بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانی لە پاڵ ڕژێمی دڕندەی بەعسدا بەرپرسن لە کارەساتی هەڵەبجەو دەبێ تۆمەتبارانیان دادگایی بکرێن!…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود…

١٦/٣ ئەمساڵ ٣١ بەسەر کارەساتی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت… بەسەر کارەساتێکدا کە تیایدا بە هەزاران ئینسان لە

چاوتروکانێکدا، لە کیمیایی هەڵکێشران و ژیانیان لێ سەندرایەوە. کارەساتێک کە هەموو بوونەوەرێکی ژەهراویکرد و ژینگەی سیغناغ کرد لە ژەهر.

ئەم کارەساتە جەرگ بڕە، لە کاتێکدا ڕوویدا کە جەنگی عێراق و ئێران لە کۆتاییەکانی خۆی نزیک دەبووەوە، لە کاتێکدا ڕوویدا کە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردو حزبەکانی، لە ململانێی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی فاشیستی بەعس، پاڵیان بە رژێمی ئاخوندەکانی ئیرانەوە دابوو تا لەو ڕیگایەوە بەشی دەسەڵات لە رژێمی بەعس وەربگرن. وە لەو چوارچێوەیەدا بوونە پیشلەشکری پاسدار و هێزەکانی کۆماری مەرگ  و خوێن بۆسەر هەڵەبجە. ڕژێمی بەعسیش کە دەستی لەهیچ تاوانکارییەک لەدژی ئازادیخوازان لە عیراق و خەڵکی شۆرشگێری کوردستان نەدەپاراست، پێشلەشکری هێزەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کردە پاساو و بیانوو بۆ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. سەر ئەنجام لەم تاوانە دڕندانەیەدا بە هەزاران ئینسانی بێتاوان بوونە قوربانی و گوردانێکی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانیش کەوتنە بەر ئەو پەلامارەو ئەوانیش ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکانیان گیانیان لەدەستدا.

ئەم رووداوە لە هەلومەجێکدا پێکهات، کە دنیای بەرژەوەندخوازی سەرمایەو سەرمایەداری لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی عێراقدا بێدەنگەیان هەڵبژارد و چاویان لەو کردەوە ئینسان کوژییە بە کۆمەڵە نوقاند.

ئێستا کە ٣١ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕیت، وە لەکاتێکدا هێشتا زامی هەڵەبجە زامێکی هەتوان نەکراوە، کارەساتی قڕکردنی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا، کەلەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا، نەک هەر زامی قوڵی کارەساتی هەڵەبجەی کولاندەوە، بەڵکو هاوکات دیسان رۆڵی حزبەکانی بۆرژوازی کوردیشی نیشان دایەوە، کە هەمیشە بەشێکی بەشدارن لەو کارەساتانە. ئاخر پێشتر دەزانرا داعش رووبکاتە هەر سەرزەمینێک حکومی خودا و قورعان بەسەرە نیزەی ئیسلام دادەسەپێنێ، بەڵی لەوەها حاڵەتێکدا کە هێزێکی زۆری پێشمەرگەو زێرەڤانی لەو شارە بوون، لەگەڵ هاتنی داعش رایان کرد، بێئەوەی راکردن یان پاشەکشە!!ی خۆیان بە جەماوەر رابگەیەنن تا ڕێوشوێنی خۆدەربازکردن بگرنە بەر و ئەو کارەساتە دڵهەژێنە بەدوای خۆیدا نەهێنێ. بەڵی خەڵکی شەنگالیان بەدەستی بەستراوەوە بۆ هیزە دڕندەکانی داعش بەجێ هێشت، کە بووە هۆی کوشتاری بەکۆمەڵ، ئیغتیساب و سەربڕین، ڕفاندنی هەزاران کەس و بەتایبەتیش ژنان و پاشانیش کڕین و فرۆشتن کردن بە ژنانی دەستبەسەرکراوەوە. ئەم کارەساتەش، ئەو ڕاستیەی خستەوە روو، کە بەجیا لە دڕندەیی رژیمی بەعس و هاوشێوەکانی، بەجیا لە دڕندیی داعش و هاوشێوەکانی، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هاوبەشی ئەو تاوانانەن و تاوانبارن. تاوانباری ئەم حزبانە لەم رووداوانەدا، هەر کاتی تاوانەکە نییە، بەڵکو دواتریش لەدرێژەی بەشدارییان لە تاوانەکاندا، دەست لە تاوانباری  بەرنادەن. کەیسی هەڵەبجە و شەنگال و دۆسیەی هەموو کارەساتەکانی تر دەکەنە ڕێگا و بەردەبازی گەیشتن بە بەرژەوەندیەنیان. وەکو کارت و سەرمایە بۆ سات و سەودا لەگەڵ لایەنە تاوانکارەکان و وڵاتە چنگ خوێناویەکانی پشتیان و ناوچەکە… بەدەستەوە دەگرن.

لەوەش واوەتر لەژێر ناوی ئاوەدانکردنەوەو قەرەبووکردنەوەیدا، ئەو ناوچە و شوێنانە دەکەن سەرچاوەی دزی و تاڵانی. هەموو ساڵیک یادی کارەساتەکە دەکەنە بەخشینەوەی بەڵین، بەڵام لە دنیای واقعیدا، خۆیان لەهەموو بەرپرسیارییەتیەک دەدزنەوە. ئەوەی کەدوای ٣١ ساڵ، هێشتا تۆمەتبارانی بەشدار لەو تاوانکارییەدا نەدراونەتە دادگاو لێپرسینەوە، هێشتا ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانە ئازادن یان بەپرسی حزبین، هێشتا پرسی بە جینۆساید ناساندنی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەشوێنی خۆی نەگەیشتووە، هێشتا دەوڵەتی عێراق ناچار بە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی نەکراوەو خۆی لە قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە بێدەنگ کردووە، هێشتا بە وردی نازانرێ ژمارەی کوژراوەکانی هەڵەبجە چەند بووە؟ چەند بریندار بووە؟ چەندی ژن و مناڵ، یان پیاو بەتەمەن بووە؟ ژمارەی ونبووەکان چەندە؟ چەند کەس لە بریندارەکان گیانیان لەدەستداوە؟ ژینگەی هەڵەبجە و ئاو و هەوای ئەو ناوچەیە چ کاریگەرییەکی ئەو کیمیایەی لەسەرە؟ دەیان پرسیاری تر… دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی یاسایی و جەماوەرییەوە. لەوانەش واوەتر، سەرباری بەخشینەوەی ئەو هەموو وادەو بەڵینانە، هێشتا هەڵەبجە و زیندووەکانی هەڵەبجە، لە دۆخێکی نەخوازراودان،  هێشتا سیمای شارێکی ئەم سەردەمە بە هەڵەبجەوە نابینرێ. هێشتا جادەو ڕێگاو بان، پارک و ڕێژەی سەوزایی، شوێنی سەرگەرمی بۆلاوان و تازە لاوان، ئایندەیەکی ئینسانی بۆ بەساڵاچوان… نابینرێ.

بانگەشەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، نەک نەیتوانیووە، دەردە بێئەژمارەکانی هەڵەبجە دەرمان بکات، بەڵکو ئەم بریارە چونکە خودی دانیشتوانی هەڵەبجەو خزمەتکردنیانی ئامانج نییە، چونکە لەراستای قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە و بەرەوابینی بە پارێزگاکردندا نییە، بۆیە هێشتا بریندارانی هەڵەبجە بەدەست زامی هەڵەبجەوە دەناڵێنن. هێشتا کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە دەکرێنە چاوچنۆکی دەسەڵاتێکی مافیایی و ژیان و گوزەرانیان شایستەی ئینسانی ئەم سەردەمە نییە. هەڵەبجە تا ئەو شوێنە لای دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی پیرۆزە، کە وەکو سەرچاوەی سواڵی سیاسی، سواڵی داهات، سواڵی زەلیلی لەبەردەم نەیارانیاندا، پیشان بدەن.

ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ خەڵکی کارەسات لێدراوی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجە بەتایبەتی، بەردەوام زامەکانی خەڵکی کوردستان دەکولێنێتەوە، ئەم رەفتارو مامەڵەیە، هەمیشە کارەساتەکان بە زیندووی دەهێڵیتەوە. خەڵکی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی تریش خەڵکی کارەسات بەسەرهاتووی هەڵەبجەو شوێنەکانی تری کوردستان، نابێت هیچ جۆرە خۆشباوەڕییەکیان بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەڵینە پوچەکانیان هەبێت. پێویستە بە هێز و ئیرادە نواندنی خۆیان کەیسی هەڵەبجە لەدەستی ئەو حزبانە دەبهێنن و خۆیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، بۆ بەدادگا کیشانی تۆمەتباران، بۆ بەجینۆساید ناساندنی لەئاستی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتیدا، بۆ ناچارکردنی دەسەڵات لەبەغدا بۆ قەرەبووکردنەوەیان، تا هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەڵەبجە و بەتەنگەوە چوونی بریندارانی هەڵەبجە تیبکۆشن و لەو خەباتەشدا ئوردوی جەماوەری ئازادیخوازو ئینسان دۆست و بە پشتیوانی سەرەکی خۆیان بزانن. لەگەڵ ئەو ئۆردووەش بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی تیبکۆشن کە هەم لە کارەساتی هەڵەبجەدا لەپاڵ رژێمی بەعسدا تۆمەتباران و هەم دوای کارەساتی هەڵەبجەش، بە درێژەدان بە ستەم و بێمافی و چاونووقاندن لە تۆمەتباران، تاوانبارن.

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *