دوێنێ هەینی ڕێکەوتی ١٥ی مارسی ٢٠١٩ لە پەلامارێکی تیرۆریستیدا بۆ سەر دوو مزگەوت لە شاری ( کریستیان چەرچ) لە ووڵاتی نیوزلەندا، (٤٩) هاوڵاتی کە بۆ نوێژی هەینی سەردانی ئەو دوو مزگەوتەیان کردبوو، کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون کە ژیانی هەندێ لە بریندارەکان لەبەردەم مەترسیدایە! هێرشە تیرۆریستیەکە لەلایەن گروپێکەوە ئەنجام دراوە، کە ئەنجامدەری سەرەکی تیرۆرەکە کەسێکی راستڕەو و راسیستی خەڵکی ئوسترالیایە.
ئەم تاوانە تیرۆریستیە بەرهەمی ئەو ژینگە فکری و سیاسیە راستڕەو و راسیستیەیە کە بەهۆی پەرەسەندنی رەوتە کۆنەپەرستە بۆرژواییەکانەوە لەوڵاتانی رۆژاوایی و شانبەشانی سیاسەتی دژی پەنابەری دەوڵەتانی بۆرژوایی، گەشەی کردوە. سیاسەت و ژینگەیەکی فکری و میدیایی کە ئامانجەکەی دروستکردنی ناکۆکی و دوبەرەکیە لەنێوان هاوڵاتیانی زەحمەتکێش و چەوساوەدا تا هۆکاری نەهامەتی ژیانیان کە راستەوخۆ ئاکامی سیستەمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریە، بخەنە ئەستۆی بەشێکی کۆمەڵگا. بەوجۆرەش بەریان بدەنە گیانی یەکتری، لەجیاتی ئەوەی پێکەوە نوکی رمی خەبات و تێکۆشانیان ئاڕاستەی دەوڵەت و سیستەمە بۆرژوازیەکانی ئەو وڵاتانە بکەن. ئەو هۆکارەی کە پاڵنەری تاوانەکەبووە رق و کینەی ئاینی و نەفرەتی کەلتوری خۆپەسەندی رۆژاواییە دژ بەو هاوڵاتیانەی لە ووڵاتانی رۆژهەڵاتەوە پەنایان بەو وڵاتانە بردوە. تاوانەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی دژ بە هاوڵاتیانی رۆژاوایی لەسەر خەڵکی خاوەن عەقیدەی ئیسلامی هەژمار دەکات و وەکو فاکتەرێك بۆ رەوایی دان بە کاردانەوەی تیرۆریستیانەی خۆی تەماشای دەکات! کە سەرەنجام لەهەردوو لاوە، هاوڵاتی مەدەنی و بیتاوان دەبەن قوربانی ئەم پێشبڕکێ تیرۆیستیە!
ئێمە لەحزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان ڕێکخراوی دەرەوە بەتوندی ئەم تاوانە لەدژی هاوڵاتی بێدیفاع و مەدەنی ناو هەردوو مزگەوتەکەی نیوزلەندا سەرکۆنە دەکەین و هاوکات سیاسەتی جیاکاری و راسیستی دژی پەنابەری و بڵاوکردنەوەی کینەو نەفرەتی دینی و کەلتوری و گروپ و دەستە راسیست و رەگەزپەرستەکان بە هۆکارێکی سەرەکی پشتی ئەم تاوانە دەزانین کە دەبێ لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازی دنیاوە وەڵامی شایستەی خۆی وەربگرێتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانرێکخراوی دەرەوە
١٦/٣/٢٠١٩