بزووتنه‌وه‌ی شورایی و بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆمدا …

نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە…

پاش ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژی ٨ی مارسدا له‌ ناو زیندانی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ ئازادكرام وبه‌خێزان وهاوڕێ ودۆسته‌كانم شادبوومه‌وه‌. ڕووم كرده‌وه‌ چالاكی نواندن له‌ شوراكاندا، سه‌ردانی شورای شیخ محی الدین وسه‌رشه‌قام وكانیسكان وعلی كه‌مالم كرد زۆربه‌ی هاورێكانی خۆم دۆزیه‌وه‌ كه‌ پێشتر ده‌مناسین. یادی هه‌ڵەبجە‌ له‌ ١٦ی  مارسدا كرایه‌وه‌ به‌ ڕ‌ێپێوان ده‌ستی پێكرد كه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ شوراكانی گه‌ڕه‌ك وكارگه‌كانه‌وه‌ ڕوویان ده‌كرده‌ به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی له‌وێ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌، به‌رنامه‌یه‌ك دانرا بۆ مه‌راسیمه‌كه ‌له‌نێو به‌رناماكه‌دا له‌لایه‌ن چه‌ند هاورێیه‌كی زیندانی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ ولیژنەی‌ مه‌راسیمه‌كه‌وه‌ من دیاری كرام وته‌یه‌ك به‌ ناوی سه‌رجه‌م زیندانه‌ سیاسیه‌ ئازادبووه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌م. له‌ وته‌كه‌مدا وێرای ئەوەی سوپاس و ستایشی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوم كرد كه‌ ده‌رگای زیندانیان له‌ ئێمه‌ كرده‌وه‌،‌ وتم خه‌ڵكی شۆڕشگێر هه‌ر كات ئیراده‌ی یه‌كگرتوانه‌یان هاته‌ مه‌یدان هیچ هێزیه‌ك به‌رگه‌ی ناگرێ پێشتریش شۆڕشگێران له‌ شۆڕشی فه‌ره‌نسادا توانیان ده‌رگای زیندانی باستیل بشكێنن و زیندانیه‌كان ئازاد بكه‌ن ..هتد. شایانی وتنه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها یادكرده‌نه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌و ساڵه‌دا بزووتنەوەی كوردایه‌تی وبه‌ره‌ی كوردستانی به‌ره‌سمی ئه‌و یاده‌یان نه‌كرده‌وه،‌ چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ هێزی جه‌ماوه‌ریان نه‌بوو وه‌ك شوراكان .

ڕۆژانی دواتر درێژه‌مدا به‌ كارو چالاكیم له‌ شورای گه‌ڕه‌كی  كانیسكان كه‌بنكه‌كه‌ی له‌ قوتابخانه‌ی كانیسكانی سه‌ره‌تایی بوو له‌سه‌ر جاده‌ی كانیسكان خوار فولكه‌ی ئاسكه‌كان. بڵندگۆیه‌ك دانرابوو بۆ بانگه‌واز وسرووده‌ كرێكارییه‌كان وشیعری شۆڕشگێڕانه‌. له‌پشته‌وه‌ی ئه‌م بنكه‌یه‌ باره‌گایه‌كی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش هه‌بوو به‌لام خه‌ڵك ڕووی له‌ ئه‌وان نه‌ده‌كرد زیاتر ڕوویان له‌ بنكه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌كرد وه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك گوێیان له‌ ئێمه‌ ده‌گرت ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاگاداری وبانگه‌وازیان هه‌بوایه‌ به‌ ئێمه‌یان ده‌وت ئه‌وه‌مان بۆ بخوێننه‌وه‌ له‌ بڵندگۆكه‌ی خۆتانه‌وه.‌ ئێمه‌ش یار‌مەتیمان ده‌دان له‌و بارانه‌وه‌. من پێشنیاری كۆبونه‌وه‌ی گشتیم كرد بۆ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك بانگه‌وازه‌كه‌مان له‌ بڵندگۆوه‌ خوینده‌وه‌ بۆ ڕۆژی دواتر خه‌لكی گه‌ڕه‌ك به‌ ژن وپیاو وه‌ گه‌نجانه‌وه‌ ته‌نانه‌ت مه‌لای مزگه‌وتی بن ته‌به‌قیش هاتن و به‌شداریان كرد له‌ كۆبوونه‌وه‌ گشتیه‌كه‌دا. كۆبونه‌كه‌مان له‌ حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌ كرد، مێز و كورسی پۆله‌كانمان دانابوو بۆ دانیشتن، پاش ئه‌وه‌ی خۆم ناساند وه‌ك یه‌كه‌م قسه‌كه‌ری كۆبونه‌وه‌كه‌ هاتمه‌ سه‌ر باسی شورا چییه‌ ئامانجی چییه‌؟ باسی ئه‌وه‌م كرد شورا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگەیه‌ و سیسته‌مێكی دیموكراسی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵكه‌ و نوێنه‌ران له‌ كۆبونه‌وه‌ گشتیه‌كاندا هه‌لده‌بژێردرێن وهه‌ركات باش نه‌بووون لەكۆبونه‌وه‌ی گشتی ئایینده‌ ده‌نگیان پێ نادرێ. له‌ پاش قسه‌كانی من مه‌لای گه‌ڕه‌ك هات و وتی شورا شتێكی زۆر باشه‌ و خواش له‌ قورئاندا باسی كردووه‌ بۆیه‌ ده‌بێ پشتیوانی لێ بكه‌ین، ده‌نگدان ده‌ستی پێ كرد له‌ ١١ كاندید ٧ كه‌س هه‌ڵبژێردران. خۆم تێكرای ده‌نگه‌كانم به‌ ده‌ستهێنا  دوای ده‌نگه‌كان سوپاسی خه‌لكی گه‌ره‌كم كرد وكه‌مێك باسی به‌رنامه‌ی شورام به‌ ڕونتر كرد، باسی یه‌كسانی ژن و پیاوم كرد، باسی مافی ته‌لاقم كرد كه‌ نابێ ته‌نها پیاو ئه‌و مافه‌ی هه‌بێت ده‌بێ ژنیش خاوه‌ن ئه‌و مافه‌ بێت، له‌ كاتی ئه‌م قسانه‌مدا مه‌لاو دوو پیاوی تر كۆبوونه‌وه‌كه‌یان جێهێشت، چونكه‌ زانیان ئه‌مه‌ ئه‌و شورایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وان لێی تێگه‌یشتوون. دواتر كۆتایمان به‌ كۆبونەوه‌ گشتیه‌كه‌ هێنا. ڕۆژانه‌ خه‌ڵك زیاتر ڕووی تێده‌كردین وه‌ك تاكه‌ هێزێكی جه‌ماوه‌ری گه‌ڕه‌ك بووین چه‌ندین گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكمان چاره‌سه‌ركرد. چه‌ندڕۆژ  دواتر  به‌ره‌ی كوردستانی به‌یانێكیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ شوراكان داخرێن. به‌یاننامە‌که‌یان له‌ دیواری بنكه‌كه‌ی ئێمه‌یش هه‌ڵواسی وچه‌ند چه‌كدارێكی یه‌كێتی به‌ ئێمه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ ده‌بێ واز له‌ شورا بێنین ئێمه‌یش پێمان وتن  شورا به‌رده‌وام ده‌بێ ئێوه‌ ئه‌و مافه‌تان نییه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن شورا داخه‌ن. به‌یاننامه‌كه‌مان لێكرده‌وه‌ وبه‌رده‌وام بووین له‌ سه‌ر كاری خۆمان. رۆژی دواتر خه‌لكێكی زۆر له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ئاواره‌ی سلێمانی بوون به‌هۆی هێرشی رژێمی به‌عسه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانیانی داگیر كردبووه‌ وه‌، ئیتر كاری شورا بوو به‌ كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌م ئاوارانه،‌ ژه‌مه‌كانی خواردن وجل و به‌رگ و پێداویستیەكانمان له‌ خه‌لكی گه‌ڕه‌ك وه‌رده‌گرت و ده‌ماندا به‌وان. بۆ زانین ئه‌م كاره‌ی ئێمه‌ ده‌مانكرد بۆ ئاواره‌كان به‌ره‌ی كورادیه‌تی نه‌یده‌كرد بۆیان. كه‌چی به‌ره‌ی كوردستانی سووربوون له‌سه‌ر داخستنی شوراكان  تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ وتوویژ راگه‌یانرا له‌ نێوان وه‌فدێكی باڵای یه‌كێتی  و وه‌فدیكی باڵای شورا له‌و بنكه‌ی ئێمه‌ كۆبونه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ بیرم بێت خه‌سره‌ وسایه‌ له‌ وه‌فده‌كه‌ی شورا بوو، شورا ته‌سلیم به‌ داواكه‌ی یه‌كێتی نه‌بوو هه‌رچه‌نده‌  چه‌ند بنكه‌یەک‌ داخران بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ ڕوو نه‌دا، به‌ڵام ئێمه‌ بنه‌كه‌كه‌مان دانه‌خست. دوای چه‌ند ڕۆژێك ده‌نگۆی ئه‌وه‌هات كه‌ ڕژێم هێرشی هێناوه‌ و گه‌یشتوه‌ته‌ چه‌مچه‌ماڵ ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ هێزێكی چه‌كداری شوراكان به‌ره‌و بازیان به‌ڕی كه‌وتن كه‌ به‌ پاسێكی ڕیم خۆیان گه‌یانده‌ ده‌ربه‌ندی بازیان بۆ وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر له‌شكركێشیه‌كه‌ی به‌عس. ئه‌و كاته‌ خه‌ڵك پێی وابوو هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانیش ده‌چن بۆ شه‌ڕكردن له‌ گه‌ڵ سوپاكه‌ی به‌عسدا كه‌چی وا ده‌رنه‌چوو، ته‌نها هێزه‌كه‌ی شورا چوو بوو له‌جیاتی ئه‌وه‌ بینیمان پێشمه‌رگه‌ و مه‌سئوله‌كان له‌ پێش خه‌لك كه‌وتوون به‌ره‌و دەره‌وه‌ی شار ڕووه‌و ئه‌زمه‌ڕو عه‌ربه‌ت ده‌ڕۆن تومه‌س بڕیاری پاشه‌كشه‌یان داوه‌، هێشتا تاریك نه‌بووبوو ئێمه‌ وه‌ك شواری كانیسكان سه‌یته‌ره‌مان له‌به‌رده‌م بنكه‌ و له‌سه‌ر جاده‌ی كانیسكان دانا خه‌لكێكی زۆر به‌ئۆتۆمبیل به‌ پیاده‌ به‌ڕێ كه‌وتبوون بۆ ده‌رچون بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار، ئێمه‌یش هه‌ر كه‌س گومانمان لێ بكردایه‌ داوای هه‌ویه‌و ئه‌حوال مه‌دنی جنسیه‌مان لێدە‌كردن له‌وانه‌ چه‌ند به‌رپرسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش بوون پێمان ده‌وتن كاكه‌ ئێوه‌ بۆ كوێ ئه‌چن ده‌یان وت فه‌رمانمان پێكراوه‌ شه‌ڕ نه‌كه‌ین، كه‌ زۆر پێده‌چوو به‌ ڕێكه‌وتن سه‌ركردایەتی به‌ره‌ی كوردستانی ئه‌م بریاری پاشەكشه‌یەی دابێت. پێمان ده‌ووتن كاكه‌ مه‌ڕۆن با شار ته‌سلیمی به‌عس نه‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌یانووت نه‌خێر ناتوانین بمێنینه‌وه‌ بۆ شه‌ركردن فه‌رمانمان پێ نییه‌. وتمان باشه‌ چه‌كاكانتان بده‌ن به‌ ئێمه‌ چونكه‌ ئێمه‌ شار ته‌سلیم ناكه‌ین. شه‌و به‌ سه‌رهات و هه‌وال گه‌یشته‌ لامان سوپای حكومه‌ت گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ربه‌ندی بازیان و هێزه‌كه‌ی شوراش له‌ بازیان شكستی هێناوه،‌ چونكه‌ هێزه‌كه‌ زۆر كه‌م بوو له‌ به‌رانبه‌ر سوپاكه‌ی حكومه‌ت كه‌ به‌ده‌یان ده‌بابه‌و ومودره‌عه‌و ته‌یاره‌ی سه‌متی به‌شدار بوو تێدا، به‌داخه‌وه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا نزیك به‌ ده‌ كه‌س له‌ هێزه‌ چه‌كداریه‌كه‌ی شوراكان گیانیان به‌ختكرد ئه‌وه‌ی له‌ بیرم بێت ناوی نه‌وزاد وشوان له‌ ڕیزی گیانبه‌ختكردواندا بوو. به‌ بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆر خه‌مبار و نیگه‌ران بووین ئێمه‌یش بڕیارماندا ئه‌و ناوه‌ چۆڵ‌ بكەین.‌ من له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوریه‌كه‌م له‌ شورای شیخ محی الدین وشورای سه‌رشه‌قام وخه‌بات به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌وه‌ ناوشار ڕوو له‌ سه‌یته‌ره‌كه‌ی عەربه‌ت، به‌ڵام هێشتا بڕیارمان نه‌دابوو شار چۆڵ بكه‌ین به‌ ته‌واوی. من چه‌كەكه‌م ده‌مانچه‌یه‌ك بوو كه‌ هاوڕێم حه‌مه‌ قه‌دۆ پێیدا بووم خۆشی له‌گه‌ڵ هاورێكانی تر كڵاشینكۆفیان  پێبوو ئه‌و شه‌وه‌ پێكه‌وه‌ بووین تا به‌یانی.  لەكاتی نیوه‌شه‌ودا بوو شار چۆڵ بوو بوو بیستبوومان هێزێكی چه‌كداری موجاهدین خه‌لقی ئێران دزه‌یان كردووه‌ له‌ناو شاردان ئێمه‌یش به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕاین له‌سه‌ر جاده‌ی كاوه‌ كه‌سێكمان  بینی له‌ دووره‌وه‌ به‌ره‌و ڕووی ئێمه‌ ده‌هات له‌ پڕێكدا هاوارمان كرد به‌ سه‌ریدا له‌ جێگای خۆت  نه‌جوڵێی، بوه‌سته‌ میلمان لێهێنایه‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ستا وتمان زه‌لام تۆ كێی؟ وتی كاكه‌ من كوردم وخه‌ڵكی قه‌ڵادزه‌م نه‌متوانی بڕۆمه‌وه‌ بۆ قه‌لادزه‌ سه‌یاره‌ نه‌بوو له‌ گه‌راج. ئه‌و‌یش وتی: ئه‌ی ئێوه‌ كێن؟ وتمان هێزی چه‌كداری شوراین ئه‌ویش وتی ده‌ك ئافه‌رین بۆئێوه‌ خۆ مه‌سئوله‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی گه‌یشتوونه‌ته‌ سنوری ئێران كه‌چی ئێوه‌ هێشتا لێره‌ن، ڕێگه‌ماندا  بڕوات، له‌ جاده‌ی كاوه‌ به‌ڕیكه‌وتین به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی خه‌بات و حاجیاوا كه‌مێك له‌خوار شار نزیك سه‌یته‌ره‌كه‌ی سلێمانی عه‌ربه‌ت توشی هێزێكی پێشمه‌ر‌گه‌ی یه‌كێتی بووین نزیك دووی سه‌ر له‌به‌یانی بوو وتیان ئێوه‌ كێن؟ وتمان شوراین مه‌سئوله‌كه‌یان وتی یا وه‌رن له‌گه‌ڵمان ئه‌چین بۆ شه‌ڕ به‌ره‌و چه‌مچه‌ماڵ یا چه‌كه‌كانتان بده‌ن  به‌  ئێمه‌ ده‌مانزانی درۆ ده‌كه‌ن ته‌نها مه‌به‌ستیانه‌ چه‌كمان بكەن و  چه‌كه‌كانمان لێ بسه‌نن. پێمان  وتن نه‌له‌گه‌ڵ  ئێوه‌ دێین بۆشه‌ڕ نه‌چه‌كیشتان ئه‌ده‌ینێ. مه‌سئوله‌كه‌ فه‌رمانیكرد  به‌ پێشمه‌رگه‌كانی ئاده‌ی ئه‌و  چه‌كانه‌یان لێ بسه‌نن له‌ پڕێكدا میلمان هێنایه‌وه‌ لێیان یه‌كێ له‌ چه‌كداره‌اكانمان ژن بوو  قیژانی وتی هه‌ركامتان بێنه‌ پێشه‌وه‌ كوژروان كه‌چی مه‌سئوله‌كه‌ وتی های ئه‌و خۆ ئافره‌تیشه‌ و چه‌كی پێیه،‌ كوا ئافره‌ت و چه‌كداریان وتووه،‌ ‌ ئاده‌ی ئه‌و چه‌كه‌ی لێ بسه‌نن، ئه‌ویش وتی  ئێوه‌ ناتوانن ئه‌و چه‌كه‌ له‌ من بسه‌نن مه‌گه‌ر به‌ سه‌ر لاشه‌كه‌مدا بڕۆن، ئه‌و چه‌كه‌م  به‌ خوێن به‌ ده‌ست هێناومه‌و ‌هه‌ر مه‌گه‌ر به‌ خوێنیش دایینێم. كاكی مه‌سئولی پێشمه‌رگه‌ زانی كه‌ ناتوانێ به‌ ئاسانی چه‌كمان بكات وتی لێیان گه‌ڕێن با بڕۆن. كات نزیك به‌یانیه‌و من و  چه‌ند هاوڕێیه‌ك وه‌ك له‌بیرم بێت من و حه‌مه‌ قه‌دۆ و عه‌زیز یادی به‌خێر بڕیاڕماندا بچینه‌وه‌ بۆ كانیسكان بۆ ماڵ، ئێمه‌ بۆ نان خواردنی به‌یانی نزیك سه‌عات ٨ی به‌یانی بوو خه‌ریكی نان و‌ ماست خواردن بووین ته‌قه‌ درا له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌مان. وتم بوه‌ستن باسه‌یر بكه‌م بزانم كێیه‌ له‌ قاتی سه‌رەوه‌ ده‌ژیاین بینیم هه‌ردوو هاوڕێم سامان كه‌ریم و وه‌ستا سابیره‌ به‌ دوو كڵاشنكۆفه‌وه‌  دوای چاكوچۆنی وتیان كاكه‌ ئێوه‌ خه‌ریكی چین وا به‌ ئیسراحه‌ت لێی دانیشتوون وا سووپا گه‌یشتووه‌ قه‌راخ شار خێرا ئێره‌ به‌جێ بهێڵن. وتیان وه‌رن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ ده‌رئه‌چین له‌شار وتمان ئێوه‌ بڕۆن ئێمه‌ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌رئه‌چین ڕوویان له‌من كرد وتیان كاكه‌ وه‌رن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ سروه‌ ی هاوسه‌رت و مناڵەكه‌شتان لای ‌ئێمه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ش من نه‌ ئه‌مزانی هاوسه‌رم ومناڵه‌كه‌م له‌ كوێن، ئیتر وا رێكه‌وتین من له‌گه‌ڵ ئه‌وان بڕۆم دوو هاوڕیه‌كه‌ی تر به‌ره‌و سنوری عه‌ربه‌ت بڕۆن. زۆر‌ به‌ په‌له‌ هه‌نگاومان ده‌نا به‌ره‌و ماڵی هه‌ڵاڵه‌ رافیع كه‌ له‌ نزیك ئه‌زمەڕ بوو لای تووی مه‌لیك كاتێ  گه‌یشتینه‌ ماڵەكه‌یان پڕ بوو له‌ هاوڕێیانی شورا وسروه‌ وهێڤی كچم كه‌ ئه‌و كاته‌ ساوا بوو له‌وێ بوون،  له‌ هاوڕێكانی تریش وه‌ك بیرم بێته‌وه‌ هاورێ جه‌بار موسته‌فا یادی به‌ڕێز بێت و هاورێ ئاسۆ كه‌مال و هه‌ڵاڵه‌ رافع ج رێنوارو جه‌مالی به‌له‌دیه‌ وسامان كه‌ریم و وه‌ستا سابیرو سه‌رجه‌م ئه‌م هاوڕیانه‌ش نه‌ خێزانەكانیان له‌وێ كۆبونه‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ ‌له‌شار ده‌رچین و دواتر به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و چیای ئه‌زمڕ، كه‌ گه‌یشتینە سه‌ر چیا به‌ هێلیكۆپتەر وسه‌متیه‌كانی ڕژێم  هێرشكرایه‌ سه‌رمان  له‌چیای ئه‌زمڕ به‌دۆشكه‌و ره‌شاش ده‌سترێژیان لێ كردین، بێجگه‌ له‌ ئێمه‌ خه‌ڵكی تریشی لێبوو چه‌ند ئاربیجیه‌ك نرا به‌ هیلۆكۆپتەرەكانه‌وه‌ كه‌مێك به‌رگریكرا، به‌ڵام باش بوو هاوڕێكانی خۆمان هیچ كه‌سمان هیچی لێ نه‌هات…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *