دوای ٣١ ساڵ بەسەر ئاوارەییدا…

عەبدوڵا مەحمود…

ئەم ڕۆژانە ٢٨ ساڵ بە سەر کارەساتی ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، کارەساتێک کە بۆوە بیرەوەری تاڵ و چیرۆکی دڵهەژێنی هاوبەشی ملیۆنان ئینسان.

کارەساتی ئاوارەیی لە بنەرەتدا بە جیا لە ترس لە ڕژیمی درندەی بەعس، ڕیشەی لە ئومید بەستنی خەڵکی کوردستان بە ئەمریکاو جەنگ و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە بوو. حزبەکانی بۆرژوازی کورد لە ساڵی ١٩٩١ بە تەواوەتی مایەو ئومێد و دووبارە ژیان گێرانەوە بۆ حزب و بزوتنەوەی کوردایەتیان، بەستەوە بە سیاسەت و نەخشەی جەنگی ئەمریکا و غەرب. کاتێکیش ئەمریکا لە جەنگدا سەرکەوت و دەوڵەتی بەعس و سوپاکەی تێک ڕماند، بە جیا لە کارەساتێکی مرۆیی و داڕوخاندنی تەواوەتی ژێربینای ئابوری و پایەکانی دەوڵەت و خاپورکردنی عیراق، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی شاگەشکە بوون و ئەم سەرکەوتنەی ئەمریکایان، بە سەرکەوتنی خۆیان و “میللەتی کورد” لە قەڵەمدا. لەگەڵ ئەوەدا هەموو دنیا لە ئاستی فەرمی و جەماوەرییدا، هێرشی ئەمریکایان بۆسەر عێراق بە داگیرکاری ناساند، حزبەکانی بزوتنەوەی بۆرژوازی عەرەب و کورد، ئەم وەحشیگەرییەیان ناو نا” ڕزگاری عێراق” و ” کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆریەت”… کاتێک کە هەمان ئەمریکاو غەرب گڵۆپی سەوزیان بۆ سوپای عێراق داگیرساند، قەڵەمی دەست و پێی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی شکا و ڕاکردنیان لە بەرامبەر سوپایەکی تێکشکاو برسیکراو و بێ ورەدا، هەڵبژارد. کە لەگەڵ خۆیدا جەماوەری ملیۆنی کوردستانیشی ناچار بە ئاوارەیی کرد. دیارە ڕاپەرینیش لەهەمان چوارچێوەی ئاسۆی زاڵی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و ئومێد گرێدان بە سیاسەتی ئەمریکاو غەربەوە، روویدا. ئاوارەیی لە بنەرەتدا قوربانی ئەو فۆرمە لەڕاپەرین بوو، کە لەجێگای پشت بەستن بە خەباتی خەڵکی کورستان و هێزی جەماوەری رێکخراو و سەربەخۆ، چاویان لەسەرکەوتنی پێشبینیکراوی سەربازی ئەمریکا بوو. خۆ ئەگەر ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بەرئەنجامی خەباتی لە پێشتری خەڵکی کوردستان و بەرهەمی تێکچوونی هاوسەنگی هێزی خەباتی لەگەڵ ڕژێمی بەعس بوایە بە قازانجی خەڵک، یان ڕاپەرین لە ژێر ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و پێشکەوتنخوازنەدا بوایە. ئەوکاتە بە بەرنامەو نەخشەوە خەڵکی کوردستان دەیتوانی بەرگری لە خۆی بکات. خەڵکێک بە هێزی خۆیان و بە ئیرادەی پشت بەستوی خۆیان بتوانن دەست بدەنە ڕاپەرین و هێزی دەوڵەتێک تێک بشکینن، بەو ئیرادەو تواناییەی خۆیان دەتوانن، بەرگری لە خۆیان و ئیرادەی سیاسی یەکگرتوویان بکەن و پشتیوانی دنیای پێشکەوتنخواز و بزوتنەوە ئازادیخواز و ئینسانیەکانیش، بۆخۆیان دەستەبەر بکەن. کۆبانێ نموونەیەکەیەتی…

بەداخەوە لەسەرەتای رووداوەکانی جەنگی کەنداوەوە، باڵادەستی ئاسۆ و سیاسەتی بۆرژوازی بەگشتی و ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردستان، توانی تورەیی و نەفرەتی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان بە دژی رژیمی بەعس، بکاتە دەستمایە و سەرمایە لە پێناو ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی خۆیدا، بۆ گەیشتن بەدەسەڵات. خەڵکی کوردستان لەدژی دەسەڵاتی بەعس ڕاپەرین تا دەستیان بە ئازادی و ژیانێکی ئازادانەو پاشان بە سەربەخۆیی بگات، کەچی بەوهۆیە زۆر رۆشن و سادەیەوە، کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ناکۆکی قوڵیان لەگەڵ ئازادی و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان لە رێگای ئیرادەنواندنی خۆیانەوە هەیە،  توانیان بەدوای دەسەڵاتی بەعسدا، دەسەڵاتی بەعس ئاسای کوردی دژ بە ئازادییەکان دابسەپێنن و پرسی سەربەخۆیی کوردستانیش بکەنە کارتی سات و سەودای بەش وەرگرتن لەدەسەڵاتی دوای بەعسیەکان، کە میراتگری بەعس و هاوکات دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران بوون. لەوەش واوەتر حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کارەساتی ئاوارەیان وەکو کارەساتێکی سیاسی، بەچاوی روداوێکی ئینسانی روتەوە تەماشاکرد و وەکو هەموو کارەساتە تراژیدیاکانی ترش، تراژیدیای ئاوارەیان کردە سەرمایەو کاتی مامەڵە لە پێناو بەرژەوەندییە حزبیەکانی خۆیان و بەرژەوەندی چینە داراکانی کوردستان.

لەناو جەرگەی ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە دیاریکراویش پارتی و یەکێتی، خەونی بەشداریکردن لەگەڵ بەعسیەکانیان، کە خەون و ئومێدێکی بەردەوام و مێژوویان بوو هەڵبژارد و کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی بەعس. تا ئەوکاتەی رژیمی بەعس بە یەکجاری گۆڕ بە گۆڕ بوو، ئەو حزبانە نەک هەر ئومێدی خۆیان بە ڕیکەوتن لەگەڵ بەعس و شەریک بوون لەگەڵیدا، لا کاڵ نەبۆوە بەڵکو بەهەموو شیوەیەک دەکۆشان رژێمی بەعس بیانکاتە بەشدار لە دەسەڵاتدا.

ئێستا دوای ٢٨ ساڵ بەسەر کارەساتی ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا، هیشتا دوبارەبوونەوەی کارەساتی ئاوارەیی یان تراژیدیای تری لەچەشنی کارەساتی شەنگال، هەڵەبجە، ئەنفال…تاد، هەرەشەن لەخەڵکی کوردستان. هێشتا زەمینە بناغەیەکانی ئەم تراژیدیانە ئامادەییان هەیە. ئاوارەیی یان کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال… تەنها زادەی جەنگ و ملهوری هیزە ئیمپریالیستیەکان، جەنگی وڵاتانی ناوچەکە، نییە… بەڵکو زادەی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و پرسی سیاسی خەلکی کوردستانە. تائەو کاتەی پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان بە ڕێگایەکی کارساز وەڵام وەرنەگرێتەوە، تا ئاسۆیەکی سیاسی سۆشیالیستی و ئینسانی پیشکەوتنخواز، نەبێت بە ئاسۆی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستاندا لە پیناو ئازادی و چارەسەری سیاسی کیشەی خەڵکی کوردستاندا، کۆدەکانی دوبارە بوونەوەی کارەساتەکان، ئامادەییان دەبێت. هێشتا هەر ململانییەکی سیاسی و سەربازی زبر، هەر جەنگ و بەیەکدادانێکی وڵاتانی ناوچەکە، هەر شەپۆلێکی گۆرانکاری، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەدا، دەتوانێت خەلکی کوردستان بکاتە قوربانی. دۆخی سیاسی کوردستان و دەسەڵاتدارێتی حزبەکانی بۆرژوازی کورد، شلۆق و ناسەقامگیرە. چ دەسەڵاتی سیاسی ناوەند، یان ملهوری نواندنی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، یان ئەلگۆی داعشی، دەتوانێت دۆخی کوردستان بەسەریەکدا بڕمێنیت و کارەساتیش بەدوای خۆیدا بهێنێت. هاتنی داعش، ڕوداوەکانی ١٧ ئۆکتۆبەر… باشترین بەڵگەی سەلماندنی ئەو راستیانەن. حزبەکانی بۆرژاوزی کورد لەو کایەو گەمە سیاسییە سەربازی و سیاسییانەی لە ئاستی عێراق و ناوچەکەدا، روودەدەن، نەک ناتوانن رۆڵێک بەئاقاری بەرگرتن بەو رووداوە پیشبینیکراوانەدا بگێرن، بەڵکو خۆیان وەکو مەقاشی لایەنێک، یان چاوساغ و خۆشخزمەتچی دەبنە بەشێک لە کاراکتەری تراژیدیا خوڵقاندن. هەر وەکو ئەوەی لە هەڵەبجە و شەنگال و ١٦ ئۆکتۆبەر بینیمان. بەداخەوە هێشتا چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی کوردستان، ئامادەیی رێکخراوەیی و سیاسییان، تا دەگاتە باڵادەستی ئاسۆیەکی سیاسی جیاوازی سەربەخۆیی چینایەتیان، لەو ئاستەدا نییە، ببنە کاراکتەری رەقم دان لە رووداو و پێشهاتەکان و هەڵگێرانەوەیان بە قازانجی خەڵکی کوردستان. کۆتاییهێنان بە تراژیدیاو کارەساتە پیشبینکراوەکان، بە لەبەین بردنی زەمینەو هۆکارەکانی دەبێت. چارەسەری کێشەی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان، تەریک خستنتەوەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتیان، بەهێزی ڕیکخراو یەکگرتوانەی چینی کرێکار و بێبەشانی کوردستان لە ژێر ئاسۆیەکی سیاسی سۆشیالیستیدا، دەتوانێ هەرەشە پیشبینکراوەکان و تراژیدیاکانی داهاتوو ڕابگرێت.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٩ بەرواری ١/٤/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *