نووسەر و رۆژنامەنووسی لەسەر تیرۆر نەكرێ یان توشی هەڕەشەی مافیاكانی دەسەڵات نەبێتەوە؟
کەمال ڕەئوف: ئەوانەی كە باستكردن بەئاشكرا تیرۆر كراوان، ئەوانە تارادەیەك هەڵوێستیان لەبەرامبەردا وەرگیراوە، بەڵام لەپاڵ ئەماندا ئێمە دنیایەك ڕۆژنامەنوس و كەسایەتی و نووسەرمان هەیە كە بەهۆی هەڵوێست و نووسینەكانیانەوە سزا دراون، لەمیدیاكان نەبوونەتە هەواڵ. لەزۆنی زەرد نەك لەسەر نووسین، تەنانەت لەسەر لایك و كۆمێنتی فەیس بووکیش خەڵك سزادراوە و بانگكراوەتەوە بەردەم دەزگا ئەمنیەكان یان هەڕەشەی لێكراوە. كەم نین ئەوانەی بەهۆی هەڵوێستیانەوە سزادراون و لەسەر كار دوورخراونەتەوە، و فرسەتی ئیشكردنیان لێ وەرگیراوەتەوە. ئەم حاڵەتە تەنها یەك رێگا هەیە؛ ئەویش بوێریی و بەردەوامییە بۆ لەقاودانی ناشرینیەكانیان بەدەنگی بەرز هاواركردن و ڕەخنەگرتنە لە نادادپەروەریەکان، و گەیاندنی ئەودەنگانەیە بەدنیای دەرەوە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
بۆپێشەوە: تا چەندە ئازادی بەیان و بیروڕوا و ڕەخنەگرتن، لە كۆمەڵگەی كوردستاندا، ڕێگەپێدراوە؟
کەمال ڕەئوف: ناتوانین نێگەتیڤانە سەیری دۆخەكە بكەین، ئازادیەكی دیاریكراو هەیە، پانتای ئەو ئازادییە ئەوەندەیە تۆ نەتوانیت ڕای گشتی دروست بكەیت، نەتوانیت ببیتە مەترسی بەسەر دەسەڵاتەوە، بەڵام لەوە بترازیت، كرانەوەی دنیا بەرووی راگەیاندن و بوارەكانی سۆسیال میدیادا كارێكی كردوە كە بەدەسەڵاتی لۆكاڵی ناتوانرێت هەموو شتێك كۆنترۆل بكرێت. بەڵام بەداخەوە ئەم ئازادییە تا ئێستا وەك پێویست سودی لێ وەرنەگیراوە، و لەئاستێكی پرش و بڵاو و ڕووكەشیانەدایە، بۆیە هەندێك جار بوونی ئەم پەراوێزە لەئازادی لەدژی خودی ئازادی بەكار هێنراوەتەوە…
سالار باسیرە
سالار باسیرە: ئاشكرايە ئەو کەسەی فەرمانی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانیدا لەکام پۆستی دەسەڵاتدایە، ئەگەر دادگاکانیش کەمێک خاوەن کەرامەت بونایە و بێلایەن بوونایە، دەبوایە بێنە دەنگ لەسەر نەک هەر ئەو کەیسە بەڵکو کەیسی زۆرێکی تر
دیمانە لەگەڵ د. سالار باسيرە؛ مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە ئەڵمانیا لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا…
بۆپێشەوە: بۆچی رۆژنامەنووسان و نەیارانی دەسەڵات، کە تیرۆر دەکرێن کەیسەکانیان لە ڕێگای یاسایی یەکلایی نابێتەوە و هەر بەزیندوویی دەمێننەوە؟ لە ساڵی ١٩٩١وە تاکو ئێستا، یەک تۆمەتباری سەرەکی، نەخشە دارێژەرێک… لە دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنووسان ئاشکرا نەکراون نەدراونەتە دادگا، ئەمە چیمان پێدەڵێت؟
سالار باسير: هۆكاری یەکلایی نەکردنەوەی کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و نەیارانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دادگا و دادوەریی بێلایەن نییە، و بەحزبی کراوە و لە خزمەتی دەسەڵاتێکی ستەمکار و دژە ئازادییە. دادوەرەکان بە بڕیاری حزبی و کەسی تاکەوە دادەنرێن و دەبێت لەخزمەتی حزب و کەسەکاندا بن، حزبیش تەنیا لە خزمەتی دەسەڵاتی خێڵەکی خێزانی سیاسیدایە. هەمان دیاردە بۆ پەرلەمان و حکومەتیشە کە پەرلەمان و حکومەتی تاقمە، نەک ئۆرگانێکی نیشتمانی و نەتەوەیی. تا ئێستا ئەو دەسەڵاتە کە ئیدیعای درۆی مافی مرۆڤ و دیموکراسیەت دەکات، ئامادە نەبووە خاوەن مەلەفەکان و جاشەکانی ئەنفال وکۆمەڵکوژیەکان بداتە دادگا، پەرلەمانەکەشیان هەرگیز نەیتوانیوە بەرپرسێک لەسەر گەندەڵی و چەتەیی و بەهەدەردانی سامانی گشتی یان کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان ڕاپێچی بەردەم پەرلەمان بکات بۆ لێپێچینەوە و لەکارلابردن، ئیتر چۆن چاوەڕێی ئەوە لەو دەسەڵاتە دەکرێت تیرۆرستانی نەیارەکانی بداتە دادگایەکی عادیلانە کە خۆی بەرهەمی هێناون. ئاشكرايە ئەو کەسەی فەرمانی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانیدا لەکام پۆستی دەسەڵاتدایە، ئەگەر دادگاکانیش کەمێک خاوەن کەرامەت بونایە و بێلایەن بوونایە، دەبوایە بێنە دەنگ لەسەر نەک هەر ئەو کەیسە بەڵکو کەیسی زۆرێکی تر، بۆ نموونە: کاوە گەرمیانی و سۆران و ویداد و…تاد. دەسەڵاتێک کە ئیدیعای دادپەروەری و ئازادی دەکات، لەسەر ڕەخنەی من و نووسینی نامیلکەیەکم لەسەریان، لە برایم خەلیل بەتەنیا خواردنەوەی قومێک چا ژەهرخوارد کرام و لەسەر لێواری مەرگ بووم! ئایا سکاڵا دژی کێ تۆمار بکەم و کێ مافی من دەسەنێت!؟
ئەوە بە پلانی حەمەی حاجی مەحموود بوو بۆ ٣٥ هەزار دۆلاری بەعس، ڕۆژنامە نووسی ئەڵمانی و دۆستی کورد( لیسی شمیت) تیرۆرکرا. کەچی ئەو کەیسە داخرا! ئەوەو دەیان نموونەی تر… ئەوانە کەلە شاخ بوون ئیدیعای نان و ئازادییان دەکرد بۆ گەلەکەیان، لەبڕی ئەوە برسێتی و کوێرەوەری و تیرۆر و ترس و تۆقاندن و زیندانی نهێنی و کۆیلایەتیان بۆ ئەو گەلە بەدبەختە هێنا! ئاوات بەو ڕۆژە دەخوازم ئەوانە لەناو قەفەسی دادگای گەلدا ببینم.
بۆپێشەوە: دنیای دەرەوە مەبەستمان میدیاو ناوەندو کۆڕو کۆمەڵە نێودەوڵەتیەکانە، چ ڕۆڵێکیان لە پەیوەند بە دۆسیەی تیرۆرەکانی کوردستانەوە هەیە؟
سالار باسيرە: بەهۆی لاوازیی جالیەی کوردیی و ئۆپۆزسیۆنەکانی رەخنەگر و دژ بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەدەرەوەی وڵات، نەتوانراوە وەک پێویست سەرنجی دەزگا نێودەوڵەتیەکان بۆکەیسەکانی تیرۆرکردن و ڕاوەدوونانی نەیارانی دەسەڵاتی هەرێم وەک پێویست رابکێشن، هەرچەندە هەندێک لە دەزگا نێودەوڵەتیەکان ڕاپۆرتی خۆیان هەیە سەبارەت بەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی عێراق. لە ئایندەیەکی نزیکدا لەلایەن کوردانی دەرەوە لە ئەوروپا کۆنفرانسێک ڕێکدەخرێت بۆ خۆڕێکخستن و داڕشتنی پڕۆژە بۆ خستنە ڕووی واقعی ئەو دەسەڵاتە و بەرپرسەکانی، بۆنموونە: کۆکردنەوەی بەڵگەنامە بۆ تۆمارکردنی سكاڵا لەسەر کارە تیرۆرستیەکانی بەرپرسان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش، و گەیاندنی ڕاپۆرت دەربارەی بارودۆخی ناهەمواری خەڵکی کوردستان لە باشوور و دژی چەتەیی و گەندەڵیەکانیان بە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و چالاکی جۆراوجۆر. سەرەتا لە ئەوروپاوە دەستپێدەکات و چیتر کارەکان لە ئاستی تاک نابن و بە ڕێکخراو دەکرێت. من بۆ خۆم لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی سیاسی ٢٨ ساڵەی ئەو دەسەڵاتە تەقلیدیە و فەشەل هێنانی ئۆپۆزسیۆنە فەرمیەکان، پرۆژەیەکم ئامادەکردووە، و لە هەندێک لە سایتەکان بڵاوکرایەوە لە ژێر ناونیشانی بەرەیەکی نوێی سیاسی لە باشووری کوردستان.
ئۆژین جۆڵا
ئۆژین جۆڵا: هۆکاری سەرەکی یەکلانەکردنەوەی کەیسی تۆمەتباران و بکوژانی شەهیدانی قەڵەم لەکوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خودی دەسەڵات لەپشتی ئەو بکوژانەیە و نایەوێت خۆی تێدا بەتاوانبار دەرچێت
دیمانە لەگەڵ ئۆژین جۆڵا؛ ڕۆژنامەنووس، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی مەراسیمی ساڵیادی سەردەشت عوسمان لە کەرکوک لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا
بۆپێشەوە: سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد و…تاد. بوونەتە سومبولێك بۆ ئازادی نووسین و ڕۆژنامەگەری و بیروڕا و ئازادی بەگشتی. یادکردنەوەیان تاکەی بەردەوام دەبێت؟ وە یادکردنەوەی ئەمساڵ بۆ سەردەشت چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ ساڵانی پێشوو؟ ئایا هەر خانەوادەکەی پێی هەڵدەستن یان تازە ئەوە کاری خەڵکی ئازادیخواز و داکۆکیکارە لە ئازادی؟
ئۆژین جۆڵا: سەرجەم ئەو کەسانەی لەڕێی ئازادی بیروڕاو ڕۆژنامەنووسی تیرورکراون سومبلی ئازادین لەهەرێمی کوردستان و عێراق و یادکردنەوەیشیان تا بەدیهاتنی ئامانجەکانیانە بۆ چەسپاندنی ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەگەری. یادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و کەیسی تیرۆرکردنەکەی تابێت بەرفراوان و گەورەتر دەبێ، ئێمە لەکەرکوک بەبێ ئامادەبوونی خودی کەس وکاری سەردەشت ئەو یادەمان کردۆتەوە و ئەمساڵیش ئەو یادە وەک ڕەمز و هێمای ئازادی و قەڵەم بەردەوام دەکرێ.
بۆپێشەوە: بەڕادەیەکی بەرچاو چالاکی و جموجۆڵە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ گوشار هێنان بۆدەسەڵات تا ئەو دۆسیانە بەزیندووی بمێننەوە و بە ئاکامی خۆیان بگەن لاواز بووە، چ بکرێت تا ئەو چالاکی و جموجۆڵانە بەهێزبکرێنەوە؟
ئۆژین جۆڵا: نەبوونی دەرئەنجام و گۆڕانکاری لەکەیسی شەهیدانی قەڵەم و ئازادی، کردنەوەی ئەو یادەی لاواز کردووە، و نەبوونی هێزیکی ئوپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی شەقامیش وا دەکات گوشارەکانی سەر دەسەڵات کەمتر و لاوازتربن. دەبێت چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان ڕۆژانە کەیسی شەهیدانی قەڵەم بدەن بەچاوی دەسەڵاتدا، بۆ ئەوەی ئەو کەیسانە یەکلابکرێنەوه و پانتایی ئازادی و کاری ڕۆژنامەنووسی فراوانتر بکرێ.
بۆپێشەوە: لە ساڵی ١٩٩١ وە تاکو ئێستا یەک تۆمەتباری سەرەکی، نەخشە دارێژەرێک… لە دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنووسان ئاشکرا نەکراون نەدراونەتە دادگا، ئەمە چیمان پێدەڵێت؟
ئۆژین جۆڵا: هۆکاری سەرەکی یەکلانەکردنەوەی کەیسی تۆمەتباران و بکوژانی شەهیدانی قەڵەم لەکوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خودی دەسەڵات لەپشتی ئەو بکوژانەیە و نایەوێت خۆی تێدا بەتاوانبار دەرچێت. دادگایش تا ڕادەیەک لەدەستی حزب و دەسەڵاتدایە وهیج کات هاوڵاتی سڤیل نابێتە براوەی کەیسی دادگا. ڕۆڵی بۆپێشەوە و چالاکان و ڕۆژنامەنووسان گرنکە بۆ بە زیندوومانەوەی کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و ئازادییەکان لەهەرێمی کوردستان.
کاوان قادر
کاوان قادر: ڕاستە هەتا وەکو ئێستا نەیانهێشتووە تیشکی خۆر بەر پەیکەرەکەی سەردەشت بکەوێت، بەڵام سەردەشت و سۆران و ویداد و… تازە خۆیان خۆرن و تیشکی ئازادی دەبەخشنە نەوەی دوای خۆیان
دیمانە لەگەڵ کاوان قادر؛ هونەرمەندی پەیکەرساز و پێشکەوتوخواز و کۆمۆنیست لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا
بۆ پێشەوە: پڕۆژەی پەیکەری سەردەشت عوسمان بە کوێ گەیشت و بۆ تا ئێستە دانەنراوە؟
کاوان قادر: ئەمڕۆ ٩ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنووسدا تێپەڕ دەبێت، خرۆشانی خەڵکی ئازادیخواز لە دژی تیرۆر و نەبوونی ئازادی بیروڕا، هەزاران سەردەشتی دیکەی هێنایە مەیدان، و نـــەخێریان بۆ دەسەڵاتێکی گەندەڵ و مایەپووچی سیاسی کردو بەرزکردەوە. هێشتا سەردەشت خوێنی لێ دەچۆڕا، کە ئێمە٤ لە هونەرمەندان هەستاین بەدروستکردنی پەیکەری سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنووس، وەک سیمبوڵێک بۆ ئازادی قەڵەم و بیروڕا لە کوردستانی عێراق. ئەو پەیکەرەی کە تا ئێستەش و دوای لەناوبردنی سەردەشتیش، دەسەڵات لێی دەترسێ و شەهامەتی جورئەتی ئەوەی نییە لە زۆنی خۆیدا جێی بکاتەوە، بەداخەوە بێناز ماوەتەوە. لە هەرشوێنێک دەسەڵات قەڵەم بەدەستەکانی تیرۆر کرد، ئەوا ئیتر خاڵی کۆتایی شەرعییەت بوونی دەسەڵاتی خۆی رادەگەیەنێ و شەهادە و مەدالیای ستەمکاری ڕەش بەملی خۆیدا شۆڕدەکاتەوە. ئێمە پەیکەرەکەمان ئامادەیە ئەوە ئیتر پرسیارێکە دەبێت شارەوانی و دەسەڵاتی هەولێر وەڵامی بداتەوە، بەتایبەت ئەگەر پرسیارەکە سەبارەت بە ئازادی بێت. تاکەی لە پەیکەری سەردەشت دەترسن و کەی ئەو ترسە لە گیانیان دەڕەوێتەوە؟
ڕاستە هەتا وەکو ئێستا نەیانهێشتووە تیشکی خۆر بەر پەیکەرەکەی سەردەشت بکەوێت، بەڵام سەردەشت و سۆران و ویداد و… تازە خۆیان خۆرن و تیشکی ئازادی دەبەخشنە نەوەی دوای خۆیان… تازە لەگەڵ ناوهێنانی وشەی ئازادی پەیکەرێک بەبەرچاوی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانەوە دێو دەچێ و دەبێتە دێوەزمەش بۆ دەسەڵاتداران.
بۆ پێشەوە: پێتان وایە تیرۆری سەردەشت هێرشێک بوو بۆسەر ئازادی؟
کاوان قادر: ڕاستییەکەی لە کوردستاندا شتێک نییە بە ناوی ئازادییەوە تا هێرشی بکرێتە سەر! ئەوەی دەگوزەرێ تیرۆری ئازادیخوازانە، تیرۆری ئیرادە و کەرامەتی ئینسانەکانە، تیرۆری…. ئەوە ئیتر سوننەتێکی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە مامۆستا بەر شەق ئەدەن و نانی کەم ئەندام ئەبڕن و قەڵەم بەدەستان تیرۆر دەکەن و نانی سەرسفرەی هەژاران خاڵی دەکەن و شیری منداڵان دەبرن… ئەوەی کە خۆی ناو ناوە دەسەڵات لە کوردستان مڵەیەکە بە ناوچەوانی هەموومانەوە و لە مانگای نیشتیمان ئەدۆشێ و شەرمەزارییەکی نەتەوەییە.
ڤینۆس فایق
ڤینۆس فایەق: بە ئەزموونی ٢٨ ساڵ لە حوکمرانی ئەو حزبانە بۆمان تاقیبۆوە ئەو حزبانە کە شۆڕشیان کرد گرفتیان لەگەڵ نەبوونی ئازادییەکاندا نەبوو، خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی میللەتێک نەکرد، بەڵکوو ئەو حزبانە تەنها غەم و هەوڵێکیان بۆ ئەوەبوو سەدام بڕووخێت و ئەمان لە جێگەی دانیشن، ئەو سەروەت و سامانە بگرنە دەست کە لە دوای سەدام بەجێما..
دیمانە لەگەڵ نووسەر ڤینۆس فایق؛ لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا…
بۆپێشەوە: ئەگەر دادگا و دەسەڵاتی دادوەری پاوانی حزب و دەسەڵاتە، دەبێ چ ڕێگایەک بگیرێتە بەر بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی سەربەخۆی دادگاکان و لێپرسینەوەی یاسایی لە دەیان دۆسیەی وەکو دۆسیەی سەردەشت عوسمان؟
ڤینۆس فایق: کێشەکە ئەوەیە ئێمە باس لە “کوردستان”ی بەناو “ئازاد” دەکەین، ئەو “ئازادی”یەی کە قسەوباسێکی گەلێ زۆر هەڵدەگرێ… ئیتر پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دادگا ئازادە؟ چونکە کە دادگا ئازاد نەبوو، خەلەلەکە “بە باوەڕی من” لەو حزبەدا نییە کە دادگای پاوانکردوە، بەڵکوو لە دەزگای دادگادایە کە قبوڵیەتی ئازاد نەبێت، مەبەستم لە دادوەرەکانە کە سوێندیان خواردوە سەربەخۆ و ئازادانە لە کۆمەڵگەدا دادپەروەری بۆ خەڵک دابین بکەن، ئەوان کە شەرەفی پیشەکەیان خستۆتە کۆشی حزبەکانەوە.. ئەو کەشو هەوا سیاسی و دادوەریەی کوردستانیش گرێدراوی کەشوهەوای ناوچەکە هەموویەتی، کوردستان بەشێکە لە عێراق، عێراق بەشێکە لە خۆرهەڵات، بڕوانە کوردستان کەوتۆتە ناوچەیەکی بارگاوی بە هەموو شێوازەکانی گەندەڵی سیاسی و ئیداری وڵاتانی دراوسێی، ژێردەستی دەوڵەتێکە کە مێژوویەکی دووردرێژی لەگەڵ داگیرکراوی هەیە، واتا ژێردەستەی دەوڵەتێکی داگیرکراوە. جگە لەوە ئەو سیستەمە ناتەندروستەی دادوەری و سیاسیەی کوردستان کە دەرهاویشتەی بە حزبیبوونی هەموو کایەکانی کۆمەڵگەیە وای کردوە لە وڵاتێکدا کە زۆرترین قسە لە ئازادییەکان دەکرێ، هیچ کایە و بوارێکی ئازادیش بوونی نییە. ئیتر مومکین نییە چاوەڕوانی لەوە باشتر بکەین. باوەڕم نییە دادگاکان لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانن رۆڵی سەربەخۆی خۆیان وەرگرنەوە، هەموو شتێک بە حزبی کراوە، ناوچەکان بە ڕەنگی حزبەکان سواغ دراون، لەو نێوەندەدا بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بۆ دادگاکان بگەڕێنیتەوە پێویستیت بە هێزی سەربەخۆ و ئازاد هەیە، پێویستیت بە فکر و دونیابینی ئازاد و نوتراڵ(ئاسایی) هەیە، بەداخەوە ئەمانە لە کوردستان لەسەر ئاستی تاک بە دانسقە هەن، ئەوانەشی توانیویانە وەکوو کەس ئازاد بن هێزیان لەدەستا نییە، وەکوو هێزی بەڕیوەبردن، دارایی و حکومی، هێزی بڕیاردانیان لەدەستا نییە، هێزی چەسپاندنی یاسایان لەدەستا نییە، ئەوانە کێن؟ نووسەر و رۆژنامەنوس و چالاکوانەکانن کە تەنها چەکیان قسەکردن و نووسینە، ئەوەش کافی نییە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر کایەیەکی وەکوو دادوەری دانێی..
بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان و لە پێشیانەوە پارتی و یەکێتی هەمیشە بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی!! و مافی مرۆڤ، مەدەنیەت دەکەن، کەچی بە کردەوە بەرگەی ڕەخنەیەکی تیژ و ڕۆشن ناگرن، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ڤینۆس فایق: عادەتەن لەو جێگەیە زۆرترین قسە لە ئازادی و دیموکراسی دەکرێت کە ئازادی و دیموکراسی تیایدا بوونیان نییە، لەو جێگەیە خەڵک زۆرترین قسە لە مافەکانی مرۆڤ و مەدەنیبوون دەکەن کە ئەسلەن مافەکانی مرۆڤ و مەدەنیەت تیایدا بەرقەرار نین.. بێگومان سەدام حوسێنیش باسی لەم چەمکانە دەکرد، بەڵام هەموومان دەمانزانی سەدام حوسێن چی بوو وە بە چ دەردێک چوو.. بە ئەزموونی ٢٨ ساڵ لە حوکمرانی ئەو حزبانە بۆمان تاقیبۆوە ئەو حزبانە کە شۆڕشیان کرد گرفتیان لەگەڵ نەبوونی ئازادییەکاندا نەبوو، خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی میللەتێک نەکرد، بەڵکوو ئەو حزبانە تەنها غەم و هەوڵێکیان بۆ ئەوەبوو سەدام بڕووخێت و ئەمان لە جێگەی دانیشن، ئەو سەروەت و سامانە بگرنە دەست کە لە دوای سەدام بەجێما.. دەنا لە واقیعدا هیچی وایان نەگۆڕی.. بەڵێ ئێستا سەدان کەناڵی راگەیاندن هەن، بەڵام کامی ئازادە؟ سەدان ڕۆژنامە و چاپکراو دەردەچن، بە ئەهلی و بەناو سەربەخۆکانیشەوە، بەڵام کامی بەڕاستی ئازادە؟
بۆپێشەوە: تیرۆری رۆژنامەنووسان بە نموونە سەردەشت عوسمان، لای تۆ بەمانای چی دێت؟
ڤینۆس فایەق: مانای ئەوەیە لە کوردستان هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت لە غیابی شتێک بە ناوی ئازادی رادەربڕین ئەو حزبانە ڕۆژانە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ئەو کوردستانە بە بەهەشت پێناسە و وێنا دەکەن. هەموو ساڵێک لە یادی کوشتن و زیندانیکردنی خاوەن قەڵەمێک برینێکی ئازادی دەکولێتەوە، لە یادی هەموو رێپێوان و ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکاندا کە دەگەڕێینەوە دواوە هەتا ئەمڕۆ هەلومەرجی ئازادییەکان لە کوردستان بەرەو خراپتر دەچن. بە بیردۆزی کە لەگەڵم نەبوویت دوژمنیت، هەمان بیردۆزی حزبی بەعس..
هەموو کەناڵە بەناو سەربەخۆکان لەناو ئەو سنوورەدا ئازادن کە حزبەکەی ناوچەکەی لێی کاردەکەن بۆیانی دیاریکردوە. کوردستانێک کە ئابووری ئازادی نییە، دەپرسم ئەو کەناڵە بەناو سەربەخۆ و ئازادانە بەچی بەڕێوەدەچن؟
شەمال عەلی
شەمال عەلی: بە ئاکام گەیشتنی دۆسیەی سەردەشت دەکاتە هەڵوەشانی دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، هەربۆیە ئەو دۆسیەیە بە ئاکامی خۆی ناگات..
دیمانە لەگەڵ شەمال عەلی چالاکوانی کۆمۆنیست… لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان دا…
بۆپێشەوە: دیمەنی تیرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسان، تا ڕادەیەکی زۆر ئاشکران، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشکرا ئەم دیمەنانە، دەشارنەوەو فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟
شەمال عەلی: خنکاندنی دەنگی نەیار بە دەسەڵات تایبەتمەندی کوردستان نییە. سەرکوتو داپڵۆسین تا ئاستی سەندنەوەی مافی ژیان لە نەیارانو ڕەخنەگران کردەوەی گشت دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام ئەوەی تایبەتە لە کوردستان ئەو شێوازە مافیاییەیە کە ئەم پراکتیکەی دەرهەق بە ڕۆژنامەوانانو نووسەرانو چالاکوانانی سیاسی تیا دەچێتە پێشەوە. لەرزۆکی دەسەڵاتی کوردایەتی لە کوردستانو هەوڵی زۆری بۆ لاف لێدانی دیموکراسیانەی بۆ شاردنەوەی ماهیەتی خۆی لەبەرچاوی ڕای گشتی جیهان لەپشت ئەم جۆرە لە تیرۆرکردنو خوێن ڕشتنەوەیە.
بە بروای من ئەوە دروست نییە کە دەسەڵات فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگەی کوردستان دەدات. بەدەست بکوژانی سەردەشت بووایە دانپێدانانی کوشتنی ئەویان لەژێر ئارمی حکومەتی هەرێمدا دەنووسی. هەمیشە یەکێک لە ئامرازەکانی دەسەڵاتی لەرزۆکو بێ مایەی وەک دەسەڵاتی کوردایەتی تۆقاندنی کۆمەڵگەیەو ئەو نموونانەش لە سەرکوتی خوێناوی هەر بۆ ئەو مەبەستەیە. ئەو فایلسازییە زۆرتر بۆ خۆناساندن وەک دەسەڵاتێکی کراوەو خۆدەربازکردنە لە ڕەخنەی ڕای گشتی نێودەوڵەتی. شێوازی تایبەتی هەڵتۆقینی دەسەڵاتی کوردایەتی وەک نەیارێکی دەسەڵاتی سەرکوتگەری بەعسو دواتریش وەک “عێراقیکی تر” کە جیاوازە لە حکومەتی ناوەندی، هەروەها نەبوونی چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ ئەو دەوڵەتۆچکەیەی دروستیان کردووە، کارێک دەکات کە کوشتاری ئاشکرای ڕەخنەگرانو نووسەران ئاسان نەبێت. دەنا دڕندەیی ئەم دەسەڵاتەو ترسی لە کۆمەڵگەو هێزە نەیارەکانی لە ئاستێکدایە کە بەڕۆژی نیوەڕۆ و لەمەیدانە گشتیەکاندا ڕەخنەگرانی خۆی لەسێدارە بدات.
بۆپێشەوە: سەردەشت عوسمان بەدوای وتاری “من عاشقی کچەکەی بارزانیم” کە دیمەنی نابەرابەری کۆمەڵگەی چینایەتی دەخاتە ڕوو، سەرەتا تووشی هەرەشە و پاشان تیرۆر دەکرێت، کەواتە کەیسەکە دیارە و نەخشە دارێژەرانیشی ئاشکران… کەچی دادگا و داواکاری گشتی هیچ رۆڵێک ناگێڕن… ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟
شەمال عەلی: دەسەڵاتی مافیایی کوردستان دادگا بۆی ئیکسیسوارێکەو هیچی تر. هەرلەبەر ئەو هۆکارەی لەسەرەوە باسم کرد یاساکانی کوردستان لەپەیوەند بە ئازادی دەربڕینەوە، واتە ئەو شتەی لەسەر کاغەز نووسراوە لەزۆر ڕووەوە لە یاساکانی تری ناوچەکە لەپێشترو کراوەترە. هەربۆیە دەسەڵاتی کوردایەتی باڵانسی ئەو جۆرە یاسا نووسراوانە بە دادگایەکی بێ گیانو بێ ئیعتیبار دەداتەوە کە کار بەهەموو شتێک دەکات یاسا نووسراوەکان نەبێت.
خەسڵەتی مافیایی دەسەڵاتی کوردایەتی کارێکی کردووە کە دادگا بوونەوەرێکی عەنتیکەو گاڵتەجاڕو بێ پەیوەند بێت بە حەقیقەتەوە. بە دیدی من کەم سیستەمی دادوەری هەیە لەناوچەکەدا بە ئەندازەی ئەوەی کوردستان فۆرماڵیو بێ ئەرزش بێتو کەم پیشەش هەیە لە کوردستان لە پیشەی دادوەری ناشەریفانەتر بێت.
بۆپێشەوە: کەم دۆسیە هەیە هێندەی دۆسیەی تیرۆری سەدەشت عوسمان قسەی لەسەر کرابێ، و کارو چالاکی بۆ ئەنجام درابێ، هۆکار چییە ئەم دۆسیەیە بە ئاکامی خۆی ناگات؟
شەمال عەلی: ئەم پرسیارە زۆر وەڵامدراوەتەوەو ئەوەی لێرەدا دەیڵێم شتێکی نوێ نابێت. دۆسیەی سەردەشت پەیوەندی بە نوکی هەرەمی دەسەڵاتی کوردستانو نەخشەکانی درێژەکێشانیەوە هەیە. دۆسیەی سەردەشت ئەو کاتە بە ئاکامی خۆی دەگات کە تاوانکارەکەی دادگایی بکرێتو لە پێناوی پاراستنی کۆمەڵگە لە زیانەکانی دەروونە نەخۆشەکەی تاهەتایە لە زیندان بخرێت. ئەو تاوانکارە ئینسانکوژەش سایکۆپاتێکی گەوجە کە تەنها بە هۆکاری بایۆلۆجیو ئەوەی لە تۆوی بنەماڵەی بارزانیە تاقانە ئومێدی درێژەکێشانی سولالەی حاکمی کوردستانە. بە ئاکام گەیشتنی دۆسیەی سەردەشت دەکاتە هەڵوەشانی دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، هەربۆیە ئەو دۆسیەیە بە ئاکامی خۆی ناگات.
بەهزاد موحسین رەئوف: پەیامەکانمان گەر جارێک ڕووی لە دەسەڵات بێ، ئەوا دوو جار ڕووی لە ئۆپۆزسیۆن و چالاکان و ڕۆژنامەنووسانی پشو کورتی نیوەی ڕێگایە. ئەوەی تریش جەختکردنەوە و پێداگیری خەڵکانێکی ئازادیخوازە، کە ترس و بەرژەوەندی نایانخاتە خزمەتی ئەو کەش و زەمینە مەییوەی ئەمڕۆ.
بەهزاد موحسین ڕەوف
دیمانە لەگەڵ بەهزاد موحسین ڕەوف؛ ئەندامی ڕێکخراوی(زار) بۆ داکۆکیکردن لە ئازادیەکان و مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەدەشت عوسمان دا
بۆپێشەوە: سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد و…تاد. بوونەتە سونبولێك بۆ ئازادی نووسین و ڕۆژنامەگەری و بیروڕا و ئازادی بەگشتی. یادکردنەوەیان تاکەی بەردەوام دەبێت؟ وە یادکردنەوەی ئەمساڵ بۆ سەردەشت چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ ساڵانی پێشوو؟ ئایا هەر خانەوادەکەی پێی هەڵدەستن یان تازە ئەوە کاری خەڵکی ئازادیخواز و داکۆکیکارە لە ئازادی؟
بەهزاد موحسین ڕەوف: لای ئێمە یادکردنەوەی ئەم پۆلە شەهیدە تیرۆرکراوە هەر بەردەوام دەبێ، بۆ زیندوهێشتنەوە و بەرزڕاگرتنی پەیامە ئازادیخواز و دادخوازەکانیان. ئەم یادکردنەوانە زیاتر بۆ خاوەندارێتی کردنە لە کەیس و پەیامەکانیان، تا یادێکی ڕۆتینیانەی ساڵانە.
ئێمە ئاگادارین و بەوەش خۆشحاڵین، کە هاوڕێکانمان لە زۆر شوێنی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، ئەمساڵیش یادی سەردەشت دەکەنەوە. سەبارەت بە هەولێر ئێمە مەبەستمانە لەساڵانی ڕابردوو جیا بێ، جیاوازیەکەش لە دوو خاڵدا دەبێ: یەکێکیان ئەوەیە، پەیامەکانمان گەر جارێک ڕووی لە دەسەڵات بێ، ئەوا دوو جار ڕووی لە ئۆپۆزسیۆن و چالاکان و ڕۆژنامەنووسانی پشو کورتی نیوەی ڕێگایە. ئەوەی تریش جەختکردنەوە و پێداگیری خەڵکانێکی ئازادیخوازە، کە ترس و بەرژەوەندی نایانخاتە خزمەتی ئەو کەش و زەمینە مەییوەی ئەمڕۆ، کە بێ هیچ گرێوگۆڵێک لە قازانجی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەگوزەرێ.
سەردەشت و سەردەشتەکان لەپێناو کێشەی شەخسی و ماڵباتی تیانەچوونە، تاوەکو یادکردنەوەکانیان تەنها ئەرکی خێزانەکانیان بێ. لە یەکەم ڕۆژەکانی تیرۆرکرنی سەردەشت، ئەوە بڕایەوە کە سەردەشت و پەیامەکەی هی تەنها ماڵێک نییە و ئەو ڕۆڵەی گەلێکی مافخوراوە، هەرواش بوو، کە ئەوکاتیش خەڵک ئەمەیان بۆ دەسەڵات سەلماند. ئەرکی ئەخلاقی هەموو دادپەروەر و ئازادیخوازێکە، کە کەیس و پەیامەکەی سەردەشت بەهی خۆی و کۆمەڵگە بزانێ.
بۆپێشەوە: ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، هەر کاتێک کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات هەبێت، دۆسیەی تیرۆر بەگشتی تیرۆری رۆژنامەنووسان بەدەستەوە دەگرن، کاتێکیش بەشیان لە کێکی شیرینی دەسەڵات پێدەدرێت، قرو قەپی لێدەکەن…. چۆن دەڕواننە مامەڵەی ئەو هێزە ئۆپۆزیسێۆنانە؟ بەتایبەت لە دروستکردنی کابینەی نۆیەم؟
بەهزاد موحسین ڕەوف: لای ئێمە نەوەک هەر ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، تەنانەت زۆرێک لە هاوڕێ و هاوکارە دڵسۆز و ئازادیخوازە بوێرەکانیشمان، نەیانتوانیوە سیستەمی باوی بۆرژوازی تێپەڕێنن، بۆیە زۆر جار لەوسەری تونێڵەکەوە، لە دەرەوەی ویست و ئاگایی چالاکوانەکان بەشێوەک لە شێوەکان بەشێک لە بەرهەمی چالاکیەکانمان دەڕژێتەوە زەلکاوی قازانجی بۆرژوازیەتی دەسەڵاتی کوردیەوە.
مەسەلەی چەسپاوی سیستەمی بۆرژوازی لە هەرێم، پەیوەندی قوڵی بە کەلتور و ئایین و مۆدێلی ڕاپەڕینە چەکداریەکانی کوردی و بونیادی تاکی کورد و پێکهاتە و پەیمانی کۆمەڵایەتیی مێژویی و ئێستای ئێمەوە هەیە. یەکێکی تریش لە هۆکارە سەرەکیەکان، چەپڕەو و کۆمۆنیستەکان خۆیان بوونە، کە وەک پێویست نەیانتوانی و پشودرێژ نەبوون، لە وشیارکردنەوەی خەڵکانی ئاسایی بۆ دژایەتیی خودی چەمکی بۆرژوازی و ناساندنی دەرکەوتە و لێکەوتەکانی بۆرژوازیەت.
ئەگەرچی جێدەستی ئۆپۆسسیۆنی کوردی لە پشتیوانی و بەکەیسگرتنی تیرۆری قەڵەمی ئازاد دیارە، بەڵام بە درێژایی ئەو ماوەیە بە پێی هەلومەرج و باری سیاسیانەی حیزبەکانیان هەڵکشان و داکشانی پێوە دیار بووە. بە ڕاستی ناکرێ ئێمە پشتیوانی و زەمینەسازیەک فەرامۆش بکەین، کە لە سەردەمێکدا ئۆپۆزسیۆن هاوشانی ئازادیخوازان ڕەخساندی و تێیدا ئێمەی چالاکوانان بە دەستێکی کراوەتر چالاکیمان نواندوە، بەڵام دەشێ و پێدەچێ ئەمڕۆ خودی ئۆپۆزسیۆن هاوشانی دەسەڵات خەریکی لەباربردنی ئەم زەمینەیە بێ. ئێمە هیوادار بووین، پشتیوانیەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئازادیخوازان و چالاکان لە چەند چالاکی و هەڵمەتێکی ڕۆژانە تەسک نەکرابایەوە، بەڵکو بە شێوەیەک قوڵ و فراوان با، کە کاریگەریی جزری (بنەڕەتی) بەسەر ڕەوتی مێژویی سیستەمی سیاسیی ئەم هەرێمە هەبوایە.
تا ئێستا دیار نییە، کە چەند لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە کابینەی نۆ بەشدار دەبن، بەڵام هەر جۆرە بەشداریکردنێک، کە یەکێتی و پارتی لە سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتدان، پشتیوانیەکی ڕاستەوخۆیە لەو سیستەمە “زۆر خراپ”ەی، چەندین ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنین و هیچی تر.
بۆپێشەوە: دیمەنی تیرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسان، تا ڕادەیەکی زۆر ئاشکران، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشکرا ئەم دیمەنانە، دەشارنەوە و فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟
بەهزاد موحسین ڕەوف: دەسەڵاتی کوردی و ڕێک(پارتی و یەکێتی)، بە سیناریۆی زۆر لاواز و قێزەون، هەمیشە و تەنانەت لە سەردەمی شاخیش پەردەپۆشی حەقیقەتی تیرۆری نەیارەکانیان کردوە. بۆ ئەمەش بێئاگایی و کەمزانی شەقامی کوردییان قۆستۆتەوە! هەر کاتێکیش خەڵکە وشیارەکە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جددیان ڕێکخستبێ، ئەوا بە زەبری هێزی دڵڕەقانەی بێشەرمانە کپیان کردۆتەوە. لەبەرئەوەی دادگاش سەداسەد لەژێر هەژمون و ویستی خۆیاندایە، کەواتە لە ڕوی یاساییش نەتوانراوە، تاوانبارێتیی دەسەڵات بچەسپێنرێ، ئەگەرچی سەلماندنی زۆر ئاسان بووە.
فەرمان ڕەشاد
فەرمان ڕەشاد” پێویستە هەموومان تا ئەوەی رۆژێک دادگایەکی عادیلانە بۆ ئەو کەیسانە دروستدەکرێ لەسەر هێل بمێنینەوە و بەردەوام بین.
دیمانە لەگەڵ فەرمان ڕەشاد نوسەر و رۆژنامەنووس بەرێوەبەری سایتی ستاندارد دەرچووی کۆلێژی زانست بەشی فیزیک… لە نۆهەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەدەشت عوسمان دا
بۆپێشەوە: دیمەنی تیرۆری کەسایەتییە سیاسیەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسان، تا ڕادەیەکی زۆر ئاشکران، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بە ئاشکرا ئەم دیمەنانە، دەشارنەوەو فایلسازی درۆینە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟
فەرمان ڕەشاد: مەندێلا قسەیەکی هەیە دەڵێ “هەرکاتێک بکوژ نەدرۆزرایەوە، ئەوە بە دڵنیایی لەپشت تیرۆرەکە دەستی دەسەڵات ئامادەیی هەیە”، دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم ئاشکرا و روون کەس گومانی لەوە نییە پەیوەندی بە ئازادی بیروڕاو کارە ئازاییەکانی ئەو رۆژنامەنووسانە هەیە، لە هەموو دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم، سەردەشت بەتایبەتی هەوڵدرا بە چەند سیناریۆیەک حەقیقەتی دۆسیەکە بشێوێندرێ، بەڵام سەرەنجام هەموو شکستی هێنا، دەسەڵاتداران وایان دەزانی میللەت ساویلکەیە بەهەموو سیناریۆیەک باوەڕ دەکات، بەڵام ئەوە دەرنەچوو. ڕۆڵی میدیا و کۆمەڵی مەدەنی و خەڵک و بنەماڵەی شەهیدانی قەڵەم هۆکاری سەرەکی بوو بۆ شکست پێهێنانی هەموو سیناریۆکان. ئێستا دۆسیەی ئەو شەهیدانە بۆتە پەڵەی ڕەش بەنێوچەوانی دەسەڵاتدارانی دوو حیزبەکە، بەجۆرێک تیرۆری رۆژنامەنووسان یەکێکە لە سیماکانیان، ئەوەش وای کردووە لەسەر ئاستی نێودەولەتیش بەردەوام رەخنەی توند لە شێوازی مامەڵەی حکومەت و حیزبەکانی دەسەڵات بگیرێت لە پەیوەست بە رۆژنامەنووسان. لە راستیدا ئەو سیناریۆیانە هەوڵ بۆ شێواندنی ڕاستیەکان، بەڵام سەری نەگرت، بۆیە دەبینین دۆسیەکان بە کراوەیی مانەوە، نەتوانرا پینەو پەڕۆ بکرێت، دادگایەکی بێ لایەنیش بوونی نییە ڕاستیەکان دەرخات.
بۆپێشەوە: دۆسیەی سەردەشت و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو… لای بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە و خانەوادەکانیان بەکراوەیی ماونەتەوە… تا کەی ئەم دۆسیانە ئاوا دەمێننەوە؟
فەرمان ڕەشاد: نازانین تاکەی بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوە خالێکی زۆر گرنگە و ئەرکی ئێمە و بنەماڵەیان و سەرجەم ئازادیخوازانە بەکراوەیی هێشتنەوەی ئەو دۆسیانە بگرینە ئەستۆ. یادکردنەوەی ساڵانەی ئەو کەیسانە بەتایبەت سەردەشت، زۆر گرنگە، پێویستە خەڵک و جیلی تازەی کوردستان ئاشنابن بەو ڕاستیانە و دۆسیانە، ئەوەش سەرکەوتوو بووە دەبینین ساڵ لە دوای ساڵ یادکردنەوەی تیرۆری شەهیدانی قەڵەم گەرموگوڕترە. لێرە من دەمەوێ سوپاسێکی پێ پایانی بنەماڵەی شەهیدانی قەڵەم بکەم بۆ ئەو خۆڕاگرییەی پیشانیان داوە، بەتایبەت بنەماڵەی شەهید سەردەشت، ئێمە دەزانین لەژێر چ فشارێکی گەورەن، بەڵام چۆکیان دانەداوە، ئەگەریش خۆڕاگری ئەوان نەبوایە ئەو کەیسانە زوو دادەخران. لەماوەی شەش مانگی رابردوو کاتێک رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی لەلایەن بنەماڵەی شای سعودیە تیرۆرکرا زوو کوڕەکانی پشتیوانی خۆیان بۆ دەسەڵاتی سعودیە و سیناریۆکانیان پیشاندا بۆیە کەیسەکە زۆر پاشەکشەی کرد، پێویستە هەموومان تا ئەوەی رۆژێک دادگایەکی عادیلانە بۆ ئەو کەیسانە دروستدەکرێ لەسەر هێل بمێنینەوە و بەردەوام بین.
تێبینی: ئەم دیمانەیە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٥١ ی بەرواری ١/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…