ئاسۆ کەمال:…
وتاری شەشەم لە زنجیرەی حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم
وەک لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا باسمانکرد*١ یەکێک لە ئاڵوگۆڕە ڕیشەییەکانی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا هات لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە جێگای ریفۆرم و هەڵوێست سەبارەت بە دەوڵەت بوو لەم بزوتنەوەیەدا. بورژوازی ڕوخسارێکی هەڵخەڵەتێنەرانەی لە دیموکراسی بونی دەزگای دەوڵەتی، دەزگای پەرلەمانی نیشاندا . لەژێر ناوی “پەرلەمان و حکومەت هی هەمو چینەکانە و هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی پەرلەمانی ڕیگەی هەموو چینەکانە بۆ گەیشتنە دەسەڵات”، ڕووی ڕاستەقینە و دەسەلاتی ڕاستەقینەی بورژوازی شاردەوە. بزوتنەوەی کرێکاری باجی گەورەی ئەم دیموکراسیە هەڵخەتێنەرەی بورژوازی داوە ،و گەورەترینیان باجی شەق بونی بزتنەوەی سۆشیال دیموکراتی کرێکاری کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست بوو. بەڵام ئەزمەی سیستەمی سەرمایەداری بەناچاری وەک لافاو هەموو ڕوپۆشێک لەسەر ڕوخسارە هەڵخەتێنەرەکانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرانە دادەماڵێ.لەم دۆخەدا بزوتنەوەی ملێونی کرێکاران دەرک بە پێوستی شۆڕش و بەرەنگاری و تێپەڕبون دەکا لە چوارچێوەی سیستەم و دامودەزگای قەیرانگرتوی سەرمایەداری.
جیاوازیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری سەبارەت بەم دۆخە خۆی لە بەرگی دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشدا نیشاندا ،و ئەنتەرناسیونالی دووەم و بزوتنەوەی کرێکاری لە ژێر ئەم ناونیشانەدا بوو بە دوو بەشەوە. لێرەدا باس لەو گۆرانکاریە ڕیشەییانە دەکەین کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو. هەروەها باسی ڕەخنەی هەرکام لە مارکس و ئینگلس لەو هەڵوێستانەدەکەین کە بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی و مانەوە لە بازنەی ریفۆرم لەنێو سۆشیال دیموکراتیدا خراوەتەڕوو. دواتریش ڕەخنەکانی پانەکوک و لینین و ڕۆزالوکسبورگ لە ریڤیژینزم و پەرلەمانتاریزم دەخەینەڕوو تاکو دیدێکی ڕۆشن لەو کێشمەکێش و ئاڵوگۆڕانەمان هەبێ کە لەم بزوتنەوەدا ڕویداوە ،وە بزانین چۆن ئەم بزوتنەوە کرێکاری و کۆمۆنیستیە بەپێی دۆخ و گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکان و مەسەلەکانی ناو خەباتی چینایەتی گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتوە؟
نوقم بون لە پەرلەمانتاریزمدا
لە دوای کۆمۆنەوە مەسەلەی پەیوەندی نێوان کرێکاران و دەوڵەتی بورژوازی دەبێتە یەکێک لە کێشەکان و جیاوازیەکان . لە ساڵی ١٨٧٥مارکس ڕەخنە لە لاسال دەگرێ و دەڵێ”تەنیا لاسال خۆی، بە لەخۆبایی بون و خەیاڵەکانیەوە، لەتوانایدایە کە باوەڕ بەوەبکا کە مومکینە، بەهۆی یارمەتی وەرگرتن لە حکومەتەوە، کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکەی هەر بەو ئاسانیەی کە هێڵێکی تازەی ئاسن دروست دەکەی.”* ٢ ئەمە لەوەڵامی ئەو بەندەی “بەرنامەی گۆتە”دایە کە لاسال دەڵێ”بۆ ڕێگەکردنەوە بۆ چارەسەری مەسەلەی کۆمەڵایەتی، حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا داوادەکەن کە بەیارمەتیدانی دەوڵەت هەرەوەزیە بەرهەمهینەرەکان دروست بکرێ.”* ٣
مارکس درێژە بەم ڕەخنەیەی لە تێگەیشتنی لەدەوڵەتی بورژوازی و چۆنیەتی گۆڕینی هەلومەرجی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەگرێ و دەڵێ”کاتێک کریکاران هەوڵدەدەن بۆ بەدیهێنانی مەرجەکانی هەرەوەزیە بەرهەمهێنەرەکان لە ئاستی هەموو کۆمەڵگەدا، ئەمە تەنیا بەمانای ئەوەیە کە کاردەکەن کە هەلومەرجی ئێستای بەرهەمهێنان شۆڕشگێڕانە بکەن ، ئەمە هیچ پەیوەندیەکی هاوبەشی نیە لەگەڵ دامەزراندنی هەرەوەزیە بەرهەمهێنەرەکان بەیارمەتی دەوڵەت. ئەوەندەی سەبارەت بە کۆمەڵە هەرەوەزیەکانی ئیستاوە بێت ئەوەندە بایەخیان هەیە کە دەستکردی سەربەخۆی کرێکارانە، وە چ لەلایەن حکومەتەکان و چ لەلایەن بورژوازیەوە ناپارێزرێن.”* ٤
ئەم جۆرە لە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی بورژوازیدا، دوای مارکس لەلایەن ئینگلسیشەوە دراوەتە بەر ڕەخنە. ئەمە کاتێکە نوێنەرانی کرێکاران چونەتە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەشداری دەکەن. لەنامەیەکدا بۆ J.P. Becker دەنوسێ” ئەم نوێنەرانە لە پەرلەمان ‘پیشنیاری پۆزەتیڤانە’ بۆ حکومەتی ئێستا دەکەن کە چۆن لە شتە بچوکەکاندا کارەکان باشتر بکەن و هتد، وە کرێکاران کە بە کەسانی دەرەوەی یاسا دانراون و بە دەست و پێی بەستراوەوە دراونەتە دەست ڕەفتاری مەزاجی پۆلیس ، چاوەڕوانیان لێدەکرێ ئەمە بە نوێنەرایەتی کردنی خۆیان دابنێن! ئەوەی تایبەتمەندی سەرنج ڕاکێشی بزوتنەوەی کرێکارانی ئەڵمانیایە ئەوەیە کە هەڵەی لیدەرەکان لەلایەن جەماوەرەوە چاک دەکرێتەوە.”* ٥
لەفەرەنسا “ئیمکانگەراکان” و لە بەریتانیاش “فابیەکان” لە ناو بزوتنەوەی کرێکاریدا هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر بە دەولەتی بورژوازی وەرگرت و هەمان بۆچونی لیبرالی بورژوازیان پەیڕەوکرد کە دەیانوت” پەرلەمان هەموو چینەکان وناکۆکە چینایەتیەکان لەناودەبا،بەبێ جیاوازی، لەڕیگەی مافی دەنگدان و مافی بەشداری لە حکومەتدا”*٦
ئەم تێڕوانینە سەبارەت بە دەوڵەت و دەزگاکانی ، وەک پەرلەمان و دەنگدان و دەستور و حکومەت وهتد..ئەو ئاڵوگۆڕە سەرەکیە بوو کە لە نێو سۆشیال دیموکراتی و بزوتنەوەی کرێکاریدا سەریهەڵدا و بوە باڵێکی نێو بزوتنەوەی کرێکاری کە لە فەلسەفە و ئابوری و سیاسەتدا دواتر بەشێوەی مەکتەبێکی فکری و سیاسی و ئابوری جیاواز لە کۆمۆنیزم خۆی ساغکردەوە. ئیتر مەسەلەی سەرەکی ئەم باڵەی نیو سۆشیال دیموکراتی چۆنیەتی بەشداری و پاراستنی ئەم دەوڵەتە قەومیانەیان بوو. چۆنیەتی پاراستنی پەرلەمانتاریزم بو ،کە ئەنجامەکەی دەنگدان بە پڕۆژەکانی چینی بورژوازی بوو. دەنگدان بە پاراستنی گومرگی، دەنگدان بەشەڕی جیهانی ئیمپریالیستی، هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە بورژوازیەکان و بەشداری لە حکومەتە بورژوازیەکاندا هتد..
ئینگلس لە ساڵی ١٨٩١دا لە ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا ئاماژە بە مەترسی گەشەی ئەم “ئۆپۆرتۆنیزمە” دەکا و دەڵێ” ئەمە لە بیرچونەوەیەکی گەورەیە، مەبدەئەکان لەبەرامبەر بەرژەوەندیە کاتیەکانی ڕۆژدا هەڵدەسەنگێندرێ، ئەم خەبات و هەوڵدانانە بۆ سەرکەوتنی ساتە کاتیەکان بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی دواتری، ئەمە قوربانیکردنی ئایندەی بزوتنەوەکەیە لە پێناو ئێستایدا، لەوانەیە مەبەست “ڕاستگۆیانە” بێ، بەڵام ئەمە ئۆپۆرتۆنیزمە و هەروا دەمینێتەوە، وە ئۆپۆرتۆنیزمێکی “ڕاستگۆیانە” لەوانەیە ترسناکترینیان بێت.”* ٧
دوای دوو دەیە ئەم مەترسیەی ئینگلس دەبێتە ئەزمەیەکی جدی ،کە سۆشیال دیموکراتی دەخاتە ژێرئەو پرسیارەوە کە ئایا لە ڕیگەی پەرلەمانەوە خەبات بۆ سۆشیالیزم بە کوێ دەگا؟
ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ١٩٠٤ دا دەنوسێ” پەرلەمان بۆ بورژوازی ئەو قازانجەی جارانی نیە کە دژی دەرەبەگایەتی بەکاری دەهێنا و پەرلەمانی ئێستا بۆ دانانی بودجە و قەواڵەی سوپا، ئیعتباری نوێدان بە کۆلۆنیلەکانی شەڕ لە ئەفریقا و ناوچەکانی بازرگانیە”. ئەو پرسیارە دەکا کە سۆشیال دیموکراتی ” ناتوانێ لەوە زیاتر بکا، لەوە دەچێ، بەرەو خۆ قوربانیکردن بچێ، بەرەو قوربانیکردنی سۆشیالیزم دەچێ لە سەر مێزی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی، ئایا ئاکامی ئەمە چی دەبێ؟ هەڵوەشانەوەی بزوتنەوەی کرێکاری، ناڕۆشنی ئایدیاکان، لادانی ئەخلاقی نوێنەرانی حزب. ئاکامی پڕاوپڕی تاکتیکی وەزارەتی Jaurès’ (سۆشیالیست) لە فەرەنسا بەشیوەیەکی ڕۆشن خزمەت دەکا بە ئاگادارکردنەوەی هەموو بزوتنەوەی جیهانی پرۆلیتاریا، کە ئەمە ئەو ڕیگایە نیە بتوانی بەر بە داکشانی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بگرێ.” *٨
ئەم داکشانەی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی ، نیشانەی سەرەتاکانی بنبەستی لیبرالیزمی بورژوازی و دەورانی ئەزمەی جیهانی و پێویستی ئیمپریالیزم بە شۆڤێنیزم و بە شەڕ بوو.
هاوکات ئەوەی ڕۆزا لۆکسبۆرگ لە ساڵی ١٩٠٤دا باسی دەکا سەرەتای بنبەستی سۆشیال دیموکراتیە کە لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە نەیتوانیوە شێوازێکی تر جگە لە ڕیگەی پەرلەمانی بگرێتە بەر لە خەباتی چینایەتیدا!
هەربۆیە کاتێکیش ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دەستپێدەکا ولە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستدا دەچینە ناو دەورانی توندبونەوەی ململانێی ئیمپریالیستی و داڕمانی “ئاشتی و دیموکراسی” لیبرالیزم، ئیتر ئەم سۆشیال دیموکراتیەش توشی ئەزمە و جیابونەوەیەکی گەورە دەبێ. ئەو زەمینەیەی پەرلەمانتاریزمەی دوێنێ ،کە بزوتنەوەی کرێکاری لەسەری گەشەی سیاسی دەکرد، دەگۆڕدرێ و بورژوازی لەڕیگەی شەڕ و سەرکوتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانەوە دەسەڵاتی سیاسی خۆی ڕادەگرێ. هەربۆیە ئیتر ئەوەی ئەنگلس لەسەر پەرلەمان دەیوت لەگەڵ دەورەی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم نەدەهاتەوە. ئەو دەیوت ” کەسێک دەتوانێ بێهێنێتە پێش چاو کە لەوانەیە کۆمەڵگەی کۆن گەشە بکا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ لەوڵاتانەدا کە نوێنەرانی خەڵک هەموو دەسەڵاتێکیان لەدەستدایە، لەو شوێنەی، ئەگەر لایەنێک پشتیوانی زۆربەی خەڵکی لە پشت بێت، ئەوە دەتوانێ ئەوە بکا کە لەگەڵ ڕێگەی دەستوری بگونجێ:وەک لە کۆماری دیموکراتی وەک فەرەنسا و لە ئەمریکا و لە شانشینی بەریتانیا.”* ٩
لەم دەورەی نوێیەی ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سەرهەڵدانی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی کرێکاراندا گۆڕانکاری بەسەرسۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا دێت و سۆشیال دیموکراتی بۆ گەیشتنە دەسەڵات پێویست بوو لە دەرەوەی پەرلەمانتاریزمدا بەدوای ستراتیژێکی تردا بگەڕێ.
بەڵام سەرەڕای ڕەخنەکانی مارکس و هەوڵەکانی ئەنگلس لە خۆشباوەڕی بە دەوڵەتی بورژوازی و دورکەوتنەوە لە ئۆپۆرتۆنیزم ، سۆشیال دیموکراتی لە بزوتنەوەیەکەوە کە دەویست سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ بە سۆشیالیزم ،وە لە ڕیگەی کۆمۆنەوە دەزگای دەوڵەتی بورژوازی هەڵوەشاندەوە ، گۆڕدرا بە بزوتنەوەیەک کە زۆربەی ڕیزەکانی کەوتە ژێرکاریگەری ڕەوتی لیبرالیزم و ریفۆرمیزم و پەرلەمانتاریزم . ئەم ڕەوتە سەرەتا خۆی وەکو ڕیڤیژینیزم ناساند، واتە وەک ڕەوتێک کە بانگەشەی خوێندنەوە و چاوخشاندنەوە بە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا ئەم دەورەیەدا، واتە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، سۆشیال دیموکراتی ڕەنگی ئەم ڕیڤیژنیزمەی گرت. هەربۆیە پێویستە ئەم پرۆسەیە زیاتر شرۆڤە بکەین تا بزانین چ پەیوەندیەک لە نێوان ریڤیژینزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سۆشیال دیموکراتیدا هەیە؟
پەتای ڕیڤیژینزم
دیالەکتیکی گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای ریڤیژینزمدا لەهەموو وڵاتە سەرمایەداریەکان. لینین لە ساڵی ١٩٠٨ دا دەڵێ “چی ڕیڤیژینیزم دەکاتە کارێکی حەتمی کە دەبێ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕوبدا؟ لەبەرئەوەی ،لە هەموو وڵاتێکی سەرمایەداریدا، لەپاڵ پرۆلیتاریادا، توێژێکی زۆری وردە بورژوازی هەیە.بەرهەمهێنانی بچوک پێشتر و ئێستاش بەردەوام سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێتەوە.سەرمایەداریش ڕیزێکی تەواو لە “چینە ناوەندەکان” دروست دەکا(پاشکۆی کارگە ، کارکردن لەناو ماڵدا،کارگە بچوکەکان کە لە وڵاتدا بەفراوانی هەن،..).ئەم بەرهەمهێنەرە بچوکە نوێیانە پاڵ پێوەدەنرێن، بەپێی دەورەکەیان، حەتمەن بۆ ڕیزەکانی پرۆلیتاریا. هەربۆیە ئاساییە کە بیروبۆچونە وردەبورژوازیەکانیشیان بەردەوام بچێتە ناو ڕیزەکانی حزبە کرێکاریە بەرفراوانەکان.”*١٠
بێگومان ئەمە تەواوی کێشەی سەرهەڵدانی بۆچونی ناکۆک و لەوانە ریڤیژینزم لە ناو سۆشیال دیموکراتیدا نیە. واتە ڕیڤیژینیزم بەتەنیا لە کاریگەری هاتنی چینی وردەبورژوازی و بۆچون و جیهانبینیەکەیدا بەرتەسک نابێتەوە. هەربۆیە دواتر لینین لە ساڵی ١٩١٠ ئاماژە بە بۆچونەکانی ئەنتۆن پانیکوک دەکا*١١ و “ئەنجامگیریە زانستیەکانی”نامیلکەیەکی ئەو ڕوندەکاتەوە لەسەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ریڤیژینزم لەناو بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی کرێکاری جیهانیدا.
پانیکوک ئاماژە بە فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی دروستبونی ناکۆکیەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی دەکا. لێرەدا ئەوەی گرنگە لەم لێکدانەوەی پانیکوک دا ئەوەیە کە باسی چینی کرێکار خۆی دەکا کە بۆچی و چۆن توشی ئەم کێشانە دەبێ؟ باس لە ئاستی گەشەی سەرمایەداری و کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی سۆشیالیستی چینی کرێکار دەکا.باس لە ئاستی گەشەی هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار و ڕادەی چڕبونەوەی ژمارەکەی لە یەک ناوەندا و ئاستی ڕیکخراوبونی و فێربونی پابەندبون بە سیستەم و ئاستی هەژاری دەکا و هاوکات باسی ئەو گۆڕانکاریانە لە شیوەکانی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا دەکا کە بەشێوەی”بازدان”ئەم بزوتنەوەیە دەگۆڕێ و ترس دەخاتە دڵی سیستەمی سەرمایەوە. بەشێوەیەکی سەرەکی تەئکید لە بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی زیندوو دەکا کە لە چوارچیوەی هەلومەرجێکی مێژوویی و ئابوری و سیاسی دیاریکراودا ڕەوت و دیدگای جیاجیای تێدا دروست دەبێ بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی خەباتی چینایەتی.
ئێمە لە سەرەوە باسی لیبرالیزمی بورژوازیمان کرد وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی کاریگەری لەسەر دروستبونی ناکۆکی و لادانەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە و دروستبونی باڵی ریفۆرمیستی لە نێو چینی کرێکاردا. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەم بۆچون و دیدگا و لێکدانەوە لیبرالیستیە کاریگەری لەسەر خەباتی کرێکاران دادەنێ؟
وەڵامەکەی ئەوەیە کە چینی کرێکار لەخەباتێکی زیندووی چینایەتیدایە و بەپێی ئاستی گەشە و تەجروبەی خۆی بەو ڕاستیە دەگا ،کە چ ڕیگایەک ئەو لە دەست چەوسانەوە ڕزگاردەکا. ئەم ئەنجامگیریە سادەیە خۆی لەدڵی دۆخێکی ئاڵۆزو دوالیزمی خەباتی ئابوری و سیاسیدا یەکلایی دەبێتەوە . هەرچەند کۆمەڵگەی سەرمایەداری گەشە بکا و هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار گەشە بکا و تەجروبەکانی خەباتی ڕۆژانە و “بازدان” وشۆڕشەکانی زیاتر بێت ئەوەندە نزیکتر دەبێتەوە لەو ئاسۆ و بەدیلەی کە دەتوانێ لە قاڵبی سیستەمی سەرمایەداری تێپەڕێنێ و ئەم وشیاری و تەجروبەیە ببێتە “خواستێکی گشتی و کۆلێکتیڤی” ملێۆنەها و ملیارەها کرێکار. ئەمە پرۆسەی واقعی خەباتی چینایەتیە ،کە بەپێی ئاستی گەشە و توانایی سیاسی و ڕیکخراوەیی چینی کرێکار مەسەلەی شۆڕش و دەسەڵات مەترەح دەبێت نەک بەپێی عەقڵی شۆڕشگێڕانەی گروپێکی کۆمۆنیستی یان حزبێکی کۆمۆنیستی. وەک مارکس لە ڕەخنە لە گروپێکی ناو “کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان”دادەڵێ” بۆ ئەوان ئەو هەلومەرجە ڕاستەقینەی کە هەیە، هێزی پاڵنەری شۆڕش نیە بەڵکو بەتەنیا بونی خواستە. کاتێک ئێمە بە کرێکاران دەڵیین ، پیویستە ٥٠،٢٠،١٥ ساڵ بە شەڕو خەباتی ناوخۆ(چینایەتی) دا تێپەڕن، نەک تەنیا بۆ گۆڕینی دۆخ، بەڵکو بۆ چاکردنی خۆتان وە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە دەتوانن باڵادەستی سیاسیتان هەبێت. هەروەک دیموکراتەکان کە وشەی خەڵکیان کردوە بە بت ، ئێوەش وشەی پرۆلیتاریاتان والێکردوە.هەروەک دیموکراتەکان ،ئێوەش زاراوەی شۆڕشتان خستۆتە شوێن ئیڤولوشنی شۆڕشگێڕانە “*١٢
ئەم جۆرە ناسینەی شۆڕش کە بتێک نیە و تەنیا زاراوەیەکیش نیە، بەڵکو دیاردەیەکی دیالەکتیکی و یەکێتی دژەکانە خۆی کلیلی دەرک کردنی هەموو ئەو مێژوەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە پڕ لە هەوراز و نشێویە و سەرکەوتن و شکستە. دەرک کردنی ئەوەی بۆچی لەم دەورەیەدا کە چینی کرێکار لە باری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە گەشە دەکا بەڵام پەتای ریڤیژینیزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دایدەگرێ ؟ وەک بەدروستی لینین دەریدەبڕێ کە”ئەم جیاوازیانە سەرچاوەکەی خۆی ئەو خەسڵەتە دیالەکتیکیەیە کە گەشەی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار هەیەتی کە لەدڵی ناکۆکیەکاندا و لەڕیگەی ئەم ناکۆکیانەوەیە دەچێتەپێش”*١٣.
سۆشیال دیموکراتی لەم دەورەیەدا بەباشترین شێوە ڕێگاکانی گەشەی سیاسی و ڕیکخراوەیی کرێکاران لە مەیدانی کاری حزبی وسەندیکایی و پەرلەمانی و ڕۆژنامەگەری دەناسێتەوە و کاری جدی دەکا. ئەنەترناسیونالی دوەم و حزبە کرێکاریەکان لەزۆربەی وڵاتاندا دروست دەکا. لەم ماوەیەی ١٩٠٥ تا ١٩١٣دا ژمارەی کرێکارانی سەندیکاکان لە ٣ ملێونەوە بوە ٦ ملێون و سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ، فینلاند و سوید لە ٪٣٠بۆ٪٤٠ی دەنگیان هێنا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا.*١٤. هەروەها کۆمەڵەی فابینەکانی بەریتانیا کاریگەری گەورەیان لەسەر سۆشیالیستە ریفۆرمیستەکان و لەوانەش برنشتاین هەبوو،ئەم کەلتورە پەیوەندی پەیداکرد لەگەڵ هوڵندە و ئەسکەندناڤیشدا.*١٥. ئەمانە لەگەڵ پرۆسەی دروستبونی دەوڵەت ومەرکەزی بونەوەی دەسەڵات و بازاڕی ناوخۆیی و هاوکات پێشبڕکێی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و ئیمپریالیستی چوەتە پێش و زەمینەی دروستکردنی توێژی” ئەرستۆکراتی” کرێکاری و گۆڕانی فۆرمی کاری حزبی و سەندیکا کرێکاریەکان بە دەزگایەکی بیرۆکراتی و نوخبەیی، بەرتەسککردنەوەی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەپێی یاسا و فشار و سەرکوتی مانگرتن و چالاکی شۆڕشگێڕانە کرێکاران.ئەمانە هەمویان فاکتەربوون لە دروستبونی ئەو دوالیزمەی لە نیوان گەشەی سیاسی کرێکاران لەلایەک و کەوتنە ژێر هەژمونی فکری و سیاسی ناسیونالیزم و لیبرالیزم و پەرلەمنتاریزمی بورژوازی لەلایەکی ترەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم ئەم دوالیزمە بزوتنەوەی کرێکاری شەق دەکا. سۆشیال دیموکراتی ڕوبەڕوی دەورەیەکی نوێ دەبێتەوە کە دەبێ هەڵوێست بەرامبەر بە بورژوازی و دەوڵەتەکەی و سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی دەرببڕی و ڕوبەڕویان بێتەوە. ئیتر ئەم کارە بە پەرلەمانتاریزم و لە چوارچیوەی کاری ڕیگاپێدراوی یاساییدا ناکرێ. چینی کرێکار چیتر ناتوانێ لە قاڵبی کاری سەندیکاییەکی پیشەییدا بمێنێتەوە کە تەنیا مەسەلەی کرێ و ریفۆرمی ئابوری هەبێ ،چونکە سەرجەم کۆمەڵگە و چینی کرێکار گیرۆدەی سیاسەتی شەڕ و تاڵانکاری و سەرکوتی بێ پەردەی بورژوازی و دەوڵەتەکەیەتی. هەربۆیە سۆشیال دیموکراتی پیویستی بە فکر و سیاسەتی کۆمۆنیستی نوێ دەبێ سەبارەت بە شۆڕش و دەوڵەت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی .ئەم کێشانە خۆیان لە چەند مەیدانی سیاسی و ئابوریدا نیشان دەدەن ، لەوانە چۆنیەتی هەڵوێست بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی، چۆنیەتی بەشداری لە پەرلەماندا، شێوازی ڕیکخستنی جەماوەری کرێکاران، مانگرتنی گشتی و شۆڕش وشەڕی جیهانی و هتد..
ریڤیژینزمیش سەرەتا لەلایەن برنشتاینەوە وەک سەیرکردنەوە و چاوخشانەوە بە بنەماکانی بیروباوەڕی مارکسدا هاتە کایەوە سەبارەت بە گەشە و ئەزمەی سەرمایە و دواتر باسی گرنگی دەستکەوتی کاتی و ریفۆرم گرنگترە لە ئامانجی گۆڕینی سیستەم ” بزوتنەوە هەموو شتێکەوە ئامانج هیچ”، بەڵام دواتر بوە چوارچیوەیەکی سیاسی و عەمەلی بۆ ئامانجی ریفۆرم و بونە بەشێک لە خودی سیستەمی زاڵی سەرمایەداری و پەرلەمان و حکومەتەکەی و وەرگرتنی ئیمتیازاتێک بۆ توێژی کاربەدەستانی حزبی و حکومی و سەندیکایی کرێکاران. هەر ئەم بەرژەوەندیە مادی و بەرتەسکیە فکریانە بوون کە ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستیەی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا زاڵ کرد. ئەم “گروپە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکی جیاوازیان دەکرد گەشەی سەرمایەداریان بە گەشەی سۆشیالیزم دەزانی”.*١٦ لەکاتی ئەزمەی سیاسی و سەربازی نێوان دەوڵەتە سەرمایەداریەکاندا ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستی و ئۆپۆرتۆنیستیەی نێو سۆشیال دیموکراتی تەواو ڕەنگی ئەم ریڤیژینزمەی لێ نیشت و ئامانجی کاتی مانەوە لە پەرلەماندا و مانەوە لە قاڵبی دامەزراوە ڕەسمیەکانی دەوڵەتدا کرایە ئامانجی پیرۆزی”دیموکراسی”. ئیتر کاوتسکی وەک برنشتاین قسەکەری ڕەسمی ئەم “دیموکراسی بورژوازی”ە بوو. ئەمە تێکشکانی بزوتنەوەی کرێکاری بوو لەبەردەم بتی دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداریدا. شکست بوو بەهۆی دیموکراسی هەڵخەڵەتێنەرانەی بورژوازیەوە.
بەڵام لەگەڵ قوڵبونەوەی ئەزمەکانی سەرمایەدا شاهیدی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی کرێکاران بوین. هەربۆیە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیدا پێویستی دەرک وستراتیژی تازەی هێنایە ئاراوە بۆ چۆنیەتی تێپەڕین لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم و دروستکردنی بەدیلی ئەنتەرناسیونالی دوەمی سۆشیال دیموکراتی.
ئەم دۆخە نوێیەی خەباتی چینایەتی ئاڵوگۆڕ لە سۆشیال دیموکراتیی جیهانیدا دروست دەکا وژێرپێی تیوریەکانی ریڤیژنیزم سەبارەت بە گەشەی سەرمایەداری و پیرۆزی دەوڵەتی بورژوازی ودیموکراسیە پەرلەمانیەکەی بۆش دەکا . وەک پێشتر ڕۆزا هەستی پێکرد کە سۆشیال دیموکراتی ناتوانێ لە قاڵبی تاکتیک و ستراتیژی جارانیدا بمێنێتەوە و بەتایبەت لەژێر کاریگەری دۆخی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیادا شیوازێکی نوێی شورایی و مانگرتنی جەماوەری کە جیاوازە لە خەباتی پەرلەمانی دەردەکەوێ. ئەمە جارێکی تر ئەو حوکمە بنەڕەتیەی لە سەرەتای ئەم نوسراوەدا ئاماژەمان پێدا دەسەلمێنێتەوە کە خەباتی چینایەتی بە کێشە و بنبەستی سۆشیال دیموکراتیەوە قەتیس نابێتەوە و لەگەڵ دەورەیەکی نوێ لە ئەزمەی سەرمایەداری جیهانی و بنبەستی سیستەمی سیاسی بورژوازی و پەرلەمانتاریزم و لیبرالیزمەکەی، جارێکی تر چینی کرێکار پێویست بوو وەڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی بە دەوڵەتی بورژوازی بداتەوە و سیستەمی سیاسیی ئەلتەرناتیڤی خۆی نیشان بداتەوە.
لێرەدا دەگەینە قۆناغێکی جیاواز و نوێ لە خەباتی چیانیەتیدا کە دیسانەوە چینی کرێکار لەڕیگەی شۆڕشەوە بەم وەڵامە ڕادیکاڵەی خۆی بە سیستەمی سەرمایەداری ئاشنامان دەکا. هەربۆیە لەبەشی داهاتوودا نمونەی شۆڕشەکانی ڕوسیا شرۆڤە دەکەین و دواتر دەچینە سەر لێکدانەوەی ئاکامەکانی شۆڕش و خەباتی چینایەتی لە دەورەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەردا.
سەرچاوەکان:
*١ دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم
http://www.asokamal.com/index/?p=1750
*٢ ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتە، مارکس، ل٢٣٣،مختارات مارکس و انجلز،جلد٢،دارالتقدم
*٣هەمان سەرچاوە،ل٢٣٢
*٤ هەمان سەرچاوە بە ئینگلیزی
https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1875/gotha/ch03.htm
*٥نامەی ئینگلس بۆ بیکەر https://www.marxists.org/archive/marx/works/1880/letters/80_04_01.htm
*٦ لینین، مارکسیزم و ریڤیژینیزم، ل ٤٢١،،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.بەعەرەبی.
*٧ ئینگلس ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm
*٨ ڕۆزا لوکسبورگ، سۆشیال دیموکراتی و پەرلەمانتاریزم https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/06/05.htm
*٩ ئینگلس،ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا لە ١٨٩١
https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm
*١٠ مارکسیزم و ڕەوتی ڕیڤیژینیزم،ل ٤٢٤،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.
*١١ پانیکوک The Tactical Differences in the Labour Movement (Die taktischen Differenzen in der Arbeiterbewegung, Hamburg, Erdmann Dubber, 1909), Anton Pannekoek
https://marxists.catbull.com/archive/lenin/works/1910/dec/16.htm
*١٢مارکس ،کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکانMinutes of Central Committee Meeting, 15 September 1850, in Karl Marx, The Revolutions of 1848 (Harmondsworth, 1978), p 341.
*١٣ لینین ، ناکۆکیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکارانی ئەوروپا، ل ٥١٧،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.
*١٤ هۆبسباوم ،نفوزی مارکسیزم لە ١٨٨٠ تا ١٩١٤، چۆن جیهان دەگۆڕین ل ٢١٦، بەزمانی ئینگلیزی.
*١٥ ل ٢١٦ هەمان سەرچاوە
*١٦ ل ٢١٥ هەمان سەرچاوە