سەرۆکی حیزب یان شووڕاکان…

عبدالرحمن رسول…

سەرۆک بەمانای دەسەڵاتی تاکە کەس لەبڕیاردان و لەبەڕێوەبردندا، سەرۆک واتە کەسێک لەهەمووان زیاتر حیساب بۆ تێڕوانین و بۆچوون و فکرو سەرنجەکانی دەکرێ. کەسانی خوارەوە دەبێ ملکەچی بڕیار وفەرمانەکانی بن، زۆرجار سەرۆک دەبێتە دیکتاتۆرو خۆسەپێن بەسەر مرۆڤەکانی تردا. هەندێکجار سەرۆک دەبێت مایەی گۆڕانکاری باشتر و نوێ تر لەسیستەم وکۆمەڵگەدا، بەڵام ئەمە زۆر دەگمەنە کە سەرۆک دوای وەرگرتنی دەسەڵات و گۆڕانکاری کردندا لەسیستەم و دەسەڵات دا بەجۆرکی دیموکراسی و مەدەنی خۆی واز لە کورسی دەسەڵات بهێنێت دابنێشت، وەک کەسایەتێکی ئاسایی کۆمەڵگە بمێنێتەوە. زۆربەی جار سەرۆکەکان لەڕێگای حیزبەکەیانەوە دەکرێنە سەرۆک کە بۆحیزبەکەیان لەسەرەتادا لەڕێگای ئەندامانی کۆنگرەی حیزبەوە دەبێتە سەرۆکی حیزب (سکرتێر) ی حیزب، دواتر ئەو سەرۆکە دەکرێتە سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت سەرەتا لەدووشێوازدا دەکرێتە سەرۆک، شێوازێکی سەرۆک کە لەڕێگای هەڵبژاردنی گشتی خەڵکەوە کە حیزبەکەی پڕوپاگەندەی بۆدەکات وپاشان بەدەنگی خەڵک دەبێتە سەرۆک، دواتر خەڵک ناچار دەکرێن بەبڕیار وفەرمانەکانی ڕازبن وجێبەجێی بکەن لەجۆری یاساو بڕیارەکانی دا. شێوازی دووەم ئەوەیە سەرۆک لەڕێگای کودەتایی سەربازیەوە دەبێتە سەرۆک لەحکومەت و دەوڵەتدا. زۆرجار کودەتا لەناوحیزبەدا دەکرێ سەرۆکی تازە دێتە سەر دەسەڵات، لەم شێوازدا دەسەڵاتەکان بەزۆربەی جار قۆرغ دەکرێ لەلایەن سەرۆکەوە. لەسەردەمی ئەم سەرۆکانەدا زۆربەی جار دەسەڵاتی دیکتاتۆری گەشەدەکات دەمێنێتەوە، ئازادی ڕادەربڕین لەبەرژەوەندی سەرۆکی حیزب و سکرتێری حیزب و سەرۆکی دەوڵەت پیادە دەکرێ، ئازادی ڕەخنەگرتن و ئازادی ڕێکخراوبوون و ئازادی ڕادەربڕین قۆناغ بەقۆناغ زیاتر یاساغ وقەدەغە دەکرێ. ئابووری حیزب و ئابووری وڵات وگەشەی ئابووری وبازرگانی بۆ سوود و بەرژەوەندی سەرۆک بەکاردێت. سەرۆک وحیزبی دەسەڵاتدار بەئارەزووی خۆیان تەخشان وپەخشان دەکەن ولە بوارەکانی بەرهەمە ئابووری و بازرگانییەکان بۆقازانج و سوودی خۆیان بەکاردەهێنن بۆئەوەی زیاتر درێژە بەتەمەنی مانەوەی خۆیان بدەن. سەرۆکی حیزبەکان هەموو هەوڵێک دەگرنەبەر بۆئەوەی هەتا تەمەنیان هەیە بەسەرۆکی بمێنەوە کەس نەتوانێت داوای گۆڕانی سەرۆک بکات. ڕوبەڕووی هەموو ئەوانە دەبێتەوە کە داوای گۆڕانی سەرۆک دەکەن. تەنانەت لەکاتی هەبوونی کێشە وقەیرانەکانی حیزبدا کە خواستی چاکسازی دەبێتە خواستی زۆرینەی کادیر وئەندامانی حیزب، یان لە ناودەوڵەت وحکومەتدا دەبێت خواستی زۆرینەی خەڵک بۆچاکسازی وگۆڕانکاری لەبەرنامە و پڕۆگرامی ئیدارەدانی حیزب یان دەوڵەت وحکومەت، سەرۆک هەموو هەوڵێک دەگرێتەبەرو پارەیەکی زۆر خەرج دەکات و تەخشان وپەخشانی پێ دەکات بۆئەوەی ئەو چاکسازی وگۆڕانکاری یە ڕوودەدات لەبەرژەوەندی سەرۆک و بنەماڵەی سەرۆک بێت وبەرژەوەندی و سوودی سەرۆک و بنەماڵەکەی بپارێزێت و گرێنتی مانەوەو پاراستنی دەسەڵاتی سەرۆک بەهەرجۆرێک بێت بپارێزێت و گرینگی وبایەخی زۆری پێبدات. کەواتە هەر چاکسازی و نەخشەڕێگایەک کەببێتە هۆی لاوازی وکەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک ڕێگری بۆدروست دەکات و سیناریۆی جۆڕاوجۆری بۆساز دەکات، ئەمەش تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندی وسوودی سەرۆک و بنەماڵەکەی. هەربۆیە چاکسازی وڕیفۆرم دەبێتە کارێکی مەحاڵ لەسایەی ئەوجۆرە سەرۆکانە. بۆیە تەنها ڕێگا بۆهێنانەدی گۆڕانکاری باشتر شۆڕش لەناو کۆمەڵگە یان حیزبی سەرۆکدا دەبێتە دوا ڕێگاچارەی هێنانەدی ئاسۆیەکی نوێی باشتر کەسوودی بۆمرۆڤەکانی کۆمەڵگە بەگشتی هەبێت. هەربۆیەش زۆرینەی حیزبە کلاسیکیەکان هەتا دواساتەکانی تەمەنی سەرۆک هەر بەسەرۆکی دەمێنێتەوە دواتر ئەگەر سەرۆک مرد بەنەخۆشی یان بەتیرۆرکردن ئەوا ئەو حیزبە تووشی پارچەپارچە یان بەش بەش دەبێت، هەریەکە بەناوێکەوە تێکۆشانی سیاسی خۆیان دەکەن. ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەیە کەسەرۆک وسەرکردایەتی ئەوحیزبە هەرگیز لەخەمی دروستکردنی کەسی سەرکردەدا نەبوون ئەوەندە لەخەمی کوشتنی ئیرادەی سەرکردەدا بوون لەناو ئیرادەی هەرکادیرو ئەندامێکی حیزبەکەیاندا، ئەگەرچی سەرجەمی بانگەشەو پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنی حیزب لەژێر ناوی ئازادی ودیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی ویاساکان بووەو کاریان کردووە، بەڵام لەمەیدانی کارکردندا پێچەوانەوە بۆتەوە کەبەپێچەوانەی چەسپاندنی دیموکراسی وئازادی ومافی مرۆڤ هەنگاوی ناوە سەرۆک وسەرکردایەتی حیزب. ئەمەش واتە کوشتنی ئیرادەی مرۆڤی ئازاد ودیموکراسیخواز کاریان کردووە ،بیرکردنەوەو فکری ئازادییان زیندەبەچاڵ کردووە.

سکرتێر وسەرۆکەکان پروپاگەندەی دیموکراسی پەرلەمانی دەکەن کە خودی یاساکانی دیموکراسیش بە ئاشکرا فەرامۆش دەکەن و شەلەلی دەکەن هەربۆیە لەتەواو جیهاندا سەرۆکەکان وسکرتێرەکان  دیموکراسیشیان  خەجاڵەت کردووە و بەو جۆرە ڕیسوایان کرد لەبەردەم مرۆڤایەتی کە دەبیندرێت لەناوشکستدا دێت و دەچێ ئە مۆدیلە. ئەم مودێلە لە دیموکراسی و حوکمڕانییە شانۆییەکی گاڵتە جاڕییە  لە بەشداری هاووڵاتی لە حەیاتی سیاسی و ئیداری کۆمەڵگە و پارلەمان بە هیچ شێوەیەک ناتوانی تەعبیر لە ئیرادە و خواستی گشتی خەڵک بکا. ئەمەش لەبەرئەوەی کەسەرۆکی پەرلەمان سەرۆک وسکرتێری حیزب دەستنیشانی دەکەن، نەک خەڵک ئەگەرچی بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوە لەپەڕلەمان، بەڵام هەمووجوڵەو هەنگاوەکانی بەدەست حیزب و هەر وەک ڕۆبۆتێک لەپەڕلەمانە، کەسەرۆک و سکرتێرەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان وەکو لاسیک جوڵەی پێدەکەن، براوە و دۆڕاو پێشوەخت دیاری دەکرێ لەلایەن سەرۆک و سکرتێرەکانەوە، باسکردن لەبەشداری ئازادانەی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیکردنی پارلمان لە  گاڵتەجاڕێک زیاتر نییە.

ئەمە لەناو سەرجەم حیزبەکان هەر بەو جۆرەیە کە خاوەن سەرۆک و سکرتێرن، سەرۆکەکان خۆیان زۆر پێ وشیار ترو عەقڵ ترە لە تەواوی کادیر وئەندامەکانی خۆیان و تاکەکانی کۆمەڵگاش، خۆپەرستی خۆی ڕێگا نادات ڕابەر وسەرکردەی تر بێتەمەیدان لەهەر جوڵەیەکیشدا ئەگەر هەستی کرد جوڵەیەک هەیە بۆسەرۆک وەرگرتن یان سکرتێر وەرگرتن دەکەوێتە خۆ بەپیلانێک ئەگەر دەریان نەکات ئەوا دەم کوتیان دەکات هەربۆیەش هەر وەک پێشتر باسم کرد سەرۆک نەگۆڕە هەتا مردن. لەناو ناسیۆنالیستی و ئیسلامی وعیلمانی وکۆمۆنیستی هەریەک جۆرە تەنها لەشیوازدا دەگۆڕێت و نیمایش و پروپاگەندەی فکری وحیزبیان جیاوازە، زۆر بەشان وباڵی سەرۆک هەڵدەڵێن، چونکە سەرۆک ئەوەی پێ خۆشە.

کێشەی نە گۆڕانی کۆمەڵگەی کوردستان ئەمە بووە لەلایەک دەوڵەتی داگیرکەر بەسیستەمێکی سەرکوتگەرو فاشیزم چ بە دینی یان قەومی یان پاشایی یان مەلیکی و سەرۆکایەتی، کۆمەڵگەی کوردستان ئاراستە کردووە بەرەو بەزۆر ڕازیبوون و بە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی خەڵکی کوردستان، لەلایەکی ترەوە حیزبەکان کە ویستوویان هەنگاو بۆ ڕزگاری و تێکۆشان بکەن لەگەڵ ئەوەی زۆرترین قوبانیانیان داوە زۆرێک لە قوربانی یەکانیش چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە کە خەڵکی هەژار وزەحمەتکێش و کرێکاربووە لەهەمان کاتدا بە جۆرێکی کلاسیکی و بەرژەوەندخوازی حیزبی لەناو حیزبەکانیشدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرۆک و سکرتێر تێکۆشان کراوە ئاراستەی کۆمەڵگە کراوە بەمانایەکی تر دیسان سەرۆک و سەرکردەوسکرتێر پیرۆزکراوە  ئەم پیرۆزکردن وگەورەکردنەی سەرۆک وسکرتێرەکان کۆمەڵگەی کوردستانی لەم تاریکی وچەوسانەوەیە ڕاگرتووە. هەر بۆیەشە هەتا سەرۆک یان سکرتێر نەمرێت یان نەخۆشی فشاری زۆری بۆ نەهێنێت بەسەرۆکی و سکرتێری ماونەتەوە و دەمێنێتەوە. کارێکی زۆر سلیبی تر حیزبەکان کاریان لەسەر کردووە پاراستنی سیستەمی خێڵایەتی و بەرژەوەندی سەرۆک خێڵ بووە، ئەمەش بۆ ئەوە بووە کە هەتاوەکو سەرۆکی خێڵەکان بەرژەوەندیان بمێنێ و بپارێزرێت سەرۆک وسکرتێری حیزبەکانیش بەرژەوەندیان دەپارێزرێت، هەر بۆشە لەدەرکردنی یاساکان بۆجێبەجێکردن ناعەدالەتی بەرهەم دێت ئەمەش تەنها بۆ سزاکانی سەرپێچی  یاساکانە نەک بۆ ئیمتیاز و سوود وەرگرتن، بەڵکو بۆلایەنی پاداشت وماددی لە سەرووی هەمووانن… کەواتە حیزبەکان تەنها خواستیان گۆڕانی کەسەکان بووە لە دەسەڵات بە خۆیان یان بەشەریک بوون بووە لە دەسەڵات، نەک مەبەستیان گۆڕانکاری بووە لە کۆمەڵگادا. نەخشە ڕێگایەکی چەندبارە ئاراستەی کۆمەڵگە کراوەتەوە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەر (ئێران وعێراق وتورکیا وسووریا) مەسەلەی چاکسازی بووە تەنانەت زۆرجار بەشێک لە حیزبەکانیش بەناوی جیاوازەوە بەڵام لەناوەڕۆک هەمان چاکسازی بووە کە دەوڵەتانی داگیرکەر خستوویانە ڕوو بۆ کۆمەڵگە کە خۆیان (حیزبەکان) بێ حاڵین لەوەی کە هەرگیز چاکسازی لە ژێر سایەی سیستەمێکی سەرکوتگەر وفاشیزمی وەکو کۆماری ئیسلامیی ئێران وتورکیا وعێراق و باشووری کوردستاندا ئەنجام نادرێت، کە لەبەرژەوەندی خەڵکی ئەودەوڵەتانە وکوردستاندا بێت، بەڵکو بەبێ گۆڕان و ڕوخانی سیستەمی ئیسلامی ئێران و سیستەمە چەوسێنەرەکانی تر  کەمترین ماف و ئازادی بەدی نایە.

هاتنەخوارەوەی رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، باشترین نمونەی ئاشکراو دیاری وشیاری تاکەکانی کۆمەڵگەیە هەر ئەم جۆرە وشیاریەشە  بۆتە گرفتی گەورەی دیمکراسی لە ئەوروپا و ئەم مەسەلە نیشانی ئەدا کە زۆرینەی خەڵک متمانەیان بە  پارلەمان نەماوە و پێیانوایە کە پارلەمان ناتوانێ تەعبیر لە ئیرادەی ئەوان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی تاک و کۆمەڵگە بکات. ئەمە لە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران وتورکیاو سووریا و عێراق وباشووری کوردستان زۆر وێرانترە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کۆمەڵگە بەرەو ناو زەلکاو زێرابی کێشە وقەیرانەکان دەبن. خەڵک زیاتر گیرۆدەی هەژاری و نابەرابەری وچەوسانەوە وشەڕ و ئاوەرەیی دەکەن. ئەمەش بەرهەمی سەرۆک وسکرتێرەکانی حیزبەکانە لەبەر ئەوە ئەم سەرۆک و سکرتێرانە بازرگانن نەک سیاسی کە بەردەوام ویستوویانە کۆمەڵگە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی وسوودی خۆیان ئاراستە بکەن بەناوی پاراستنی نیشتمان ونەتەوە وئایین وبیروباوەڕەوە کۆمەڵگە زیاتر بگێڕنەوە دواوە و لەناو قەیران وکێشەکاندا ڕای بگرن .

ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەهۆی گەشەی وشیاریانەوە بەرەو بەهێزبوون دەچێ  لەوڵاتەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و باشووری کوردستان کەواتە خەڵک پێویستە بەنەخشە ڕێگایەکی تر بێتەمەیدان بۆگۆڕانکاری لەسیستەمە چەوسێنەرەکاندا، بەجۆرێک کۆمەڵگەش بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی باشتر و ئازادتر، کە پێویست دەکات  شووڕاو دەسەڵات وسیستەمی شووڕای جێگیربکرێت.

شورا بەمانایی نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک دێت هەروەها خەڵک خۆی دەتوانێت زۆر بەئاسانی چاودێر بێت بەسەر ئیش وکارەکانی شوراکاندا بەمەش دوور دەبێت لەدزی و گەندەڵی. دەسەڵاتی شورایی ئەڵبەت ئەگەر لە ژێر کاریگەری ئاجندایەکی سیاسی دیاریکراو نەبێ، باشترین ئەڵترناتیڤ و شێوازو جۆری ئیدارەدانی کۆمەڵگەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگەیە و ئەم بەدیلە دەتوانی گەرەنتی بەشداریکردنی سەرجەم هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسی بکا. لە باکووری ئەوروپا و سوئیس کۆمەڵە میکانیزمێک بە ناوی کۆمۆن و گمایندە و شوورای ئوستانی و کانتۆنی بوون هەیە و ئەم دامەزراوانە وەک نموونە گەلێکی سەرکەوتوو لە شورا ئیمتحانی خۆیان داوە.

ئەمە زۆر پێویستە کە بەیەکەوە لەیەک کاتدا گۆڕانکاری لەسیستەم و کۆمەڵگادا بکرێت بۆ ئەوەی پاشماوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی لەگەڵ گۆڕانی سیستەمە مافیا و چەوسێنەرو گەندەڵ ودزوچەتەکان بەیەکەوە بکرێت. هەروەها ئێمە پێویستە کە لە داهاتوودا سیستەمی حیزبی و خێڵایەتی جێگیر نەکرێ بەناوی جیاوازەوە هەر بۆیە جەخت لە تێکۆشان بۆهێنانەدی سیستەمی شووڕای خەڵکی کوردستان بکرێتەوە کە خەڵک خۆی لە ڕێگەی شوراکانەوە یاسا و سیستەمی سیکۆلار وئازاد دابنێت و تێکۆشان بکات بۆ چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و بەرابەری لە کۆمەڵگە. کە هەمووان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاساکان بە پاداشت یان بەسزادان یەکسان بن و ملکەچ بن .

بزووتنەوەی شورایی زامنی مافەکانە لە نێوان خواست و هیواو ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرێکارو کۆڵبەر و زەحمەتکێش و ئازادی و یەکسانی دا هیچ سنورێک بوونی نییە، ئەوەی هەیە دەسەڵاتی مافیایی و سەرکوتگەری سەرمایەداریی یە کە ئەو دیوارە ئەستوور و دڕکاوییەی داناوە و لەپێناو مانەوەی دەسەڵات و زەوتکردنی تەواوی سەرمایە و بژێوی ژیانی گشت کۆمەڵگە لەدەستی کەمترین مرۆڤەکانی کەمینەی کۆمەڵگەدا، بۆیە هەرکاتێک خەڵکی نەدار هەژار و چەوساوەو سەرکوتکراو بچوکترین کەلێن بدۆزنەوە بۆ هێنانە مەیدانی هێزی خۆیان بەدژی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان، ئەوا فەوری دەڕژێنە سەر جادە و ناو کۆڵانەکان و بانگەوازی ئازادی و سەرفرازی دەدەن بەگوێ و مێشکی سەرانی حاکمی چەوسێنەو مافیادا وازیش ناهێنن تا ئەو دەسەڵاتە بە شکستا نەبەن، بەڵام ئەوەی کە زۆر لە ڕووخاندنی دەسەڵاتە سەرکوتگەرییەکەی ئەم مافیا وفاشیزمانە گرنگترە، ئەلتەرناتیڤ و دەسەڵاتی دوای ئەوە . بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و گەنجان و لاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ڕوخان و نەمان بۆ دەسەڵاتی ڕەشی  سیستەمی فاشیزمی ئیسلامیی ئێران بۆپێشەوە چوونە بەرەو پێکهێنانی دەسەڵات وسیستەمی شورایی.

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٨ی بەرواری ١٥/٣/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *