نوری بەشیر…
رۆی ٢٣/٣/٢٠١٩ لەندەن گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینی کە دوای خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ساڵی ٢٠٠٣ بە سیاسەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ لێدانی عێراق ئەمە گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایتیە بەسیاسەتی حزبی پارێزگاران کە دەسەڵاتدارە بەسەرۆکایەتی تریزا مەی، ئەم خۆپیشاندانە هێندە گەورەو بەرچاو بوو تەنانەت باڵی راستی بۆرژوازی و میدیاکان نەیاتوانی ئینکاری بکەن و لە زۆر شوێن لە ملیۆن زیاتر باسی دەکرێت.
ئەم مارشە ناڕەزایەتیە پێشتر لەلایەن دەیان ئەحزابی کۆمۆنیستی و چەپی بەریتانیاو یەکێتیە کرێکاریەکانەوە بانگەوازی بۆ کرابوو، لەبەرامبەر سیاسەتی حزبی رەسمی و دەسەڵاتداری بەریتانیا لە هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە ئەوروپا، کە بەرەیەکی فراوانی چەپیان دروستکرد، بە دژی دابڕانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی بەریتانیا لە لەگەڵ باقی خەڵکی کرێکاری ئەوروپاو بەدژی بەهێزکردنی راسیزم و فاشیزمی قەومی لەبەرامبەر ریزی ملیۆنی خەڵکی ئەوروپاو خارجیاندا.
ئەم خۆپیشاندانە ئەگەرچی لەلایەن بەرەی چەپەوە بانگەوازی بۆ کرابوو بەڵام بە عەمەلی ریزی ملیۆنی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگا بەشداربوون و بەدژی سیاسەتی لێگرتنەوەی ئابووری و بێکار کردنی فراوان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لەبازاڕدا بۆ ئەمەش خێزانەکان بە خۆیان و منداڵەکانیانەوە بەشداری ئەم ناڕەزایەتیەیان کرد کە ئەو هێرشەی حزبی دەسەڵات و سەرمایەدارەکان بۆ سەر سەتحی گوزەران و ژیانی خەڵک چەندین ساڵە بۆ شکاندنەوەی ئەزمەیەک وەک بەشێک لەسەرمایەداری جیهانی توشی بوون بیشکێننەوە بەسە رخەڵكیدا
ئەم ئەزمەیەی ئێستای سەرمایەداری و دەوڵەتی بەریتانیا توشی بوو لە بریگزت دا دەردەکەوێت، بەڵام لە ئەبعادی گشتیدا بەریتانیا ئەگەر لە ئەوروپا دەرچێت یان دەرنەچێت ئەزمەکەی بەردەوامەو دەیانەوێت ئەم ئەزمەیە بەسەر خەڵکیدا بشکێننەوە و سەرمایەدارن بەسەلامەتی لێی دەرچێت.
داواو خواستەکانی خۆپیشاندەران، دژی برێگزتە واتە هاتنە دەرەوەی بەریتانیایە لە ئەوروپا و بۆ ئەمەش داوای رێفراندۆمێکی کە دەکەن بۆ ئەوەی ئەو چەواشەکاریەی حزبی کۆنسێرڤەتیف لە ریفراندۆمی پێشوودا کردیان ئەمجارە خەڵک بەرچاو رۆشنی زیاتری هەبێت، وە خاڵێکی تر داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و لا خستنی حزبی پارێزگارانە لەدەسەڵات.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە گەڵ ئەو دەیان حزبە کۆمۆنیستی و یەکێتیە کرێکاریانەدا لەپاڵ ریزی ملیۆنی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا وەستاین و بەشداری ئەم مارشەمان کرد، بە ئومێدی ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵک و ئایندەیان و دواو خواستەکانیان.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٩ی بەرواری ١/٤/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە